دیدی من – ڕەها حەسەن
چەند پارچەیک لە کۆی هایکۆکانی کیاڕۆستەمی لە کتێبی «با و گەڵا؛ با لە زمانی گەڵاوە، گەڵا لە زمانی باوە». لە ئێستادا خەریکی وەرگێڕانی تەواوی کتێبەکەم و بۆ یەکەمجار ئەم پارچانەی پێشکەشی پەڕاوی کیاڕۆستەمی دەکەم لە دیدی من.
سێو لە دار
بەرەوەبوو و من
بیرم لە هێزی کێشکردنی تۆ کردەوە
*
ئەمڕۆ
باخەکەم فرۆشت
ئایا درەختەکان بەمە دەزانن؟
*
بە فڕینی چۆلەکە بچکۆلەکە
داهۆڵ
بەربوویەوە زەوی
*
لە زەمینی پڕ لە مین
سەدان دار
وا چرۆ دەکەن
*
درەختێ پڕ پرتەقاڵ
بە ڕەنگی پرتەقاڵی
لە ئاسمانێ
بە ڕەنگی شینی ئاسمانی
*
دەوەنێک
باڵای ئەکرد و دەڕۆیشت
بەرەو ئاسمان
بێئاگا لە تەور
*
چوار دار
لە چوار جۆر
بە یەک جۆر سێبەرەوە
بۆ چوار ڕێبواری ماندوو
*
هێشتا
باوەڕم نایات
ئەوە زەوییە
دەخولێتەوە
*
دێهاتیەکی پیر
قامچی ئەژەند
لە پاشی هێستری ڕەنجاو
*
مێشە بێحەیاکان
لەسەر برینی هێستری پیر
نێوانی دوو گوند
سواریی بوون
*
ماسی سەلەمون
بە سوودوەرگرتن لە غەفڵەتی شێف
لە تاوەکەدا
خۆی سووتاند
*
لە تۆماری باری کەسیی
لە هەموو شتێکیان پرسی
حاڵ نەبێت
*
لە کتێبی زمانەوانی
بەرامبەر وشەی هیچ
بەپێی یاسا
دەبێت بنووسرێت
هیچ
*
لە کتێبی زمانەوانیدا
پوچیان بە بەتاڵ واتا کردووە
و بۆ واتای بەتاڵ نووسیویانە
بۆش
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.