20/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی كار وای: له‌ ژیانی تایبه‌تی خۆمه‌وه‌ فێری سینه‌ما بووم

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

لە عەرەبییەوە: كاڵێ مەحموود
سه‌رپه‌رشتیاری په‌ڕاو: چرۆ عیزه‌ت

دەرهێنەری چینی (وۆنگ کار-وای) لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک دەرهێنەرێک بەهۆی کارە ناوازەکانییەوە به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ خاوه‌نی شێوازی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی له‌ سینه‌مادا، لەگەڵ ھەریەكە لە هاوه‌ڵه‌ سینەماکارەكانی (کریستوفر دۆیل) و (ویلیام چانگ)ی دیزاینەری هه‌ڵستان به‌ دامه‌زراندنی ستایلێکی مۆدێرن و چڕ و پڕ لە سۆزداری دا لە ڕێگەی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی (ڕۆژانی وەحشیبوون/١٩٩١) و دواتریش فیلمی “چیرۆكی خواردنگەی چه‌نكینگ ئێکسپرێس/١٩٩١)، هه‌روه‌ها فیلمی (فریشته‌ كه‌وتوه‌کان/١٩٩٥)، ستایلێک کە ئیلهامبەخش بووە بۆ هەزاران ڤیدیۆ کلیپ و چەندین دەرهێنەری گەنج.

وۆنگ بەپێی ئەو پۆلێنکردنەی کە له‌ گۆڤاری “سایت ئاند ساوند”ی پەیمانگای فیلمی بەریتانی بۆ ١٠ باشترین دەرهێنەر لە ئێستادا ئەنجامدراوە، وەكوو سێیەم باشترین دەرهێنەر لە پلەی یەکەمدایە.

(وۆنگ کار-وای) بە شیعری سینەمایی و چەمکە فەلسەفیەکان و تێڕوانینی بۆ بەها هاوچەرخەکانی مرۆڤ ناسراوە. بە وەستای “سه‌رده‌می سینه‌مایی” ناسراوە. مەبەست له‌مه‌ش توانا ناوازەكانیەتی لە بەکارهێنانی کامێرا و سیناریۆ و دیالۆگدا بە شێوەیەک کە ڕۆشنایی بخاتە سەر کاریگەریی کات و شوێن لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ لە جیهانێکدا کە وا دیارە تاک لە نێوان نەریتە تاکە کەسییەکانی و ئەو بەهایانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دارایی و کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە بەسەریدا دەسەپێنرێن.

(وۆنگ کار-وای) سەرکەوتوویش بووە لە گەیاندنی فیلمەکانی کە تاوه‌كو ئێستا پێشکەشی کردووه‌, هه‌روه‌ها گه‌یاندنی دیدگای فەلسەفی خۆی لە نزیکبوونەوە لە بابەتی سینەماییدا، كه‌ ئه‌ویش بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای پێویستی هاوئاهەنگی نێوان سه‌رده‌مه‌كاندا، کە خێرایییەکی زیاتری هەیە، ئەو کەسەی کە دەبێت درک بەم شتە بکات، ده‌بێت بە شێوەیەک خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت نه‌ك بیكاته‌ شتێکی پێکەنیناوی و بێسوود…

لێرەدا ئەو وانە سینه‌ماییه‌ دەخەینەڕوو کە ئەم دەرهێنەرە لە فێستیڤاڵی فیلمی کان له‌ ساڵی ٢٠٠١ پێشکەشی کرد

(وۆنگ کار-وای) پێش “وانە سینه‌ماییه‌كانی”، بە نمایشکردنی فیلمی “لە هه‌وای عه‌شقدا” بینەرانی سەرسام کرد، كه‌ یەکێک لەو سێ چیرۆکه‌ تایبەته‌ ده‌گێڕێته‌وه‌‌ كه‌‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆراك بوون و بووه‌ به‌ سەرچاوەی به‌رهه‌مهێنانی فیلمەكه‌ی. ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ فیلمە‌كه‌دا به‌ ٨ خوله‌ك خراوه‌ته‌ڕوو، كاتێك‌ (ماگی چیونگ) لە چێشتخانەیەکی خواردنی خێرادا شیرینی دەخوات کە لەلایەن (تۆنی لیونگ)ەوە بەڕێوەدەبرێت:

کاتێک دەستمان بە پرۆژەی فیلمی (In the mood for love) کرد، پڕۆژه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنی فیلمێک بوو دەربارەی خۆراک، ناونیشانی ڕەسەنی فیلمەکە بریتی بوو لە “سێ چیرۆک دەربارەی خۆراک” بیرۆکەی فیلمەکە بیریتیبوو لە به‌فیلمکردنی سێ چیرۆک کە باس لە شێوازی کاریگەری خۆراک ده‌كات لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی چینی لە (هۆنگ کۆنگ)، وه‌ چۆن داهێنانەکانی وەک ئامێری برنج کوڵاندن یان نۆدڵسی ئاماده‌كراو و خواردنی خێرا ژیانی ئاسیاییەکانیان گۆڕیوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیانی بە تەواوی هەڵوەشاندووەتەوە. پێشتر خانمان کاتێکی زۆریان بۆ ئامادەکردنی خواردن بۆ هەموو خێزانەکە بەسەر دەبرد، بەڵام دوای داهێنانی ئامێری چێشتلێنانه‌كان، کاتێکی زیاتریان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئەوە یەکەم چیرۆکم بوو لەسەر خۆراک، لە دووەم چیرۆکدا ویستم پیشانی بدەم، وەک لە فیلمی (In the Mood for love)دا كه‌ چۆن زۆرجار ژنان دەچنە دەرەوە بۆ کڕینی خواردنی ئاماده‌كراو نەک بۆ مەبەستی کڕینی خواردنە‌كه‌ به‌ڵكو بۆ ئارەزووی خۆیان و بۆ ئەوەی بچنه‌ دەرەوە بۆ کات بەسەربردن. ئەوان لە گەڕەکی تەنگدا ژیاون و پێویستیان بە بیانوو هەبوو بۆ چوونە دەرەوە.

چیرۆکی سێیەم باس لە خواردنی خێرا دەکات، چونکە زۆر کەس و بەتایبەتی گەنجان چیتر حەز بە بەسەربردنی کاتێکی زۆر ناکەن بۆ ئەوەی خۆیان خواردن ئاماده‌ بکەن و پێیان باشە ژەمەکانیان لە دەرەوەی ماڵەوە بخۆن.

بەم شێوەیە ئەم سێ چیرۆکە چه‌ند قۆناغی جیاواز بەرجەستە دەکەن و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چۆن ڕۆڵی ژن و پیاو بەهۆی خووی خۆراکەوە گۆڕاوە. ئەو فیلمەی کە بینه‌ری بووین بڕیار بوو دوا فیلم بێت چونکە چارەسەری كاریگه‌رییه‌كان دەکات و وێنەش گیراوە، تەنها لە ماوەی دوو شەودا كاری وێنه‌گرتنی بۆ كراوه‌، دوای ئەوە کارمان لەسەر بەشی سەرەکی کرد، بەڵام چیرۆکەکە زیاتر و درێژتر ده‌بووه‌وه‌ و بە ئامێری چێشت لێنانی ئۆتۆماتیکی و هەویری ئامادەكراو بۆ ئەوەی كاره‌كه‌ لە خۆیدا ببێتە کارێکی هونەری. بۆیە بڕیارمدا فیلمێکی درێژی جیاوازی لێ دروست بکەم بە ناوی “لە ھەوای عەشقدا”, “In the Mood for Love” کە 15 مانگی خایاند بۆ وێنەگرتن.

کاتێکیش فێستیڤاڵی فیلمی کان داوایان لێکردم وانەی سینه‌مایی بدەم، دڵتەنگ بووم، هیچ شتێکی وام نییە تا فێری کەسی بکەم، چونکە پێموانییە نموونەیەکی باش بم، زۆر هەڵەم کردوه‌ بەڵام ویستم ئه‌زموونه‌كانم له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا به‌‌ش بكه‌م. هەر بۆیە ئەم کورتە فیلمەم هه‌ڵبژارد تا پێشکەشی بکەم, کە لە سەرەتای فیلمی “له‌ هه‌وای عه‌شقدا” به‌رهه‌مهێندراوه‌، چونکە ئه‌مه‌ پیشانی دەدات كه‌ چۆن فیلمێك به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و چی میكانیزمێك پەیڕەوی دەکەین بۆ بەدەرهه‌مهێنانی، ٩٠ خولەک پێویستی بە بابه‌تێكی زۆری خەیاڵی هەیە، و منیش هەمیشە بیرۆکەم بۆ کورتە فیلم هه‌بووه‌، هەندێک جار بە دوو سێ کورتە چیرۆک دەست بە فیلمێکی درێژ دەکەین، هه‌ندێك جاریش ته‌نها بە یەک چیرۆک. ئەمەش پەیوەندی نێوان فیلمی “fallen Angels ” و فیلمی “Chungking express”ە.

لە سەرەتای ئەم فیلمەدا سێ چیرۆک هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی دوو چیرۆکمان تەواو کرد تێبینیمان کرد کە بووەته‌ فیلمێکی درێژ بەڵام چیرۆکی سێیەمیشم لەبیر نەکردووە بە ناوی “فریشتە کەوتووەکان” کە دواجار بووه‌ سەرچاوەی به‌رهه‌مهێنانی فیلمێکی تری درێژ بە ناوی “Fallen Angels “.

هەرگیز له‌‌ قوتابخانەی سینه‌ماییدا نه‌مخوێندووه‌، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە پێموایە ئەوە شتێکی باشە، ڕاسته‌ له‌وێ دەتوانین زۆر فیلمی تێدا ببینین، یان دەتوانین هاوڕێی تێدا بدۆزینەوە، بەڵام راستگۆیانە بیڵێم پێموانییە لەوێ فێری به‌رهه‌مهێنانی فیلمی ببیت، دەبێت لە ژیانی تایبەتی خۆتەوە ئەوە فێر ببیت. ئەزموونی تایبه‌تی من لە پەروەردەکردنمەوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. من لە شاری “شەنگەهای” لەدایک بووم و لە تەمەنی پێنج ساڵیدا چوومه‌ته‌ “هۆنگ کۆنگ”, وەک کارەکتەرەکانی فیلمی (In the Mood for love) منیش خەڵکی “شەنگەهای” بووم و زمانی “کانتۆنی”م نه‌ده‌زانی. دایکم زۆر حەزی لە سینەما بوو، بۆیه‌ ڕۆژەکانمان بە سەیرکردنی فیلم بە هەموو جۆرەکانیەوە بەسەر دەبرد، چونکە لە “هۆنگ کۆنگ” فیلمی هۆلیوود و فیلمی مانداری (چینی) و فیلمە ئەوروپییەکان نمایش دەکران، هەر بۆیەش ئامۆژگاری خوێندکارانی سینه‌ما دەکەم کە زۆرترین فیلم سەیر بکەن تا دەتوانن، باش و خراپ، فیلمی خراپ لەوانەیە شتانێكی زۆرت فێر بكات هه‌ر وه‌ك چۆن فیلمه‌ باشه‌كان ده‌توانن فێرت بكەن.

ئەگەریش بڕیارمدابێت خوێندنی گرافیکم لە زانکۆی “پۆلیدیسیپلین”ی “هۆنگ کۆنگ” ته‌واو بكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ پێموابوو ئه‌وكات ناچار نابم بنووسم و ئەرکی ماڵەوە بکەم. یەکێک لە هاوڕێکانم هونەری گرافیکی دەخوێند و شێوازی کارکردنیم زۆر بەدڵ بوو. کاتەکانی لە دەرەوە بە وێنەگرتن بەسەر دەبرد. بەلای منەوە ئاسان دەرکەوت، بەڵام وا نەبوو، جگە لەوەش تاقه‌تێكی وام نه‌بوو بۆ وێنەکێشان، بۆیە بووم بە سیناریۆنووس چونکە لەو کاتەدا “هۆنگ کۆنگ”  تەلەفزیۆنی “تی ڤی بی” خولێكی نووسینی بۆ سیناریۆنووس و دەرهێنەرە تازەپێگەیشتوەکان پێشکەش دەکرد. کاتێک دەستم بە پیشەکە کرد، بۆ ماوەی ٨ ساڵ چەندین سیناریۆم بۆ کەسانیتر نووسی، له‌ کۆمیدی، فیلمی ترسناک، فیلمی کۆنگ فۆ و فیلمی ئەکشن، هەموو جۆرە فیلمێک. به‌ به‌خت بووم چونكه‌ هه‌لی ئه‌وه‌م هه‌بوو لەگەڵ “پاتریک تام” كار بكه‌م له‌ فیلمی (The New Wave)دا، کە یەکێک بوو لە گرنگترین دەرهێنەرەکانی سه‌رده‌می هاوچه‌رخ,. کاتێک لە ساڵی ١٩٨٧ فیلمی Final Victoryم نووسی، بۆ یەکەمجار بۆم دەرکەوت کە هەمان سیناریۆ دەتوانێت فیلمی زۆر جیاواز دروست بکات بەپێی گۆڕانی دەرهێنەرەکان.

بە شێوەیەکی کردارییانه‌، خەریکی نووسینی سیناریۆ بووم بەڵام له‌ هه‌مان كاتدا ڕقم لە نووسین بوو، بۆیە ویستم ببمه‌ دەرهێنەر تا کەسێکیتر سیناریۆکانم بنووسێت، بەڵام بەو شێوەیە سەری نەگرت. ناچار بووم خۆم بینووسم، سیناریۆ كه‌سێك بۆت بنووسێت یاخود خۆت بینووسیت دوو شتی زۆر جیاوازن. کاتێک سیناریۆنووسیت، دەزانیت کە دەرهێنەر لە کۆتاییدا وشەکانت دەگۆڕێت بۆ وێنە، هەر بۆیە هەوڵدەدەیت دڵنیا بیت لەوەی فیلمەکە کەم تا زۆر هاوشێوەی ئەو فیلمە بێت کە لە ڕێگەی نووسینەوە خەیاڵت کردووە، هەر بۆیەش بە جۆرێک بۆ کەمکردنەوەی ئازادی دەرهێنەر هه‌ڵده‌ستیت بە دانانی دیالۆگ و كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر، بەڵام نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانی فیلم دوو شتی تەواو جیاوازن. کاتێک لە کۆتایی هەشتاکان دەستم بە كاری دەرهێنەری کرد، خەیاڵم ده‌کرد کە دەرهێنەرێکی وەک (ئەلفڕێد هیچکۆک) دەبم كه‌ چۆن هه‌موو شتێك خۆی ئاماده‌ی ده‌كات، ئەو بە تەواوی دەیزانی کە دەیەوێت چی شتێك وێنه‌ بگرێت و زانیاری ته‌واوی سه‌باره‌ت به‌ تەکنەلۆژیا هه‌بوو، بەڵام لە یەکەم ڕۆژی وێنەگرتن تێگەیشتم کە هەڵەم، هەرگیز وەک (هیچکۆک) نابم چونکە من بەردەوام بیرۆكه‌كانم لەسەر سێتەکە و له‌ كاتی وێنه‌گرتندا ده‌گۆڕی.

بۆیە بڕیارمدا چیتر گرنگی به‌و بابه‌ته‌ نه‌ده‌م، چونکە گیرخواردن لە ئامادەکارییە سه‌خته‌کاندا هیچ سوودێكی نییە‌، بەو پێیەی كه‌ خۆم سیناریۆكان ده‌نووسم دەزانم چۆن ڕاسته‌وخۆ بیگۆڕم, ناتوانیت هەموو وێنه‌كانی ناو خه‌یاڵه‌كانم لەسەر کاغەزێك دابنێم چونکە زۆر شتی دیكە دێنه‌ ناو باسه‌كه‌ وه‌ك: دەنگ، مۆسیقا، کەشوهەوا، ئەکتەرەکان , شوێنەکان، ئەگەر هەموو ئەم وردەکاریانە لە سیناریۆکەدا دیاری بکەین، ڕیتمەکەی لەدەست دەدات، خوێندنەوەی قورس و بێزارکەر دەبێت، بۆیە من پێش وێنەگرتن تەنها دیمەن و وردەکاری گرنگ و هەروەها دیالۆگەکانم ده‌نووسی. ڕیتمی دیمەنەکانم دەدا بە ئەکتەرەکان گرنگی پێبده‌ن.

ئەوەی به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ ئەوەیە کە دۆزینەوەی کارەکتەرەکان و جیهانەکەیان دوابکەوێت و پڕۆسه‌یه‌كی خاو بێت، ئه‌ویش به‌نده‌ به‌ نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانێك كه‌ ده‌بێت وەک مەتەڵێک بن، زۆر شت هەن کە دەبێت خەیاڵ بکرێت، زۆر شت هه‌ن کە نایبینین، بۆ نموونە له‌ فیلمی (In the Mood for love)دا من سەرەتا ویستم ئەکتەرەکان (ماگی چیونگ) و (تۆنی لیونگ) له‌ هه‌مان كاتدا ڕۆڵ ببینن، كه‌ بریتین لە ژنەکە، خاتوو چان و مێردەکەی، و به‌ڕێز شاو . فیلمی In the Mood for love، فیلمێکه‌ پڕه‌ له‌ هه‌ژه‌ند، هەر بۆیەش بەردەوام هاوسه‌ره‌كانی ئه‌و ژن و مێرده‌ی كه‌ ناپاكی ده‌كه‌ن نادیارن و له‌ دیمه‌نه‌كاندا ده‌رناكه‌ون ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ پرسیار له‌لای بینه‌ر كه‌ ئایا بۆ ده‌رناكه‌ون و ده‌بێت كێ بن. ده‌یانه‌وێت بزانن ئه‌م ژن و مێرده‌ بۆ وا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێن، بەڵام چی ڕاستییەک؟ پێکهاتەی چیرۆکەکە زۆر هیچکۆکییە. یەکەم فیلمم لە ساڵی ١٩٨٨ دروست کرد به‌ ناوی (As Tears Go BY) لە سەردەمی زێڕینی سینەمای هۆنگ کۆنگ’دا، لەو کاتەدا زۆرێک لە دەرهێنەری گەنج لە پشت کامێرا خه‌ریكی كار بوون چونکە ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ فیلم لە “هۆنگ کۆنگ” بەرهەم دەهات، پارەی بۆ دابین دەکرا بە فرۆشتنیان لە بازاڕی ئاسیادا. بەرهەمهێنەر تەنها پێویستی بە چیرۆکێک و ژانرێکی دیاریکراو و ناوی ئەکتەرەکان بوو. ئه‌وكات بیرۆکەیەکم هەبوو كه‌ فیلمێک سه‌باره‌ت به‌ خراپەکار دروست بکەم. دەستمان کرد بە وێنەگرتنی فیلمەکە، بەڵام لە کاتی وێنەگرتندا دەستم کرد بە گۆڕینی زۆر شت. بەو پێیەی یەکەم فیلمم بوو، ماندووکه‌ر بوو. لە لایەکی دیکەوە بۆ فیلمی دووەمم بە ناوی (Days of Being Wild) ئەزموونی زیاترم هەبوو، بڕیارمدا لە ڕێگەی چەند فێڵێکەوە کار لەسەر پەرەپێدانی سیناریۆکە بکەم. دەستم کرد بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی یەکەم، و شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکەم گۆڕی.

هاوبەشی بکە