لە عەرەبییەوە:- چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت
بە لەبەرچاوگرتنی ژیانی هونەریی کە زیاتر لە سێ دەیەیە، ڕێڕەوێکی هونەری کە بەردەوام تێیدا تێبینی دوو شت دەکەین [سەرکەوتنی بەردەوام و داهێنان لە شێواز و تەکنیکی گێڕانەوەدا] دەتوانین دڵنیابین لەوەی (جیم جارمووش) سەرکەوتووترین و بەناوبانگترین فیلمسازی سینەمای سەربەخۆی ئەمریکییە لە نێو فیلمسازە هاوچەرخەکانی و تەنانەت فیلمسازەکانی پێش خۆیشیدا.
ئەم حوکمە نادەین لەسەر بنەمای ئەو کاریگەرییە حاشا هەڵنەگرانەی فیلمەکانی لەسەر ڕەوتی سینەما هەیانبووە، بەڵکو ئەو بەپێی دیدگای خۆی کاردەکات، دوور لە سیستەمی ستۆدیۆ کە خواستەکانی تاك دەخنکێنێت و ڕێگری دەکات لە لادان لە نۆرمەکانی بازرگانی دامەزراو.
ئەستەمە سینەمای (جیم جارمووش) بگەڕێنینەوە بۆ بزووتنەوەیەکی دیاریکراو یان بەدوای تایبەتمەندی کاریگەرییەکان یان یەکتربڕینەکانی ناویدا بگەڕێین. ئەمەش بەو واتایە نایەت کە خۆی لە کەسانی دیکە جیاکردبێتەوە، بەڵکو جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەوەی خاوەنی پاکی و ڕەسەنایەتی و جیاوازییەکی زۆرە و ڕەوتی سینەمای تایبەت بە خۆی هەیە.
یەکەم شت کە لە فیلمەکانی (جیم جارمووش)دا سەرنجت ڕادەکێشێت پابەندنەبوونیانە بە یاسا جێگیرەکانەوە. فۆرمولەی ئاشنا یان پێکهاتەی پێشبینیکراو نین، بەڵکو یاخیبوون و سەرگەرمییەکی کراوەن. (جارمووش) خۆی لە کاتی خستنەڕووی پێنج یاسای زێڕینی خۆی بۆ فیلمسازی دان بە نەبوونی یاساکاندا دەنێت، سەبارەت بە یاسای یەکەمیش دەڵێت “کاتێك باس لە دروستکردنی هونەر دەکرێت، یاسایەك بوونی نییە، هیچ بنەمایەکی جێگیر یان هەنگاوی پێشوەختە دیاریکراو نییە، چونکە چەندین ڕێگەی جیاواز هەیە کە وا لە داهێنەران دەکات متمانەبەخۆبوونیان تێدا درووست ببێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، فیلم ژانەرێکی جێگیری نییە، فۆرمێکی هونەرییە کە هەمیشە لە گەشەکردندایە”. لەم ڕوانگەیەوە، هەرچەندە فیلمەکانی هەندێك تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام بەردەوام بەدوای نوێگەرییەوەن هەتاکوو داهێنان بکەن بۆ دەربڕینی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی کاراکتەرەکان.
هەروەها یاخیبوونی ئەو لە لێدوانەکەیدا دیارە کاتێك گوتی “شەخسی خۆم، لە سروشتی مندا نییە کە بۆچوونی خۆم بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنم و پێیان بڵێم چی بکەن و چی نەکەن، تەنانەت ڕقم لەو کەسانە دەبێتەوە کە شێوازی بیرکردنەوە و ئاین و ڕێگای ڕزگاربوونت بۆ هەڵدەبژێرن، لەڕاستیدا پاڵت پێوەدەنێن و بەرەو شکستت دەبەن، نووسینی ‘یاسا زێڕینەکان’ بۆ فەلسەفەی شەخسیی خۆمە، بۆیە وشەیەی ‘یاسا’ کە ئێستا لە سەرەتای هەر دەقێکدا دەیخوێنیتەوە پشتگوێ بخە و ئەوەی لێرەدا نووسراوە تەنیا وەکوو تێبینی وەریبگرە، من یاساکان دەنووسم لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەگەر کەسێك بیەوێت هەر ئەرکێك بە ئەنجام بگەیەنێت دەبێت ژمارەیەك تێبینی بنووسێت کە یارمەتیدەر بن لە تەواوکردنی ڕێگاکە بەبێ ئەوەی بوەستن. ئەگەر کەسێکیش پێی گوتن ڕێگەیەك هەیە و پێی دەزانم و بەدوامدا وەرە ئەوا بە پێست و مێشك و لاشەتەوە هەتا دەتوانیت ڕابکە و لێی دوور بکەوە.”
پڵۆتی فیلمەکان:-
گرنگیدانی (جیم جارمووش) بە کارەکتەرەکان لە بنیاتنانی پڵۆتی فیلمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. لە فیلمەکانیدا هیچ ڕێڕەوێکی ڕوون بوونی نییە، وەکوو خۆی دەڵێت: “ژیان هیچ پڵۆتێکی نییە، کەواتە بۆچی دەبێت فیلم و خەیاڵ پابەندبن پێیەوە؟” لەبەرئەوەی دەرهێنەرێکیشە گرنگی بە بابەتە پەراوێزەکانی ژیان دەدات بۆیە بە پێچەوانەی زۆربەی سینەماکارانەوە، خۆی بە پرسیاری “بۆچی” و هۆکارەکانی پشت ڕەفتاری کاراکتەرەکانەوە نابەستێتەوە.
هۆکار و پاڵنەرەکان دیار نین، بەڵام ڕەفتار و کردارەکان دیارن، چیرۆکەکانی پابەند نین بەوەی بەشێوازی گێڕانەوەیەکی کلاسیکی و لۆژیکییەوە بەرەوپێش بچن، بەڵکو کاراکتەرەکان خۆیان چیرۆکەکان درووست دەکەن و بەڕێوە دەبەن، چونکە ڕەفتاری ئەم کاراکتەرە نامۆیانە کە دەشێت بە بێزارییەوە لێیان بڕوانیت ئاڕاستەیەکی ڕوون و ڕەوانیان نییە، هەربۆیە چیرۆکگەلێكیان نییە هەتاکوو بیگێڕنەوە. بەم شێوەیە چیرۆکەکان دابەش دەبن بەسەر چەند بەشێکدا و هیچ چیرۆکێك بە ئەوی دیکەوە نابەسترێتەوە. ئەگەر ئاوڕێك بۆ فیلمی “شەو لەسەر هەسارەی زەوی” بدەینەوە دەپرسین خاڵی هاوبەشی نێوان چیرۆکەکان چییە؟ ڕووداوەکان چۆن ڕوودەدەن؟ ئەگەر پرسیارێکی جدیتریش بپرسین ئەوەیە ئاخۆ فیلمەکە تەنانەت هیچ پڵۆتێکی هەیە؟
لایەنی سەرلێشێواو لەم بابەتەدا ئەوەیە کە فیلمەکە لە دەوری دوو لایەندا دەسوڕێتەوە، ئەگەرچی چیرۆکەکان پەیوەندییان بە یەکدییەوە نییە بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەکان پەیوەندییەکی دەروونی بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە.
پێنج زنجیرە چیرۆك بە پێنج گێڕانەوەی جیاواز دەبینین کە لە نیوەی شەودا لەنێو تاکسیەکاندا لە پێنج شاری جیاوازدا ڕوودەدەن، لە کۆتاییدا هیچ وانەیەك فێر نابین و هیچ شتێکی جێ بایەخمان دەست ناکەوێت، بەڵام لە جیهانی شەودا نوقم دەبین. زۆر پرسیار بێ وەڵام ماونەتەوە، بۆنمونە خاتوونە گەنجە نابیناکەی پاریس، لە کوێوە هاتووە؟ ئەی بۆ کوێ دەڕوات؟ بۆچی دەیەوێت بەتەنیا بەدرێژایی لێواری ڕووبارێکدا بڕوات؟ چۆن دووچاری برینێکی وەها قووڵ بووە؟ هیچ کام لەمانە لە فیلمەکانی (جارمووش)دا گرنگ نین، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم کارەکتەرانە بەو هەموو نامۆییەیانەوە تێدەپەڕن، فیلمەکانی وەکوو تەختەی شانۆ وان، گرنگ نییە چیرۆکە چییە، بەڵکو گرنگ بوونی چیرۆکێك و شێوازی گێڕانەوەکەیەتی.
شەو بۆ ونبووەکان ژیانە:-
زۆرێك لە فیلمەکانی (جارمووش) لە شەودا ڕوودەدەن، وەکوو فیلمی “شەمەندەفەری نادیار/١٩٨٩”، “شەو لەسەر هەسارەی زەوی/١٩٩١” و “تەنیا ئەوینداران زیندوو دەمێنن/٢٠١٣”، زۆر دیمەنی گرنگ و جێبایەخ لە فیلمەکانیدا بە شەو ڕوودەدەن و ئەمەش ڕێکەوت نییە، کارەکتەرەکانی بەشێوەیەکی سەیر خزاندووەتە شەوەوە. بەشێکیش لەم وابەستەییەی بە شەوەوە بەپێی قسەکانی ئەکتەری ناوداری ئەمریکی (تیلدا سوینتۆن) بێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی”جارمووش زەلامی شەوانە، بۆیە دیمەنەکان لە شەودا پانتاییەکی زۆری فیلمەکانی داگیردەکەن”.
بەشێکی دیکەی وابەستەییەکەی بە شەوەوە خوودی فیلمەکان دەیخەنەڕوو ئەویش ئەوەیە کە ژیانی کەسە نامۆکان لە شەودایە، شەو فەزایەکە بۆ کرانەوە بەڕووی نامۆکاندا و لەگەڵ ئەوەشدا سەردەمی فێڵ و وریابوونە. دەکرێت لە شەودا تووشی ڕووداوی چاوەڕواننەکراو ببیت و بەرەو چارەنووسی نادیارت ببات.
سەرجەم کاراکتەرەکان نموونەی ڕۆحی ون و سەرگەردانن، ئەو کەسایەتییانەن کە لە کۆمەڵگە دابڕوان، بۆیە جێی خۆیەتی کاتەکانی خۆیان هەڵبژێرن و سەر بە جیهانێکی تر بن، کە شەوە.
سەرسامی دەرهێنەر بە شتە نامۆ و دەگمەن و نهێنییەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ڕوون دەبێتەوە و زۆر سەرکەوتووە لە دەربڕینی بارودۆخ و دیالۆگ و بەریەککەوتنی ناوازە کە دەشێت سەیرترین سات و ئەگەری تێدا ڕووبدات لە شەودا. شەو ژاوەژاوە، بەڵام دەمێکی ڕاستگۆیە.
شەو بەرەو ئەو کەسانەت دەبات کە گەیشتوونەتە سنووری خۆیان و جۆرێك لە یەکسانی بەدەست دەهێنێت بە دانانی هەموویان لەسەر پێیەکی یەکسان لە گەڕان بەدوای چارەسەردا بۆ دەربازبوون لە گرژییەکان. کارەکتەرەکانی فیلمی “شەو لەسەر هەسارەی زەوی” بە تەواوی بەم شێوەیەن.
ئامادەگی بەردەوامی شیعر:-
وەك دەزانین (جیم جارمووش) پێش ئەوەی ڕوو لە سینەما بکات، شاعیر بوو. سەرەڕای ئەوەش ئەمە بەس نییە بۆئەوەی بڵێین حەسرەتێکی بۆ دەنگی شاعیر هەیە بەڵام خۆ هەر ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەیەتی، جا فاکتەری دیکە لەم نێوەندەدا هەبن یان نا شیعر هەمیشە لە فیلمەکانیدا ئامادەیی هەیە.
دەتوانین لە ڕوونترین نموونەی خۆیدا فیلمی “پاتەرسن/٢٠١٦” وەکوو نموونە بهێنینەوە، ئەم فیلمە وێنەیەکی تایبەتی شیعر و داهێنان دەخاتەڕوو، ئەو باوەڕە دێرینە پووچەڵ دەکاتەوە کە باوەڕی بە جیاکردنەوەی شیعر هەیە لە داواکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ئەو باوەڕەی کە جیهانی داهێنان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی لێك جوودا کردووەتەوە. هونەر بە پڕۆسەیەکی سەخت دەزانێت کە تاکێکی هەستیار بە شێوازێکی جیاواز لە جیهان ئەنجامی دەدات، بۆیە هونەر چالاکییەکە دژایەتی بوونی ڕۆژانە و بەرپرسیارێتییەکانی ژیان دەکات.
فیلمی “پاتەرسن/٢٠١٦” پەیوەندی خوود بە داهێنان پێناسە دەکاتەوە و زۆر لەو سیفەتانەی لێ وەردەگرێتەوە کە دەمێکە دراونەتە پاڵی. شیعرەکە هەر لە ناونیشانی فیلمەکەوە وەرگیراوە، (پاتەرسن)، کە ئەویش داستانێکی (ویلیام کارلۆس ویلیامز)ی شاعیرە کە ساڵانی ١٩٤٦ هەتاکوو ١٩٥٨ لە کۆی پێنج بەرگدا بڵاوی کردوونەتەوە، داستانەکەش گێڕانەوەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و مێژووی ئەو شارەیە کە هەمان ناوە، (پاتەرسن).
ناونیشانی فیلمەکە دەبێتە ناوی پیاوێکی سادە کە (ئادەم درایڤەر) ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، شۆفێری پاسێکە لە شارۆچکەی پاتەرسن، لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێت، ئایا شۆفێری پاس دەتوانێت شیعر بنووسێت؟
ژیانی (پاتەرسن) ژیانێکی ڕۆتینی و دووبارەبووەوەیە، بە ڕواڵەت یەکدەنگ و هێمنە، بەدرێژایی هەفتە هەمان ڕۆتینی ڕۆژانە ئەنجام دەدات، هەموو بەیانییەك دوای کاتژمێر شەش بەبێ ئەلەرم لە خەو هەڵدەستێت و پشت بە کاتژمێرە دەستییەکەی دەبەستێت، جلەکانی لەسەر ئەو کورسییە هەڵدەگرێت کە شەوی پێشوو بە ڕێك و پێکی دایناون، نانی بەیانی دەخوات و بەپێ دەڕوات بۆ کار، بەدرێژایی ڕۆژ پاسەکەی لێدەخوڕێت، پاشان بۆ نانی نیوەڕۆ دەوەستێت و دواتریش دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە و نانی ئێوارە لەگەڵ (لۆرا)دا دەخوات، ئینجا سەگەکەیان کە ناوی (مارڤین)ە دەبات بۆ پیاسە و دواتریش لە باڕێکی ناوچەکە لادەدات هەتاکوو پێکێك نۆش بکات، پاڵەوانی فیلمەکە شیعری جوان دەنووسێت بەبێ ئەوەی ڕۆتینی ڕۆژانەی کاریگەری لەسەری هەبێت، شتێکی باشە لێرەدا ئەوە بزانین کە فیلمەکە ناڵێت هەموو کەس دەتوانێت ببێت بە شاعیر بەڵام دەڵێت هەموو کەس دەتوانێت ساتێکی داهێنەرانە بخاتە نێو ڕۆتینی ژیانییەوە.
پاسەکە بوو بە کۆگای بیرکردنەوەی پاڵەوانی فیلمەکە، هەموو ئەو کاتژمێرانەی کە لە پشتی سووکانەکەیەوە بوو، یانیش ئەو کاتانەی بەپێ بەرەو وێستگەی پاسەکان لە بەیانیان و ئێواراندا دەڕۆیشت و دەگەڕایەوە، بیرۆکەکان لە مێشکیدا کۆدەبوونەوە و شیعرەکان شێوەیان وەردەگرت پێش ئەوەی بیانخاتە سەر کاغەز و بیاننوسێتەوە. هەرچەندە لە ڕێکەوتێکی سەیردا ئەوەی نووسیبووی لەدەستی دا بەڵام ئێستا ئیدی ئەو قەناعەتەمان بۆ درووست بووە کە شیعر ئەو ساتانە دەگرێتەوە کە شیعرییانە بیردەکەیتەوە، نەك تەنیا ئەوەی کە وەکوو شیعر بینووسیت.
ئەو پاشخانە ئەدەبی و شیعرییەی لە فیلمی “پاتەرسن/٢٠١٦”دا دەیبینین درێژەپێدەری فیلمۆگرافیای (جارمووش) و دەقەکانیەتی بەڕووی ئەدەب و شیعردا، لە فیلمی “کەوتن بەپێی یاسا/١٩٨٦”دا لە نێو دیالۆگەکاندا وەرگێڕانی زۆر هەیە، بەیتەکان لە زمانی شیرینی ئیتاڵی (ڕۆبێرتۆ بێنینی)یەوە خۆش دێنە بەر گوێ.
وەکوو شیعرەکانی (ڕۆبێرت فرۆست) و (واڵت ویتمان)، لە فیلمی “مرۆڤی مردوو/ ١٩٩٥”دا هەر بەوەوە ناوەستێت کە ناوی شاعیر (ویلیام بلەیك) بۆ کارەکتەرە سەرەکییەکەی بە قەرز وەرگرێت، وەکوو چۆن لە فیلمی “پاتەرسۆن/٢٠١٦”دا وایکرد، بەڵکو تەنانەت فیلمەکە دەبێتە فەزای ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و وەرگێڕان و وێنەی نووسەران و شاعیرانی وەك (کریستۆفەر مارلۆ)، (لۆرد بایرۆن)، (جۆن کیتس)، (جەین ئۆستن)، (ئێدگار ئالان پۆ)، (ئارسەر ڕامبۆ)، (ئێمیلی دیکنسۆن)، (چارڵز بۆدلێر)، (ئۆسکار وایڵد)، (فرانز کافکا)، (مارک توەین) و (ساموێل بێکێت)، ئەم فەزایە لە فیلمی “تەنیا ئەوینداران زیندوو دەمێنن/٢٠١٣”یشدا هەر وایە.
لە کۆتاییشدا ئایا دەتوانین بڵێین هەر وردەکارییەك لەو شتانەی کە باسمان کردن یاسایەکی جێگیر لە فیلمەکانیدا پێكدەهێنن؟ وەڵامەکە بەدڵنیاییەوە ‘نەخێر’ە، چونکە سینەمای (جارمووش) سەرپێچی هەموو یاساکان دەکات، بەڵام ئەی ئەم هەموو جوانییە لە کارەکانیدا بگەڕێنینەوە بۆ کام لایەن؟ جوانی سینەمای (جارمووش) گرێدانی ئەدەب و سینەما و مۆسیقایە، سینەمایەك کە بەها بۆ زمانی سینەما دەگەڕێنێتەوە بەبێ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هونەرەکانی دیکەدا بپچڕێنێت، ژیرییەکەی لە بەکارهێنانی هەموو ئەو هونەرانەدایە بۆ بەرژەوەندی فیلم و گەورەییەکەشی لە ڕووبەڕووبوونەوەیدایە دژی سیستمی سەپێنراو و هەر بیرۆکەیەك کە توانای تاك پەك بخات.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.