دیدی من – ڕەزا عه‌لیپوور
ڕەخنەی سیاسیی ئەدەبیات پێمان دەڵێ ژانرەکان و شێوازەکان خاو و خونسا نین، بەڵکوو هەڵگری بار و دەلالەتی سیاسین، بۆیە دەبێ بە وریاییەوە سەرنجی گەشە و داکشانی ژانر و شێوازه‌کان بدرێت. بۆ نموونە ناکرێت پێوەندیی ئاڵۆزی گه‌شه‌ی ڕیالیزمی دانیێل دیفۆ و باڵزاک لەگەڵ سەرمایەداریی سه‌ره‌تایی و بورژوازی و ته‌نانه‌ت کولونیالیزمدا نه‌دیو بگرین، ئەمه ته‌نانه‌ت له که‌سێتی داڕێژیشدا ڕەنگی داوه‌ته‌وه (بۆ نموونه زۆر جار باڵزاک گه‌ر ده‌یه‌وێت که‌سێتییه‌ک به باری نێگەتیڤدا ده‌وڵەمه‌ند بکات ده‌ینێرێ بۆ هێندوستان و وەک کۆلۆنیالیستێک ده‌یهێنێته‌وه). لەم ڕوانگه‌یه‌وه فرانک ئۆکانێر له‌به‌ر مێژووی سه‌رکه‌وتووانه و نه‌ریتی درێژی خاوه‌ندارێتی و شارنشینیی ئینگلیز، هه‌روه‌ها له‌دایکبوون و گه‌شه‌ی تاکایه‌تیی و سوبژه‌ی پڕ سه‌روه‌ری و کهڵکەکەبوونی سه‌رمایه له‌و وڵاته‌دا، پێیوایه ئاساییە ڕۆمان (وه‌ک فوڕمی ئاساییان) له‌وێ باشتر له کورته‌چیرۆک به‌رهه‌م بێت و گه‌شه بکات، چونکوو پێویستی بە هێمنایه‌تی و سه‌قامگیری، گه‌شه‌ی سه‌رمایه، بەردەوامیی مێژوویی و مانه‌وه‌ی سوبژه و تاک هەیە.
له‌پاڵیدا، ئیرلەندا، بۆ باسکردن له ته‌جره‌به‌ی شکست، پچڕانی مێژوویی، داگیرکاری، هەژاری و ناسەقامگیرییەکەی، فۆرمی کورتەچیرۆکی وەک ده‌ربڕی سەره‌کی و زمانحاڵی خۆی هەڵبژاردووه و له‌و ژانرهیشدا له ئینگلیزی نه‌یاری سه‌رکه‌وتووتر بووه.
ئەگەر فۆرمی ئەزموونی مێژوویی – سیاسیی کوردستانیش لە ئیرله‌ندا نزیک نەبێت، بە دڵنیاییەوە لەوی ئینگلیز زۆر زۆر دوورتره. بوونێکی نابەردەوام، مێژوویەکی پڕ لە وەستان و پچڕان و نسکۆ، نەبوونی ئاسایش و بەردەوامی و پەراوێزخستنی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری گچکه و…
بەپێی ئەو پێوانه‌یه بێت، ده‌بێ لای ئێمه‌یش چیرۆک بهڕمێنتر و خوازراوتر بێت، کەچی وا هەست دەکرێ ڕۆمان -به‌تایبه‌ت لهمساڵانەدا-، خه‌ریکه گره‌وی خۆی لە کورتەچیرۆک ده‌باته‌وه. دیاره به‌ده‌ر له‌و باسه‌ی ئۆکانێر، فاکتۆری زۆرتر (وه‌ک بڵاوگە، خوێنەر/ ڕەخنهگر، مه‌یدانی ئەده‌بی و…) کاریگه‌رن له گه‌شه‌ی ژانرێک و پەراوێزکهوتن و پاشه‌کشێی یەکی دیکه. هەروەها گه‌شه‌ی ژانره‌کان، پێوەندییان به دۆخی ناوخۆیی زمان و ئاڕایشت و چنینی دیکه‌ی ژانره‌کانی ناو ئەو ئەده‌بیات و زمانهیشهوه هه‌یه. لە درێژه‌ی پێشەکیی سەرەوە و له‌و پێناوه‌دا، -گه‌ر به پاساو نه‌بێت- بۆ نموونه ده‌کرێ بڵێین ڕۆمانی کوردی ڕەنگه ئاوات و خه‌ونی به‌رده‌وامی و سه‌روه‌ریی لەخۆیدا هه‌ڵگرتووه، یان مه‌یلی پێشوه‌خته‌ی به داڕشتن و پێکهێنانی سوبژه‌ی سه‌رخۆی کوردی هه‌یه، بۆیە پێشوازیی لێده‌کرێت و ئێسته باوتره. یان ده‌کرێ بڵێین شیعری کوردی هه‌ندێ ئەرکی (نیشاندانی ئەزموونی داڕمان و سوژه‌ی هاڕڕاو و ترۆماکانی…) لە چیرۆک بۆ خۆی ئەستاندووه، بۆیە خوێنه‌ریش هێشتا له جیاتیی چیرۆک، هه‌ر به شیعر مه‌یلی خۆی تێر ده‌کات و… به هه‌موو ئەمانهشهوه نه شیعر نه ڕۆمان، ناتوانن ئەوی چیرۆک ده‌یکا بیکه‌ن، ئەزقه‌زا پێناسه‌یه‌کی چیرۆک واته گێڕانه‌وه‌ی ئەو ڕووداو و که‌سێتییانه‌ی که تاقه بە چیرۆک ده‌توانرێ بگێڕڕێنەوه.
لێرەوه بەرگریکردن لە کورتەچیرۆک لە کوردستاندا، ته‌نها پشتیوانی و بەرگریکردن لە فۆرمێکی ئه‌ده‌بی نییە، به‌ڵکوو بەرگریکردنە لە شێوازگه‌لێکی ژیانی کۆمه‌ڵایەتی و ته‌نانه‌ت سیاسی- ئابووریش.
چۆن؟ با بپرسین پانتایی کورتەچیرۆک شوێنی کێیە؟ شوێنی ئەو کەسانەیە کە لە ده‌ره‌وه، یان له پەراوێزی ڕۆمانەکاندان، کەسانێک کە بۆ بڕینی ڕێگای دوور و ده‌ربڕینی قسه قه‌به و باسه زه‌به‌لاحه‌کان دروست نەکراون، بەڵام بوونێکی گوشراو و چڕیان هەیە له مێژوویەک که پێیدا هاتوون. کارەکتەری چیرۆکەکان ڕەنگە که‌مدوو و که‌مقسه بن، بەڵام ئەگەر باش بنووسرێن، هەموو ته‌مه‌ن و ئەزموونیان لە چرکه‌ساتی چیرۆکدا دەدرەوشێتەوە.
کورتەچیرۆک شوێنی کهسانێکە که ژیانیان نامسۆگەرە، کەسانێک کە هاوسه‌نگی و قورسایی بوونیان لەسەر بڕیارێک، برینێک، ڕووداوێک، یان ئێپیفێنی و ده‌رکه‌وتنێک چڕبووەتەوە و هاوکات تێکده‌چێت. ئەمانە وا نین کە نووسه‌ر بتوانێت درێژیان بکاته‌وه، واته خاڵێکن توند توند گوشراو، خاڵێک که قورسایی هه‌موو گوتاره سیاسی و ئابووری و مێژووییه‌کانی ناو ژیانیان، به لۆچی نێوچاوان و کووڕبوونی پشتێک ده‌رده‌خرێت، نەک وه‌ک هێڵێکی درێژ و پان به وردی باسیان بکرێت. ئەوان ناتوانن به بارته‌قای ڕۆمانێک، خۆ لەبه‌ر یه‌ک بکێشنه‌وه، به‌ڵکوو به بارته‌قای چیرۆکێکی کورت ژیان و بوونیان ده‌گوشرێته ناو پنت و خاڵێکه‌وه. کورتەچیرۆک ژانری ئەو کەسانه‌یه که له‌به‌رده‌م هه‌موو هێزه‌کانی جیهاندا ته‌نهان. بۆیه دەتوانرێت ژیانیان لە ناو خاڵی وەرچەرخانێکی داستانی‌دا کورت بکرێتەوە. کورتەچیرۆک کەسانێک تۆمار دەکات کە ڕۆمان لە بنەڕەتدا توانای بینینی ئەو که‌سانه‌ی نییە، ئەوان نه به‌هره‌ی ئەوەیان هه‌یه تووشی گۆڕانی ڕۆمانه‌کی ببن، نه ده‌شتوانن جیهان بگۆڕن. بۆیە لە دونیای ڕۆماندا وه‌ده‌رده‌نرێن، گه‌ر به زۆریش بخرێنه ناو ڕۆمانه‌وه، هه‌م خۆیان شکست ده‌خۆن هه‌م ڕۆمانه‌که‌ش تووشی شکست ده‌که‌ن. شوێنی ئەو که‌سه که‌م سۆ و سۆمایانهیه که ته‌نها بە وردبینیی چیرۆکییه‌وه ده‌کرێ ببینرێن، که‌سانێک کە ڕۆمان لە قەرەباڵغیی دەنگ و گێڕانەوەدا نایانبینێت، بەڵام کورتەچیرۆک بە نیگای ورده‌کار و تیژی خۆیەوە دەریاندهکێشێت و تۆماریان دەکات.
پێویست به وریایی ئەوتۆ ناکا گه‌ر بڵێین ئەم شوێنە (کورته‌چیرۆک) چه‌نده له‌باره بۆ ده‌رخستنی جیهان و مرۆڤی کوردی و، ئەده‌بیاتی کوردیش چه‌نده ئەو جیهان و که‌سانه‌ی نه‌دیو گرتووه که چاوه‌ڕوان و ئاماده‌ی بە چیرۆککرانن.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.