دیدی من – کۆکردنەوە و وەرگێڕانی: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن
ناوبانگی نێودەوڵەتی (کیارۆستەمی) وەکوو سینەماکار بە باشی جێی خۆی قایم کردووە، بەڵام ئاخۆ تا چەند وەکوو نووسەر پێی ئاشناین؟ لەو بوارەدا تا چەند زانیاریمان دەربارەی هەیە؟ (عەباس کیاڕۆستەمی) زیاتر بە سینەمای شیعری ناسراوە، بەڵام شیعریشی بڵاو کردووەتەوە و بۆ زمانی جیاوازیش وەرگێڕدراون. جگە لە شیعرەکانی خۆی، شیعری چەندین شاعیری گەورەی فارسی وەکوو (حافز)، (سەعدی) و (ڕۆمی) بە تێڕوانینێکی نوێ و جیاوازتر لە شیعرەکانیان بڵاوکردووەتەوە.

(کیاڕۆستەمی) دوو کۆمەڵە کورتە شیعری بە ناوەکانی (گورگێك لە بۆسەدا/١٩٩٩) و (ڕۆیشتن بە ئاڕاستەی بادا/٢٠٠١) چاپ و بڵاوکردووەتەوە، هەردووکیان بە چاپی دوو زمانە. لەناو شیعری فارسیدا، شێوازی نووسینی شیعرەکانی لەسەر شێوازی (شیعری ئازادن)، بێ وەزن و قافیەن و وەکوو فۆرمەکانی دیکەی شیعر زۆر نزیکن لە قسەکردنی مرۆڤەوە. زۆر لێکچوونی لەگەڵ هایکۆی ژاپۆنیدا [شێوازێکی نووسینی شیعرە] هەیە، خۆی لە چەسپاندنی زمانێکی ئەدەبی لادەدات، تیشك دەخاتە سەر گێڕانەوە و ئەزموونەکانی ژیان.
بە پێچەوانەی شیعری کلاسیکی فارسییەوە؛ هایکۆ زمان وەکوو ئامانج نا، بەڵکو وەکوو ئامرازێك بەکاردەهێنێت بۆ ڕاکێشانی خوێنەر بۆ نێو شیعرەکە پێش چیرۆکەکەی. خوێنەر ڕووبەڕووی شێوازێکی نووسینی سەرسوڕهێنەر نابێتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی دەستەواژەی سادە و بێ ڕازانەوە دەبێتەوە کە سوود لە جەستەیەکی گەورەی وێناکردن وەردەگرێت. زمانێکی ئارام، بێباکانە و زۆرجاریش بە فەلسەفەیەکی قووڵ هایکۆ ڕێگە بە شاعیر دەدات بە خێرایی دەست لە ناوەکی بارودۆخی گەردوونی مرۆڤ بدات، خۆشەویستی، نائومێدی، قسەی خۆش، مردن.
هەروەها ئەو کورتبڕییەی لە شێوازی ڕەسەنی هایکۆدا هەیە خوێنەران پاڵدەنێت بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی چالاك لەگەڵ شاعیرەکەدا، خوێنەر چێژ دەبینێت لەوەی دیدگای کەسێك شارەزا بێت لە کاتێکدا دەتوانرێت لە چەندین گۆشە نیگاوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. (کیارۆستەمی) ئەم توخمانەی هایکۆی هێنایە نێو شیعری فارسییەوە.

لە پێشەکی کۆمەڵە شیعری (گورگێك لە بۆسەدا)، هاووەرگێڕ (مایکل بێرد) دەنووسێت “کەسانێك لە نێو ئێمەدا هەن، ئەوانەی چاودێری باڵندە دەکەن، فۆتۆگرافەرەکان، سروشتناسەکان، کە لە ماڵەوەن لە جیهانێکدا کە مرۆڤی تێدا نییە و دەتوانن خۆیان بخزێننە نێو ئەو ڕیتمانەی کە سروشت یاساکانی خۆی تێدا پەیڕەو دەکات، بە ڕۆیشتن لەگەڵ ئەو ڕیتمانەدا بۆت دەردەکەوێت چەندین گۆشەنیگای جیاوازیان هەیە، دەبینیت باڵندەکان لە کوێدا نیشتوونەتەوە، دەبینیت کام گوڵی کێوی بوونی هەیە و لە کوێن، هیچ مایەی سەرسوڕمان نییە (عەباس کیارۆستەمی) کەسێکی لەو جۆرەیە.” بە شێوەیەکی ئارام و لێهاتووانە لە گێڕانەوەی سەرگوزەشتە و ناسکترین وردەکارییەکان ئاگادارمان دەکاتەوە:
“بەداخەوە
خانەخوێیەکی باش نەبووم،
بۆ ئەو دەنکە بەفرەی لەسەر پێڵوی چاوم نیشتەوە.”
شیعرەکانی زۆرجار وامان لێدەکەن هەست بکەین لەگەڵ خوێندنەوەیاندا لە وێنەیەك دەڕوانین:
“تیشکی مانگ
لەسەر ڕێگەیەكی تەسك دەدرەوشێتەوە،
ڕێگەیەك
کە من نایگرمە بەر”
هەرچەندە شیعرەکانی زۆرترین تایبەتمەندی بینراویان تێدایە، بەڵام بەردەوام هەموو هەستەکانمان دەخاتە گەڕ. “بۆنی سووتانی پەشیمانی”، “دەنگی گریانی منداڵێکی ساوا”، “شەرابی کۆن”. [لێرەدا هەستەکانی بۆنکردن و بیستن و تامکردن کار دەکەن]
هەستیاریی سینەمایی (کیارۆستەمی) بە هەمان شێوە دەڕژێتە ناو بەیتەکانییەوە. بێ باکانە خاڵی ڕوانگە دەگۆڕێت، دەستکاری هەستی دیدگای خوێنەرانی دەکات:
“مانگی پڕ
لە ئاودا شەوق دەداتەوە،
ئاوەکە…
لەنێو جامێکدایە.
پیاوە تینووەکەش…
لە قووڵایی خەودایە.”
دوور لە نەریتە جوانیناسی و لیریکییەکانی شیعری کلاسیکی فارسی، شیعرەکانی (کیاڕۆستەمی) بەئاستەم لە بەیتە فارسییە مۆدێرنەکان نزیك دەبنەوە، کورتە شیعرەکانی، بە زمانپاراوی و جوانی و دەربڕینە وردەکارەکانییەوە، بیرکردنەوەیەکی قووڵیان دەوێت. (کیارۆستەمی) ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی شیعری فارسیدا، بە نۆرە ڕۆشناییەکی نوێ بەسەر (حافز) و (سەعدی)دا دەدرەوشێنێتەوە.
لەم حەوت پارچە شیعرەی خوارەوەدا لە دیوانە شیعری “گورگێك لە بۆسەدا” دیدگای تاکەکەسی خۆی دەخاتەڕوو:
١-
گورگێکی برسی
لەنێو بەفردایە
مەڕەکان لە گەوڕەکەدا خەوتوون،
سەگێکی پاسەوان
پاسەوانی دەرگاکە دەکات.
٢-
لە هزرمدا درەختێك هەیە
هەر لەگەڵ خۆرهەڵاتندا،
میوەکانی تاڵان دەکرێن.
٣-
لە شەوێکی بێ ئەستێرەدا
شۆڕدەبمەوە بەرەو ناو بیرێك،
بنکی بیرەکە بەرەو گوڵێکی سپی پێنج پەڕەیی دەمبات.
٤-
جووتێك ماسی سەلەمون
لە تەنیشتی یەکدییەوە پاڵکەوتوون،
لەسەر جێگەیەکی سپی لە کاتی پێشکەشکردنی خوانێکدا.
٥-
ژیان
درۆیەکی نادادپەروەرانەیە
دژی هەژاران.
٦-
لە ژیانمدا
ڕۆڵی ڕووداو
زیاتر بوو بەراورد بە ڕۆڵی بڕیاردان،
ڕۆڵی سزادان
زیاتر بوو لە ڕۆڵی هاندان،
ئەو ڕۆڵەی کە دوژمن دەیگێڕێت
زیاتر بوو لە ڕۆڵی هاوڕێیان.
٧-
دڵم بە خاك بسپێرن
جیا لە خۆم
دڵم ناسکە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.