16/07/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیاڕۆستەمی: ئۆتۆمبێل وەکو پانتاییەکی سینەمایی لە فیلمەکانی کیاڕۆستەمیدا

لە لایەن دیدی من 3 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – دەڤە حەسەن
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن

عەباسی کیاڕۆستەمی، دەرهێنەری گەورەی ئێرانی، ئۆتۆمبێلی وەک تووخمێکی بەهێزی گێڕانەوەی چیرۆک بەکارهێناوە، کە ئەرکە باوەکەی خۆی وەکوو ئامرازێکی گواستنەوە تێپەڕاندووە. بەمەش بووەتە ڕووبەرێکی بەرفراوان بۆ گفتوگۆی قووڵ، تێڕامانی فەلسەفی و پەیوەندی مرۆڤ بە شوێنەوە. ئەرکی ئۆتۆمبێل لە فیلمەکانیدا لە هۆکارێکی ئاسانکردنی جووڵە زیاترە، بەڵکو چەشنی کورسییەکی دانپێدانانی گەڕۆکە. بەکارهێنانی وەکوو ئامرازێکی سینەمایی، ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت بۆ هێمای بزاوتن و، گۆشەگیری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی. هەروەها دەبێتە شوێنێک بۆ ئاشکراکردنی خوود، دیداری سەرەڕێ و گەشتێک کە زۆرجار گەشتی خوودی ژیانە.

کیاڕۆستەمی هەمیشە چەشنی پانتاییەک بۆ گفتوگۆی قووڵ پشتی بە ئۆتۆمبێل بەستووە. ئەو ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت بۆ ژوورێکی گەڕۆک، کارەکتەرەکان ناچار بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەکات بەبێ هەبوونی بواری هەڵهاتن لێی، ئەو کەشە داخراوە هەستێکی پەیوەندی دۆستانەی گەرموگوڕ دروست دەکات. لە فیلمی (تامی گێلاس – ١٩٩٧)دا، پاڵەوانی چیرۆکەکە زۆربەی کاتەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بەسەردەبات، لەگەڵ چەندین کەسی جیاوازدا دەربارەی چەمکی مردن و خۆکوشتن دەئاخڤێت. “ئاغای بەدیعی” لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی کەسێک کە هاوکاری بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکەی. لەمیانەی ئەو دیدارە دوابەدوای یەکانەدا، کیاڕۆستەمی دیدێکی فەلسەفی دەربارەی مردن، مانای ژیان، بەهای هەڵبژاردە کەسییەکان پێشکەش دەکات. تێیدا ڕێگا دەبێتە درێژکراوەی دۆخی دەروونی پاڵەوانی چیرۆکەکە.

فیلمی (دە)ی ساڵی (٢٠٠٢) سەرجەم دیمەنەکانی لە ئۆتۆمبێلدا تۆمارکراون. لەڕێگەی کامێرای جێگیرکراو بە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە، ئەو هەستە بە بینەر دەبەخشێت کە لەگەڵ کارەکتەرەکان لە گەشتدایە و گوێ لە بابەتە کەسییە تایبەتییەکانیان دەگرێت. ئەم شێوازە ڕێگە بۆ دەرهێنەر خۆش دەکات کە وێنەیەکی ڕاستەقینەی پەیوەندیی مرۆڤەکان پیشان بدات. بەتایبەتی ئەوەی کە دەربارەی ڕۆڵی دۆخی کۆمەڵایەتی و ململانێی نێوان نەوەکان دەخولێتەوە. لە ڕێگەی گفتوگۆکانی دایک و کوڕەکەی، یاخود شۆفێر و سەرنشینەکانی. ئەم تەکنیکە سانایە وادەکات بینەر سەرنجی تەواوەتی بخاتەسەر دەربڕینی دەموچاوی کارەکتەرەکان و دیالۆگی نێوانیان.

لە فیلمەکانی کیاڕۆستەمیدا، ڕێگا تەنها توخمێکی بینراو نییە کە یارمەتی گواستنەوەی کارەکتەرەکان بدات، بەڵکو ڕەنگدانەوەی خودی فەلسەفەی ژیانە. گەشتیش زۆرکات وەکوو خوازەیەک بۆ گەشتە چاوەڕوان نەکراوەکەی ژیان بەکار دەهێنرێت. لە فیلمی (ژیان و ئیتر هیچ – ١٩٩٢) دەرهێنەر دەست دەکات بە گەڕان بەدوای ڕزگاربووانی بوومەلەزرەیەکی وێرانکەردا، لە وێنەیەکدا کە گێڕانەوە و بەڵگەنامەیی چیرۆکەکە جەم دەکات. لێرەدا، ڕێگا تەنها ئامرازێک نییە بۆ گەیشتن بە جێی مەبەست، بەڵکو ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ژیان سەرەڕای ئازارەکان. دیمەنە کراوەکانی سرووشت جەخت لەسەر بیرۆکەی گەڕانی بەردەوام بۆ مانای ژیان لە نێو هەرا و زەنادا دەکەنەوە.

فیلمی (بەنێو دار زەیتوونەکاندا – ١٩٩٤) نموونەیەکی دیکەیە، تێیدا ئۆتۆمبێل دەبێتە هێمای پەیوەندی نێوان فەرهەنگ و سەردەمەکان. گەشت کردنی کارەکتەرەکان لەنێوان گوندەکاندا، پەڕینەوەیە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوو، کۆن و نوێدا. ئەم هاتن و چوونە بە ڕێگەدا ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەیە کە سینەمای ئێرانی لە ساڵانی نەوەدەکان کاری لەسەر دەکرد.

کیاڕۆستەمی تەکنیکێکی نائاسایی وێنەگرتنی لەناو ئۆتۆمبێلدا داهێنا، کە پشتی بە کامێرای جێگیر و دیمەنی بەردەوامی نەپچڕاو دەبەست. ئەوەش هەستی ڕاستەقینەبوونی دوور لە هەستی دەستکردی لەلای بینەر بەهێزکرد. ئەم ڕێبازە دۆخێکی دۆستایەتی لەنێوان کارەکتەرەکان و بینەردا دروست دەکات، بینەر هەست دەکات سەرنشینێکی نەبینراوە و لەسەر کورسی دواوە دانیشتووە، بەبێ خۆهەڵقورتاندن گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرێت. هەروەها دەرهێنەر وێنەدانەوەی سەر پەنجەرەکانی ئۆتۆمبێلی بۆ پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزتری بینین بەکارهێناوە. کە هەندێک جار ڕەنگدانەوەی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکانە، کە کارەکتەر و ئەو جیهانەی تێیدا دەژی، جیهانی ناوە و دەرەوەی پێکەوە گرێ دەدات.

ئەو تەکنیکانە تەنها داهێنانێکی بینراو نەبوون، بەڵکوو کاریگەریان لەسەر شێوازی پێشوازیکردنی جەماوەر بۆ فیلمەکان کرد. بە چەشنێک، کە وای لێکردن لەبری سەرنج خستنەسەر چیرۆکەکە و ڕووداوە خێراکان، بە قووڵی ڕۆبچنە ناو کارەکتەر و گفتوگۆکانەوە. تەنها لایەنی تەکنیکی نییە کە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل لە فیلمەکانی کیارۆستەمیدا ڕیزپەڕ دەکات، بەڵکو ئەو شێوازەش کە ئەو ڕووبەرە بچووکە دەکاتە درێژکراوەی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکانی و، ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە لە دژیەکییەکانی نێوان گۆشەگیری و بە یەکگەیشتن و، واقیع و وێنەی واقیعەکە لە هزردا.

شێوازی کیارۆستەمی لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل وەک پانتاییەکی گێڕانەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر زۆرێک لە دەرهێنەرانی جیهان هەبوو. وەک “ڕیچارد لینکلەتەر” و “جەعفەر پەناهی”، کە تەکنیکی وێنەگرتنی دیمەنەکانی ناو ئۆتۆمبێلیان وەک شوێنێک بۆ دیالۆگ و تێڕامان بەکارهێنا. هەروەها کارەکانی ئیلهام بەخش بوون بۆ ئەو فیلمسازانەی کە شوێن وەک توخمێکی سەرەکی لە گێڕانەوەی چیرۆکدا بەکاردەهێنن، وەک “نوری بیلگی جەیلان” لە سینەمای تورکی و “ئاپیچاتپۆنگ وێراستاکول” لە سینەمای تایلەندیدا.

هاوبەشی بکە