18/07/2026
DidiMn Logo
Top

نەفرەتی نەوبەهاران و سەفەرێکی سەرتاسەری بە ناو ئێراندا

لە لایەن دیدی من 4كاتژمێر پێش ئێستا

مەریوان هەڵەبجەیی – تاران

نەفرەتی نەوبەهاران دەبێتە جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕ لە ئێراندا

ساڵێک پێش وەشانی کوردیی ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”، نووسەر ڕۆمانەکەی پێدابووم و وەرمگێڕابووە سەر زمانی فارسی و بەهۆی سانسۆری زۆر و پرۆسەی دژواری چاپەکەی لە ئێراندا، لە پاش سێ ساڵ و بە لابردنی چەند دێڕێک، مۆڵەتی چاپی وەرگرت و لە بەهاری ئەمساڵ و لە ڕۆژگاری پڕ لە ترسی نێوان شەڕ و ئاگربەستدا بڵاو بووەوە.

ئەوەی ببووە مایەی نیگەرانیی زۆرم ئەوە بوو، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا مۆڵەتی چاپیان بە کتێبەکە نەدەدا، نرخی کتێب لە ئێراندا ڕیکۆردێکی مێژوویی لە مێژووی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئێراندا تۆمار کرد و نرخی کتێب شەش بەرامبەر گران بوو! لەوەش ترسناکتر، قەدەغەکردنی نەمانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هێڵی ئینتەرنێت بە گشتی لە ئێراندا بوو. لە ئێراندا سەرچاوەی ئەسڵیی فرۆشتنی کتێب و پڕوپاگەندەکردن بۆ کتێب و کۆی کاڵا کولتوورییەکان و پێوەندیی نێوان کتێب و خوێنەران، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. نەبوونی ئینتەرنێت تا ئاستی داڕووخانێکی گەورە، بازاڕی کتێب و چاپکردنی لە ئێراندا وێران و لەناو برد. هیچ خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێران بۆ ماوەی پێنج مانگ کتێبیان چاپ نەکرد و ئەوەش بووە هۆی قەیرانێکی کولتووری و ئابووریی گەورە لە وڵاتەکەدا، تا ئەو ئاستەی دەکرێ بڵێین مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکە بە خۆیەوە نەدیوە. تەنانەت لە مێژووی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقیشدا شتی وا ڕووی نەداوە!

دەیان کتێبفرۆشیی تاران و شارە گەورە و بچووکەکانی ئەو وڵاتە داخران و بەشێکیان کران بە دەرمانخانە. بە بێ ئینستاگرام، یوتیوب، فەیسبووک، تەلەگرام و واتساپ، چالاکیی کولتووری بە هیچ شێوەیەک لە ئێراندا ناڕوات بەڕێوە و تووشی کێشە و قەیرانی گەورە بووەتەوە و ناتوانن بەردەوامی بە ژیان و کار و چالاکییەکانیان بدەن. ئینستاگرام، تەلەگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی، سەرچاوەی سەرەکیی پەخش و ناساندنی کتێب و پردی پێوەندیی نێوان کتێب و خوێنەرن لە ئێراندا. تا مانگی ڕابردووش دەبوو بە شێوەی نەریتی وەک سەدەیەک لەمەوپێش، هەواڵی چاپی کتێب بە کەسێک بگەیەنیت! بە تەلەفۆن یان دیداری ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو هەواڵی چاپی بەرهەمێکی نوێ ڕابگەیەنیت!

لە دۆخێکی وادا و بە ناچاری، کاتێک شاکارێکی مەزنی نووسەری گەورەی کورد بەختیار عەلی، “نەفرەتی نەوبەهاران” بڵاو بووەوە، ڕووم لە ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ کرد و لە چەندین ناوەندی کولتووریی ئێرانیی ئەو دوو شارە، چەندین مەراسیمی واژۆکردنم بۆ ڕۆمانەکە بەڕێوە برد و پاشان گەڕامەوە بۆ یانەکانی کتێبخوێندنەوە و ناوەندە کولتوورییەکانی تاران و چەندین مەراسیمی واژۆکردنم لە ناوچە جیاوازەکانی تاراندا ئەنجام دا.

وەرگێڕانی فارسیی ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” لە کەمتر لە مانگێکدا چاپی یەکەمی تەواو بوو، چاپی دووەم کرایەوە و لە ئێستادا و پاش چەندین کۆڕ و چالاکی بە ئامادەبوونی وەرگێڕی کتێبەکە و بە بۆنەی بڵاوبوونەوەیەوە، چاپی دووەمی تەواو بووە و لەم ڕۆژانەدا چاپی سێیەمی بڵاو دەبێتەوە. هەر لەم ماوە کەمەدا و لەگەڵ پێشوازیی زۆر گەرمی خوێنەراندا لەم شاکارە مەزنەی ئەدەبیاتی کورد، چەندین ڕەخنەگری ئێرانی لە ستایشی ڕۆمانەکەدا نووسیویانە و ئاماژەیان بەوە کردووە، بەختیار عەلی جارێکی تر و بە بەرهەمێکی ناوازەی ترەوە گڕوتینێک دەدات بە بازاڕی کتێب و ناوەندی بێدەنگ و مەنگی ئێران دەخاتەوە گڕوتین و جۆشێکی زۆر و، دیسان ڕۆمانێکی کوردی دەبێتە چەقی گفتوگۆی ناوەندی ئەدەبیی ئێران و سەرنجی هەمووان بۆ خۆی ڕادەکێشێت.

هاوبەشی بکە

bakhtyar ali, Mariwan Halabjayi,