06/05/2024
DidiMn Logo
Top

“مەسخ”ی کافکا و سەرمایەداری: ڕەخنەیەکی مارکسیستی دەربارەی بێبایەخکردنی مرۆڤ

لە لایەن دیدی من 7 مانگ پێش ئێستا

وەرگێڕانی: ئاڤان سابیر

“مەسخ” یەکێکە لە دیارترین کورتەڕۆمانی نووسەری چیکی فرانز کافکا و بەرهەمێکی هەرەگرنگی ئەدەبیاتی سەدەی بیست و ئەم سەدەیەیە کە لە ساڵی ١٩١٥دا بڵاوکراوەتەوە. چیرۆکەکە لەدواگەڕانێکی قووڵە بەناو دەروونی مرۆڤدا لە میانەی هەبوونی کۆمەڵگایەکی خێرا پەرەسەندوو لە پیشەسازی و سەرمایەداریدا. کافکا لەم گێڕانەوەیەدا حەقایەتی شێوەگۆڕان وەک وێنەدانەوەی ئەو نامۆبوون و بەشبڕانەی تاکەکان لە تەواوی خەسڵەت و مافەکانی خۆیان پیشان دەدات کە زۆرجار لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا ئەزموونی دەکەن. ناوەڕۆکی ئەم کورتەڕۆمانە بریتییە گۆڕانی تاسێنەرانەی شێوەی گریگۆر سامسا – کە فرۆشیارێکی گەڕۆکە وەک نوێنەری ئەو شوێنەی کاری بۆ دەکات، دەگەڕێت بەنێو شارەکاندا بۆ ناساندن و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان – بۆ مێروویەکی زەبەلاحی بێزراو. ئەم گۆڕانە کتوپڕە نیشانەی ئەو نامۆبوون و بێبایەخبوونەی مرۆڤی کۆمەڵگا بۆرژواییە هاوچەرخەکانە. گریگۆر کە ئێستا لە ڕووی جەستەییەوە قێزەوون و نامۆیە بە خێزانەکەی، لە ماڵەکەی خۆیدا دابڕاوە و لاتەریک کراوە.

کارل مارکس، ڕەخنەگرێکی دیاری سەرمایەداری، لەمەڕ چەمکی نامۆبوون و پەیوەندی بە بنیاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا، تیشکی خستە سەر چوار ڕەهەندی دیار: نامۆبوون بە بەرهەمی کاری مرۆڤ، نامۆبوون بە خودی پرۆسەی کار، نامۆبوون بە مرۆڤەکانیتر و نامۆبوون بە توانای مرۆڤ خۆی. بە قوڵبوونەوە لەم چیرۆکە، دەردەکەوێت کە گۆڕانەکەی گریگۆر هەمان ئەو جۆرە نامۆبوونانە بەرجەستە دەکات، کە دەریدەخات چۆن سەرمایەداری دەتوانێت تاکەکان نەک تەنها لە کارەکانیان بەڵکو لە گەوهەری بوونێتی و هەستی خۆبوونیان بێبەریببن.

پیشەی گریگۆر وەک نوێنەرێکی بفرۆشی گەڕۆک، سەختی و زۆری کاتژمێری کارکردن و شارانگەڕی زۆر، سروشتی چەوسێنەری کار لەناو سیستمی سەرمایەداریدا دەخاتە ڕوو. گریگۆر ماندوونەناسانە کاردەکات بۆ دانەوەی قەرزەکانی خێزانەکەی، کە گوزارشتی ئەو بارگرانییە لەڕادەبەدەرەیە تاکەکان بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لەناو سیستمی سەرمایەداریدا هەڵیدەگرن. لەسایەی ئەم کۆڵەمەرگییە بێوچانە و گوشارەکانی، ئەوەی لە تاک دەمێنێتەوە تەنیا چالاکییەکی ئەبستراکت و پێناسی تاکە وەک ئامێرێکی بەرهەمهێنان و ڕاماڵینییەتی لە بوونیەت و ژیانی کۆمەڵایەتی چواردەوری، کە ئەمەش دەرخەری واقیعە تاریکەکانی جیهانێکی سەرمایەدارییە. هەروەها، پەیوەندی خێزانیی خانەوادەی گریگۆر دەرخەری ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییەیە کە سەرمایەداری بەردەوامی پێدەدات. گریگۆر لەسەرەتادا تاکێکی چینی کرێکارە و قورسی دارایی خێزانەکەی لەسەر شانە و خێزانەکەی بە سەرچاوەی سەرەکی داراییانی دادەنێن. بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانەی بەسەریدا دێت و بێتوانی لە دابینکردنی بژێوییان و چاوەدوایی و ویست و تەمایان، خێزانەکەی پشتی تێدەکەن. لێرەدا کافکا، لەڕێی ئەو جیاوازییە چینایەتییەی لەچوارچێوەی ئەم خێزانەدا دەکرێت، بەڕوونی دەیهەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە چۆن کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکان دەکرێت بێڕەحم و دڵڕەقبن بەرامبەر بەو تاکانەی کە ناتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە خزمەت بکەن. لەلایەکیترەوە ئەم چیرۆکە گوزارشت لە بەکاڵاکردنی هێزی کار دەکات، کە بنەمایەکی سەرەکی ڕەخنەی مارکسە لە سەرمایەداری. لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریدا هێزی کار وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە لە بازاڕدا بکڕدرێت و بفرۆشرێت. ئەم تێڕوانینە داشکانگەرییە، بێڕێزییە بە هەست و بەهای تاک. بەهای گریگۆر دادەشکێتە ئاستی توانای لە بەرهەمهێنانی داهاتدا، کە ئەمەش هەمدیس دەرخەری ئەوەیە کە چۆن تاکەکان لە کۆمەڵگایەکی وەهادا زۆرجار مافی مرۆڤبوونیان لێدەسەندرێتەوە لەپێناو مانەوەیان لەژیاندا، وەک کەمتر لە کاڵایەک سەیر دەکرێن، و بەهایان لەسەر بنەمای بەشدارییە ئابوورییەکانیانە نەک بەها مرۆییەکان.

کافکا لە چیرۆکەکەیدا زۆر زیرەکانە هێماگەری بەکاردەهێنێت. شێوەگۆڕانی گریگۆر بۆ مێروویەک زیاتر دەگەیەنێت وەک لە گۆڕانێکی ئاسایی لە جەستەیدا-بەڵکو گوزارشتە لە گۆڕانی مەجازی باری کۆمەڵایەتی تاکەکان، کە لەژێرباری سەرمایەداریدا تووش دەبن. مێرووەکە، کە بەگشتی ترس و قێزەونی بەبیردا دەهێنێت، ئەو کاریگەرییە ڕووندەکاتەوە کە پێشبینییەکانی کۆمەڵگا و فشاری ئابووری لەسەر دەروونی مرۆڤیان هەیە. لە جیهانێکی وەهادا، کە پێویستی بەردەوامی کارکردن و بەدەستهێنانی داهات بزووێنەری کۆمەڵگایە، تاک ناسنامە و بوونیەتی خۆی لێدەسەندرێتەوە و لە ئامێرێک زیاتر نییە، وەک چۆن مێرووەکە بە بێزراو سەیر دەکرێت، هەتاوەکوو وای لێدێت ئیدی لە داڕێژگە کۆمەڵایەتییەکاندا جێگای نابێتەوە. جگە لەوە، کۆتوبەندێتی گریگۆر لە گۆشەیەکی ژوورەکەیدا دەرخەری ئەو پەڕگیریەیە کە تاکەکان لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا ئەزموونی دەکەن؛ زۆرجار گیرخواردنیان بەهۆی داپڵۆسانیان لەنێو ئەرک و بەرپرسیارێتیەتیدا. ئەو کۆتوبەندەش ئەزموون، خۆبەڕێوبەری، گەشەی هەستەکی و بەرکەوتەی کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات و هەستی گیرخواردن لە سووڕێکی بەردەوامی کارکردن و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگادا بەهێزتر دەکات. ئەوەی کە ئەم خێزانە پێیدا تێدەپەرن، ئاماژە بە نەبوونی پەیوەندی و تێگەیشتنی درووست و ڕەوان دەکات کە لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا باوە. بێتوانایی گریگۆر لە دەبڕینی بیرکردنەوەکانی، لەگەڵ مەیل لێنەبوونی خێزانەکەی لە تێگەیشتن لێی، جەخت لەسەر تێکچوونی پەیوەندییە مرۆییە بایەخدارەکان دەکەنەوە بەهۆی زێدە گرنگیدان بە پرسە داراییەکان. هەروەها، بەلای کافکاوە هەڵبژاردنی فرۆشیارێکی گەڕیدە وەک کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکە، زۆر گرنگە. فرۆشیارانی گەڕیدە، دروشمی هەوڵدانی بێوچانی دەستکەوت و فشاری بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ئامانجی کارەکەیان کە بریتییە لە فرۆشتنی زیاتر، قازانجی زیاتر و ئامانجەکانیتریان کە لەلایەن کۆمپانیاکانییانەوە دادەنرێن، ئەمەش گوزارشتی سروشتی بورژوایی بازاڕی ئازادە کە تێیدا تاکەکان و ڕێکخراوە بازرگانییەکان دەکەونە کێبڕکێی یەکدی لە بەدەستخستنی ئامانجە داراییەکانیان. بەم شێوەیە دەبینین ژیانی گریگۆر وەک فرۆشیارێکی گەڕیدە، سروشتی بەدواوێڵی کارکردنی سەردەم نیشان دەدات، کە زۆرجار تاکەکان لە پێناو برەو پێبردنی ئابوورییاندا، سەقامگیری و ڕۆتینی ڕۆژانەیان لەبنچەوە دەرکێشراوە.

لە کۆتاییدا, دەتوانرێ بوترێت “مەسخ”ی فرانز کافکا چیرۆکێکە کە بەقووڵی ڕۆدەچێتە ناو ناخی تاکێک کە ژێردەستەی کۆت و زەبری سیستمی سەرمایەداریدارییە. لە ڕێگەی هێماگەرییەوە، کافکا بێبایەخبوونی مرۆڤ، نامۆبوون بە خۆ و نەبوونی پەیوەندی ڕاستەقینە دەخاتە

بەرچاو کە تاکەکان لەناو سیستەمێکی لەو جۆرەدا ئەزموونی دەکەن. ئەم بەرهەمەی کافکا وەک ڕەخنەیەکی هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە و هانی کۆمەڵگا دەدات بیر لە ئاکامی ڕاستەقینەی بەهادان بە بەشدارییە ئابوورییەکانیان بکەنەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا و داوای جیهانێکی پڕبەزەییتر و هاوسۆزتر دەکات

هاوبەشی بکە