دیدی من – یاداشتەکانی دەرویش
لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر
مەحموود دەرویش (١٩٤١ – ٢٠٠٨)، یەک لە شاعیرە هەرە دیارە و کاریگەرەکانی عەرەب، کە ناوبانگێکی جیهانیی هەیە و بە ڕۆحە عاشق و فەڵەستینییە شۆڕشگێڕ و بەرەنگارانەکەی ناسراوە، لە کتێبی ”کاریگەریی پەپوولە”دا، کە ڕۆژانەیادداشتەکانیەتی، لە بارەی ئوم کەلسوومەوە نووسیویەتی:
”لەو دەمەوەی پێنجشەممان بۆی بووبووە گەوهەرێکی دانسقە و ڕۆژگاریش لە هیی سەردەمی بێهاوتا، هەموو شەوێ گوێ لە ئومکەلسوم دەگرم. بە تەنها ئەوە کە ئالوودەیم، وەک چۆن هەر ئەویشە دەتوانێ ئەو ئەسپە ڕابچڵەکێنێ کە بە هیچ زینێک ڕام ناکرێ.
هەموو لەسەر پێین، لەوپەڕی دڵخۆشیدا گوێی بۆ ڕادەدێرین؛ هەر وا و لەسەر پێ دەمێنینەوە، تا شاژن خۆی فەرمایشت دەدا دابنیشین، ئێمەش بە دووریی مەترێک لە شنەباکەی ئۆقرە دەگرین. بەو ژێیە ئەفسووناوییەی پێویستی بە عوود و کەمان نییە، پارچە پارچەمان دەکا. لە گەروویدا یەکێک لە نهێنییەکانی کردگار هەیە؛ ئۆرکێسترایەک… ئۆرکێسترایەکی کامڵ!
ئاسمانێکە لەو دەمانەدا خۆی ڕادەخا کە کاتی نوێژ نییە، ناچار بە دەستووری ئەو، نوێژە تایبەتەکەمانی بۆ دادەبەستین، تا لێمان هەڵبێت. ئەرزێکی سووکەڵەیە کە پەروانەئاسا، نازانین دێت یان دەڕوات؛ وەک دڵۆپێک ڕووناکی، وەک شەپۆلی دەستی ئازیزێ. چەهچەهەکەی، کە لە بریسکەی دوڕێکی شکاو دەچێ، دەتوانێ سوپایەک تووشی شەڕ بکا و ئێمەش بە هاوارەکەی، لەو شەڕە ڕزگار دەربچین.
چرپەکەی ناهێڵێ شەو بکەوێ، هەر خۆیەتی و بە تەنیا، دەروازەی بەری بەیان دەکاتەوە؛ کە لە کاتی چڕیندا چاوان لێک نانێ هەر بۆ ئەمەیە، تا شەو خەو نەیباتەوە. شەرابێکە مەستمان دەکا و بنی نییە. تاقانە کەسێکە کە لە شانشینی شەوینیدا دڵخۆشە.
گۆرانیوتنەکەی لە کوێرەوەریمان دەردێنێ، عاشقی نەوەیەکی فیرعەونمان دەکا، لە ئەبەدیەتی ئەو نەخشەمان نزیک دەکاتەوە کە لە تاقی پەرستگەیەک نەخشاوە.
لە شەوماندا هاوتای نییە. دەسڕەکەی ڕابەری ڕەزمە، ئاڵای لەشکری ئەوانەیە کە لە کۆششی خۆشەویستیی یەکلایەنە نەوەستاون. هەرچییش پەیوەندیی بە دڵیەوە هەیە، ئێمە لێی بێبەریین؛ چون ڕەق، داخراو، هەر وەک گوێزێکی وشکە.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.