لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن
لە هەڕەتی لاوێتیدا چی جۆرە فیلمسازێك بوویت؟
دەشێت بڵێم لەم تەمەنەی ئێستامدا ئەوەی دەیبینم ئەوەیە کە لەو ڕۆژگارەدا تاکە شت کە هاوبەش بوو لەنێوان من و سینەماکارە گەنجەکانی ئەو ڕۆژدا ئەوە بوو کە هەموومان گەنج بووین. من فیلمسازیم نەخوێندبوو، وەکوو پیشەی خۆم لێم نەدەڕوانی، من نیگارکێشیم خوێند بەڵام نەبووم بە نیگارکێش. ئیدی لە خاڵێکدا تێگەیشتم کە سینەما دەبێتە پەناگەیەك بۆ من و فیلم دەبێتە میدیایەك کە دەتوانم بە باشترین شێوە خۆمی تێدا دەربڕم.
یادەوەرییەکانی پشتی کامێرا لەگەڵ یەکەم ئەزموونتدا چین؟
درووستکردنی یەکەم فیلمم کارێکی ئێجگار زەحمەت بوو، بەخت یاوەرم بوو، فیلمەکە دەنگی دایەوە و بینەری هەبوو.
بۆ من ئەوە مانای ئەوە نەبوو کە ببم بە سینەماکار، باوەڕم وابوو کە ئیدی ئەم بابەتە کۆتایی پێ هاتووە و چیتر فیلم درووست ناکەم، کەچی فیلمی زیاتر و زۆر زیاتریشم درووستکرد.
کاتێك یەکەم فیلمی ماوە درێژم بەرهەمهێنا بە خۆمم گوت پێویستە ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەم کە بوون بە سینەماکار پیشەی منە. بۆ یەکەم فیلمیشم ڕووبەڕووی دوو جۆر بینەر بوومەوە، جۆری یەکەمیان ئەوانە بوون کە حەزیان لە فیلمەکە بوو جۆری دووەمیشیان کە زیاتر بوون هەر هیچ هیچ حەزیان لە فیلمەکە نەبوو، ئەو قسەیەم بۆ بینەرانی ئەمڕۆش هەر ڕاستە.
پێویستە چی تایبەتمەندییەك لە یەکەم فیلمدا هەبێت بۆئەوەی فیلمێکی سەرکەوتووی لێ دەربچێت؟
ئەوەی قەناعەتی پێکردم کە یەکەم فیلمم سەرکەوتوو بوو، ئەوە بوو کە لە فێستیڤاڵێکدا ناسێندرا و بۆ خەڵاتی باشترین کورتە فیلم هەڵبژێردرا. بۆ من ئەوە پێوەری سەرکەوتن بوو. ئەمڕۆ بە ئاوڕدانەوە بۆ دواوە پێموانییە فیلمی باش فیلمێك بێت کە خەڵات بەدەستبهێنێت. هەروەها پێموانییە فیلمی باش ئەو فیلمە بێت کە بینەرێکی زۆر لە خۆی کۆبکاتەوە، یان پێداچوونەوەی ئەرێنی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەربگرێت. بەڵکو پێموایە کە پێوەری دیاریکەر بەردەوامییەتی. فیلمی باش ئەو فیلمەیە کە بەردەوام بێت و بمێنێتەوە، کە مێژوو بە شایستەی ئەوەی بزانێت لەگەڵمان بمێنێتەوە.
بیرم نییە کێ بوو سی ساڵ کاتی بۆ حکومدان لەسەر فیلم دانا، هەر کەسێك بووبێت گوتی “دوای سی ساڵ ئینجا دەتوانین بڕیار بدەین لەسەر ئەوەی ئاخۆ فیلمێکی دیاریکراو هێشتا بەردەوامی هەیە لەگەڵماندا و لە هزرماندا ماوەتەوە یاخوود یان نا.”
کورتە فیلم چی گرنگییەکی هەیە لە ڕێچکەی فیلمسازی فیلمسازدا؟
بۆ فیلمساز کورتە فیلم ئێجگار گرنگە، چونکە هەلێك بۆ فیلمسازەکە دەڕەخسێنن کە بوێری خۆی پیشان بدات و ئەزموون بکات. کەسایەتی دەرهێنەر لە کورتە فیلمەکانیدا زۆر بەهێز هەستی پێدەکرێت.
لە فیلمە ماوە درێژەکاندا بەرهەمهێنەر و لایەنی دارایی و تەنانەت بینەریش لەبەرچاو دەگیرێت، هیچ فیلمسازێك ناتوانێت ئەمانە پشتگوێ بخات، بۆیە لە کۆتاییدا کورتە فیلم گرنگترە، چونکە تایبەتە بە خوودی فیلمسازەکە.
دەشبێت گەڕان و هەوڵدان بۆ نوێگەری هەر لە یەکەم فیلمی فیلمسازەکەدا ڕووبدات.
باسێکی فیلمە ئێرانییەکانمان بۆ بکە، بە بۆچوونی تۆ لە دۆخ و ئاستێکی باشدان؟
ئەگەر بەخێرایی چاوێك بە سینەمای ئەمڕۆی ئێراندا بخشێنین پێویستە جیاکاری لە نێوان دوو جۆر فیلمدا بکەین، جۆری یەکەمیان ئەو فیلمانەن کە تایبەتن بە دەوڵەت و لە لایەن دەسەڵاتەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن، لە ئێران ژمارەیەك سینەماکار هەن کە لە سایەی دەوڵەت و بۆ دەوڵەت کار دەکەن. من زۆر بیریان لێ ناکەمەوە و چاوەڕوانییەکی زۆرم لێیان نییە چونکە ئەم جۆرە سینەماکارانە تەنها لە ئێران بوونیان هەیە، فیلمەکانیان بۆ سوودی زۆر ناوخۆیی و ئامانجی ناوخۆیی و دەسەڵاتن. هەروەها سینەمای سەربەخۆ هەیە کە خەریکە وردە وردە دەردەکەوێت، ئەمڕۆ سینەماکاری نەناسراو لە دوورترین پارێزگاکانی ئێرانەوە دەردەکەون. لە سایەی ئەو دەرفەتانەی کە تەکنەلۆژیای نوێ و کامێرای دیجیتاڵی بچووك پێشکەشی دەکەن فیلمی کوالێتی بەرز پێشکەش دەکەن. من ئومێدم بەم کەسانە هەیە.
شەپۆلی نوێی ئێران کە تۆ بەشێك بوویت لەم شەپۆلە چی شتێکی لێ ماوەتەوە؟
پێویستە نەوەی نوێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، ئەوان دەتوانن پێمان بڵێن چییان لێ پاراستووە و ئایا ئەو میراتە کاریگەری هەیە یاخوود نا، بەڵام تاکە شت کە نکۆڵی لێ ناکرێت ئەوەیە سینەما و سینەماکارانی ئەو سەردەمە زۆر ئازادتر بوون بەروارد بەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەگوزەرێت.
ئێمە کانوونمان هەبوو کە پەیمانگایەك بوو بۆ گەشەپێدانی منداڵان و لاوان، تێیدا دەرهێنەر و فیلمسازەکان ڕێنوێنییان دەکردین و کەسیان دەستیان نەدەخستە کارەکانمانەوە.
ئەوەش پرۆسەیەکی تەواو سەرنجڕاکێش بوو کە کاریگەرییەکی ئاشکرای بەسەر کارەکانمانەوە هەبوو. هەرچەندە پێم وایە ئەم شەپۆلە نوێیە هەرگیز کۆتایی پێ نەهاتووە، سینەماکاران لە پارێزگاکانی دەرەوە کە ئاماژەم پێکرد بەردەوامن لە نوێگەری.
چی چاوەڕوانییەکت لە سینەما هەیە؟
هیچ چاوەڕوانییەکم نییە، ئەوە کاری لاوەکانە چاوەڕوانی شتگەلێكیان لە سینەما هەبێت. بەڵام بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ شتێکیش بم هێشتا بەردەوامم لە کارکردن.
جەوهەری فیلم لە بەرهەمهێنانی وێنەدایە، هەرگیز مانگێك تێناپەڕێت کە کورتە فیلمێك درووست نەکەم، یان پارچە ڤیدیۆیەکی بچووك یان وێنەیەك نەچرکێنم، ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆ لە سینەمای چاوەڕێ دەکەم ئەوە بێت شەوانە کە خەوتم گرتەیەکی نوێم درووست کردبێت، وەکوو ماسیگرێك کە هەمیشە هیوای گرتنی ماسییەکی هەیە کاتێك تۆڕەکانی فڕێدەدات.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.