19/03/2024
DidiMn Logo
Top

لە بەردەستی سەرتاشەکاندا

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سەروەر کامەران

هەمیشە چێژێکی زۆر لە چوونەسەرتاشخانە دەبینم، بە تایبەتی ئەو سەرتاشەی کە لە بەهرەی دەستڕەنگینییەکەی دڵنیام و دەزانم لە دواییدا سەرم وەکوو مازوویەکی خواروخێچ ناخەتەوە ناو دەستم. دەنا وەکوو تر دەکرێت چوونەسەرتاشخانە ڕیسکێکی گەورە بێت، چونکە ئەگەر هەیە هەر بەڕاستی بە سەرێکی تاشراوەوە بگەڕێیتەوە، خراپتر؛ سەرێکی باش-نەتاشراو ئەمما بەتاشراوچوو. تۆ چوزانیت، ڕەنگە پەنجاهەمین مشتەریی ڕۆژەکەی بیت، یان یەکەمیت و مقەستە نوێکەی لەسەری تۆدا ئیمتیحان دەکات. لێرەدا پێویستە یەکەم ئامۆژگاریی خێرت بکەم، هەرگیز بە سەرتاشەکەت مەڵێ بە دڵی خۆت بۆم چاک بکە، ئەمە قسەیەکی ئەحمەقانەیە و گرەو دەکەم پەشیمانیی لەدوایە، هەتا تەواو دڵنیا نەبیت لەوەی چۆن دەتەوێت سەرت چاک بکەیت کەواتە تۆ پێویست بە چوونەسەرتاشخانە ناکەیت بەڵکو هێشتا لە قۆناغەکانی قژداهێناندایت. 

پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی چێژی چوونەسەرتاشخانە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیم، وەختێک لە سەرەی سەرتاشیندا چێژم لە خوێندنەوە و سەیرکردنی وێنە ڕەنگاوڕەنگەکانی گۆڤار و ڕۆژنامەکان و مشتومڕە جیاوازەکان دەبرد. دیارە هەموو چوون بۆ سەرتاشخانەیەک ئەگەری ڕوودانی مشتومڕێکی گەرمی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، بۆ من مشتومڕێکی چاک هیچی لە تەماشاکردنی شانۆیییەکی باش کەمتر نییە، لە دواجاردا دنیا چییە ئەگەر تەماشاخانەیەکی گەورە نەبێت. دەتوانم بڵێم ئەگەر سەرتاشەکە قسەکەرێکی باش نەبوو ئەگەر زۆرە کە سەرتاشێکی نوێ بێت یان هەر سەرتاشێکی باش نەبێت. دەڵێم قسەکەر، بەڵام مەبەستم لەوەیە کە قسە-دەرهێنەرە، چونکە کەم جێگە هێندەی دووکانی سەرتاشی هەموو جۆرە قسەیەکی تێدا دەکرێت، تەنانەت شۆفێری تاکسییەکانیش هێندەی سەرتاشەکان دەرفەتی قسە لێدەرهێنانیان نایەتە بەردەست. ڕەنگە ئەمەش پەیوەندیی بەو متمانە دەروونییەوە هەبێت کە تۆ سەروڕیشی خۆت خستووەتە بەردەست نەناسێکی گوێزانبەدەست، یان سەرتاشەکە لەگەڵ تێپەڕینی کات و شارەزاییی زیاتر، فێری کارپێکردنی ئەو پەندە کوردییە بووە کە دەڵێت: ”کورد بدوێنە شەرحی حاڵی خۆی دەکات.” کێ ناڵێت ئەو پەندە لە بنەمادا سەرنجی سەرتاشێک نەبووە؟ ڕۆژێک گەورە سیاسەتمەداری ئینگلیز، ئینۆک پاوڵ دەچێت بۆ سەرتاشاخانە، سەرتاشەکە لێی دەپرسێت گەورەم چۆن سەرت بۆ چاک بکەم؟ پاوڵ پێی دەڵێت: ”بە بێدەنگی.” ئامۆژگاریی دووەم ئەوەیە، وەختێک لە سەرتاشخانە تەواو دەبیت خێرا خۆت مەتەکێنە و پارە بدەیت، قژە داهێنراوەکەت تێک بدەرەوە و ئەمجارە بە دەستی خۆت دایبێنەوە، چونکە ئەوە کۆتاجارە بەو جۆرە دەوەستێت، تۆ دەتەوێت بزانیت شێوە ڕاستەقینەکەی چۆنە، کە زانیت و بەدڵت بوو ئینجا پارەکەت بدە. 

بە پێچەوانەی پاوڵەوە من حەز لەو بێدەنگییە ناکەم، ئەمەش بێگومان دەبێت بە چاکە بۆم هەژمار بکرێت، چونکە فێڵێکی سیاسیم نییە بۆ شاردنەوە. ئەمە دەڵێم و دان بەو ڕاستییەشدا دەنێم کە بابەتەکە پێویستی بە وریایی هەیە. بۆ نموونە پێت وایە هەروا ئاسان بۆی دەردەچیت کاتێک سەرتاشێکی سەلەفی بۆی دەردەکەوێت کە تۆ خوداکەی بەڕاست نازانیت. یان وەختێک هەوادارێکی سەرسەختی پارتێکی سیاسی بۆی دەردەکەوێت سەری هەواداری پارتی بەرامبەری کەوتووەتە بەردەست. هەڵبەتە وەکوو بنەمایەک مشتومڕکردن لەگەڵ سەرتاشەکاندا پێویستی بە بڕێک زۆرزانی هەیە، دیارە کە ئەم بنەمایە لە هەموو جێگەیەکی تردا هەر ڕاستە بەڵام لە سەرتاشخانەدا بە جەختکردنەوەیەکی جیاوازەوە لەکاردایە، لەو ڕووەوە کە دەکرێت سەلیقەی گفتوگۆکردنت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ستایلی قژداهێنانەکەت هەبێت. دەبێت چیرۆکی ئەو سەرتاشراوانە چەند بن کە بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی ئەم بنەمایەوە بە سەروقژی ئەتککراوەوە نامراد بوون. لەم ڕووەوە ڕەنگە سەرتاشخانەکان جێگەیەکی باش بن بۆ پێوانەکردنی تۆلێرانسی کولتووریمان. بۆ وێنە ئەگەر سەرتاشێکی سەلەفی بە درێژاییی مشتومڕێکی گەرم لەگەڵ بێدینێکی دڵسافدا مقەستێکی تۆڵەکردنەوەی نەوەشاند و ملی پەرچەمەکەی نەپەڕاند دەتوانین بڵێین تۆلەرێنسی کولتووریمان تەندروستە، لێ من گرەو لەسەر ڕوودانی وەها سیناریۆیەک ناکەم.

بەڵام ئێستا لە وشەی ”سەرتاش” بە شکم، پێدەچێت سەلیقەی باوباپیرانمان لە شێوازی قژبڕیندا زۆر یەک-شێوە بووبێت یان گرنگییەکی ئەوتۆیان بە شێوازی قژبڕینیان نەدابێت. دەنا وشەی ”تاشین” هێندەی بۆ لووسکرنی شتێک -بۆ نموونە لووسکردنی بەرد بۆ دروستکردنی دیوار- دەشێت هێندە بۆ ڕێکخستنێکی جوانکاری دەست نادات. هەنبانەبۆرینە بۆ پێناسەی وشەی ”تاشراو” دەڵێت: ”شتێکە کە بە تیغ لووس کرابێت.” دیارە ئەمەش پەیوەندیی بە هەبوونی کڵاو و مێزەر و جۆرەکانی تری سەرپۆشی پیاوانەوە هەبووە، کە قژهێشتنەوەی وەکو ناپێویستییەک سەیر کردووە. لە لایەکی ترەوە بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو کاریگەرییە گەورانەی بە هۆیانەوە لە دەرخستنی دیمەنی دەرەکیدا بووە بە باو، تێدەگەین وشەی سەرتاش چیدیکە وەکو ناو نوێنەرایەتیی پیشەکە ناکات، ئێستا سەرتاشخانەکان هێندەی ڕۆڵی ئارایشتگا دەبینن هێندە شوێنێک نین بۆ ”لووسکردنی شتێک بە تیغ.” کەواتە وەکو پۆلێنکارییەکی سادە دەڵێین لە زمانی کوردیدا وشەی سەرتاش وشەیەکی محافزکاری پێش سۆشیاڵمیدیایە و لە هەمان کاتیشدا شایەتێکی باشە بۆ ناسینەوەی زەوق و سەلیقەی مێژووییمان لە قژبڕیندا. ئەمە لە کاتێکدا گوایە زەریاب (٧٨٩-٨٥٧) لەو ساڵانەدا و لەم بەشەی دنیای ئێمەوە سەرتاشینی گواستووەتەوە دیوانی قورتووبە و لەوێشەوە لە ئەورووپادا کراوەتە مۆدە.

یەکێک لە عەقڵە زۆر باشەکانی سەدەی پێشوو؛ بێرترەند ڕەسڵ، بە هۆی دروستبوونی پارادۆکسێک لە کارەکەیدا، کە نزیکەی دە ساڵ پێوەی ماندوو بوو بە تەواوی دەستی لە بیرکاری هەڵگرت و بوو بە فەیلەسووف. پارادۆکسەکە دەڵێت: لە شارێکی بچووکدا سەرتاشێک سەری هەموو ئەو پیاوانە دەتاشێت کە لە شارەکەدان و خۆیان سەری خۆیان ناتاشن. کەواتە کێ سەری سەرتاشەکە دەتاشێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ناکۆکییەکی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. لەبەر ئەوەی سەرتاشەکە ناتوانێت سەری خۆی بتاشێت چونکە تەنیا بۆی هەیە سەری ئەوانە بتاشێت کە سەری خۆیان ناتاشن. ئەگەر سەری خۆی بتاشێت کەواتە چیدیکە سەرتاشەکە نییە. بە پێچەوانەوە ئەگەر سەرتاشەکە سەری خۆی نەتاشێت کەواتە دەچێتە خانەی ئەو کۆمەڵەوە کە لە لایەن سەرتاشەکەوە سەریان دەتاشرێت. کەواتە هاتینەوە چوارگۆشەی یەکەم، چونکە نەمانزانی سەرتاشەکە سەری خۆی دەتاشێت یان نا؟ زۆر کەس پێیان وایە فەلسەفەی شیکاری ئینگلیزی کە لەسەر دەستی بێرترەند ڕەسڵ گەشەی گەورەی بە خۆیەوە بینی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی ڕەسڵ لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم پارادۆکسە. ئامۆژگاریی سێیەم، هەرگیز هەوڵ مەدە خۆت سەرتاشیی خۆت بکەیت، تەنانەت لە وەختی دوورەدەستی و کەرەنتینەشدا، تێبینی بکە سەر لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە، پێشەوە و پشتەوە، گریمان پێشەوەت جوان دەرچوو، پشتەوەکەت چی؟

مەتەڵێکی هاوشێوەی ئەم پارادۆکسەی ڕەسڵ لە کاتی بایکۆتی شمەکە تورکییەکاندا لە سەرتاشخانەیەکدا بووە جێگەی مشتومڕ، داخۆ بایکۆت سەرتاشە تورکەکانیش دەگرێتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر زانیمان سەرتاشە تورکەکە لە دووکانێکی کرێدایە و چەند کوردێکیشی خستووەتە سەر کار؟ ئەم پرسیارە پرسیارێکی زۆر جەوهەری نییە، بەڵام هیچ نەبێت پەرلەمانتارەکەی پارتی دەیتوانی پرسیارێکی ناجەوهەری بکات لەبری ئەوەی لە پرسیارێکی خراپدا بپرسێت: ”ئاخر ئەگەر خواردنی تورکی نەخۆین ئەی چی بخۆین؟” چونکە هیچ نەبێت بواری فەلسەفاندن لە پرسیاری یەکەمدا زیاترە، بابای سەرتاش دەیگوت ئەگەر منداڵێکی گرینۆک بخەینە بەردەستی سەرتاشێکی تورک ناچار دەبێت نزیکەی چلوپێنج خولەک ژیری بکاتەوە، بەمەش دەرفەتی کارمان بۆ سەرتاشە کوردەکان هێشتووەتەوە و لە هەمان کاتدا هەستیش دەکەین کە بابەتی بایکۆتمان بە جیددی وەرگرتووە. ئامۆژگاریی چوارەم و کۆتایی، تکایە مەڵێ ”کورت بیبڕە، بەڵام زۆر نا.” ئەم ڕستەیە پێمان دەڵێت جەنابتان چەندە لە گوزارشتدا هەژارن، مەبەست لە ”زۆر نا” چییە، تکایە ئەوەی دەتەوێت بە کوردییەکی جوان و بێگرێ دەری ببڕە، خۆ لاڵ نیت.

هاوبەشی بکە