دیدی من شادمان ئەحمەد مەحمود
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان
چالاکیەکی فیکری سیاسی ڕەخنەیی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسی و مێژووییەوە
شادمان احمد محمود، بەکالیۆریۆس لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزیدا، زانکۆی بەغدا | بەکالیۆریۆس و ماستەر لە زانستە کۆمەلایەتی و سیاسەکان، زانکۆی لۆزان | ڕاوێژکاری ئەکادیمی نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان
لۆزان، زستانی ٢٠٢٥
پێشکەشە بە خەلان خان و ڕۆحە هونەرییە ڕاستەقینەکەی
پێڕست:
(١) پێشەکی: میراتی کەلسوم دوورلە ئاهەنگی جلوبەرگ
(٢) ئوم کەلسوم لە ئاهەنگی دەمامکاردا
(٣) خەسڵەتە سەرەکییەکانی دەقی کۆمەڵایەتی و کولتوری سیاسیی سەردەمی کەلسوم
(٤) چیرۆکی پەسەندکراو دەوڵەتی مۆدێرن
(٥) نۆستالژیا وەکوو پەردەیەکی پۆڵایین
(٦) بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی ئەم نۆستالژیایە لە ووڵاتانی تر
(٧) میراتیەکانی ئەم کولتورە سیاسیە تا ئەمڕۆ
(٨) دەرئەنجام خۆپاراستن لە داوەکانی خراپەبەکارهێنانی هونەر و پرسێک بۆ بەشداریکردنی ڕەخنەگرانە
(٩) کۆتایی: تریفەکانی ڕووخساری ڕاستەقینەی هونەر: ئوم کەلسوم بە نموونە
“شەرمم کرد لە خۆم کاتێک بۆم دەرکەوت ژیان ئاهەنگێکی دەمامکارە و من بە ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆمەوە بەشداریم کرد.” – فرانتس کافکا
(١)پێشەکی: میراتی کەلسوم دوورلە ئاهەنگی جلوبەرگ
پەنجا ساڵ دوای مردنی، کەلسوم هێشتا هێزێکی کولتووری بەهێزە، بەڵام بەردەوامیی کاریگەرییەکەی پێویستی بە تێگەیشتنێکی ڕەخنەگرانەیە، کە لە ئاستی ڕوکەش تێبپەڕێت و ددان بەو ڕاستییە بنێت کە سروشتی هێما بوونی ئەو دروستکراوە. بە بەکارهێنانی سەرنجەکەی کافکای دەربارەی ژیان وەکوو “ئاهەنگێکی جلوبەرگ” وەک چوارچێوەیەکی فیکری ئەم نووسینە، دەتوانین شیکاریی بکەین چۆن وێنەکەی دروست کراوە، ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە ژیانی هونەریی ئەویان چنیوەتەوە، و لە کۆتاییدا، هەوڵ دەدەین چۆن بتوانین، ئەمڕۆ، سوود لە وانەکانی ئمیراتی کەلسوم فێری ببین سەبارەت بە دەستکاریکردنی هونەر، نۆستالژیا، و ناسنامە.
ئەمڕۆ زیاتر لە چل ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو ڕۆژگارانەی کە یەکەم جار گوێم لە ئوم کەلسوم بووە. یەکەم بەرکەوتنم لەگەڵ ئوم کەلسومدا دەگەڕێتەوە بۆ کافتریاکانی زانکۆی بەغدا، کە لەوێ قوتابی بووم، لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکاندا. ئەو کاتە، جگە لە کافتریاکان، زۆربەی چایخانە و قاوەخانەکان، تەنانەت چێشتخانەکانیش لەلایەن کەسانی میسرییەوە بەڕێوەدەبران. لە زانکۆی بەغدا، زۆربەی قوتابییەکان عەرەب بوون، و منیش دڵم بۆیان دەچوو. بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو هەستەمدا، شەوان گوێم لە کەلسوم دەگرت و سوودیشی هەبوو بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی. ڕاستییەکەی، بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە، گەنجان کەم بووبوون بۆ ئەوکارانە. زۆربەی گەنجان ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کرابوون، بۆیە دەگوترا نزیکەی ملیۆنێک زیاتر میسری بۆ کارکردن ڕوویان لە عێراق کردووە. ئەم کۆچبەرە میسرییانە چەندین بابەتی کولتووریی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو بۆ عێراق، کە ئوم کەلسوم بەشێک بوو لەو بەرهەمە کولتوورییە هاوردەکراوانە.
دوای تەواوکردنی زانکۆ، لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا گەڕامەوە بۆ کوردستان و کاتێک کە چوومە ناو ژیانی کارکردنەوە، دەستم کرد بە ڕەخنەگرتن لە گۆرانییەکانی شێوەی ئوم کەلسوم و لەو کەسانەی کە گوێیان لێ دەگرت. دەمگوت، “قوڕ بەسەر ئەو خەڵکەی کە سەعاتێک بە دیار گۆرانییەکەوە دۆش دادەمێنێت و هەموو شتێکی ژیانی پشتگوێ خستووە بۆ گوێگرتن لەو گۆرانییە دوورودرێژانەی، کە نزیکەی کاتژمێرێک دەخایەنێت و هەمووی باسی توانەوەیە لە ڕابردوودا و ئێستا بیر دەباتەوە.” بێ گومان، ئەم ڕەخنەیە پەیوەندی بەسەر ڕۆژگاری ژیانی خۆشمەوە هەبوو، سەرقاڵی ژیانی کار، ژیان لە کوردستان دوای ڕاپەڕین لە ساڵی ١٩٩١ و هەروەها دوورکەوتنەوەم لە ژیان و کۆمەڵگای بەغدا. نزیکەی بیست ساڵ زیاتر دواتر، واتە لە ساڵەکانی دوو هەزار، کاتێک لە سویسرا دەژیام و لە زانکۆی لۆزان لە بەشی زانستە سیاسییەکان سەرقاڵی خوێندن بووم، و تێزی کۆتایی خوێندنەکەم دەربارەی ناسیۆنالیزم بوو لە عێراق، کەوتمە دیراسەکردنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ڕۆڵی هونەر و کولتوور. لەوێدا بۆم دەرکەوت کە ئوم کەلسوم لەلایەن گەورەترین ئاکتەری ناسیۆنالیستی عەرەبی، جەمال عەبدولناسرەوە، زۆر گرنگی پێدراوە. پرسیارەکانی ئێوە زیاتر لە بیست ساڵ دوای تەواوکردنی دیراسەکانی سویسرای من دێن. چەند ڕەشنووسێکم هەیە لەناو ئەرشیڤەکانمدا دەربارەی ناسیۆنالیزم لە وڵاتانی جیهانی سێهەم لە سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا. بتەوێت یان نەتەوێت، ناوی ئوم کەلسوم خۆی دەسەپێنێت، چونکە ناسیۆنالیستی عەرەب لە میسر، لە وڵاتی کەلسوم، کاری کردۆتە سەر ناسیۆنالیزم لە زیاتر لە بیست وڵاتدا. ئێستا ئەرشیڤەکانی خۆم لەبەردەستدا نین و ئەمەی دەینووسم دەنگدانەوەی پرسیارەکانی ئێوەیە کە وایان لێکردم ئەرشیڤەکانی ناو مێشکم هەڵبدەمەوە. لەوەیە، ئەگەر هەمان ئەو پرسیارانەم دوای دە ساڵ لێ بکەن، گۆڕانکاری بەسەر وەڵامەکانمدا بێت. سەیرە خوێندنەوەی ڕابردوو هەمیشە لە جووڵەدایە بەپێی ئەو ڕۆژگارەی تیایدا دەژین. لێرەدا هەوڵ دەدەم گرنگترین ئەو ڕەوتە فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسییانە باس بکەم کە بوونەتە زەمینەیەکی بەپیت بۆ سەرهەڵدانی ئوم کەلسوم، نەک تەنیا لە میسر، بەڵکو لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت بۆتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ، دوای پەنجا ساڵ، یادی ئوم کەلسوم بکرێتەوە.
بەم جۆرە ئامانجی ئەم نووسینە تیشک خستنە سەر پەیوەندیی هونەر و کۆمەڵگایە، واتە شیکاریی هونەر لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی مێژووییەوە نەک شیکاریی هونەر لە ڕوانگەی هونەرەوە. شیکاریی هونەر، بە لۆجیکی ناوخۆیی هونەر، بۆ هونەرمەندان بەجێ دەهێڵم. بەلای منەوە، هونەرمەند وەکو باڵندە وایە، کاتێک لێی دەپرسیت شەرحی هەڵفڕینت بۆ بکات، دەدات لە شەقەی باڵ. تۆش لەوێدا، هیچ وەڵامت دەست ناکەوێت، لە هیچ تێناگەیت، لە جێی وەڵامی پرسیارەکەت تەنیا ڕامان و دۆشدامان نەبێت بەدیار هەڵفڕینەکەوە. بەهەمان شێوە ئەگەر لێی بپرسیت بۆچی بە کەلسوم دەگوترێت هەسارەکەی ڕۆژهەڵات، سەیرێکی ئاسمان دەکات و کۆپڵەیەک گۆرانیی کەلسومت بۆ دەڵێت.
(٢) ئوم کەلسوم لە ئاهەنگی دەمامکاردا
هێمایەکی دروستکراو و پابەند بە کەشی کولتوری سیاسیەوە: وەکوو چوارچێوە چەمکیی ئەم نووسینە، کافکا پێمان دەڵێت، ئوم کەلسوم تەنیا گۆرانیبێژێکی بەتوانا نەبوو؛ بەڵکوو بە شێوەیەکی ورد و لە ڕێگەی تێکەڵکردنی پاڵپشتی دەوڵەت، کۆنتڕۆڵی میدیا، و چیرۆکی بەڕێوەبەرکراوەوە وەک هێما دروست کراوە. “ڕووخساری ڕاستەقینەی” ئەو – ئاڵۆزییەکانی، دژبەیەک بوونەکان، و خەباتە کەسییەکانی ئەو – زۆرجار شاراوە یان پەردەپۆش کراوە تا وێنەیەکی نموونەیی نیشان بدرێت، کە خزمەتی ئامانجەکانی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی و یەکگرتوویی نەتەوەیی بکات.
لە باسکردنی دوا کتێبی ژیاننامەی کەلسوم، بە ناوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات، کە هەفتەی ڕابردوو لە فەرەنسا دەرچووە، نووسەر باسی لەدایکبوونی کەلسوم وەکو چیرۆکێکی ئەفسانەیی دەخاتە ڕوو، وەک ئەستێرەیەک لە شەوەێکی موبارەکدا، و چۆن پەرییەک لە لادێیەکی دوورەدەستدا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لە خێزانێکی ئایینیدا و کچی مەلا بووە، و لە دواییدا بە جلوبەرگی کوڕانەوە لەگەڵ باوکیدا چووەتە قوتابخانە بۆ فێربوونی خوێندنی قورئان و بەشداریکردن لە مەراسیمی شەوانی مەولود، و لە دواییدا چوون بۆ شاری قاهیرە و ناسینی زەعیمی بەناوبانگی نەتەوەی عەرەب، جەمال عەبدولناسر. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە، کە کەسێکی فەرەنسییە، باسی هاتنی کەلسوم دەکات بۆ فەرەنسا، کە کەلسوم سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا، جەنەڕال دوگۆل، ی لە سەردانەکەی ئاگادار کردۆتەوە. سەرۆک وەک دیپلۆماتکارێکی کولتوور بەخێرهاتنی لێکردووە، وەک زەعیمە. لەو بڕوایەدام، زۆربەی ژیاننامەکان دەربارەی کەلسوم بەو جۆرە داڕشتنانە ڕازابنەوە، کە بەلای ئێمەوە داڕشتنی هونەریین بە نووسینی هونەری.
بۆچی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات، بۆچی لەدایکبوونێکی ئەفسوناوی، بۆچی پەری، بۆچی سەفەر بۆ فەرەنسا، بۆچی زەعیمە؟ و بۆ ئەوەی پرسیارەکانمان ڕوونتر بکەینەوە، ئێمە وشەی پرسیاری “بۆچی” بە مانای “چی وایکردووە کە…”، کولتوورێک، دنیا بینییەک، تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی وشەی فڵان، بۆ نموونە “هەسارەکەی ڕۆژهەڵات”، بەکار بهێنرێت؟ ئایا ئێمەش ئەمڕۆ، دوای پەنجا ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو جۆرە وشانەدا کە هەڵگری چەندەها مانای خۆیان بوون بەپێی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان، وەک بەبەغا، دووبارەیان بکەینەوە لە کاتی بەکارهێنان یان لە کاتی وەرگێڕانیاندا؟ کاتی ئەوە نییە تۆزێک مەسافە لەو وشانە وەربگرین بۆ تێگەیشتن لەو کولتوورە سیاسییە، نەک بەکارهێنانەوەیان وەک ئاکتەرێکی ئەو کولتوورە؟
کولتووری سیاسی لێرەدا ئاماژەیە بۆ ئەو شێوازە باوانەی کۆمەڵگە بیردەکاتەوە و هەستی هەیە دەربارەی حکومەت و سیاسەت. بریتییە لەو باوەڕە هاوبەشانە، بەهاکان (ئەوەی بە گرنگی دادەنێن)، هەڵوێستەکان (چۆن هەست دەکەن)، و نەریتەکان (ڕەفتارە چاوەڕوانکراوەکان) کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی خەڵک لە سیستەمی سیاسیدا. ئەم کولتوورە سروشتی نییە، بەڵکو تاکەکانی کۆمەڵگا فێردەکرێن و بە شێوەیەکی گشتی جێگیرە بە تێپەڕبوونی کات، تایبەتە بە شوێنی دیاریکراو، و کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و دەنگدانەوە بۆ شەرعییەتی حکومەت.
ئەگەر بمانەوێت لەو مانایانە تێبگەین کە مرۆڤەکان دەیدەن بە وشەکانیان، پێویستە وشەکان بخەینە دەقی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیانەوە. بە ئامانجی ئەوەی حەز لە هونەر، لە جوانی، لە خۆشیی ژیان کوێرمان نەکات لە ئاست یارییە کۆمەڵایەتی وسیاسیەکاندا، و وەکوو کافکا، لە ئەنجامدا، شەرم لە خۆمان بکەین کاتێک بۆمان دەردەکەوێت دەقە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نمایشی دەمامکدارانە بوون و ئێمەش بە دیار گۆرانییەکانی کەلسومەوە هەستە هەرە شاراوەکانی ناخمان دەخەینە ڕوو. ئامانجی تیشک خستنە سەر پەیوەندیی هونەر و کۆمەڵگا پرسیارکردنە لەسەر دراوە هونەرییەکان، وەک گوتەی “هەسارەی ڕۆژهەڵات”.
ئوم کەلسوم نزیکەی حەفتا و پێنج ساڵ ژیاوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا چارەکی سێهەمی هەمان سەدە. ئێستاش، وا پەنجا ساڵ تێپەڕیوە بەسەر مردنیدا و هەر باسی دەکرێت. سەرهەڵدانی ئوم کەلسوم بۆ ناوەندی هونەریی ناوبانگ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، لەسەر زەمینەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرچاوی جیهانی عەرەب ڕوویدا. هەرچەندە لە ساڵەکانی سی و چلەکاندا دەستی کردبوو بە گۆرانی وتن، بەڵام بەناوبانگ بوونەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی پەنجاکان و شەستەکان، کە تێکەڵ بوو لەگەڵ شەپۆلی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی (یان نیشتمانی گەورەی عەرەب) و وردە وردە ناوچەکەی گرتەوە. بە گشتی مێژووی سەربەخۆیی زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەکان دەکەوێتە نێوان ئەو ماوەیەی کە ئوم کەلسوم تێیدا ژیاوە.
خەسڵەتە سەرەکییەکانی دەقی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەردەمی کەلسوم: هەستی دژە داگیرکاری، کۆچی ناوخۆیی لە لادێوە بۆ شار، سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی (یان نیشتمانی گەورەی عەرەب، یان پان عەرەبیزم)، دروستبوون و بڵاوبوونەوەی ڕادیۆ و لە دواییدا تەلەفزیۆن، بەرهەمهێنانی کولتوورێکی سیاسیی نوێ لەلایەن ئەدیبان و هونەرمەندانەوە بۆ پشتگیریی نوخبەی سیاسی و دروستکردنی کولتوورێکی سیاسیی نوێ. شێوازی گۆرانییەکانی و تیمی مۆسیقاکەی ئوم کەلسوم شۆڕشێک بوو بەسەر شێوازی مۆسیقای تەقلیدیی میسری. شێوازی کەلسوم چاولێکردن بوو لە شێوازی مۆسیقای ئەوروپیی ئۆپێرا یان کۆنسێرت، کە ژمارەیەکی زۆر کەمانچەژەن و ئۆرگ و ئامێرەکانی مۆسیقای مۆدێرن بەشدارییان تێدا دەکرد. دیارە، وەک ئیبن خەلدون دەڵێت، قەومی دۆڕاو هەمیشە حەز دەکەن چاو لە قەومی براوە بکەن. هەرچەندە ڕقیان لێیانە، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرسامیشن پێیان و لاساییان دەکەنەوە.
لەو سەردەمانەدا زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاری دەهاتنە دەرەوە، ئەمەش بووە هۆی ویستێکی بەهێز بۆ سەربەخۆیی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و گەشەپێکردن و بەهێزکردنی هەستی ناسنامەی عەرەبی. لە هەمان کاتدا، کۆچی ناوخۆیی لە گوندەکانەوە بۆ ناوەندە شارییە گەورەکان، وەک شاری قاهیرە، بەغدا، دیمەشق، بووە هۆی لاوازبوونی ناسنامە و نەریتەکانی بنەمای گوند، و لە شارە گەورەکاندا ناسنامەیەکی گشتگیرتر و هەستی پەیوەستبوون بە ناسنامەیەکی فراوانترەوە بەهێز دەبوو، وەک ناسنامەی عەرەب لەسەر بنەمای کولتوور، زمان، و نووسینەوەی نوێی مێژوویەکی هاوبەش لە پێناوی دنیا بینییەک کە یەکگرتوویی عەرەب بێت، دوور لە دەستوەردانی دەرەکی. بووژانەوەی کولتووری لە پێناوی بەنەتەوەکردنی هەستەکان و هۆشیاری، لە پاڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، سەرنجێکی نوێی دەخستە سەر زمانی عەرەبی، ئەدەبیات و مۆسیقا. بڵاوبوونەوەی ئەم هەستانە بەهۆی هێزی ڕادیۆوە بوو، کە لە سەرەتای ساڵەکانی سییەکاندا دروست بوو و لە چلەکاندا کەمینەیەکی نوخبە دەیانتوانی ڕادیۆ بکڕن، بەڵام لە پەنجاکان و شەستەکاندا ڕادیۆ بڵاو بووەوە و ڕێگەی دەدا مۆسیقای ئوم کەلسوم بگاتە گوێگرێکی زۆر، هەم لە میسر و هەم لە وڵاتانی دراوسێدا، کە بە هۆیانەوە نمایشەکانی کەلسوم دەبوونە بڵاوبوونەوەی ئەزموونێکی کولتووریی هاوبەش کە هەستی ناسنامەی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەکرد. سەرکردە سیاسییەکانیش، وەک جەمال عەبدولناسر لە میسر، کە کۆنترۆڵی میدیایان دەکرد و ڕادیۆیان بە کەرەستەیەکی گرنگ دەزانی، هێزی کولتووریان لە بیناسازیی نەتەوەییدا دەزانی و پاڵپشتیی هونەرمەندەکانی وەک ئوم کەلسومیان دەکرد و ئەوانیان وەک کەسایەتیی گرنگ دەبینی لە بەرزکردنەوەی شانازیی نەتەوەیی و ئامانجە پان عەرەبییەکان. بۆ زیاتر چاندنی ئەو هەستانە، پشتگیریی سیاسەتمەداران بۆ بڵاوکردنەوەی گۆرانی و مۆسیقای ئوم کەلسوم، لە ڕادیۆی قاهیرەوە، کە کەناڵێکی یەکخەر و کۆنترۆڵکراو بوو، مانگی جارێک و بۆ ماوەی زیاد لە کاتژمێرێک، ئاسانکاری و پشتگیری دەکرا. وەزارەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری دامەزراوەیەکی بەهێز و گرنگ بوو لە میسر لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠کاندا کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت سەبارەت بە میدیا، بڵاوکردنەوەی زانیاری، گەشەپێدانی کولتووری، و بەرزکردنەوەی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی. میراتەکەی تا ئێستاش کاریگەریی لەسەر دیمەنی میدیایی میسر و وڵاتانی تری عەرەب هەیە، بە بەشدارییەکی بەرچاوی دەوڵەت لەو بوارانەدا. هەروەها پێگەیەکی سەرەکی بوو بۆ تێگەیشتن لە سەرکەوتنی کولتووریی کەسایەتییەکانی وەکوو ئوم کەلسوم و ناساندنی وەک ئەستێرەی ڕۆژهەڵات.
لەو کەشوهەوایەدا، دەنگی ئوم کەلسوم و گۆرانییەکانی باسی میراتی عەرەبی و یەکێتیی نیشتمانی عەرەب و دروستکردنی هاوسۆزی و خۆشەویستییان دەکرد، بە قووڵی لەگەڵ ئاواتەکانی ئەو سەردەمەدا دەگونجا. گۆرانییەکانی بوونە ئامرازێک بۆ دەربڕینی شانازیی نەتەوەیی و کولتووری، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئامانجەکانی نیشتمانیی عەرەبی. خەسڵەتەکانی ئەو سەردەمە وایکرد کە ئوم کەلسوم ببێت بە هونەرمەندێک کە زۆر زیاتر دەوری دەبینی لە گۆرانیبێژێک؛ کەلسوم بوو بە هێمای (ئایکۆنی) یەکگرتوویی عەرەب، خۆڕاگریی و دەنگی نەوەیەک کە هەوڵی بۆ داهاتوویەکی باشتر دەدا. چیرۆکی ئەو ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی نزیکە لە نێوان هونەر، سیاسەت و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی.
هەسارەی ڕۆژهەڵات وەک جلوبەرگی هۆکارە سیاسیەکانی سەرهەڵدانی کەلسوم: کەسایەتیی ئەو وەکوو “هەسارەی ڕۆژهەڵات” جلوبەرگێکی بە وریاییەوە دروستکراوە، کە لەسەر بنەمای حیکایەتە بیانی و ڕۆمانسیانەی ڕۆژهەڵات بووە بۆ ئەو ناونانە وەک کەسایەتیکی کاریزما کە شانازیی کولتووریی عەرەبی دەخستە ڕوو. ئەم دەمامکار، سەرەڕای ئەوەش، هەموو جۆراوجۆری و ئاڵۆزییەکانی جیهانی عەرەبیی پەردەپۆش دەکرد، و جەختی لەسەر شێوەیەکی تاک و لەلایەن دەوڵەتەوە پەسەندکراو لە ناسنامە و میراتی عەرەبی دەکرد.
دەوروبەر، بە تایبەتی لە کاتی قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، کاریزما بەرهەم دەهێنێت : بەپێی پێناسەی ماکس وێبەر، تەنیا تایبەتمەندییەکانی تاکەکەسی نییە—بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ پەیوەندی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە هەیە کە سەرکردەیەک لەو پێکهاتەیەدا دەردەکەوێت. ناسر کەوتە بەرچاو لە کاتی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی میسر، و خۆی پیشاندا کە چارەسەریان دەکات لە میانەی کولتووری سیاسیی یەکێتیی عەرەب، دژە کۆلۆنیالیزم، و مۆدێرنکردن بۆ کۆمەڵگا، کە بە پەرۆشەوە دەیانویست گۆڕانکاری بکەن و کولتوور بپارێزن لە هەرەشە دەرەکییەکان و ناوەکییەکان. کردارەکانی و وتارە کاریگەرەکانی گوێگری زۆری لە خۆی کۆ دەکردەوە و وایکرد کە وەک سەرکردەیەکی کاریزماتیک دەربکەوێت. لە بەرامبەردا، ئوم کەلسوم کاریزمای کولتووری بەرجەستە کرد. دەنگە نایابەکەی و نمایشە هەستبزوێنەکانی وایکرد ببێتە هێمای ناسنامەی عەرەبی و خۆڕاگری، و خەڵکی لە سەرانسەری سنوورەکان گوێی لێبگرن. ڕادیۆ و دەوڵەتیش یارمەتیدەر بوون کە گوێگری زۆری هەبێت. سەرهەڵدانی کەلسوم لە ڕۆژگارێکدا ڕوویدا کە مۆدێلی چاکسازیی کولتووری لە ئارادا بوو بۆ بەخشینی هەستی شانازی بە خەڵک لە کاتی شۆڕش و تەنگانەکاندا. بەیەکەوە، ناسر و ئوم کەلسوم نیشان دەدەن کە کاریزما دەتوانێت لە هەردوو بوارەکانی سیاسی و کولتووریدا دەوری هەبێت. پێویستی بە تایبەتمەندییەکی نایاب، نەخشەیەکی ڕوون، و بینەر یان گوێگرێکی بەوەفا و باوەڕکەر و وەرگر هەیە کە لەلایەن بارودۆخە مێژووییەکانەوە دروست دەبن. بە کورتی، تەنگانە کەسی فریادڕەس دروست دەکات. لوتکەی بەناوبانگی کەلسوم لە سەردەمی ناسردا بوو کە بۆ ماوەی ١٦ ساڵ، لە ساڵی ١٩٥٤ تا مردنی لە ساڵی ١٩٧٠، سەرکردەی کاریگەری میسر بوو. ئەو وەک سەرکردەی سەرەکیی بزووتنەوەی ئەفسەرە ئازادەکان دەسەڵاتی گرتە دەست، کە لە شۆڕشی ١٩٥٢دا پاشایەتیی میسرییان ڕووخاند. هەرچەندە بە فەرمی لە ساڵی ١٩٥٦ بوو بە سەرۆک کۆمار، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٤ بەدواوە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی گرتبووە دەست. سەرەتای شەرعییەتدانی ناسر لە ڕۆڵی خۆی لە شۆڕشەکە و ئەو پاڵپشتییە جەماوەرییەی کە بەدەستی هێنا بەهۆی هەڵوێستی نەتەوەیی و دژە داگیرکارییەکەی بوو، کە دواتر بە سەرکردایەتیی بەهێزی خۆی و بەرزکردنەوەی پان عەرەبیزم پتەوتر بوو.
ڕژێمی ناسر، کە وەک مۆدێلێک خۆی پیشان دەدا بۆ دەوڵەتە عەرەبییەکانی تر و بگرە بۆ ووڵاتانی جیهانی سێهەم ( واتا وڵاتانەی بێ لایەنەکانی نێوان کامپی کاپیتالیزم و کۆمۆنیزم، لە کاتی شەڕی ساردا) ، کولتوورێکی سیاسیی داڕشت بۆ لە چوارچێوەدانانی دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەم کولتوورە ڕۆڵی دەوڵەتی تێکەڵ دەکرد لەگەڵ چەمکی نیشتمانی عەرەب (کە نزیکەی ٢٠ دەوڵەتی جیاوازی لە خۆ دەگرت) و سنوورەکانیان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە کێشرابوون. ئامانجی پڕۆژەکەی ناسر دروستکردنی یەک نەتەوە بوو بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانە. لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکی دەوڵەتەوە، سوپای میسر، سیستەمی پەروەردە، و ئابووری هەموویان بە ئامانجی ئەو دیدگایە ڕێکخرابوونەوە. سوپا بووە هێمای ئامانجی یەکگرتوویی عەرەبی، لە کاتێکدا
ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی و پاڵپشتیی بۆ پرسی فەلەستین لە ململانێی عەرەب-ئیسرائیل، و بەنەتەوەییکردنی کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری وەکوو کەناڵی سوێس (کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هێزە ڕۆژئاواییەکان بووەوە و ڕێگەی لە دەستڕاگەیشتنی گرنگی ئیسرائیل گرت) بوونە هۆی سووتەمەنی بۆ جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧دا. جەنگەکە بە هێرشێکی پێشوەختەی ئیسرائیلی دەستی پێکرد، و بووە هۆی شکستێکی خێرا و شەرمهێنەری عەرەب، سەرەڕای بەشداریکردنی ئوردن و سووریا لە شەڕی ڕاستەوخۆ و پاڵپشتیی هێمایی لەلایەن وڵاتانی دیکەی عەرەبییەوە. ئەم شکستە شکۆمەندیی ناسری کەم کردەوە، لاوازییەکانی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی ئاشکرا کرد، و متمانەی لە جیهانی عەرەبیدا خستە ژێر پرسیارەوە، و بووە هۆی لەدەستدانی خاکی بەرچاو، لەوانە نیمچە دوورگەی سینای میسری و کەرتی غەززە، کەناری ڕۆژئاوای ئوردن (لەگەڵ قودسی ڕۆژهەڵات) و بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا، هەروەها ڕێگەی خۆش کرد بۆ سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا جێگرەوەکان وەکوو ئیسلامی سیاسی. ئەم لەدەستدانە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ڕۆشنبیران، میدیاکاران، و هونەرمەندانی عەرەب هەبوو، لەوانە ئوم کەلسوم، کە کارەکانی هەستی لەدەستدان و خۆزگەیان بۆ ڕابردوویەکی پڕ ئومێد دەردەخست. جەنگەکە هەستی نۆستالژیایەکی قووڵی بۆ ڕۆژانی سەرەتایی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی دروست کرد، کە تیشکی دەخستە سەر بەڵێنە بەدی نەهاتووەکانی یەکگرتوویی و ئەو باوەڕەی کە ئەو ئامانجانە بەدی نایەن.
ڕادیۆی قاهیرە، یا ڕایۆی دەوڵەت، بۆ ماوەی نزیکەی بیست ساڵ گۆرانییەکانی ئوم کەلسومی هەموو مانگێک بە ڕاستەوخۆ بڵاو دەکردەوە، و گەشتە هونەرییەکانی ئوم کەلسوم بۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی وەکوو عێراق و سووریا (جگە لەوان سەفەر بۆ تەنها بۆ فەرەنسا لە دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان)، کە لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی دەکران، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە بەهێزکردنی ئەم هەوڵانەدا و پێشاندانی ناسنامەیەکی عەرەبیی یەکگرتوو و سەرکردایەتیی میسر لە سەرتاسەری ناوچەکە. ئەم مۆدێلە دەوڵەتییە لە ناسیۆنالیزم، کە سیستەمی پاشایەتی بە زەبری سوپا گۆڕی بۆ سیستەمی بەناو کۆماری، وەکوو لە فەرەنسا ڕوویدا لە سەدەی هەژدەدا، لەلایەن دەوڵەتەکانی تری عەرەبی وەکوو عێراق (١٩٥٨) و سووریا (١٩٦٣) لاسایی کراوەتەوە.
لەو کەشوهەوایەدا، دەنگی ئوم کەلسوم و گۆرانییەکانی کە باسی میراتی عەرەبی، یەکێتیی نیشتمانیی عەرەب و دروستکردنی هاوسۆزی و خۆشەویستی و بەرگرییان دەکرد، بە قووڵی لەگەڵ ئاواتەکانی ئەو سەردەمەدا دەگونجا. گۆرانییەکانی بوونە ئامرازێک بۆ دەربڕینی شانازیی نەتەوەیی و کولتووری، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئامانجەکانی نیشتمانیی عەرەبی. خەسڵەتەکانی ئەو سەردەمە وایکرد کە کەلسوم ببێتە هونەرمەندێک کە زۆر زیاتر دەوری دەبینی لە گۆرانیبێژێک؛ کەلسوم بووە هێمای (ئایکۆنی) یەکگرتوویی عەرەب، خۆڕاگریی و دەنگی نەوەیەک کە هەوڵی بۆ داهاتوویەکی باشتر دەدا. چیرۆکی ئەو ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی نزیکە لە نێوان هونەر، سیاسەت و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی.
چیرۆکی پەسەندکراو دەوڵەتی مۆدێرن
دەوڵەتی میسری ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە دروستکردنی وێنەی ئوم کەلسوم، کە مۆسیقا و کەسایەتیی گشتیی ئەو بەکاردەهێنا بۆ بەرزکردنەوەی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی ( نیشتمانی گەورەی عەرەب)، یەکگرتوویی نەتەوەیی، و بینینێک بۆ مۆدێرنبوون. کەلسوم پاڵپشتی وکۆنتڕۆڵی چالاکانەی دەوڵەت بۆ چیرۆکەکەی، بووە هۆی سنوردارکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە کارەکانی و زیاتر چەسپاندنی بیرۆکەی ئەوەی کە ئەو گەنجینەیەکی نەتەوەییە.
سەرۆکی دەوڵەت و دامودەگانی پاڵپشتی چالاکیە هونەریەکانی کەلسومیان دەکرد و و لە سەر هەمان ئاواز دەدوان. پەروەردە جەختی لە مێژوو و کولتووری عەرەبیی هاوبەش دەکردەوە (بە پێدانی ئەولەوییەت بە کولتووری عەرەبی بەسەر ئیسلامدا)، هەروەها هەوڵی دەدا دانیشتووانی هەمەجۆر یەکبخات. وانەکانی قوتابخانەکان لەلایەن ئەو مامۆستایانەوە دەوترانەوە کە بڕوایان بەو کولتوورە باڵایە هەبوو. وانەکانیش چ وانەی زمانی عەرەبی بێت، یا پەروەردەی نیشتمانی، یان وانەی مێژووی نیشتمانیی عەرەب، تەنانەت جوگرافیاش، کە نەخشەی بیست دەوڵەتی فێری قوتابیان دەکرد. منداڵانی ئەو ڕۆژگارە، کاتێک گەورە بوون، زۆربەیان هەڵگری ئەو کولتوورە بوون. ئەم ڕێبازە، کە کاریگەرییەکی زۆری لە مۆدێلی ناسیۆنالیزمی فەرەنسی وەرگرتبوو، جەختی لەسەر یەک زمان، یەک مێژوو، و یەک ناسنامە دەکردەوە و سەرکوتی بیروبۆچوونی جیاوازی دەکرد. نوخبەی عەرەب، کە شۆڕشی فەرەنسییان وەک نموونەیەک بۆ نوێگەری دەبینی، هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی دەوڵەتییەوە ئەم نەتەوە یەکگرتووە عەرەبییە دروست بکەن. لەڕووی ئابوورییەوە، نەتەوەییکردنەکەی ناسر و سۆسیالیزمی عەرەبی ئامانجی دروستکردنی جیهانێکی عەرەبیی پشت بەخۆبەستوو بوو.
وەزارەتەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، ئامرازێکی سەرەکی بوون لە پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی، بەتایبەتی لە میسر لە سەردەمی ناسردا. ئەو وەزارەتە کۆنترۆڵکراوانەی لەلایەن دەوڵەتەوە، میدیاکانیان دەچەسپاند، وێنە کولتوورییەکانیان دادەڕشت و سەرکردایەتیی ناسریان بەرز دەکردەوە، زۆرجار هونەرمەندانی وەکوو ئوم کەلسومیان وەک باڵیۆزی کولتووری بەکاردەهێنا، لە هەمان کاتدا وێنەیەکی یەکگرتووی عەرەبییان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەخستە ڕوو. هونەرمەندانی وەکوو ئوم کەلسوم، کە پەیوەندییەکی تایبەتی هەبوو لەگەڵ ناسردا، وەک تەواوکەری یەکتر بوون بۆ خزمەتکردنی هەمان پڕۆژە، ئەم لە بواری سوپا و دەوڵەتدا، ئەو لە بواری کولتووریدا. هەروەیا، بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری سیاسی دەوڵەت، ئوم کەلسوم لە گەشتەکانیدا بۆ وڵاتە عەرەبییەکان، بە پاڵپشتیی دەوڵەت، وەک باڵیۆزی کولتوری میسر مامەڵەی بۆ دەکرا، وێنەیەکی بەهێزی یەکگرتوویی کولتووریی عەرەبی دەخستە ڕوو.
نۆستالژیا وەکوو پەردەیەکی پۆڵایین
ئەو یادەوەریە زیندووە (نۆستالژیای) ەی کە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەورەی ئوم کەلسومی داوە، بەتایبەتی دوای مردنی جەمال عبدالناسر، وەکوو پەردەیەک کاری دەکرد، و دیمەنێکی ڕۆمانسی لە ڕابردوو نیشان دەدا لە کاتێکدا نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەو سەردەمەی دەشاردەوە. ئەو نۆستالجیایە جەختکردنە سەر ڕابردوویەکی هاوبەش، کە زۆرجار لە ڕێگەی مۆسیقاکەیەوە دەوروژێندرا، ویستێکی بەهێزی بۆ ڕابردوویەکی لە دەستچوو دروست دەکرد، کە لە کێشەکانی ئێستای کەمدەکردەوە.
لە ناونیشانی پرسیارەکانتدا ئاماژەت بەوە داوە کە ئوم کەلسوم سیمبولی نۆستالژیایە. ئەمە تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە نەوەکانی من یان ئەوانەی پێش من گوێیان لە گۆرانییەکانی گرتووە، بەڵکوو لەو ساڵانەشدا کە خۆی ئوم کەلسوم لەسەر شانۆ گۆرانییەکانی دەچڕی، باسی ڕابردوویەکی پڕ شانازی و فەخریان دەکرد، وەک وتارەکانی زۆربەی ناسیۆنالیستەکانی جیهان. ئاستی مۆسیقاکەشی، بە بەراورد لەگەڵ مۆسیقای پێش خۆیدا، ئاستێکی بەرز و ڕەسەن بوو، شێوەی ئۆرکێسترا، ئامادەبوونی پیاوانی بۆیمباخ لە مل و ژنانی مۆدێرن پۆش. هەموو ئەم دیاردانە نوێ بوون بۆ کۆمەڵگەی میسری. ئەم پێشکەوتنە ئاماژەدان بوو بۆ پێشکەوتنی مرۆڤ، یان هۆشیاربوونەوە، بەهۆی هەستی نەتەوایەتییەوە. بە ڕوونی دیار بوو کە هەموو بیرە نەتەوەییەکان ئەم بیرۆکەیەیان هەبووە کە دەبێت ئاستی هونەر لە فۆلکلۆرەوە بۆ هونەری باڵای نەتەوە بەرز بکرێتەوە و لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی نۆستالژیاوە، کولتوورێکی سیاسیی بەرز دروست بکرێت. چالاکییەکانی ئوم کەلسوم یەکێک بوون لە چالاکییەکانی مۆدێرنە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی هەزاران فیلم و گۆڤاری هونەری دەربارەی ژیانی هونەرمەندان. هەموو ئەو چالاکییانە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی عێراقیشی تەنیبوو، تەنانەت کوردستانیش. “پێشکەوتن” لە بیرکردنەوەدا، واتە هەنگاونان بەرەو بیر و کولتووری بەرز، کە لە ناسیۆنالیزمی تورکیدا پێی دەگوترا “تەرەقی”، و حیزبی تەرەقی بەو ناوەوە دامەزرا، ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوە و گۆڕانی ئاستی هۆشیاری لە هەستە خۆپەرستییەکانەوە بۆ ئاستی بەرزی خۆشەویستی نەتەوە. لە دەروونناسیدا، فرۆید ئاماژە بە “تەرەقی بوون” دەکات.
نۆستالژیا، وەک لە هەموو بیرە ناسیۆنالیستییەکانی جیهاندا، بەشێکە لە دروستکردنی کولتووری بەرز، کە باسی ئەفسانەی ڕۆژگارێکی کۆنی زێڕین دەکات، ڕۆژگارێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی نادیار. کەسانی نۆستالژیک، ئەو کەسانەن، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، بەردەوام باسی ڕۆژگارە زێڕینەکانی ڕابردوو دەکەن.
یادەوەریی ڕابردوو (یان نۆستالژیا) توخمێکی سەرەکی بوو لە ناسیۆنالیزمی پان عەرەبیدا. ڕۆڵی ئەو نۆستالژیایە هەوڵدان بوو بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕابردوووە پڕ شانازییە، هەستی مێژووی هاوبەش، یەکگرتوویی کولتووری، و بینینێک بۆ داهاتوویەکی شکۆدار. مۆسیقای ئوم کەلسوم ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە وروژاندن و شێوەدان بەو هەستە نۆستالژیایانە، گوێگرانی لە میسر و وڵاتانی تری عەرەبی بە ڕابردوو دەبەستەوە و هەستی ناسنامەی عەرەبیی هاوبەشیانی بەهێزتر دەکرد. توانا و لێهاتوویی کەلسوم لە وروژاندنی هەستی خۆزگە و یادەوەریی هاوبەش، وایکرد کەسایەتییەکی کاریگەر بێت لە بزووتنەوەکەدا. میراتەکەی تەنیا پەیوەست نییە بە هونەرەکەیەوە، بەڵکوو بە ڕۆڵە کاریگەرەکەی لە شێوەدان بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی جیهانی عەرەبی سەبارەت بە ڕابردوو و ناسنامەیەکی کولتووریی هاوبەش لەلایەن گوێگرانیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە توانا نۆستالژییەکەی ئەو هەڵبسەنگێنرێت و دان بە کاریگەرییە یەکخەرەکانی و ئەو پەراوێزخستنانە دابنرێت کە بووە هۆی دروستبوونیان.
هەردوو دیاردەی پەیوەندی عەبدولناسر و ئوم کەلسوم و پەخشکردنی فیلمی مردنی ئوم کەلسوم لە ساڵی ١٩٧٥دا، وەک دیاردەیەکی نەتەوەیی عەرەبی بڵاوکرانەوە و پیشان دەدران، کە ئەو دیاردانە تەنیا ڕووداوی مێژوویی نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیەکی ڕوونن لەو ڕۆڵە گرنگەی کە هونەر و کولتوور و کەسایەتییە کاریزماییەکان لە کاتی تەنگانەدا دەیگێڕن بۆ پێناسەکردنی هەستی نەتەوایەتی و یەکخستنی نەتەوەی عەرەب، هەستێک کە لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا لە قەیراندا بووە لە سەدەی بیستەمدا.
سەیرە، چۆن ناسیۆنالیزم هەستەکانی تاک وەک خۆشەویستی تێکەڵ دەکات لەگەڵ هەستی نەتەوایەتی لە کاتی بەرهەمهێنانی نۆستالژیادا. کاتێک شاعیر یان گۆرانیبێژ، لە هەمان کاتدا دەست دەکات بە نووسینی بەرهەمی دڵداری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی. بەرهەمهێنانی نۆستالژیا یان بەکارهێنانی نۆستالژیا بەشێکە لە پڕۆسەی مۆدێرنە، مۆدێرنەیەک کە بە دڵی خۆی ڕابردوویەکی زێڕین پێناسە دەکات و ناسنامەیەکی دەستەجەمعی بۆ هەموو کۆمەڵگا دادەنێت، کە تیایدا ڕابردوو زۆر بەرزە، و ئێستا پێویستە ئەو ڕابردووە زیندوو بکرێتەوە. گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم و هەموو ئەو چالاکییانە، بەشێکن لە پڕۆسەی بە نەتەوەکردنی هۆشیاری و هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕابردوووە زێڕینە بە گوێگرتن و پەرۆشی و خۆزگە خواستن لە کاتی گوێگرتن لە گۆرانی، مۆسیقا، مۆسیقای بەرز، شیعری خۆشەویستی بۆ یار و بۆ نیشتمان و تێکەڵکردنی یار و نیشتمان، خواردنەوەی مەی، سەما، بۆیمباخ بەستن و جلوبەرگی مۆدێرن. هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی بەرهەمهێنانی سیحری مۆدێرنە و هەوڵدان بۆ دابڕانی لە سیحری ئایینی و پرۆسەی بە ئایینیکردنی هۆشیاری کە هەموو ئەو چالاکییانەی مۆدێرنە قبووڵ ناکات. هەموو ئەو وڵاتە عەرەبییانەی ڕەواجیان دەدا بە هونەری میسر و ئاوازەکانی ئوم کەلسوم پێیان دەگوترێت وڵاتە عەرەبییە مۆدێرنەکان، واتە ئەو وڵاتانەی هەستی نەتەوایەتی عەرەب تیایاندا ڕەواجی پێدراوە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا.
کولتوری سیاسی شێوەیەکی بەربڵاو لە وڵاتەکانی تری عەرەبیدا لاسایی دەکراوە، وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی دەنگە ناڕازییەکان، و بەهێزکردنی میراتی کولتووریی هاوبەش لە ڕێگەی میدیا و هاوکاریی ناوچەیییەوە. هەرچەندە، ئەم وەزارەتانە ڕووبەڕووی سنووردارکردنی زۆر بوونەوە، لەوانە نەبوونی متمانەی خەڵک بەهۆی زێدەڕۆیی لە پڕوپاگەندەدا، سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان، و لە کۆتاییدا، شکستیان هێنا لە بەدەستهێنانی یەکگرتوویی ڕاستەقینەی عەرەبی.
ئەم پەردە بەهێزەی نۆستالژیای مۆدێرنە بووە هۆی بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازیەکان لە میسر وە ک بەرەنگاریی ئایینی کە بە سەرۆکایەتی ئیخوان موسلمین و دیدگایان بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی، کە دژی عەلمانیەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوون. زەبری دەوڵەت و بێدەنگکردن و پەراوێزخستنی ئیخوانەکان، لای سەرۆکەکانی دوای ناسریش، بوونە هۆی کێشەیەکی درێژخایەن کە تاوەکو ئەمرۆ بەردەوامە.
لە دوای کۆچی دوایی ناسر، هەستێکی بەرچاوی یادەوەریی ڕابردوو (نۆستالژیا) لە کارەکانی دواتری ئوم کەلسومدا بەدی دەکرا. مۆسیقاکەی گۆڕابوو بۆ یادەوەریی پڕ سۆزی سەردەمێک کە ناسیۆنالیزمی پان عەرەبی بەهێزترین دەسەڵاتی هەبوو. ئەم نۆستالژیایە تەنیا تامەزرۆییەکی دڵتەنگانە نەبوو بۆ ڕابردوو، بەڵکو زیاتر شیوەنێکی قوڵ بوو بۆ لەدەستدانی ساتەوەختێکی بەهێزی سیاسی و کولتووری. نمایشەکانی ئەو هەستێکی زیاتری لەدەستدانی دەردەخست، هەم لە ڕووی کەسییەوە—نەبوونی هاوپەیمانێکی سیاسی نزیک و کەسایەتییەکی کاریگەر لە ژیانیدا—هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە—سڕبوونەوەی هیوای سیاسی و خەونەکانی ساڵانی شەستەکان. دەنگی ئەو، کە ڕۆژێک بانگەوازێکی ڕوون بوو بۆ یەکگرتوویی و پێشکەوتن، ئێستا بە ئاوازێکی تاڵوشیرین دەزرینگایەوە، یادەوەرییەکانی کاتێکی پڕ هیوای بەبیر دەهێنایەوە، لەگەڵ داننان بە ئاڵۆزی و نائارامییەکانی ئێستادا. مۆسیقاکەی بوو بە ئامرازێک بۆ هەستی هاوبەشی لەدەستدان، نەک تەنیا بۆ سەرکردەیەکی خۆشەویست، بەڵکو بۆ ئومێد و بەڵێنەکانی ئەو سەردەمەی کە تێپەڕیبوو.
بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی ئەم نۆستالژیایە لە ووڵاتانی تر
لە ووڵاتانی تر، وەک سوریا و عیراق، لە دوای ساڵەکانی شەستەکانەوە، ئەم نۆستالژیایە توندتر خۆی دە سەپاند بە دامەزراندی حیزبی بەعس، کە توند ڕەوتر بوولە ناسر، هەوڵی دامەزراندی یەک دەوڵەتی دەدا بۆ یەک نەتەوەی عەرەب نەک وەک ناسر ( کە هەڵی نەرمتر هەڵی دەدا، بە هەگاوی خاو، واتا بە دروستکردنی دەوڵەتێکی فیدراڵی کە هەر یەک لە بیست و دو دەڵەتە عەرەبەکە خاوەی سەربەخۆی خۆیان بن بەڵام بە ناسنامەی عەرەبی). بەکار هێنانی نۆستالژیا لەم ڕژێمی بەعسی عێراق و سوریا بووە هۆی زیاتر پەردە پۆشکردنی ناسنامە جیاوازەکانی و سەرکوتکردنیان.
لە سوریا،سەردانە کانی کولسوم بۆ سوریا، لە ساڵەکانی شەستەکاندا، وەک “دیپلۆمتکارێکی کولتور” بەرجەستەکردنی ئەو شکۆی عەرەبی یە بوو سوریەکان لە ڕادێۆوە گۆیان لێ بوو.
هاوئاواز لە گەڵ ئەو سەردانانەدا، لە هەوڵێکدا بۆ بەدیهێنانی خەونی یەکگرتوویی عەرەبی، ناسر وحافز ئەسەد، کۆماری یەکگرتووی عەرەبییان دامەزراند نێوان میسر و سوریا (١٩٥٨-١٩٦١). هەرچەندە ئەم یەکگرتنە ماوەیەکی کەمی خایاند، بەڵام لە دوایدا لە سوریا ئاکاری نەرێنی درێژخایەنی لێ کەوتەوە. کولتوری پان عەرەبی میسری تا حەددێک لە ڕووی زمانە وە دەگونجا لە گەڵ میسر لە زیاد لە سەدا نەوەدی دانیشتوانەکەی عەرەب بوون، بەڵام بۆ سوریا و عیراق، کە چەندەها ژێرخانی کولتوری و و کۆمەڵایەتی و زمانەوانی جیاوازی تیایە، ئەم نۆستالژیایە مەترسیداربوو.
سیاسەتێکی سەرەکیی ئەم یەکگرتنە، کە لە کولتووری سیاسیی تازە پەرەپێدراوی خۆیدا سەرچاوەی گرتبوو، پڕۆژەی “پشتێنەی عەرەبی” بوو، کە ئامانجی نیشتەجێکردنی دانیشتووانی عەرەب بوو لەو ناوچانەی کە لە مێژوودا زۆرینەی کورد بوون. ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی زۆری دەدا بە ناسنامەیەکی تاکڕەنگی عەرەبی، و دانیشتووانی دیکەی سووریای پەراوێز خست. ئایدیۆلۆژیای پان عەرەبیی، کە جەختی لەسەر ناسنامەیەکی یەکگرتووی عەرەبی دەکردەوە، بووە هۆی بە سیستەمیکردنی دەرکردن و سەرکوتکردنی کولتووری دانیشتووانێک، کە سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەکانی خۆیان زۆرینە بوون، بەڵام لە چوارچێوەی بینینی عەرەبیی فراوانتردا کرابوونە کەمینە، بەتایبەتی کوردەکان، کە ڕووبەڕووی جیاکاریی بەهێزتر و سنووردارکردنی مافە کولتووری و سیاسییەکانیان بوونەوە. ئەم سەپاندنەی ناسنامەیەکی عەرەبیی تاک، کە زۆرجار لەسەر حیسابی گرووپە ئەتنی و کولتوورییەکانی تر بوو، گرژی و ئاڵۆزیی درێژخایەنی دروست کرد و بناغەی بۆ ململانێ و پەراوێزخستنی داهاتووی سوریا دانا.
لە عێراقیش، سەردانەکانی کەلسوم بەردەوام بوون، لە هەمان کات ئەفسەرانی سوپا کە لە ناسر ئیلهامیان وەرگرتبوو و پشگیریان لیکرا و لە ساڵی ١٩٥٨ دەسەڵاتی پاشایەتییان ڕووخاند و و مەلیکیان کوشت. ویستیان بە زەبر عێراق بکەنە بەشێک لە نەتەوەیەکی عەرەبیی یەکگرتوو. ئەم ڕووداوانە ڕێڕەوی سیاسیی عێراقیان گۆڕی پاڵی بە عێراقەوە نا تا لەگەڵ خەونی پان عەرەبیزمی ئەو یەک بگرێتەوە. لە هەمان کاتدا ململانێکانی ناو ناسیۆنالیستی عەرەبی ( مۆدێلی ناسر و مۆدێلی بەعسی) پەرەیان سەند بۆ ساڵانێکی زۆر حیزبی بەعس هەم سەرسام بوو بە ناسر و دەیویست چاوی لێ بکات، هەم ڕقیشی لێی بوو و دەیویست خۆی بێت. ئەم ململانێیە لە عێراق بووە شەڕ و خەڵکی تێدا کوژرا و ئەنجام حیزبی بەعس هاتە سەر تەخت، دوای گەڕانەوەی سەددام لە میسر. سەددام خۆی لە گەنجیدا لە میسر ژیاوە و دەگوترا کە لە قاهیرە خوێندکاری بەشی یاسا بووە. لەو ساڵانەی گەنجێتیدا بینیبووی کە چۆن چینی خوێندەوار و کەسانی زانکۆ و خاوەن جلوبەرگی مۆدێرن، لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و ئامادەیی ملیۆنان کەس لە وتارە پڕ جۆشەکانی عەبدولناسردا دەردەکەوتن. بە ڕوونی دیار بوو کە سەددام سەرەتاکانی ناسیۆنالیزمی لە میسر فێربووە و سەرسام بوو بە عەبدولناسر.
لە سەرەتاکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە بەغدا، لە کاتێکدا عێراق سەرقاڵی شەڕی ئێران و عێراق بوو، شەڕەکە بە بیانووی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دژی ئێرانی فارسی دەناسێندرا. کرێکارە میسرییەکان کە ژمارەیان ملیۆنێک کەس دەبوو، لە قاوەخانەکاندا کاریان دەکرد و گۆرانییەکانی ئوم کەلسومیان لێ دەدا. لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی بەغداش بە درێژایی شەڕی ئێران و عێراق، بەردەوام سروودە نەتەوەییە عەرەبییەکان پەخش دەکران، کە باسی ڕابردوویەکی شکۆمەندی لەدەستچوویان دەکرد. گرنگی سیاسی و هونەری ئوم کەلسوم لە عێراق لەو ساڵانەدا دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە میسر، دوای مردنی ناسر، شکستی هێنا لەوەی پێشەنگایەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بکات. ئەم شکستە بەهۆی تەسلیمبوونی میسر لە شەڕەکانیدا بەرامبەر ئیسرائیل هاتە ئاراوە. لە دوای مردنی ناسر، بۆشاییەک لە جیهانی عەرەبیدا دروست بوو و قەیرانێکی نوێی لێکەوتەوە. سەددام حوسێن ویستی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و خۆی وەک سەرکردەیەکی کاریزما دەرکەوت لە کاتی ئەو قەیرانەدا. زۆربەی ئەو کرێکارە میسرییانە دەرچووی زانکۆکانی میسر بوون، کە بەهۆی قەیرانی ئابووری، دەرفەتی کاریان لە وڵاتی خۆیاندا نەبوو و بێهیواببوون لە بەڵێنەکانی ناسر بۆ بووژاندنەوە و گەشەپێدان. ئەو کرێکارانە لەو قەیرانەدا ئومێدیان بە سەدام درووست بۆوە وەک فریادڕەسێک، و هیوای ئەوەیان هەبوو کە سەدام ئاواتەکانیان بهێنێتە دی.
گەنجانی عیڕاق ڕەوانەی بەرەی پێشەوەی شەڕکرابوون بۆ دیفاع کردن لە شەرەف و شکۆی نەتەوەی عەرەب لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا. ملیۆنە کرێکارە میسریەکەش کە بە نۆستالژیای ناسر پەروەردە کرابوون بەشێک بوون لە پاراستنی ڕۆژگارە شکۆدارەکانی نەتەوەی عەرەب لە بەرەکانی دواوەی شەڕ لە شارەکاندا،. ڕۆشنبیرانیش، شەوانە خەریکی خواردنەوەی کحول بوون و بە کاریگەرییەوە گوێیان لە نۆستالژیاکانی ئوم کەلسوم دەگرت و فرمێسک لە چاویان دەهاتە خوارەوە.
سەپاندنی ئەو کولتوورە سیاسیە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقیدا بووە هۆی پەراوێزخستنی گرووپەکانی دیکە بەتایبەتی کوردەکان، و کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی درێژخایەنی لێکەوتەوە. هەندێک کورد کە لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم تێنەدەگەیشتن، گوێیان لێدەگرت، نەک تەنها لەبەر ئەوەی دەنگی خۆش بوو یان مۆسیقاکەی سەرنجڕاکێش بوو، بەڵکوو بەهۆی سەپاندنی کولتووری عەرەبی و لاساییکردنەوەی کەسە بەناوبانگەکانی کۆمەڵگا و زۆریی پەخشکردنی گۆرانییەکانی لە شوێنە گشتییەکان. هەروەها ئەو کوردانەی زمانی عەرەبییان دەزانی، بە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم، هەستیان دەکرد کە خاوەنی سەرمایەیەکی کولتووریی بەرزن. ئەم کولتور سەپاندنە بووە هۆی جیاکاری دژی کورد لە عێراق. کولتووری کورد بە کەمتر سەیر دەکرا و سەرکوت دەکرا، ئەمەش بووە هۆی گەشەکردنی ڕق و کینە و دواتر دروستبوونی کێشەی زۆر، وەک سیاسەتی تەعریب و ئەو ستەمانەی لە کۆمەڵگەی کورد کران بە ناوی عێراقی عەرەبییەوە.
بە پاڵنەری ئایدۆلۆژیایەکی بەعسیی هاوبەش، عێراق و سوریا لە کۆتایییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەوڵی یەکگرتنان دا، و هەوڵیان دەدا دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەیی دروست بکەن. بەڵام، یەکگرتنەکە بە خێرایی ڕووخا بەهۆی متمانە نەبوون و ملمانیی لەسەر دەسەڵاتدەسەڵاتەوە و تیشکی خستە سەر ئەو بەربەستە بەردەوامانەی کە لەبەردەم نۆستالژیای یەکگرتوویی پان عەرەبیدا هەبوون.
یەکێک لەو کەسایەتییە سیاسیانەی کورد کە سەرسام بوو بە ڕەوتی سۆشیالیزمی و فیکردی فیدراڵیزمی دەوڵەتە عەرەبەکانی ناسر بوو، مام جەلال بوو کە لە ساڵی پەنجاکاندا سەردانی کردووە لە قاهیرە. ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە کوردییەکانیش، دوای ڕاپەڕین، لە دوای نیوەڕۆیاندا بۆ ماوەی سەعاتێک، گۆرانییەکانی ئوم کەلسومیان پەخش دەکرد، وەک نۆستالژیا بۆ پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی سۆشیاڵ دیموکرات. لە کوردستاندا، چ لە سلێمانی چ لە هەولێر، ژمارەیەکی زۆر نادی شەوانە هەن کە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم لەسەر شاشەی گەورە لە تاریکیدا بۆ ماوەیەکی زۆر پەخش دەکەن و شۆڕشگێڕە کۆنەکان، و هونەرمەندانیش گوێیان لێدەگرن.
پان عەرەبیزم، سەرەتا هیوا و یەکێتی بۆ هەندێک دروست کرد، بەڵام دواتر بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی، ستەم، و ناسەقامگیریی درێژخایەن. سەپاندنی زۆرەملێی ناسنامەیەک بەسەر هەموو کەسێکدا، مەترسییەکانی سەرکوتکردنی کولتوورە جیاوازەکان، بوونە هۆی کێشەی بەردەوام. پەردە بەهێزەکەی ئەم نۆستالژیادرزی گەورەی تێکەوت بوو بە هۆی بەرەنگاری نەتەوەیی-زمانی و بگرە ئاینیشەوە: کە نموونەکانی ئیخوان موسلمین لە میسرو، کورد و شیعە عێراق و کوردو کامایەتیکراوەکانی تر لە سوریا کە دژی سیاسەتەکانی عەرەباندن و توانەوە دەوەستانەوە.
لە لایەکی تر، نۆستالژیای عەرەبی پەردەی خستبووە سەر بەرەنگاری نەریتی و بەدەوی بە تایبەتی لە وڵاتانی کەنداودا، کە بە ووڵاتە “دواکەوتووکان” ناویان دەبرا، ئەو ووڵاتانەی چنگیان بە کولتووری بەدەوییەوە گرتبوو وە مۆدێلی دەوڵەتە کۆماریە عەرەبیەکانیان پێ قبووڵ نەبوو. نۆستالژیای ژیانی بەدەوی پەرەی پێ دەدرا لە لایەن گۆرانی بێژانی خۆیانەوە وەک عەزیزە جەلال و هاوشێوەکانی و سروشتی بیابان و بەکارهێنانی ئامێری مۆسیقای کۆن و سەمای کۆنی عەرەبی و جلوبەرگی عەگال و ژنی عەبا بەسەر و قاوە خواردنەوەی ژێر خێمەو و چیرۆکی عەشق لەنێو هۆزەکاندا. کولتوور و هونەری ئەم وڵاتانە زۆر جیاواز بوون لە هونەری دەوڵەتە مۆدێرنەکانی عەرەب. بۆیە، جێگەی سەرسوڕمان نییە، کە دوای کۆتایی شەڕی عێراق و ئێران، سەددام کوەیتی داگیر کرد بە بیانووی ئەوەی کە کوێت وڵاتێکی دواکەوتووە و هیچ هەستی نەتەوایەتیی عەرەبی نییە.
میراتیەکانی ئەم کولتورە سیاسیە تا ئەمڕۆ
لە میسر، دوای کۆچی دوایی ناسر لە ساڵی ١٩٧٠، ئەنوەر سادات بوو بە سەرۆک کۆماری میسر. سادات، کە کە ئەویش ئەفسەرێکی سوپا بووەو پێشتر جێگری سەرۆک بوو، لە ڕێگەی گواستنەوەیەکی ئارامی دەسەڵات لەناو حیزبی یەکێتیی سۆسیالیستی عەرەبی، کە تاکە حیزبی سیاسی بوو، پۆستەکەی وەرگرت. سەرەڕای ئەوەی سەرەتا وا دەبینرا کە درێژەپێدەری ڕێبازی ناسر بێت، بەڵام زوو لە سیاسەتەکانی ناسر لایدا و چەندین گۆڕانکاریی گرنگی سیاسی و ئابووری ئەنجامدا، لەوانە سیاسەتی ئینفیتاح (کردنەوەی ئابووری) و نزیکبوونەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەجیاتی یەکێتی سۆڤیەت. سەرۆکایەتییەکەی گەیشتە لووتکە لە جەنگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ لەگەڵ ئیسرائیل و واژۆکردنی ڕێککەوتنی کامپ دەیڤد لە ساڵی ١٩٧٨، کە بووە هۆی واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتیی میسر لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٧٩. بەڵام سیاسەتەکانی، بەتایبەتی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و سەرکوتکردنی ناڕەزاییە سیاسییەکان، بوونە هۆی دروستبوونی دژایەتی. ئەم دژایەتییە لە تیرۆرکردنی سادات لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن ئەندامانی ئیخوان موسلمین گەیشتە لوتکە، کە دژی سیاسەتە عەلمانییەکان و هاوپەیمانی بوون لەگەڵ ڕۆژئاوا.
پاش سادات، حوسنی موبارەک، ئەفسەرێکی تری سوپا، بوو بە سەرۆک و بەردەوام بوو لەسەر شێوازی دەسەڵاتداریی تاکڕەوانە. موبارەک ئیخوان موسلمینی سەرکوت دەکرد بە درێژایی نزیکەی ٣٠ ساڵ، ئەو گروپەی بە مەترسی دەزانی بۆ سەر کولتووری سیاسیی عەلمانیی میسر کە لە سەردەمی ناسرەوە چەسپابوو. بەڵام ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١، بوونە هۆی لابردنی موبارەک و دەرفەتێکی بۆ ئیخوان ڕەخساند تا بگەنە دەسەڵات. لە ساڵی ٢٠١٢، محەمەد مورسی، ئیخوانی، بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی دیموکراسیی میسر. سەرۆکایەتییەکەی زۆری نەخایاند، بەهۆی دژایەتیی توندی نێوان مۆدێرنخوازان، عەلمانییەکان و سوپا، کە ئامانجە ئیسلامییەکانی ئیخوانیان بە ناگونجاو دەزانی لەگەڵ کولتووری سیاسیی میسر کە لە ناسرەوە بۆیان مابووەوە.
لە ساڵی ٢٠١٣، مورسی لە کودەتایەکی سەربازیدا لەلایەن عەبدولفەتاح سیسییەوە لابرا، کە لەو کاتەوە هەوڵی سەرکوتکردنی ئیخوان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەوەی جێگای سەرنجە، جەنگی ئەم دواییەی غەززە بە سەرکردایەتی حەماس – کە گروپێکە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هاوڕێی ئیخوانە – زیاتر دۆخی سیاسیی میسری ئاڵۆزتر کردووە. سەرۆک سیسی هۆشیارە لەوەی ڕێگە نەدات دانیشتووانی غەززە بێنە ناو خاکی میسرەوە، لە ترسی ئەوەی کە ئەندامانی حەماس یان لایەنگرانیان بتوانن بێنە ناو میسرەوە و دژایەتییەکانی ئیخوان زیندوو بکەنەوە. ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی گرژیی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی عەلمانیی میسر و بزووتنەوە ئیسلامییەکانە، کە لە سەردەمی ناسرەوە سیاسەتی میسری بەشێوەیەکی بەرچاو دیاری کردووە.
لە عێراق، لاوازیی دەوڵەت دوای شەڕی وێرانکەری هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و پاشان داگیرکردنی کوێت، دەرکەوت. دانیشتووانی کورد، کە ماوەیەکی درێژ بوو پەراوێز خرابوون و ڕووبەڕووی عەرەباندنی زۆرەملێ بووبوونەوە، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری. سەددام حوسێن، کاتێک بینی شەرعییەتی پڕۆژەی مۆدێرنکردنی عەلمانییەکەی لەدەست دەدات، هەوڵی دا دەسەڵاتی خۆی لە چوارچێوەیەکی تردا پێناسە بکاتەوە، بەوەی هەستی ئایینی بەکار بهێنێت و ئاڵای عێراقی گۆڕی و هێماکانی یەکگرتوویی عەرەبی سڕیەوە و وشەی “الله اکبر”ی خستە سەر. ڕژێمەکەی بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە لاواز بوو و دواتر بە پاڵپشتیی قاعیدە تۆمەتبار کرا دوای هێرشەکانی ساڵی ٢٠٠١، لەلایەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٠٤ ڕووخێندرا. دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقی نوێ، بە شێوەیەکی ڕوون ڕەتیکردەوە کە تەنیا ناسنامەیەکی عەرەبی هەبێت و سیستەمێکی فیدراڵی دامەزراند کە مافەکانی کوردەکانی دەناساند. هەرچۆنێک بێت، میراتی کولتووری سیاسی هێشتا بەردەوامە لە شێوەدان بە دیمەنی سیاسیی عێراق. گرژیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان، ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن دیدگا کێبەرکێکارەکانی نەتەوەیی و پان نەتەوەیی بەردەوامن لە گڕخستنی ململانێکان. هەروەها، لە کاتێکدا مۆسیقای ئوم کەلسوم بایەخی کولتووریی خۆی هێشتووەتەوە، بەڵام پەیوەندییەکەی بە ناسنامەیەکی پان عەرەبیی ناکۆکی لەسەرەوە و پێشوازیکردن لە سیحری مۆدێرنە لە عێراق کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە.
لە سوریا، دیمەنی پارچە پارچەکراوی سوریا ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١دا سوریا یان تووشی ناسەقامگیری کرد، و دەسەڵاتی چەندین دەیەی ڕژێمی بەعسیان خستە ژێر پرسیارەوە، دەسەڵاتێک کە لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و دەسەڵاتداریی دیکتاتۆری دامەزرابوو. دانیشتووانی کورد، کە لە ڕابردوودا پەراوێز خسترابوون و بەهۆی سیاسەتەکانی وەکوو “پشتێنی عەرەبی” (میراتێکی هەردوو حافز ئەسەد و ناسر)، کرابوونە ئامانج، دەرفەتیان قۆستەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکانی خۆیاندا بسەپێنن. سەرەڕای لەدەستدانی ناوچەی بەرچاو، ڕژێمی بەعس تا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا مایەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی پاڵپشتیی دەرەکییەوە، نەک شەرعییەتدان کە لە ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە سەرچاوەی گرتبوو. دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمە، زۆربەی پرسیارە شاردراوەکان دەربارەی مافی کەمایەتییە زمانەوانییەکان هاتنە گۆڕەپان، ئەو پرسانەی بۆ نزیکەی پێنج دەیە لەبیر قەدەغە کرابوون بەو دەستوورەی ئیلهامی لە کولتووری سیاسیی پان عەرەبی وەرگرتبوو.
هاوکات، هێزە پەراوێزخراوەکانی پێشوو، کە زۆرجار پەیوەندییان بە ئیخوان موسلمینەوە هەبوو و لە ڕابردوودا بە تیرۆریست دەناسێنران، لە دیمەشق و بە یارمەتی تورکیا، دەسەڵاتیان بەدەست هێناوە، و کێشەی نوێیان سەبارەت بە کەمایەتییە ئایینییەکان و دابەشبوونی مەزهەبی دروست کردووە. هەرچۆنێک بێت، دانیشتووانی سوریا، کە ماوەیەکی زۆر بوو ڕاهاتبوون لەسەر شێوازێکی دەوڵەتیی مۆدێرنیتە و کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر بوو لەلایەن کەسایەتییە کولتوورییەکان وەک ئوم کەلسوم، دوودڵن لە قبوڵکردنی ئەو هێزە تازە دەسەڵاتداربووانە، کە ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی و نادیاریی دۆخی گواستنەوەی سیاسییە لە وڵاتەکەدا.
ئەنجام: خۆپاراستن لە داوەکانی خراپەبەکارهێنانی هونەر و پرسێک بۆ بەشداریکردنی ڕەخنەگرانە
میراتی نەمری ئوم کەلسوم ٥٠ ساڵ دوای مردنی وەکوو بیرهێنەرەوەیەکی بەهێز خزمەت دەکات بۆ هێزی هونەر و سروشتی سەرنجڕاکێشی نۆستالژیا، بەڵام هەروەها بانگەوازێکیشە بۆ بەشداریکردنی ڕەخنەگرانە. بە تێگەیشتن لە چیرۆکەکەی لە ڕێگەی هێڵی فکری کافکاوە سەبارەت بە “ئاهەنگی جلوبەرگ”، دەتوانین ببینین چۆن وێنەکەی ئەو لەلایەن هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جۆراوجۆرەکانەوە دروست کراوە، بە بەکارهێنانی “سیحری مۆدێرنە” و وێنەکە وەک “هەسارەی ڕۆژهەڵات” بۆ زیاتر بەهێزکردنی دەوڵەت. بەهۆی ئەم دیدە ڕەخنەیی وە دەتوانین دەتوانین وانە وەرگرین دەربارەی فێری ئاڵۆزییەکانی کولتوور، دەسەڵات، و ناسنامە، و زیاتر هوشیار بین لە پێگەکانمان لەم پڕۆسە بەردەوامەدا. ئێمە دەبێت فێری ئەوە ببین پشت پەردەکان ببینین، نرخی دەربڕینی ڕاستەقینە بزانین، و ڕووبەڕووی ئەو هێزانە ببینەوە کە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی هونەر و کولتوور دەدەن بۆ مەبەستەکانی خۆیان. میراتەکەی کەلسوم دەبێت هانمان بدات پرسیاری ڕەخنەگرانە لە هەر چیرۆکێکی سەپێندراو بکەین و هەوڵ بدەین بۆ تێگەیشتنێکی فراوانتر، دادپەروەرانەتر، و هەمەجۆرتر لە هونەر، مێژوو و ناسنامە.
هوشیاری هونەریی کافکا سەبارەت بە ئاهەنگی جلوبەرگ وانەی سەرەکی پێشکەش دەکات بۆ هوشیاری بەدوای میراتی هێما کولتوورییەکان و خراپە بەکارهێنانی هونەر :
ئاگایی ڕەخنەگرانە لە دەسەڵات: ئێمە دەبێت دان بەو هێزە دەروونییانە بنێین کە چیرۆکەکانی کولتووری شێوە پێدەدەن و ئاگادار بین لەو ڕێگەیانەی کە هونەر، هونەرمەندان، و کەسایەتییە کولتوورییەکان دەتوانرێت لەلایەن هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بەکاربهێنرێن. ئێمە دەبێت فێری ئەوە ببین جیاوازی بکەین لە نێوان ڕاستەقینە و دروستکراوەکاندا.
گەڕان بەدوای ڕووخساری ڕاستەقینەدا: ئێمە دەبێت بە شێوەیەکی چالاکانە بەدوای “ڕووخساری ڕاستەقینەی” هونەرمەندەکەدا بگەڕێین لە پشت پەردەی هێماکەوە. ئەمە پێویستی بە بەشداریکردنێکی ڕەخنەگرانەیە لە کارەکانیان، داننان بە ئاڵۆزی و دژبەیەک بوونەکانیان، و نرخاندنی دیدگا و لێکدانەوە جۆراوجۆرەکان.
بنکە فراوانکردی دەسەڵات: ئێمە دەبێت دەسەڵاتی چیرۆکە زاڵەکان و لێکدانەوە پەسەندکراوەکانی دەوڵەت بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئەمە بە واتای بەهێزکردنی بیری سەربەخۆ دێت، گوێگرتن لە دەنگە پەراوێزخراوەکان، و چالاکانە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سنووردارکردنی تاکە دەنک بۆ دەربڕینی کولتووری.
داننان بە سنووردارکردنەکانی نۆستالژیادا: ئێمە دەبێت ئاگادار بین لەو ڕێگەیانەی کە نۆستالژیا زۆرجار بۆ ڕۆمانساندنی ڕابردوو و شاردنەوەی ڕاستییەکانی ئێستا بەکاردەهێنرێت. گرنگە بە شێوەیەکی ورد لەگەڵ مێژوودا کاربکەین و ددان بە هەردوو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی سەردەمەکانی ڕابردوودا بنێین
چاندنی بیری سیاسی، بەتایبەتی لە پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی دا، پرسێکی کۆمەڵایەتیی درێژخایەن و ناکۆک بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی بیستەمدا، کە هاوکات بووە لەگەڵ دروستبوونی زۆربەی دەوڵەتەکان کە سنوورەکانیان زۆرجار پێش پێناسەکردنی ناسنامەی دانیشتووانەکەیان دیاری کرابوون. ئەمە وایکرد کە پێویستییەکی زۆر هەبێت بۆ پێناسەکردنی خود. مشتومڕەکان سەبارەت بە سەپاندنی ناسنامەیەک بەسەر ئەوانی تردا بووەتە زەمینەیەکی بەپیت بۆ ململانێی سیاسی، کە زۆرجار سەپاندنی زۆرەملێ و دابڕاو لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی “سیحری” کولتووری بووەتە شاردنەوەی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان.
گرژیی مشتومڕەکان بەردەوامن لە نێوان دیدگا ئایینییەکان، کولتووری مۆدێرن و مافی دانیشتووانە پەراوێزخراوەکان. مۆدێرنە، کە نەیتوانی بە تەواوی خۆی لە نهێنی و ئەفسانە جیا بکاتەوە، “سیحری مۆدێرنی” خۆی دروست کرد، کە دەنگی سەرسوڕهێنەری ئوم کەلسوم لەگەڵیدا دەزرینگایەوە. هەوڵە هونەرییەکانی کەلسوم، کە بە تەواوی لەلایەن ناسر و هەوادارانییەوە لە دەسەڵات بەدەستە خۆسەپێنەکانەوە پاڵپشتی دەکرا لە ڕووی ئابووری و هێماییشەوە. دەنگی زوڵاڵی کەلسوم هاوئاواز بوو لەگەڵ پێناسە سەپێنراوەکان، کە لەلایەن ئایدیۆلۆگ و ڕووناکبیرە نەتەوەییەکانەوە داڕێژرابوون. “سیحرەکەی” کەلسوم لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە بەکار دەهێنرا، نەک تەنیا لە ڕێگەی سەربازییەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی هێزی فریودەرانەی جوانیی هونەرەوە کە هەستی خەڵکی دەوروژاند، و بە هۆی پاڵپشتیی دەوڵەتەوە خەڵکێکی زیاتر تامەزرۆی دەبوون. ئەم “سیحرە” وەکوو پێناسە سەپێنراوەکانی ناسنامەی نەتەوەیی، دابڕاو بوو لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و سنوورەکانی ڕاستەقینەی دەوڵەتەکان، و هەردووکیان ڕەنگدانەوەی یادەوەرییەکی ڕابردووی ڕۆمانسی بوون.
کۆتایی: تریفەکانی ڕووخساری ڕاستەقینەی هونەر: کەلسوم بە نمونە
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وێنەی گشتیی ئوم کەلسوم دروستکراو بوو، ئێمە دەتوانین تریفەکانی “ڕووخساری ڕاستەقینەی” کەلسوم ببینین لەم چەند خاڵەدا:
توانا و بەخشندەیی: توانای دەنگی ناوازە، شارەزایی لە شیعری عەرەبی، و بەخشندەیی زۆری ئەو بۆ کارەکەی. ئەمانە لایەنی ڕاستەقینەی ژیانی بوون کە کەلسومیا بەڕاستی ناوازە دەکرد، تەنانەت ئەگەر وێنەکەی زۆرجار لەلایەن هێزی دەرەکییەوە شێوەی تری وەربگرتبێت.
پەیوەندییەکی سۆزداری: کەلسوم توانای هەبوو هەستی قووڵ لای گوێگران و بینەرەکانی بوروژێنێت، و پەیوەندییەکی قووڵ و بەمانا لەگەڵ ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهانی عەرەبیدا دروست بکات. ئەم هێزە سۆزدارییە سنوورەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبەزاند و باس لە توانا دەکات کە لە دەستکاریکردنی وێنە و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەهێزتر بوو.
کاریگەری لەسەر ژنان: سەرکەوتنی کەلسوم وەک ژنێک کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژنانی جیهانی عەرەبی و موسڵمان هەبوو، و بوو بە هێمایەکی ی بەهێز و بەهرە و توانای ژنان لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا.
هەرچەندە کولتوری سیاسی و مۆردیرنە هەوڵی داوە ئوم کەلسوم بکات بە بەشێک پڕۆسەیی پەردەپۆشکردن بە نۆستالژیایەکی درووسترا بە بەکارهێنانی خراپی هونەرەکەی، لە هەمان کاتا بەرگریش بەردەوام بووە بۆ ڕەتکردنەوی ئەو سیحرانەی هەوڵ دەدەن توانی هونەری و بیرکردنەوی ئازاد لە گۆ بخەن.
سەیرە تا ئەمڕۆش ململانێ لەسەر بەرهەمهێنانی نۆستالژیا و هەوڵدان بۆ سەپاندنی پێناسەیەکی ڕابردوو و لە پێناوی ناسینی خوددا هەر بەردەوامە.
خۆش بەختانە، تا ئەمڕۆش، پرسیارە بوونگەراييەکان وەک—”من چیم و کێم؟” و “ئێمە کێین؟” “واتای ژیان چییە”— لە بواری هونەر و ئەدەب و سیاسەتدا بەردەوامن، و ململانێی بەردەوام دەوروژێنن بۆ وەڵامدانەوەیان. هەرچەندە ئەو پرسیارانە لە بەردەوام بوونیاندایە، نەک لە سەپاندنی وەڵامێک بەسەر وەڵامەکانی تردا بە ناوی هەر سیحرێکەوە بێت، چ مۆدێرنە، چ ئایین، چ کولتور یا سیاسەت. ئەگەر لە سەردەمی کەلسومدا، هونەرەکەی وەک وەک دەمامکێک بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنرا، کێشە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکان، بە تایبەتی کاتێک پەراوێز دەخرێن، بە شێوەیەکی زیاتر ئاڵۆز سەرهەڵدەدەنەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.