26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبی “ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە ” چاپ و بڵاودەکرێتەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ڕاگه‌یاندنی وه‌شانی نووسیار

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ کتێبی (ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە- کتێبی کارڵ)  چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه. ئەم کتێبەلە نووسینی خانمە نووسەری دانیمارکی: نایا مارییا ئایت و ئالان پەری کاری وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە بۆ کردووە.

 ئەم کتێبە بە فرۆشراوترین کتێبی نێودەوڵەتی ناوبانگی دەرکردووە   The international bestseller کە پتر بۆ ١٣ زمان وەرگێڕدراوە و خاوەنی دوو خەڵاتی جیهانییە. نووسیار مافی وەرگێڕانی بۆ کوردی وەرگرتووە و بە ڕەزامەندی نووسەر چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

لە مانگی مارسی ساڵى ٢٠١٥ دا کارڵ، کوڕی خانمە نووسەری دانیمارکی (نایا ماریيا ئایت) لە تەمەنی بیستوپێنج ساڵیدا بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیان لە دەست دەدات.

(ئه‌گه‌ر مردن شتێکى بردوويت بۆی بگەڕێنەوە) باس لە دووەمین ساڵى دوای بیستنی ئەم هەواڵە جەرگبڕە دەکات. ئەم هەواڵە بە جۆرێک کار له‌ نووسەر ده‌كات، شۆکی دەکات و دواتر بە نووسینی ئەم کتێبە وردە وردە هێور دەبێتەوە. سەرلەبەری ئەم کتێبە باس لە چۆنیەتيى ژیان لەدوای لەدەستدانی منداڵێکەوه دەکات.‌ هەروەها باس لەوەش دەکات کە چۆن لەگەڵ تێپه‌ڕبوونى کاتدا، خەم پێوەنديی نێوان دوو كه‌سى لێكنزيك له‌ واقيعدا دەگۆڕێت. ئەم کتێبە لەبارەی لەدەستدان و خۆشەویستییەوە دەدوێت.

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە ئالان پەری دەڵێت:  ”کاتێک بۆ یەکەم جار ئەم کتێبەم خوێندەوە، سەرنجی ڕاکێشام. ناونیشانی ئەم کتێبە شێواوی پێوە دیارە وەک چۆن ناوەڕۆکی کتێبەکەش فراوان و واڵایە. ئەم کتێبە زۆرترین ژانری ئەدەبی دەگرێتە خۆی: تاوێک شیعرە و تاوێک گێڕانەوە و یاداشتە، تاوێکیش ڕۆمانە. بەگشتی زیاتر دەنێوە گێڕانەوەی دەقی واڵادا خۆی دەبینێتەوە. خوێنەر دەتاسێنێ و بەر هەستیارترین بابەت بارگاوی دەبێت، ئەویش بابەتی (مردن) ــە. نووسەر بە شێوازی خۆی شیوەن و ماتەمینی خۆی دەنووسێتەوە، کە دەکرێت سود لە ئەزموون و شێوازی تەکنیکی ئەم کارە ئەدەبییە وەربگرین . ئەمە بێجگە لەوەی ئامادەبوونی دەقی چەندین نووسەری تر لە بارەی لەدەساتدنی کەسانی ئازیزانی خۆیان. ئەم کتێبە بۆ من زۆرترین کات و وزە و چێژی پێ بەخشیم و دەتوانم بڵێم دەبێتە دڵخوازترین کتێب کە کاری وەرگێڕانم بۆ کردبێت”

”پەرداخەکەم بەرز دەکەمەوە و لەگەڵ کوڕە گەورەکەمدا لێكيان ده‌ده‌ين. لە سەرەوە ژنە دووگیانەکەی لەگەڵ کچەکەیدا خەوتوون. کچەکەیان تازە بووه‌تە سێ ساڵ. شەوێکی مارسه‌. ده‌ره‌وه‌ سارد و سايه‌قه‌يه‌‌. ”بە خۆشی ژیان!” من وتم، کاتێک پەرداخەکان بە دەنگێکی ناسک و کپ بەر یەک ده‌کەوتن. دایکم شتێک بە سەگەکە دەڵێت. زه‌نگى تەلەفۆنەکە دێت و هەڵی ناگرین.

کێیە بەم شەوە درەنگەی شەممە تەلەفۆنمان بۆ دەکات؟!”

نایا ماریيا ئایت Naja Marie Aidt خانمەشاعیری دانیمارکی؛ لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٣يه‌. یەکەمین دەفتەرەشیعری لە ساڵی ١٩٩١دا به‌ ناوى (هەتا ئەو کاتەی گەنجم)ـه‌وه‌ بڵاو کردووه‌تەوە. ئەو چەندان کتێبی لە بواره‌كانى: شیعر، کورتەچیرۆک، ڕۆمان، کتێبی منداڵ و دەقی شانۆیيدا نووسیوە. ساڵی ٢٠٢٠ خەڵاتی ئەکادیمیای دانیمارکی پێ بەخشراوە. هەروەها خاوەنی خەڵاتی ئەنجوومەنی باکوورە بۆ کۆچیرۆکی (پاڤیان، ساڵی ٢٠٠٨)

ئالان پەری: شاعیر و وەرگێڕ نیشتەجێی دانیمارک.  تا ئێستا  دوو کتێبی شیعری خۆی بڵاوکردۆتەوە (سەراپام خەونە، ٢٠٠٩) و (جەنگاوەرەکان پشەیان مردنە ٢٠١٩) هەروەها ئەمساڵ نوێترین کۆمەڵە شیعری خۆی بە زمانی دانیمارکی لە کۆپنهاگن بڵاوکردەوە. خاوەنی سێ کتێبی وەرگێڕانە لە زمانی دانیمارکییەوە. ئەندامێکی چالاکی پێن-ی دانیمارکییە و چالاکوانێکی بواری ڕۆشنبیرییە، بەشداری چەندین کۆڕی شیعری کوردیی و دانیمارکی کردووە و لە ئێستادا سەرقاڵی دەرکردنی ئەنتۆلۆژیای شیعری نوێی کوردییە بە زمانی دانیمارکی..

هاوبەشی بکە