دیدی من
وەرگێڕانی: ئیسرا قابیل
دەرهێنەری ئەفسانەیی ئێرانی عەباسی کیاڕۆستەمی، باسی وێنەکانی ئەو دیمەنە سروشتییە دەکات کە بە بەفر داپۆشراوە. ناوی لێ ناوە (زنجیرەی بەفر)
کەی و بۆچی دەستت کرد بە وێنەگرتن؟
مێژووی وێنەگرتنم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی 1979 لە ئێران، کاتێک پیشەکەم وەستابوو و خەریک بوو قەدەغە کرا. ڕێک 32 ساڵ لەمەوبەر، وەک دەرهێنەری فیلم، هیچ هەڵبژاردنێکم نەبوو جگە لە کڕینی کامێرایەک و وێنەگرتن. ئەو وێنانەی کە ئەو کاتە گرتم هی وەرزی زستان بوون. هەموو ساڵێک دەگەڕێمەوە سەر بابەتی زستان و وێنەی زیاتر دەگرم. کۆکراوەی ئێستا ئەو کۆکراوەیە کە لە دە ساڵی ڕابردوودا وەرمگرت. من کۆکراوەی زۆرم هەیە. لەوانە کۆکراوەی باران و کۆکراوەی کۆمەڵێک دیوارم هەیە و هەروەها وێنەی داری تاک و قەلەڕەش و بەم دواییانەش وێنەی کۆکراوەی پەیژە.
ئایا تۆ هەمیشە کامێرایەک لەگەڵ خۆتدا هەڵدەگریت؟ یان چۆن بابەتەکانت دۆزیەوە؟
کامێراکەم هەڵدەگرم بۆ مەبەستی وێنەگرتنی ئەو بابەتەی کە لە خەیاڵمدایە. من عادەتەن وێنەی بابەت یان شتی جیاواز تر ناگرم. من بەتایبەتی تیشک دەخەمە سەر یەک بابەت. کاتێک وێنەی دیوارەکانم دەگرت، جگە لە دیوار هیچی تر نابینی. من تەرکیزملەسەر هیچ شتێکی تر ناکەم. بۆ چەندین ساڵ تەنها وێنەی درەختی تاکم دەگرت. بۆ وێنەکانی باران، کامێراکانم تەنها کاتێک دەرهێنا کە باران دەباری.
لەگەڵ “زنجیرەی کۆکراوەی بەفر”، ئایا ئەم وێنانە هی شوێنێک یان ناوچەیەکی دیاریکراون؟
تەنها لەو شوێنەی کە بەفر دەباری هەوڵمدا بگەمە ئەو شوێنەی کە بەفربارین لەوێ وەستابوو، پێش ئەوەی هیچ کاریگەرییەک یان دەستلێدانێک هەبێت. هەوڵمدا وێنە بگرم لەو شوێنانەی کە بەفر بەتەواوی ڕێک و پێک بوو.
چۆن ئەم شوێنانە دەدۆزیتەوە؟
ئەمانە ئەو شوێنانەن کە زۆر دوور نین لەو شوێنەی کە من لێی دەژیم. کاتێک بەفر دەبارێت لە بەرەبەیان ماڵ بەجێ دەهێڵم بۆ دۆزینەوەی باشترین شوێن بۆ وێنەگرتن.
زۆربەی کات سێبەرە درێژەکان لە زۆربەی وێنەکاندا وایان لێدەکات کە وا دەرکەوێت بەیانی زوو یان ئێوارە بێت . ئایا وێنەکان گوزارشت لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژ دەکەن؟
هەندێک جار ڕۆژێکی هەور بوو، هەندێک جار ڕۆژێکی هەتاوی بوو. هەندێک جار سێبەرەکان زۆر بەهێز بوون و گرنگتر و بەهێزتر بوون لە خودی وێنەکان تاکە هۆکاری سنووردار کە لە مێشکمدا بوو ئەوە بوو کە دڵنیا بم لەوەی هیچ شتێکی تر لە کۆکراوەکانمدا دانەنێم—کە من تەنها تەرکیز لەسەر یەک بابەتی دیاریکراو دەکەم. ئەگەر وێنەم دەربارەی زستان بگرتایە، دەمویست دەربارەی زستان بێت و هیچی تر نەبێت. من پێشتر ڕەنگی نێگەتیڤم بەکار دەهێنا، بەڵام بۆم دەرکەوت کە ڕەنگ بێ مانایە. هیچ ڕۆڵێکی نییە لە سروشتی زستاندا. لەو کاتەوە بڕیارم دا وێنەی ڕەش و سپی بگرم.
بەدوای چی دەگەڕێیت کاتێک لە دەرەوەی دیمەنی سروشتی دەبیت؟ بڕیار دەدەیت کامێراکەت بۆ کوێ نیشان بدەیت؟هەرچییەک سەرنجم ڕابکێشێت، من بۆی ڕادەکێشم. من پێشوەخت دیاری ناکەم. ئەمە ئەو بابەتەیە کە کامێراکەم ڕادەکێشێت. هیچ هاوکێشەیەکی پێشوەخت بۆ وێنە نییە. کاتێک سەیری سروشت دەکەیت، نهێنییەکی شاراوە دەبینیت کە تامێکی تایبەت بە وێنەکە دەبەخشێت. باشی بەفر ئەوەیە کە شتە خراپەکانی سروشت دەشارێتەوە، و هەموو شتێک لە ژێر بەفردا پاک و جوان دەردەکەوێت. وەک تابلۆیەکی مەرەکەبی ژاپۆنی وەک تابلۆیەکی سومی ئی کە بە لێدانی زۆر درێژ کێشراوە.
ئایا تۆ وەک ئەبستراکت پێیان دەزانیت؟
نەخێر. من پلانم نییە سروشت زیاتر لەوەی کە هەیە نیشان بدەم یان ئەبستراکت تر لەوەی کە لە ڕاستیدا هەیە. بەڵام هەندێک لە وردەکارییەکانی وێنەکان بەشێکن لە سروشت کە ئەبستراکت کردنی وێنەکە زیاد دەکەن.
شتێکی تر کە سەرنجم ڕادەکێشێت ئەوەیە کە زۆربەیان لە ڕۆژێکی هەتاودا دەگیرێن بۆیە بڕێکی زۆر ڕووناکی و گەرمی لە خۆرەوە هەیە. دوو توخمی جیاواز و هەستی بێدەنگی هەیە پاش ڕوودانی ڕووداوێک!؟
ئەوە لێکدانەوەی شاعیرانەی تۆیە بۆ وێنەکانم. بەڵام، بەڵێ، ئەمە ئەو شتەیە کە من حەزم لێیە و سەرنجی ڕاکێشام بۆ بەفر: ژینگەیەکی بێهاوتا کە هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ نابینیت.
ئەمانە چ جۆرە دیمەنێکن؟ من دەپرسم چونکە دەمویست بزانم بەفر چی دادەپۆشێت و مەبەستت لەوە چیە؟
دەکرێت شوێنێکی بچووک بێت وەک حەوشەی پێشەوەی ، من یان بەشێک لە مێرگێکی زۆر گەورەی لادێ. هەندێک جار لمی بیناسازی تێدایە کە لە لادێکان دادەبەزێنرێت. دوای بارینی بەفر، 100٪ گۆڕاوە لەوەی کە لە ژێرەوەیە. جوانی بەفر لەوەدایە کە شتێک زۆر جوان نەبێت دەکات بە شتێکی جوان.
ئایا بیرۆکەی تۆ بۆ دیمەنکان ئەوەیە تەنها شتە جوانەکان وێنە بگریت؟
من هیچ فەلسەفە و پاساوێکم نییە کە بۆچی نامەوێت شتە ناشرینەکان لە وێنەکانمدا نیشان بدەم. بەڵام شتێک هەیە دەربارەی کامێراکەم: سەرنجی شتە جوانەکان ڕادەکێشێت.
من حەزم لە پەیوەندی نێوان ئەو وێنە و فیلمانە هەیە. فیلمەکانت زۆر دەربارەی بەڵگە و دۆکیۆمێنتاریە. ئەوان ڕێبازێکی زۆر ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ ژیان. بەڵام لە وێنەکاندا جیهان زۆرجار فلتەری هەیە، چ لەگەڵ باران بێت یان بەفر!
دۆزینەوەی لێکچوون و جیاوازی نێوان وێنە و فیلمەکانم زۆر ئاسانترە بۆ تۆ وەک تەماشاکەرێک کە لە دوورەوە سەیریان دەکەیت، وەک لەوەی من وەک ئەو کەسەی دروستیان دەکەم. من پێم وایە لە سینەمایشدا هەمان شت دەکەم. چیرۆکەکانم سادەن. هەوڵ دەدەم بۆشایی دەوروبەری کەسایەتیم چۆڵ بکەم. هەموو هەوڵێکم دەدەم بۆ گەیشتن بە سروشتی خەڵک بە نیشاندانی شتەکان بەشێوەیەکی سروشتی
ئایا کامێراکەت بەرەو دیمەنی جوانی و ژینگەی سروشتی ڕادەکێشێت؟ لە کاتێکدا کامێرای فیلمەکانت زیاتر بەرەو ڕیالیزم و خەڵک ڕادەکێشیت؟
بێگومان جیاوازییەک هەیە لە نێوان کامێرای جێگیر و کامێرای فیلم. بەڵام جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەوەی بینەرانی فیلمەکە چاوەڕێی دەکەن لەوەی بینەرانی وێنە چاوەڕێی دەکەن. لە فیلمەکانمدا هەوڵ دەدەم سروشتی ڕاستەقینەی خەڵک بدۆزمەوە. ئەمە مەبەستی منە بەڵام لە وێنەکانمدا بە زەحمەت هیچ شوێنەوارێکی مرۆڤ دەدۆزیتەوە.
ئایا هیچ شتێکی ڕۆحانی یان سۆفیگەرییانە لە وێنەکاندا دەبینیت؟
لە وێنەکانمدا نییە. ئەوە لە بابەتی وێنەکاندایە، لە ژینگەدا. ئەگەر بچیتە دەرەوە بۆ ژینگەیەکی جوان—تەنانەت لە شوێنێکی سنوردار—و بۆ نمونە، گەڵایەک ببینیت لەسەر درەختێک دەلەرزێت، هەمان هەستت دەبێت.
وێنەکانم، کە لەم ساڵە درێژەدا گیراون، تەنها تەرکیز لەسەر ژینگە و سروشت دەکەن، هیچی تر. من وێنەی دیوار و دەرگاکانم گرتووە کە کاریگەری سروشت لەسەر مرۆڤ نیشان دەدەن
لە زۆربەی فۆتۆگرافەکاندا هونەرمەند وەک دروستکەری وێنە بەربەستێکە لە نێوان بابەت و بینەر بەڵام بۆ هونەرمەندەکانی تر ئەوان بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت ببنە بەربەست بەڕای تۆ کامەیانی ؟
نازانم سەر بە چ گروپێکم.
کەواتە دەتەوێت خۆت بزر ببیت و وێنەکانت ئەو جوانییە پیشان بدەن کە لە سروشتدا هەیە، یان گرنگتر ئەوەیە کە تۆ ئەو کەسە بیت کە نوێنەرایەتی سروشت هەڵدەبژێریت؟
لە وێنەگرتنەکانمدا هەوڵم داوە خۆم وەک بەربەستێک لە نێوان بینەر و بابەتدا لاببەم. بەڵام سروشت یان ژینگە پێویستی بە هیچ ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەیەک نییە. پێویست ناکات بڵاوی بکەیتەوە، پێویست ناکات پشتگیری بکەیت. سروشت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەرەکانی خۆی دەدۆزێتەوە.
لەوانەیە چیرۆکێکی ناپەیوەندیدار بێت، بەڵام لەو لادێیەی کە من لێی دەژیم، گوندنشینێک پێی گوتم هەر کاتێک دانیشتووانی تاران دێن بۆ سەردان، دوای چەند ڕۆژێک پرسیار لە نرخی هەر مەتر چوارگۆشەیەک دەکەن لە زەویەکانی ناوچەکە. کەواتە ئەو پەیوەندیەی لەنێوان مرۆڤ و سروشتدایە هیچ بەربەستێکی نیە تەنها من هەوڵم داوە لە رێگەی وێنەکانمەوە سروشتی دیمەنەکان بخەمە بەردەمی بینەرەکانم
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.