02/05/2024
DidiMn Logo
Top

گۆرانیی کوندەپەپوو

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

دیدی من – مارگرێت ئاتود
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدولڕەحمان

من دڵی ژنێکی کوژراوم،
کە بە ڕێگایەکی هەڵەدا گەڕایەوە بۆ ماڵەوە
لە گەڕەکێکی فەرامۆشکراودا خنکێندرا و
نەنێژرا
بە وریایی لەژێر دارێکدا پێکرا
بە چەقۆیەکی تیژ پارچەپارچە کرا

ئێمە زۆرین…

پەڕەکانم گەورەکردن و
ڕێگەی دەرچوونمم لێوەی دڕاند
شێوەم وەک دڵێکی پەڕدارە
دەمم چەقۆیە،
دەستەکانم ئەو تاوانانەن،
کە بە دەستەکان کراون

لە دارستانێکدا دادەنیشم
لە مەرگ ڕادەمێنم،
چەند بێمانایە:
کە زۆر شێواز هەن بۆ مردن
بەڵام تەنها یەک گۆرانی
لە ڕەنگی تەمدا دەنووسرێت: بۆچی؟ بۆچی؟

تۆڵەم ناوێت
کەفارەتم ناوێت
تەنها دەمەوێت لە کەسێک بپرسم
کە چۆن ونبووم؟
من چۆن ونبووم؟

من دڵی ونبووی بکوژێکم
کە هێشتا کەسی نەکوشتووە
کە هێشتا نازانێت دەیەوێت بکوژێت
کە هێشتا وەک ئەوانیترە

من بۆی دەگەڕێم
ئەو وەڵامی بۆ من پێیە
ئاگاداری هەنگاوەکانی دەبێت
خۆپارێز و توندوتیژ دەبێت
چڕنوگەکانم لە دەستەکانییەوە دەڕوێن و
ئەو ناگیرێت.

هاوبەشی بکە