27/03/2024
DidiMn Logo
Top

لە ستایشی سادەنوسیدا

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

‎دیدی من – به‌ڵێن سابیر عومه‌ر

‎”ئاڵۆزیی ڕابردووە.” یەکێک لە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی مۆبیلیات، بەشی فرۆشتن، لە ڕیکلامی کورسی و مێزێک، وای نوسیبوو. ژوورەکان لە ڕابردوودا، هەندێک ژوور لە ئێستایش، فرەڕەنگ و پڕ جەنجاڵن. پەردەکان، چەند دانەن لە پشتی یەک و کێشیان قوڕس و پڕ نەخشیشن. دیوارەکان بە هونەری گەچکاریی، نەخشی تێکڕژاو و ڕەنگیان تۆخ و چەند ڕەنگی زەقن. کورسییەکان ڕەنگیان قاوەیی و لێواری کورسییەکان، زەردی زێڕیین.

‎ئێستا ڕەنگی دیوارەکانی ماڵ، ئۆفیس و کۆمپانیاکان، سپی، یان “ئۆف وایت”ن. قەنەفەکانی دانیشتن، کرێمی کاڵ، سوور، شین، نیلیی، هەر ڕەنگێک بن، کاڵن.

‎ئەمەم بۆ ئەوە بوو بڵێم، ئەگەر ئاڵۆزی لە دیکۆراتی ژووری ئۆفیس و ماڵەکان، بووە بە ڕابردوو، کەواتە سادەبوونەوە گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو. ئەگەر وایە، نوسینیش هەمان شت نییە؟ ئەگەر هەمان شتە، چۆن؟

‎بەشێکی زۆری ئەو دەقانەی، خوێندنەوەیان، خوێنەر شەکەت دەکات کێشەیان قوڕسی مانا نییە، کۆسپی زمانە. زمان وەک یەکەیەکی جێگیر نا، کە خوێنەر ئاسان لە مانای وشەکان تێدەگات، پێکەوەیش وشەکان لە تەنیشتی یەک، شتێکی پێدەڵێن، بەڵکو زمان وەک ئەرکی زمان خۆی.

‎بۆچی خوێنەر، چەند جاریش نوسەرێک، دوای خوێندنەوەی بیست لاپەڕە لە کتێبێک، کتێبەکە، دەخاتە ئەولاوە، نەخوێندەوەی کتێبێک

‎سێ هۆکار هەیە:

‎یەک: وەک هەر دەستپێکێک، خوێندنەوەیش سەرەتایەکی هەیە.

‎بۆ خوێنەری ئەم ئاستە، وشەکان دەبێ وشەکانی ئەو بن: بیستراو و ئەزموونکراو. ڕستەکان ڕێکوپێک، بە ڕێزمانی و ئاخاوتنی ئەو، بە دوای یەک بێن و ببن بە ڕستە. پاشان چیرۆک دەبێ چیرۆکی ئەو بێت و نوسرابێتەوە. (پڵۆت) ژێرنەخشی دەقیش هەمیشە دەبێ شتێک بێ کە ئەو لەسەرەتای دەقەوە چاوەڕێی بووە. ڕووداو، ئەم جۆرە ڕووبدات، کە وێنەی بۆ کێشراوە. لە کاتێكدا ئێستا ڕووداو، کارەساتیش نییە. بەڵکو تەواو لە ڕەوشێکی جیاوازدایە. هەڵبەت لەم ئاستە، خوێنەر کە سەیری فیلمێکیش دەکات، کامێراکە دەبێ ئەو دیمەنانە نیشان بدات، کە وێنەی گریمانەیی ئەون.

‎دوو: ئاستی تێگەیشتن، جیاوازی زۆری نێوان ئاستی خوێنەر و نوسەرە. لێرەدا نوسەر چەند ساڵێک پێش خوێنەرە. بە وێنە: خوێنەر ساڵێک کتێبێک دەخوێنێتەوە، تێیناگات، ناچار وازی لێ دێنێت. جارێکی دیکە کە کتێبەکە دەخوێنێتەوە، پێدەکەنێ، پێدەکەنێ کە چۆن جاری یەکەم لەم کتێبە تێنەگەیشتووە؟ ئەم پێکەنینە سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بە قۆناغی سێیەم.

‎سێ: لەم قۆناغە خوێنەر، ڕاڕایی نوسینی بۆ دروست دەبێ. بۆیە کە دەخوێنێتەوە، لەسەر “چی باس کراوە” بازدەدا، لەسەر  “چۆن باس کراوە” دەوەستێ. لەم قۆناغە خوێنەر، لە خوێندنەوەدا، پێش نوسەر دەکەوێت. زمان دەزانێ، دەق لە زمانی یەکەم دەخوێنێتەوە. ڕێنوس شارەزا دەبێ. ئیدەیت دەزانێت. ڕەگەزەکانی نوسین دەناسێ. دێت دەنوسێ. دەنوسێ و ڕەشدەکاتەوە. چیرۆک ئەگەر بنوسێ، ڕاهێنان دەکات، چیرۆکێک بەس دیالۆگ، یەکێک بەس کارەکتەر، یەکێک کات و شوێن… بە کورتی لەم ئاستە، خوێنەر نوسەریشە. بۆیە کە کتێبێک دەگرێتە دەست، لەسەر وشەکان دەوەستێ، ڕاناکات. چیرۆکی ڕۆمانەکە و چیرۆکی چیرۆکەکەی بۆ گرنگ نییە، چیرۆکی نوسینیان. خوێنەری ئەم ئاستە، ئاڵۆزکاوی دەق و نوسەری ئاڵۆز، کە دوو چەمکی جیاوازن، لێک دەکاتەوە. دەزانێ چیدی کرچوکاڵی دەق، سادەیی مانا نییە، زمانە. بۆیە لەملاو، لەولا، کاتێک دەبیستێ یان دەخوێنێتەوە کۆمەڵێک خوێنەر و چەند دانە تیۆریستێک دەڵێن: ئەو دەقە (هەر ژانرێکی ئەدەبی) بۆیە لاوازە، نوسەر هەر وشەی ڕیز کردوون و هیچی نەگوتووە، یان ئەوەی گوتوویەتی خرتوخاڵی باسێکی بچووک و پەروازخراو بووە، نقومبوونی کەشتییەک و کەوتنەخوارەوەو پارچەپارچەبوونی فڕۆکەیەک، مانای لێقەومان نییە، دەزانێ لە دەقی پۆستمۆدێرن، چیتر ڕووداو، کوشتنی باڵندەیەک نییە، نەکوشتنییەتی!

‎”ئێستا چکۆڵ ئەتۆ، وەرە پێشەوە، پێش من، ئێرە” ئەمە ڕستەیەکی نێو چیرۆکی “بووکەڵە چینییەکەی من”یی چیرۆکنووس ئێرانی گوڵشیرییە. سەرەتا کە دەیخوێنیتەوە وا دەردەکەوێ پیتەکان ئاسان پێکەوە لکێندراون. وشەکان لەتەنیشتی یەک، هیچ ماندوو بوونێکیان نەویستووە. بەڵام ویستوویەتی. ئەگەر بوەستی لەسەر وشەکان، دەبینی ئەو ڕستەیە، تا ڕستە، گرتەیەکی ڤیدیۆییە، چۆن؟

‎لەم چیرۆکە ئەگەر خوێندبێتتانەوە، منداڵێک ڕاوییە. چیرۆک هەمووی نا، لەسەر ئەم ڕستەیە و چەند ڕستەیەک دەوەستین. سەرەتا لەبارەی وشەکانی ڕستەی سەرەوە:

‎”ئێستا چکۆل ئەتۆ” لێرە کەسێک، کە ڕواییە و منداڵە، ئاگاداری دەنگێکە، کە بچکۆلە، لە جێی پیاوێک، دەکات، کە نۆبەتی هاتووە، بڕواتە پێشەوە.

‎”وەرە پێشەوە”

‎لەم دوو وشەیە. ڕاوی گوتمان کە منداڵە، بانگی بچکۆل دەکات. لێرە هەست بە جووڵەیەک دەکەین، جووڵەی وشەیش. چوونە پێشەوەیەک، چوونە پێشەوەی وشەیش. دەنگی جووڵەیش، کە ڕودەدات.

‎”پێش من، ئێرە”

‎کە کۆتایی ڕستەیە، جووڵەیەک کە ئەنجام دراوە، هێشتا لە جووڵەدایە.

‎با چەند نموونەیەکی دیکە وەربگرین، هەر لە هەمان چیرۆک:

‎لەڕستەی:

‎”سەبر گوتی. بەڵام ڕوخساری وەک ئەو کاتەی لێهاتبوو کە بەرز دەڵێ”

‎دەنگێک کە سەبر قسەی کردووە، بە ڕووخسارێک کە تووڕەیە، دەتوانی ببیستی، بەرزیش… دەپرسم خوێنەر ناتوانێ ئەم ڕووخسارە ببینێ، چاویشی لێنەکاتەوە دا بزانێ چۆنچۆنییە؟ حەتمەن!

‎لەڕستەی:

‎”چکۆل ئەتۆ یانی مامە ناسری. وەرە ئێرە، دەبێ کە دێیە  ژوورێ هەر لەوێ ڕاوەستی. وەرە، ئەم کاغەزەیشت با پێ بێ. یانی ڕۆژنامەیە.

‎لەم ڕستەیە، لەگەڵ خوێندنەوە، ڕەنگە ئاوڕ بدەیتەوەو تەماشای دەرگای ژوورەکەت بکەی، کەسێک کە خەریکە دێتە ژوورەوەو ڕۆژنامەیشی پێییە. نوسینەوەی ئەم ڕستەیە، بەجۆریکی دیکە، کە بێتام و سواون، بێشوومارن. بۆ نموونە ئەگەر چیرۆکنوسێکی دیکە، ئەو ڕستەی لەخەیاڵ بێ و بیەوێ بنوسێ، ڕەنگە ئاوا “بچکۆل تۆ، با بڵێین تۆ مامە ناسری. وەرە پێشەوە. بزانە دەبێ کە بێی، لەوێ؛ لای پەنجەرە بوەستی. وەرە دەی. ئەم کاغەزەیش، وەک بڵێی ڕۆژنامەیە با پێت بێ” جیاوازی نێوان ئەم دوو ڕستەیە چییە؟ بینوسن.

‎لەڕستەی:

‎”داپیرە بە ئێرەی دەستی لێی دام”

‎لەکاتی خوێندەوەی ڕستەکەو بینینی [ئێرەی] ڕەنگە دەست لە چەند شوێنێکی جەستەت بدەی: قاچ، دەست… ئێرەی شوێنێکی جەستەیە، زۆرتر دەست، یان ئانیشک و پێی لە شوێنێکی جەستە دەدرێ. ئەدەبیش جگە لەم هەستپێکردن و دەست لێدانە چیترە؟ هیچ…

‎ئێمە لە کاتی خوێندنەوە کە بە ڕاکەڕاک دەخوێنینەوەو بەسەر ڕستەکان باز دەدەین. نە جووڵەکان دەبینین، نە دەنگی جووڵە، نە دەنگی کەسێتی، نە ڕیتمی دەنگی کەسێتی، بۆیە بە بیروڕایەکی خود پەسەندو گەلۆرانە، دەڵێن: “ئەو ڕستە سواوە چییە؟ هەموان دەتوانن بینوسن!” بەڵام لە ڕاستیدا کەس، بەس گوڵشیری خۆی.

‎هەر گێڕانەوەیەک لە فۆڕمێکی جیاواز کە هەستی پێدەکرێ، دەسەڵاتی زمانە. زمان دەتوانێ و عەیبوعاری دەق بشارێتەوە. دەتوانێ کەلێنگری ڕەگەزەکانی دیکەی نێو دەق، وەک: کات و شوێن و کارەکتەر و مانایش بێت.

‎وەک لەزۆر شت بەدحاڵین، لەمەیشدا وا تێگەیشتووین، سادەنوسین، ڕەواننوسین و گوتن و قسەکردنە بەم جۆرەی ڕستەکان هەمیشە دەبێ مەزەندەکراو بن بۆمان. وەک ئەوەی لە پاش کردار بە نموونە “گوتم” دەبێ تەواوکەر بە نموونە “دەڕۆم” بێت. وێنەکان ئەم وێنانە بن، ئێمە لە کاتی خوێندنەوە، زووتر هەستمان پێکردبێ!

‎مەبەست لە زمان، لەنێو دەق؛ شیعر یان هەر ژانرێکی گێڕانەوە، نوسین نییە بە زمانی قسەکردن. شتێک نییە بە ناوی زمانی نوسین و زمانی قسەکردن، یان بەم ڕوو نییە. نوسین بە زمانی قسەکردن، من بە گرانتری دەبینم، تا ئاسانتر. ئەگەر قسەڵۆکێک هەبێ بەناوی سادەنوسین، هەواڵنوسینە، نەک شیعر و چیرۆکنوسین.

‎لەسەرەوە نوسیوومە. دەینوسمەوە: مەبەست لە زمان، لەنێو دەق، شیعر یان هەر ژانرێکی گێڕانەوە، نوسین نییە بە زمانی قسەکردن. بەڵکو ستایلێکی تایبەتە. فۆرمالیستەکان کە دەیانگوت، زمانی ئەدەبی ناکۆکە لەگەڵ ئەو زمانە ئاساییەدا کە ئێمە بەکاری دێنین، مەبەستیان لە زمانی قسەکردن نەبووە، بەڵکو مەبەستیان لە زمان بووە لە دەرەوەی دەق.

‎سەرەتايترین هەوڵ دواتر کە دەبێتە ستایل و نوسینی نوسەرێکی پێدەناسرێتەوە، جێگۆڕکێی کردارە ڕێزمانییەکانە. قورتارکردنی زمانی ئەدەبی لە زمانی ڕۆژنامە، یەکەمین هەوڵی نوسەرە لە نێوان سادەنوسین و ئەکادیمی نوسیندا.

‎تەماشا ئەم نموونەیە:

‎”دەبوو بۆت باس بکەم”

‎”دەبوو باسی بکەم بۆت”

‎”دەبوو بۆتی باس بکەم.”

‎لەم سێ ڕستەیە، یەک مانا هەیە. بەڵام ئێمە کە دەیانخوێنینەوە، دەزانین یەکیان لەوانی دیکە ئەدەبی ترە. ئەمە هێزی زمانە. ئەمە ئەدەبیبوونی دەقێک نیشان دەدات، یان بە جۆرێکی دیکە، ئەوەی [دەقبوونی] دەقێک، لەچوارچێوەی دەقەکە دەهێڵێتەوە، هێڵکاری بیرۆکە زەینییەکانی نوسەر و نوسینەوەی نییە، ڕەنگڕێژکردنی وشەکانە. بەڵام وشەیش، شینبوونی خۆڕسکانەیە، نەک فشار خستنە سەری، بە وشەگەلی تێخزێندراو.

چیرۆکنوسێک دەیگوت “نوسەرێک جارێک گوتی: من زمانم ئەسڵەن بۆ گرنگ نییە!” گوتی گوتوومە: “ئەوە وەک وایە، نیگار بکێشی بڵێی ڕەنگم بۆ گرنگ نییە!”

دەڵێن “هەر وشەی ڕیز کردووە.” وەک زۆر شتی دیکە، “وشە ڕیزکردن” بووە بە ئیدۆمێکی تازەی ئەدەبی. لەکاتێکدا زێڕینترین چرکەساتی نوسەر، دانیشتنییەتی بە دیار وشەکانەوە. خەیاڵ پێش مانا، دەبێ بە وشە بکرێ. ئەوەی یاری پێ دەکەرێت، زمانە، نە مانا، مانا فریودەرە هەمیشە بە جۆرێک کۆمەڵایەتی دەبێ. هەر چەشنە کۆمەڵایەتیبوونێکی نوسەر، کۆمەڵاتیینوسینە. ئەو وردەکارییانەی دەبن بە تایبەتمەندی بەرهەمێک، لەزماندا چڕ و تەسک دەبنەوە.

ئەدەبی کوردی، یان لە هیچ شەڕێکدا نییە، یا لە شەڕێکی درەنگوەختدایە. شێوازێکی نوسین، لەوێدا (لەوێدا، لەم ئێستایە مەبەستم هەر شوێنێکە، ئێرە نەبێ) بەسەرچووە، چیتر پێی نانوسرێت. لێرە دەبێ بە باو. کڵێشەیەکی تیۆریی، چەمێکی ئەدەبی، فەلسەفیی، چەند جار پڕاکتیزە دەکرێتەوەو دادەڕێژرێتەوە، لێرە هێشتا بە یەکەمین ڕاڤە، ڕاڤەی دەکرێتەوە.

لە دەقی نوێ ئاستەنگییەک ئەگەر هەبێ، پێشی مانا، هی زمانە. سێ چیرۆکەکەی ئامادە: چرک! پێش ئەوەی چیرۆکێک بێت و چەند چیرۆکێکی لێ کەوتبێتەوە، چیرۆکێکە لە چەند شێوە گێڕانەوەدا. ئەم شێوانە، کە دەبن بە تەکنیک، زمان دروستییان دەکات. بێگومان ئەو ڕەگەزەی ئەم ئیمکانانە دروست دەکات، چەند چیرۆکێکی دیکە نییە، زمانە. زمان خۆی وەک جۆرێک ئەدەب، جۆرێکی تایبەتییە لە زمان. لەم چیرۆکانە زمان واهەستپێدەکرێ شیرین، ڕەوان و سادەیە. بەڵام ڕکێفکارە. وشەکان وا هەست دەکرێ، باو و ئەزموونکراو بن، وان، بەڵام ڕیزکردنیان لە تەنیشتی یەک، نەخێر. ڕیزکردن، ئەگەر لەو ئیدۆمە گەپجاڕە بترازێنین، نوسەر یان تێیدا سەردەکەوێت، یان وشە سەفتی سەر وشە دەکات.

هاوبەشی بکە