دیدی من – بەختیار حەمەسوور
١ــ بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین سەرەتاکانی هونەری هاوچەرخ لە کوردستان بۆ دوای ڕاپەڕین بگەڕێنینەوە، لەو دەیەیەدا (دوادەیەی سەدەی ڕابردوو) کرانەوەیەک ساز بوو، هاوشان بەو کرانەوەیە لێشاوێک قەیران ڕێی دەکرد، ئەمە جۆرێک لاسەنگی دروست کردبوو، هەم لە ژیانی واقیعیدا، هەم لە بواری ئەدەب و هونەریشدا. قەیران داینەمۆی داهێنانە، دۆخی مەنگ و یەکڕیتم دەشڵەقێنێت، نموونەکانی هەمان ئەو کارە هونەریانە بوون لەو دەیەیەدا کران و شڵەقانیان دروست کرد. بێ گەڕانەوە بۆ دەیەی نەوەدەکان و دەورکردنەوەی ئەو نووسین و نووسراو و کارە هونەریانەی کراون، ڕەنگە قورس بێت بتەوێ سەرەتا و دەستپێک بچەسپێنیت، نەبوونی ئەرشیف و دیکیۆمێنت (ئەمە بۆ ئەدەب باشترە، لانیکەم کتێب و بڵاوکراوەکان بەردەستن)، وای کردووە نەتوانرێت وەک پێویست ئەو کارانە ببینرێنەوە (بە تایبەت لە هەردوو بواری شانۆ و شێوەکاریدا)، لە ڕێی هەندێ نووسین و وێنە، وتار، ڕاپۆرت و گفتوگۆوە، بەرچاوڕوونییەکی کەممان هەیە، لەگەڵ ئەوانەشدا داوەرییکردن ئاسان ڕایی نابێت.
هونەری هاوچەرخ لە شێوەکاریدا سەرەتا بە خۆجیاکردنەوە لە بەرەی پێشوو دەستی پێ کرد، ئەمە هەر تەنیا لە ئاستی تاکەکەسی و گرووپدا نەمایەوە، بەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەوەی پێشوودا هەڵپەسێرێ و بیپچڕێنێت، بەڵکو هەوڵ درا بە بەرهەم و ئامادەیی، هێڵی تۆخی سنوورێک لە نێوان خۆی و بەرەی پێشوودا بکێشێت، بە ڕوانین و دنیابینیی هاوچەرخانە بۆ هونەر و گرفتەکانی داهێنان و مەسەلەی نوێگەری، ئەو ئاژاوە بەرپا کرا. یەکێک لەو خاڵانە بەکارهێنانی کەرەستەی جیاواز بوو لە شوێنی جیاوازدا، لە هونەری هاوچەرخدا چیدی مەرج نییە ئایدیاکان بە بۆیە و فڵچە و لە بەردەم ستاند و لە کانڤاسدا بکێشینەوە، بەڵکو دەکرێت لە مەتریاڵی تر سوود وەربگیرێت و بۆ پێشاندانیش، شوێنە ڕەسمییەکانی وەک هۆڵ و گەلەری و ساڵۆن جێبهێڵرێت. لەو دەیەدا، لە ڕێی ئەو کەمۆکە ئەرشیفەی هەیە (بە تایبەت زنجیرەی گفتوگۆکانی ‹سفر ـ هونەر› لە پڕۆژەی کولتوور مەگەزین)، شایەتی چەند هەوڵێکین کە هونەری شێوەکارییان لەو بازنە باوە دەرباز کردووە و بردوویانەتە شوێنانێک کە ڕەنگە یەکەمجار بووبێت بچێت، بۆیە هیچ سەیر نییە کە نامۆ کەوتووەتەوە. یەکێک لەو کارانە لە لایەن ‹دەستەی تەم›ەوە کراوە و هونەرمەند سامان ڕەش و هاوڕێکانی پێی هەستاون، لە پێشانگەیەکدا چەند کورسییان ڕەنگ کردووە و بە دیواردا هەڵیانواسیوە، هاوکات دوو سەلاجەی گەورە، یەکێکیان لەسەر شێوەی نەخۆشێکی ڕاکشاو لەسەر قەرەوێڵە و ئەویتریان وەک ئەوەی بۆ سەردانی نەخۆشەکە هاتبێت بە پێوە وەستاوە، لە هۆڵەکەدا دایانناون. سالار مەجید یەکێکی ترە لەو هونەرمەندانەی لەو دەیەدا چەند کاری جیاواز دەکات، یەکێک لەو کارانە چوونەدەرەوەیەتی لە شار و گیرسانەوەیەتی لە چیای پیرەمەگروون، لە ئەستێڵێکدا و نیوەشەو، لە تەنکەئاوێکدا کۆمەڵێک تابلۆی لەسەر گرامافۆنکێشراو دادەنێت و پێشانگەکەی ناو دەنێت: ‹شەوێک بۆ جنۆکەکان›. سووتاندنی تابلۆکان یەکێکی ترە لە پێشانگەکانی ئەو دەیە و چوار هونەرمەند: (ڕەهێڵ عەبدولجەبار، شێرکۆ عەبباس، بەها شێخ کەریم و ئیسماعیل عومەر) دەیکەنەوە، شوێنی ئەو پێشانگەیە کەلاوەی سەهۆڵەکە دەبێت، کات ئێوارەیە و لە کۆتایی نمایشەکەدا، هونەرمەندەکان گڕ لە تابلۆکانیان بەر دەدەن. کۆمەڵێک پایەی چل بە چلی لە تەختەدروستکراو لە هۆڵی مۆزەخانە، کارێکی تری ئەو دەیەیە و لە لایەن هونەرمەند شیروان خانەوە کراوە و… ئەو شەپۆلە لە دووهەزارەکاندا زیادتر پەرەی پێ دەدرێت و ناو و ڕیزبەندی ئەو پێشانگە و هونەرمەندانە لە توانای ئەم یادداشتەدا نییە.
ئەو دێڕانە دەکرێت پێشەکییەک بن و بڵێین: هونەری هاوچەرخ لە کوردستان و بە تایبەت شاری سلێمانی، گەڕ و خولێکی هەیە، درێژەدان بەو گەڕ و خولە تا هەنووکە بەردەوامە و هونەرمەند ڕۆژگار موستەفا لە نوێترین کاریدا، دەمانخاتە بەردەم پرسی جیا و فۆرمێکی جیا و کەرەستەی جیا، لە دنیابینی و ڕوانینی خۆیەوە بە گوزەری هونەری هاوچەرخدا دەمانبات.
٢ــ ‹گیرۆدە› ناوی کارە هونەرییەکەی ڕۆژگار موستەفایە. هەشتی مارسی ٢٠٢٥ لە ‹باخچەی نالی› و لە کاتێکی دیاریکراوی ئەو ڕۆژەدا (دوو بۆ پێنجی دوانیوەڕۆ) پێشان درا. بە کورتی دەتوانین کارەکە ئاوا بناسێنین: ئەم کارە لە چل فیگۆر پێکهاتبوو، دوو کەرەستە تێیدا بەشدار بوون: یەکەم قوماش. دووەم تەل. قوماشەکان هەموویان کراسی دووراوی کوردیی ژنان بوون بە ڕەنگی جیاجیا: ڕەنگە مات و تاریکەکان، ڕەنگە ئاڵوواڵا و شادەکان. دەتوانن کراسەکان بەسەر دوو نەسلدا دابەش بکەین، نەسلێکیان ئەو ژنانەن تەمەنێکیان کردووە و زیادتر بەرجەستەی دنیای قەدیمی و سوننەتی ئێمە دەکەن و پتر ئەو کراسانە بۆ ماڵەوە و دانیشتنی بەردەرگا و میواندارییە ئاساییەکان لەبەر دەکەن، نەسلەکەی تریان ئەو خانم و کیژانەن کە لە بۆنەی تایبەت: جەژن و ئاهەنگ و یادەکاندا کراسی کوردیی ڕەنگاوڕەنگ دەپۆشن. ئەم کەرەستەیە تەواو کوردییانەیە و سەر بە دنیای نەریتی ئێمەیە و دایک، خوشک، خۆشەویست و هاوسەر (ژن)مان بەبیر دەهێنێتەوە. کەرەستەی دووەم تەل بوو، تەلی دڕکاوی سەربازگە و دەوراندەوری زیندان. بە سەر هەریەک لەم تەلانەوە، کە ڕەپوڕێک و نیمچەڕەق وەستابوون، بە گرێ و لۆچ، کراسە کوردییەکانی تێوە پێچ و ئاڵێنرابوو. لە ڕواڵەتدا بیرۆکە و بیرگەی کارە هونەرییەکە سادە دەردەکەوێت، بەڵام بە ڕامان و لێوردبوونەوە دەتوانێت هەڵگری چەندان ئایدیا بێت. ڕۆژگار موستەفا بەم کارەی درێژە بە چەند کار و پڕۆژەی هونەریی پێشووی خۆی دەدات کە بە هاوبەشی یان تاکەکەسی ئەنجامی داون. دەتوانین لە نێوان ئەم کارە و دیکەی کارە هونەرییەکانیدا کۆمەڵێک خاڵی کۆکەرەوە ببینینەوە، بۆ وێنە بەکارهێنانی کەرەستەی جیاواز، شوێنی کراوە و گشتی، ئایدیای ڕۆژانە و بەردەست بەڵام لەبیرکراو، تێکڕای ئەوانەش خەسڵەتگەلێکن دەتوانن لەناو ڕووبەری هونەری هاوچەرخدا پۆلێنبەند بکرێن.
٣ــ ئەگەر لە کەرەستەکانەوە دەست پێ بکەین دەتوانین چەند ئایدیایەکیان لەسەر بچنین. کراسی کوردی جیا لەوەی بەشێکە لە شوناسی نەتەوەی کورد، ڕەمزی ڕەگەزییشە، کاتێک ژنی کورد بە کراسی کوردییەوە دەبینرێت، جگە لە پێشاندانی شۆخێتیی و ژنێتیی، هاوکات شوناسێکیش بەرجەستە دەکات کە شوناسی کوردبوونە. کەواتە لێرەدا لە بەردەم دوو ئایدیا و یەک مێژووداین، ئایدیای ژنێتی و ئایدیای شوناسی نەتەوەیی، مێژووەکەش پێبەپێی هەردووکیان درێژ دەبێتەوە و دەتوانین بە ‹مێژووی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی›دا بیخوێنینەوە. کەرەستەی دووەم دەبێتە تەواوکەری کەرەستەی یەکەم و بە هەردووکیان گوتارێک دەڕێسن، کراسە کوردییەکان گرمۆڵەبوو و گرێدراو و هەڵپێکراون بە تەلی دڕکاوی سەربازگە و زیندانەوە، تەلی دڕکاوی یادەوەریی جەنگ و شەڕ و زبرییە، دەلالەتە لە توندوتیژی واقیعی و هێمایین، لە چیرۆکی ‹ئۆردووی بیابانیی زیندانییەکان، ژمارە (١٢٥)›ی جەلیل قەیسیدا ئێمە شایەتحاڵی ئەو تەلە دڕکاوییانەین چۆن ڕۆح و جەستەی زیندانیی ونجڕ ونجڕ دەکەن. لەم کارە هونەرییەدا جەستە لە ناوەنددایە، تەلە دڕکاوییەکان هێمایین بوونەتەوە، ئەگەر کراسە کوردییەکان وەک ئاماژەی نەرمی وەربگرین، ئەوا تەلەکان هێمان بۆ زبری و ئەو کێڵگەیەی کە تەیار و ئامادەیە بۆ چاندنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی.
یەکگرتنی ئەو دوو کەرەستە لە کارە هونەرییەکەی ڕۆژگار موستەفادا، پێشاندانەوەی دوو مێژووە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە قەت لە یەک دانەبڕاون، هەمیشە پێکەوە ڕێیان کردووە، بە واتایەکی تر: ئەم دووە (مێژووی ژن و مێژووی توندوتیژی) بەردەوام ناونشینی یەکتر بوون، لەدێرزەمانەوە پێکەوە دەژین و مێژوویەکی گەورەتر پێک دەهێنن کە نووسەرەوەکەی ڕەگەزی بەرانبەر، کۆمەڵگە، دابونەریت و ئایینە. بشێت ‹گیرۆدە› کە ناوی کارە هونەرییەکەیە، لە پەیوەندیی لەمێژینەی ئەو دوو مێژووەوە نەهاتبێت؟! ئەم قەبارە لە مێژوو پڕی غەدر و تراژیدیایە، پڕی چەسانەوە و سزایە، پڕی ئەتک و کوشتنە، مێژوویەکە بێزەوەر، مێژوو نییە، زبڵی مێژووە، هەمیشە لەوێیە، لە چەقدا.
٤ــ ئەم دوو کەرەستەیە (کراسی کوردی و تەل)، فۆرم و شێوەی فیگۆرێکیان وەرگرتووە؛ فیگۆری ژنێک/کچێک. فیگۆرەکان لە ڕووبەرێکدا و بە بازنەیی وەستاون، لە یەکەم ڕوانیندا کۆبوونەوەی کۆمەڵێکت دێتە بەرچاو کە کۆمەڵگەیەکی بچووکیان پێک هێناوە، کۆمەڵگەیەک کە تێکڕای دانیشتووانەکەی ژن و کچن، هەموویان نزیکن لە یەک و هاوسۆزن، دەڵێی خەریکن چپەدوو و دەردەدڵ بۆ یەک دەکەن. هێزێکی پەنهان و نادیار لە دەوری یەک خڕ و گردی کردوونەتەوە، پێم وایە بەشێک لەو هێزە لە دەرەوەی ژنێتییان بێت، هێزێک کە پاڵنەرە بۆ ڕزگاری و بزووێنەرەکەی ئازادییە، نەک هەر بەتەنیا بۆ ژنان، بەڵکو ڕزگاریی و ئازادیی بۆ هەمووان داوایە. لە بارێکدا دەڵێی لە پرسە و ماتەمیندان و لارەملانە دانیشتوون، لە بارێکی تردا دەڵێی خەریکن دەچنە شایی و شادییان لە ڕوو پژاوە، یان دەڵێیت لە حاڵەتی پێکەوەییدا و شانبەشان لە بەرانبەر هەر سەرکوتکاییەک وەستاون و دەوەستن. پڕن لە ژیان، خودی ژیانن، ڕەنگە هەڵکردنی سرووەیەک بەس بێت تا هەرچی خەم و تووڕەيی و نیگەرانییە تەرجەمەی ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ و سەما بکەن. ئەمە حاڵەتێکی خۆش و تا ڕادەیەک ناوازە بوو: لە سەروەختی وەستان بەدیار فیگەرەکان و تەماشاکردنیانەوە، جارجار بایەکی کز و سارد دەهات و بەسەریاندا عبووری دەکرد، دەمبینی چۆن بەو کزەبایە دەکەونە لەرە و لەنجە و هەروەک ئەوەی سەما بکەن و هەڵپەڕن.
٥ــ هەر پەیوەست بە فۆرمی فیگەرەکانەوە، دەتوانین ئەم ئایدیایەش هەڵگۆزتە بکەین: شێوەی فیگۆرەکان/ژنەکان، شێوەی گوڵن بە لقەوە، بە دروستی گوڵەباخ. ئەم سەرتۆپانە، کە چەند پێچ گرێ دروستی کردوون، هەر بە خونچە و پەڕەی گوڵ دەچن لە ئانی دەمکردنەوەدا، لە ڕەنگیشدا، فرەڕەنگن، گوڵجاڕێک گوڵی چەشناوچەشن؛ بۆنخۆشتر لە هەرچی گوڵە. کۆبوونەوەی ئەم هەموو گوڵ/ژنە لەو ڕووبەرەدا و لەو شوێنەدا کە باخچەیە، پێت دەڵێن کە نایانەوێ چیدی نوێنەرایەتیی مێژووی تفتوتاڵ بکەن، ئەوان دەیانەوێ گوڵ بن و جوانی لە بیرەوەریدا تۆمار بکەن و بڵێن: «ئێمە هەوڵ دەدەین هەموو کەس بۆ هەمیشە عاشق بمێنێتەوە.»
٦ــ یەکێک لە خاڵە بنچینەکانی هونەری هاوچەرخ شوێنە، شوێن لەم کارە هونەرییەی ڕۆژگار موستەفادا گۆشەیەکی ‹باخچەی نالی› بوو لە سلێمانی، شوێنێک کە هەڵکەوتەکەی لەسەر ڕێیەکی گشتی و هاتوچۆیەکی زۆردایە، باخ/باخچە/پارک هەمیشە ئاماژەن بۆ ژوان، پشوودان، دیالۆگ و خواردنەوەی چایەک کافەیەک پێکەوە، کاتێک کارێکی هونەری لەو شوێنەدا پێشان دەدرێ زیادتر دەتوانێت جەخت لەو مانایانە بکاتەوە. لەوێدا هەم دەتوانیت سەیر بکەیت، هەم دەتوانیت لەگەڵ ئەوانی تردا دیالۆگ دامەزرێنیت. ئەو باخچەیە، کە بە ناوی یەک لە کۆڵەگە گرنگەکانی شیعری کلاسیکی کوردییەوە کراوە، مینا دەفرێکە بۆ ئایدیای سەرەکیی کارە هونەرییەکەیە، بانگهێشتێکە بۆ خوانێکی گەورە کە خۆراکەکەی کولتوور و هونەرە، ڕەنگە هەر تەنیا لەسەر سفرەی ئەو خوانە بتوانین مێژوویەکی نوێ ڕۆ بنێین و بنووسینەوە، مێژوویەک مەودا و دوورییەکی بەرین لەگەڵ ڕابردوودا دروست بکات.
٧ــ ڕێکەوتی نمایشەکەی ڕۆژگار موستەفا ڕۆژی جیهانی ژنانە، سەرلەبەری کارەکەش تەرخانە بۆ ژن و ئەو مێژووەی ژن بە جەستە و ڕۆحی خۆی لەم کۆمەڵگەیەدا نووسیویەتییەوە. بەم دێڕانەوە کە تا ئێستا هاتووین، بەم وشانەش کۆتایی بەم یادداشتە دەهێنین: هونەر کەناڵێکە لە نیگا و بە ڕاڕەوی بینیندا ئاراستەمان دەکرێت و لە جێیەک لە قووڵاییمانیدا دەگاتە چاڵاییەکانی نەست، ڕەنگە لەپڕ، ئەو کاتەی هێشتا شوێن و کارە هونەرییەکەت بەجێ نەهێشتووە، پرسیارێک لەپێشت قوت بێتەوە و تووشی دۆشدامان و داماویت بکات: «من چەند بەشدارم لە خولقاندنی ئەو مێژووەدا؟!»
Copyright © 2025 DidiMn.com. All rights reserved.