13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: تێکەڵبوونی ئوم کەلسوم بە خوێنی گوێگرانی کورد

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

نووسینی: ساڤان عەبدولڕەحمان

هەسارەکەی ڕۆژهەڵات، خانمی دنیای هونەریی عەرەبی، بولبولەکەی ڕووباری نیل، شاژنی گۆرانی عەرەبی، دەنگی میللەت، دایکی نەتەوەیەک، خانمی شەوان، ئیمپڕاتۆریەتی گۆرانی عەرەبی، خۆری ڕەسەن، دەنگی میسر و یانیش هەرەمی چوارەم. ئەمانە و زیاتریش ئەو نازناوانەن کە لە خانمە گۆرانیبێژی میسری ئوم کەلسوم نراون. شەهامەتی خانمانەی ئەو لەسەر ستەیج، توانای لەڕادەبەدەری و نەفەسدرێژی ئەو لە چڕینی گۆرانییەکانیدا و ئیحساسی بە ویقاری وایانکردووە ببێت بە گەوهەرێکی مەزنی دنیای هونەریی جیهانی و نەک نەوەیەک بەڵکو چەندین نەوە بەدوای یەکدا دەنگی پڕ هەست و سۆزی ئەویان بە میرات بۆ بمێنێتەوە.

بە چەندین هۆکاری جیاواز خەڵکی بە درێژایی چەندین ساڵ گوێیان لە گۆرانییەکانی گرتووە و لە سادەترین گوێگرەوە بۆ ناودارترین و دیارترین هونەرمەند و کەسایەتییە جیهانییەکان عاشقی دەنگی ئەو بوون. گوێگرانی سەردەمی خۆی ڕێزێکی ئێجگار زۆریان لێناوە و بەدوایدا سێ نەوە لەسەر هەمان ڕەوت ڕۆیشتوون و بگرە زیاتریش، هۆگری دەنگە حەزینەکەی بوون. ئەوەی لێرەدا پرسیارە ئەوەیە ئوم کەلسوم چۆن توانیویەتی و یان ئەتوانێت بەوجۆرە خۆی ڕایی بکاتە ناو هزر و دڵی هەموو گوێگرێکەوە؟ بۆچی ٥٠ ساڵ بەسەر مردنی ئەودا تێدەپەڕێت و هێشتا بۆ گوێگرانی سیمبولێکی زیندووە؟ چۆن نەوە یەک لەدوای یەکەکان دەست بە دڵی ئوم کەلسومەوە دەگرن و ناهێڵن لەدەستیان بڕوات؟ چۆن عاشقەکان سوجدەی سوپاسگوزاری بۆ وشەکانی ئەو هەسارەیە دەبەن و شەو تا بەیان بە دەنگی ئەو بێداردەمێنن و بێزار نابن؟ سەرەتا گوێگرانی چۆن ئاشنابوون پێی و نەوەی دوای سەردەمی ئەو چۆن عاشقی دەنگێک بوون کە لەمێژە گیانی سپاردووە؟ سەرەکیترینیشیان، گوێگرە کوردەکانی ئوم کەلسوم چۆن بەریدەکەون؟

وەک هەوڵێکی بچوک بۆ تێگەیشتن، لەم بابەتەمدا گەشتێک دەکەم بۆ گەڕان بەدوای وەڵامدا و گوێ لە چیرۆکی ئەو کەسانە دەگرم کە گوێبیستی ئوم کەلسومن. بۆ ئەمەش پرسیارم ئاڕاستەی چەند کەسێک کردووە و دابەشمکردوون بەسەر دوو کاتیگۆریدا؛ ئەوانەی لە هەشتاکانەوە گوێبیستی ئوم کەلسوم بوون و ئەوانەی دە ساڵێک دەبێت گوێگرین. لەڕێی وەڵامەکانەوە، تا ڕادەیەک توانیومە زانیاریم سەبارەت بە گوێگرانی ساڵانی شەست و حەفتاکان دەستبکەوێت و بەرچاوڕوونییەکم هەبێت.

سەرەتا عێراقییەکان لە ڕێگەی وێستگەی ڕادیۆوە ئوم کەلسومیان ناسی، کە بە ئامێری گرامافۆن سترانەکانی لێدەدران. گرامافۆن لەو کاتەدا تاکە ئامڕاز بوو کە هەسارەی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەیەوە سەردانیان بکات و بکەوێتە بەر گوێیان. تا لە ١٩٣٢ ئوم کەلسوم یەکەم بانگهێشتی فەرمی بۆ بەغداد بۆ دێت و سەردانی عێراق دەکات.

دواتریش لە ساڵانی شەستەکان و هەتا حەفتاکانییش، بە هەر جادە و بازاڕێکی هەولێردا برۆیشتیتایە، لە چەندین لاوە گوێت لە دەنگى ئوم کەلسوم دەبوو. شێرزاد شێخانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٥ لە هەولێر، سەبارەت بەمە نووسیبووی “لە چایخانەکان بە موکەبەرەى دەرەوە دەنگى بەر گوێ دەکەوت. لە ڕادیۆى دوکانی نەجاڕان، حەدادان، شەربەتفرۆش، بەزاز و خەیاتدا. ئوم کەلسوم ببووە نان و ئاوى ڕۆژانەمان. هەر بەوەندەش تێر نەدەبووین، بەڵکو سەر لە ئێواران لە ئیزاعەى ئیسرائیل سەعات حەوت گوێمان لە گۆرانییەکانی دەگرت، شەوانیش بەدیار ئیزاعەى (صوت العرب من القاهیرە) بەدیار تازەترین حەفلەى یەکەم پێنجشەممەى سەرى مانگەکانەوە دادەنیشتین”. هەر سەبارەت بە یادی ئەو ساڵانەش دایە ئالە کە لە تەمەنی سەروو هەشتاکانیدایە و بێ ئەوەی وردەکاری تەواو دەربارەی ئوم کەلسوم بیربێتەوە وتی “ئەوە ژنەکەیە کە دەسڕەکەی بەدەستەوەیە؟ بەڵێ دیومە و زۆریشم حەز لە دەنگی بوو”.

“ئوم کەلسوم ببووە نان و ئاوى ڕۆژانەمان”

لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکان، سەردەمی حوکمڕانی ئەوکاتەی عێراق؛ ڕژێمی بەعس کاتژمێری دیاریکراوی دانابوو بۆ پەخشکردنی گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم، بە جۆرێک کە کاتەکانی بەر کاتەکانی پشووی نیوەڕوان و شەوان دەکەوت. نیوەڕوان کاتژمێرێک و شەوانیش کاتژمێرێک بەردەوام و هەموو ڕۆژێک تەرخانبوو بۆ ئوم کەلسوم. بەمجۆرە گوێگران بەبێ ویستی خۆیان بەر ئەو دەنگە دەکەوتن و دەرئەنجام ئالوودەی گۆرانییەکانی و کەسایەتی و وشە عاشقانەکانی دەبوون.

شادمان ئەحمەد، نووسەر و ڕاوێژکار هەر لە ساڵانی هەشتاکانەوە بەهۆی خوێندنی بەکالیۆریۆسەکەی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزیدا، لە زانکۆی بەغدا، لەناو کافتریای زانکۆ بەر دەنگی ئوم کەلسوم دەکەوێت. وەک باسی لێوەدەکات، ئەو کاتە جگە لە کافتریاکان، زۆربەی چایخانە و قاوەخانەکان، تەنانەت چێشتخانەکانیش، لەلایەن کەسانی میسرییەوە بەڕێوەدەبران و هاوپۆلەکانی لە بەغدا گوێگری گۆرانییەکانی بوون. شادمان دەڵێت “منیش دڵم لێی دەدا بۆیان. بۆ هاو ئاوازی ئەو دڵ لێدانە، منیش شەوان گوێم لە کەلسوم دەگرت و سوودیشی هەبوو بۆ فێربوونی زمانی عەرەبییەکەم. تەنانەت لە ماڵیشەوەمان شریتی ئوم کەلسوممان هەبوو، ئەو کاتە لە دوکانەکانی فرۆشتنی کاسێت لە سلێمانی دەفرۆشران و ڕەسمەکانیشی لەسەر دوکانەکان هەڵواسرابوون”.

نادادی و دڕندەیی سەردەمی بەعس، بە گشتی کوردێکی زۆری خستە نێو ڕاڕایی و دژییەکییەوە بەرامبەر عەرەب و عەرەبیزمان، ئەمەش تا ڕادەیەک کاریگەری هەبوو بەسەر پەیوەندییەکان و تێڕوانینەکانیانەوە بۆ خودی زمانی عەرەبی و لە هەمان کاتیشدا ڕژێمەکە گرنگی بە گۆرناییەکانی ئوم کەلسوم دەدا.  هەژان هادی، هاوتەمەنی کۆتایی بیستەکان، دەربارەی ئەزموونی خاڵی وەک گوێگرێکی ئوم کەلسوم پێی وتم “من یەکەمجار لە ماڵی خاڵم گوێم لە ئوم کەلسوم بوو، ئەو شەوان پێش کاتی خەو دەیخستە سەر ئوم کەلسوم، لە ماڵی خاڵم ئوم کەلسوم پێش خەوتن ببووە نەریتێک کە خاڵم لە سەربازی زۆرەملێی سەردەمی بەعس بە میرات بۆی مابووەوە. ئەو خاڵەم دوایی بوو بە پێشمەرگە، هەرچەنە ڕقی لە بەعس و زمانە زبرە عەرەبییەکەیان بوو، بەڵام بۆ ئەو، ئوم کەلسوم لە عەرەب و بەعس گەورەتر بوو”.

گوێگرانێکی دیکەی ساڵانی هەشتاکانی ئوم کەلسوم، گوێگرە عاشقەکانن. ئەو گوێگرانەی ئاگری عەشق دەیانکات بە خۆڵەمێش. باوکم؛ عەبدولڕەحمان ئەحمەد، لە ناوەڕاستی تەمەنی شەستەکانیدایە و پێی “وتم من لە هەشتاکانەوە گوێ لە ئوم کەلسوم دەگرم. هەرکەسێک عاشق بێت و عەشق لێیبدا ئیتر تووشی ئەبێت بە تووشی ئوم کەلسومەوە. کە عاشق بوویت ئیتر لە چایخانەیەک دائەنیشیت و بە دەنگی ئوم کەلسومەوە چا لەسەر چا ئەخۆیتەوە و تا درەنگانی شەو بێدار ئەبیتغ.

دواتریش بەستنەوەیەکی لەنێوان حەسەن زیرەک و ئوم کەلسومدا کرد و سەرپێیی پێی وتم “ئوم کەلسوم هەر کاتێک گوێ لەگۆرانییەکانی بگریت وائەزانیت ئێستا وتویەتی، وەکو گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک وایە، کۆن نابێت”. حەسەن زیرەک و ئوم کەلسوم هەردووکیان بە نزیکەیی لە هەمان سەردەمدا ژیاون و حەسەن زیرەک بە سێ ساڵ پێش ئوم کەلسوم کۆچیکردووە. لەو دەمەوەی باوکم ئەوەی پێوتم، کەڵکەڵەی پرسیارێک سەرم ئەخوات، تۆ بڵێی حەسەن زیرەک ئوم کەلسومی ناسیبێت؟ گوێی لێگرتبێت؟ حەزی بە دەنگی هەبووبێت؟ نازانم. 

“ئوم کەلسوم هەر کاتێک گوێ لەگۆرانییەکانی بگریت وائەزانیت ئێستا وتویەتی، وەکو گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک وایە، کۆن نابێت”

لەمڕۆدا بۆ گوێگرانی، ئوم کەلسوم لایلایەیە و ناهێڵێت بەتەنها سەربنێننە سەر سەرین. بەکر حەمەسەعید، کە بە هەمان شێوە لە هەشتاکانەوە گوێگری ئوم کەلسومە وتی “کاتێک لە ناوەندیدا عاشق بووم، بێ ئەوەی وشەکانی ئوم کەلسوم تێبگەم گوێبیستی گۆرانییەکانی بووم، تەنها دەمزانی کە باسی عەشق و خۆشەویستی و دابڕان دەکات. دواتر کە چوومە بەغدا بۆ خوێندن و فێری زمانی عەرەبی بووم زیاتر چووە دڵمەوە. ئەوە بۆ بیست ساڵ دەچێت هەموو شەوێک گوێ لە ئوم کەلسوم دەگرم و بە دەنگەکەی خەو دەمباتەوە”.

ئەگەر بۆ گوێگرانی سەردەمی خودی ئوم کەلسوم و ساڵانی هەشتاکان،  بەهێزی و تاقانەیی دەنگەکەی، پڕی سۆز و هەست لە وشەکانیدا، ئاوازە موگناتیسییەکەی و ئامادەیی بەویقاری ئەو لەسەر ستەیج، هۆکاری عاشق بوونی ئەو خانمە بووبن. ئەوە بۆ نەوەی دواتر و تەنانەت دواتریشی، کە ئێمەین هۆکارێکیتر لەسەرەتادا پاڵنەربووە بۆ ناسینی ئەو گەوهەرە و دواتر عاشقبوونی، کە ئەویش نۆستالژیایە.

بۆ ئێمە ئوم کەلسوم دەنگێکی نۆستالژییە، دەمانبەستێتەوە بە ڕابردووەوە. بە خێزانەکانمانەوە، بە هاوڕێکانمانەوە و بە ماڵەوە. بۆ هەریەکێک لەوانەی لە نەوەدەکان و  دواتریشەوە گوێ لە ئوم کەلسوم دەگرن، پاڵنەری ئەوەلیینیان ئەو هەستە نۆستالژییە بووە کە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ یادی جاران و دانیشتنە خێزانییەکانیان و دەمانێک کە بێ ئەوەی بزانین بۆ، دایکان و باوکانمان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە بینوە لەکاتی گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسومدا. سۆزیار تەها، کە گوێگری ئوم کەلسومە، یەکەمجار لەڕێی دایکییەوە گوێبیستی بووە، ئەوکاتە تەمەنی تەنها  ١٤ ساڵ بووە و دایکی بەردەوام گوێی لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم گرتووە. ئەو وتی “چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشم نییە لەگەڵ ئوم کەلسوم، تەنها ئەوە نەبێت کە گوێم لە دەنگی ئەبێت ئەگەڕێمەوە بۆ دایکم!”.

ڕێنوار نەجم ئەم هەستی نۆستالژیایەی هۆنییەوە و وتی “بیرم نییە یەکەمجار کەی گوێم لە ئوم کەلسوم بوو، بەڵام ئەوەی لە یادمە لە ماڵی ئێمە بەردەوام ئامادەیی هەبووە. وێنەیەک لە هزرمدا بۆ ئوم کەلسوم و گۆرانییەکانی دروست بووە کە هەرگیز ناسڕێتەوە: نیوەڕۆیەکی هاوین، هێشتا قۆری و پیاڵەی دوای نانخواردنی نیوەڕۆ لانەبراوە، هەر کەس کە لە ژووری دانیشتنەکەمانایە بێدەنگ ڕاکشاوە، هەندێک سەرخەوی نیوەڕوانی هاوین دەشکێنن، هەندێکی وەک منیش هەر بە خەبەرن! دەنگێکی کزی ئوم کەلسوم لەگەڵ دەنگی موبەریدە تێکەڵ دەبێ! بەبێ ئەوەی خۆم ئاگادار بم ئەو دەنگە کزە وردە وردە ڕۆچووەتە ناو ناخم و بەردەوام بۆی گەڕاومەتەوە. ئێستا هەر ساتێک گوێم لە ئوم کەلسوم دەبێ، ڕاستەوخۆ دەمباتەوە بەر نزیکەی ٢٥ ساڵ پێش ئێستای ناو ژووری دانیشتنەکەمان لە نیوەڕۆیەکی هاوینی خامۆش و بێدەنگ!”

“نیوەڕۆیەکی هاوین، هێشتا قۆری و پیاڵەی دوای نانخواردنی نیوەڕۆ لانەبراوە، هەر کەس کە لە ژووری دانیشتنەکەمانایە بێدەنگ ڕاکشاوە، هەندێک سەرخەوی نیوەڕوانی هاوین دەشکێنن، هەندێکی وەک منیش هەر بە خەبەرن! دەنگێکی کزی ئوم کەلسوم لەگەڵ دەنگی موبەریدە تێکەڵ دەبێ!”

لێرەوەیە کە وەک حەدیسێک، ئوم کەلسوم دەستاودەست ئەکات و وەفادار دەمانهێڵێتەوە و دواتر خۆشمان عاشقی نۆستالژیاکەی دەبین و خاوەندارێتی جوانییەکەی دەکەین. ئوم کەلسوم بۆ میلانۆ مەریوان ئاوازێکی مەخمەڵییە و دایکی تا سەر ئێسقان عاشقی ئوم کەلسوم بووە و لەڕێی ئەوەوە ئاشنای بووە “لە بیرمە کاتێ منداڵ بوم لە تەمەنی حەوت بۆ هەشت ساڵانا لە ناو کتێبەکانی دایکما کتێبێکی جیاوازم بینی کە لە دایکم پرسی ئەوە چییە، وتی ئەوە ژیان نامەی ئم کەلسومە. پرسیم کامە؟ وتی هەر ئەوەی کە ڕۆژانە گوێ لە کاسێتەکەی ئەگرین. لەو ڕۆژە بەدواوە لە گوێچکەما وەکو ئاوازێکی مەخمەڵی دەهات و دەچوو. ناسین و ئاشنایی من بۆ ئوم کەلسوم لە ڕێی دایکمەوە بۆ ئەبەد ناسینێکی پڕ ماناو پڕ ژیان بوو” .

“هەرجارێک ئوم کەلسوم  بە دەنگە گەرموگۆڵەکەی دەڵێت “بیرکردنت بەسەرمدا زاڵبووە و شەوانی دوورییت تواندومیانەتەوە… “ هەستدەکەم بولبولەکەی ڕووباری نیل لەلامەوە دانیشتووە و ئازارەکانی خۆم و خۆی دەچڕێت.”

کاتێک بەمجۆرە نۆستالژییە ئامانەتێک وەردەگرین، کاتمان دەوێت تاکو دەیکەین بە هی خۆمان. سەرەتا قولنگێکی بچوکی دەگرین و کاتێک گەورەتر دەبین تەواوی گەردەکانی دەخەینە سەر دڵمان. بەخشین تەها، هاوڕێمە و بە پێکەنینەوە پێی وتم “بە مناڵی وەکو هەموو مناڵێیتر لەماڵەوە گوێیان لێئەگرت. بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە گوێیان لێئەگرت. کاتێک گەورەبووم گوێملێدەگرت، بەڵام کە بۆ گۆرانیییەکانی دەگەڕام دەمنووسی ئوم کەلسوم بەبێ مۆسیقا. چونکە ئەوکاتە هێشتا لەو ئاستەیا نەبووم تەقدیری بکەم. مۆسیقاکەیم بەلاوە درێژ بوو. بەڵام دواتر عاشقی بووم و ئێستا بە ئاستێک بۆم گرنگە کە بووە بە بەشێک لەمن. ئێستا هەموو ئاوازدانەرەکان ئەناسم و هەمووشتێک لەبارەی ئوم کەلسومەوە. هەڵبەت ئێستا، گوێ بۆ چرکە بەچرکەی مۆسیقاکەی ڕادەگرم!”

هەرچی بێتەوە سەر خۆم، دەزانم کە بۆ منیش بە هەمان شێوە، ئوم کەلسوم دیارییەکی نۆستالژییە و ساڵ دوای ساڵ پارچەیەکی بەدەستم گەیشتووە. ئێستاش هەرجارێک ئوم کەلسوم  بە دەنگە گەرموگۆڵەکەی دەڵێت “بیرکردنت بەسەرمدا زاڵبووە و شەوانی دوورییت تواندومیانەتەوە… “ هەستدەکەم بولبولەکەی ڕووباری نیل لەلامەوە دانیشتووە و ئازارەکانی خۆم و خۆی دەچڕێت.

هاوبەشی بکە