24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ماڵکۆم ئێکس: کێ بوو؟

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – دانا نازەنین

قەت بیرت کردووەتەوە بۆچی ھەمیشە ڕەنگی سپی سیمبوڵ و نیشانەی پاکیزەیی و باشە و نورە، بەڵام ڕەنگی ڕەش ھەمیشە نیشانەی جەنگ و ترس و خراپەیە؟

یەکەمین پرسیار کە ماڵکۆم ئێکس لە خۆیی کرد، بۆچی ھەموو شتە باشەکان بەسپییەتی وەسف کراون، تەنانەت مەسیح چاو شین و ڕەنگ سپییەکی نورانییە لە کاتێکدا مەسیح لە ئورشەلیم (قودس) لە ناوچەی گەرمدا لەدایک بووە، خەڵکی ئەو ناوچانەش ھەمیشە ئەسمەرن! بۆ جلی سپی ھەمیشە نیشانەی شادی و جلی پێغەمبەر و فریشتەکان بووە، بەڵام جلی ڕەش جلی خەم و پەژارە و ماتەمگێڕان بووە و شەیتانەکان دەیپۆشن؟ باشە بۆ ھەمیشە میھرەبانەکان سپی پێستن و ڕەشپێستەکان ھەمیشە دڕەندە و خراپەکار و بەربەرین، لە کاتێکدا ڕەگەزی ھەموو مرۆڤایەتیی لە ڕووی زانستییەوە بۆ ئەفەریقا دەگەڕێتەوە!

ماڵکۆم ئێکس ھەستی بە نھێنییەک کرد لەمەدا کە ھەموو ئەم شتانە کەلتوورێک لە پشتیانەوەیە کە کەلتووری سپیپێستەکان بووە. سپیپێستەکان تەنھا لە ڕووی فیزیکییەوە ڕەشپێستەکانیان کۆیلە و بێنرخ نەکردوە، بەڵکو دەستکاری خەیاڵاتی خەڵکی دونیا و خودی ڕەشپێستەکانیشیان کردوە تا قێز لە بوون و وجود و ڕەنگی خۆیان بکەنەوە! کەواتە ئەمە کەلتووری خۆسەپاندنی سپیپێستەکانی لەپشتەوەیە نەک حەقیقەتێک بێت.

سپیپێستەکان بۆ سەپاندنی خۆیان بەسەر تەواوی دنیادا ئەمەیان تەنھا بەرامبەر ڕەشپێستەکان نەکردوە، بەڵکو لە ئێستادا ئەمە بەرامبەر ھەموو دنیا و بە تایبەت ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. کەسایەتی و وجودێکی ناشرین دروست دەکەن و دەڵێن ئەمە تۆیت، تیرۆرست، گەمژە، ھیچنەزان، ئەحمەق و ناشرینیت، تۆ بۆ ئەوەی جوان بیت پێویستە وەک ئێمە بیر بکەیتەوە، وەک ئێمە جل بپۆشی، وەک ئێمە بخۆیتەوە، وەک ئێمە خۆت دەربخەیت، لایف ستایڵی ئێمە پراکتیزە بکەیت، کەلتووری ئێمە دووبارە بکەرەوە، وەک ئێمە قاوە بخۆرەوە، مێژووی تۆ ناشرینە وەرە مێژووی ئێمە بخوێنەرەوە، وەک ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکەتدا بکە. بەم جۆرە تۆ پێدەچێ دواجار لە ئێمە نزیک بیتەوە، بەڵام ھەرگیز نابیت بە ئێمە.

ماڵكۆم بە تاوانی دزی و خەوتن لەگەڵ کچی سپیپێستدا لە دادگا بە هەشت ساڵ زیندانی سزا دەدرێت. ماڵکۆم قاچاخچی تلیاک و مادەی بێھۆشکەر بوو، بێدین بوو، نەیدەزانی کێیە و چییە، بەردەوام ھەوڵی دەدا قژی خاو بکاتەوە تا لە سپیپێستەکان بچێت. لەبەر کچێکی سپیپێست وازی لەخۆشەویستە ڕەشپێستەکەی ھێنا. ماڵکۆم سەرسام بوو بە سپیپێستەکان لە کاتێکدا سپیپێستەکان ماڵەکەیان سوتاندبوو. ئەوان باوکیان کوشت کاتێک تەمەنی چوار ساڵ بوو، ھەر ئەوانیش بوون وایان کرد کە دایکیان لەبەر نەبوونی باری دەروونی تێک بچێت، دواجار لە یازدە ساڵیدا دایکیشی مرد.

ماڵکۆم نەیدەزانی کێیە، لە زیندان کەسێکی نەناسراو دێت قسەی لەگەڵ دەکات، ماڵکۆم بە توڕەییەوە پێی دەڵێت کە تۆ کێیت؟ کەسە نەناسراوەکەش لە ماڵکۆم دەپرسێت من دەزانم کە من کێم، بەڵام تۆ کێیت؟ خۆت دەزانیت کە تۆ کێیت؟ تۆ چیت و لە کوێوە ھاتویت؟ مێژووی خۆت دەزانیت؟ ئەم پرسیارانە بۆ ماڵکۆم سەرنجڕاکێشن و ھەر بەجددی کە نازانێت ئەو کێیە. ئەو تا ئەو دەمە خۆی بە مرۆڤ نەزانیوە و خۆی لە کەمتر لە سپیپێستەکان تەماشا کردوە، وا تێگەشتوە ژیانی ئەو دەبێت ھەر لە چەرمەسەری و خزمەتکردن و ئیشی نزم بێت و خەریکی دەرمان فرۆشتن و دەرمانکێشان و سێکس بێت، چونکە نازناوی نیگەر Nigger  لە ڕەشپێستەکان نرابوو، کە مەبەست لێی ئەوەبوو ڕەشپێستەکان  بە ڕەچەڵەک کۆیلەن و تەنها بۆ کۆیلایەتیی دروست بوون.

ئەم پرسیارانە ماڵکۆم دەکەن بە خوێنەرێکی جددی، بەردەوام کتێب دەخوێنێتەوە، بەردەوام کتێبەکان ھۆشیارتری دەکەنەوە بە وجود و مێژوو و بوونی خۆی وەک ڕەشێک، کتێبەکان وای لێ دەکەن کە لە سروشتی سپیپێستەکان زیاتر شارەزا بێت و بیان ناسێت، هەروەها تێبگات لەوەی کە ئەو ڕەشپێستێکە کە چەوسێنراوەتەوە و بە کۆیلە کراوە و بێنرخ و بێڕێز و نابووت کراوە، نەک لە بنەڕەتدا نابووت بێت، خراپ کراوە نەک لە بنەڕەتدا خراپەکار بێت، ئەو ناچار بە دەرمانکێشان و جگەرەکێشان کراوە، نەک لە بنەڕەتەوە بۆ دەرمانکێشان و ئەم جۆرە کارانە دروست بووبێت.

سادقی ھیدایەت دەڵێت: کتێبەکان گەر وەک چەکوش نەکێشن بە سەرماندا کتێب نین، یەکێکی تر لە ئەدیبەکان دەڵێت: کتێب دەبێت وەک مشتەکۆڵە بدات بە بنگوێماندا و ھۆشیارمان بکاتەوە. ماڵکۆم بە کتێب ھۆشیار دەبێتەوە ھەر لە نێو زیندان و لە ڕێی کتێبیشەوە ئیسلام دەناسێت.

ئیسلام بۆ ماڵکۆم ئیسلامی بەرەنگاری و یەکسانی ڕەنگەکانە، خودا لای ئەو خودایەکی ڕەشە، شەیتانیش سپیە، ئەم تەفسیرەی یەکێک لە موفەکیرە رەشپێستەکانی ئەمەریکا (ئیلھاج محەمەد) بۆ ئیسلام وا لە ماڵکۆم دەکات کە ببێتە موسڵمان.

کتێبەکانی مارکسیش زیاتر ھانی دەدات کە دژ بە سەرمایەداری سپیپێستەکان بوەستێتەوە. ماڵکوم بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لە زینداندایە بە خوێندنەوە و گفتوگۆوە سەرقاڵە، ماڵکۆم بە کتێبەکان ھۆشیار دەبێتەوە، لە قاچاخچییەکی مادەی ھۆشبەرەوە دەبێتە بەرگریکارێک و شۆڕشگێڕێک بۆ مافی ڕەشپێستەکان و یەکسانی و دادگەری لە ئەمەریکادا.

لە ڕێگەی ئیسلامەوە بەرگری لە ڕەشپێستەکان دەکات، ھەر بە ئیسلامیش جەنگی سەرمایەداری دەکات، تا وای لێ دێت دەبێتە کەسایەتییەکی کاریگەر و ناوداری ئەمەریکا. کەسایەتییەک کە بە سەدان و ھەزاران کەس ئامادەی وتارەکانی دەبن، بە دەیان کەس موسڵمان دەبن، دوای ئەوە ماڵکۆم فیگەرێکی شۆڕشگێڕی مەترسیدارە بۆ ئێف بی ئای. بەردەوام چاودێری دەکەن، تەنانەت یەکێک لە پاسەوانەکانی سیخوڕی ئێف بی ئایە، ھەر جوڵەیەکی ماڵکۆم دەبێتە ڕاپۆرتێکی بەنرخ بۆ ئێف بی ئای.

دواجار ماڵکۆم لە ٢١ی فێبریوەری ١٩٦٥دا لە وتارێکدا لە لایەن پێنج ڕەشپێستی ترەوە دەکوژرێت. ماڵکۆم مرد بەڵام میراتێکی فیکری شۆڕشگێڕی لە دوای خۆی بەجێ ھێشت. دوای ماڵکۆم جەندین گەنج و جەندین گروپی ڕەشپێست دروست بوون، کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی ماڵکۆم بوون لە بەرگریکردنی مافی ڕەشپێستەکان و یەکسانی ڕەگەزی لە ئەمەریکادا، کە بە ئێستەیشەوە بەردەوامی بەو میراتە دەدەن. ماڵکۆم ئێکس ھاوشان لەگەڵ دکتۆر مارتن کینگ و ئەنجێلا دەیفس و کۆرناڵ وێستدا بوونەتە میراتی فیکری بزوتنەوەی بەرەنگاریی ڕەشپێستەکان لە ئەمەریکادا.

فیلمی ماڵکۆم ئێکس Malcolm X فیلمێکی بایۆگرافی دراماتیکییە کە ژیانی ماڵکۆم ئێکس دەگێرێتەوە لە منداڵییەوە تا مەرگ. لە فیلمەکەدا گەورە سیاسی و سەرۆکی کۆچکردوی کۆریای باشور (نیڵسۆن ماندێلا) تێیدا بەشداریەکی کورتی ھەیە. دینزێڵ واشنتن کارەکتەری سەرەکییە و ڕۆڵی ماڵکۆم ئێکس دەگێڕێت. ئەنجێلا باێست ڕۆڵی دکتۆرە بیتی شابازی ھاوسەری ماڵکۆم دەگێڕێت. فیلمەکە ٢٢١ دەقەیە و یەکەمین پەخشی فیلمەکە لە سینەمادا لە ١٨ی نۆڤەمبەری ١٩٩٢دا بووە. دەرھێنەر و نووسەری فیلمەکە، (سپیک لی و ئارنۆڵد پێڕڵ)ن کۆمپانیای بەرھەمھێنەری فیلمەکە ( 40 Acres and a Mule Filmworks)  بووە. تێچووی فیلمەکە ٣٥ ملیۆن دۆلار بووە، داهاتەکەی ٤٨.٢ ملیۆن دۆلار بووە بۆ کۆمپانیای بۆڵس ئۆفیس.

هاوبەشی بکە

Malcom X,