دیدی من – شاڵاو حەبیبە
بە پێی تێکستەکەی سەمەد بێهرەنگی، لە هەر دوانزە هەزار کوردێک تەنیا یەک دانەیان بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە و بڕیار دەدات بیگۆڕێت. ئەگەر تۆ هەموو تەمەنت لەنێو جۆبارێکدا ژیابیت قورسە بیرکردنەوە لەوەی ڕووبەری گەورەتر و بگرە دەریا بوونی هەیە. ڕەنگە گرەو لەسەر ئەوە بکەیت دەریا تەنیا وەهمی ئەوانی ترە، ئەگەر بشبیتە مایەی پێکەنین بە لاتەوە سەیر دەبێت.
لەم ڕووەوە شیعرێکی ڕیچارد براوتیگانم بیر دەکەوێتەوە، باسی منداڵێکی ژیکەڵەیە، شەوان چونکە بەر لە خەو دەکۆکێت، لای وایە هەموو منداڵانی جیهان شەوان بەر لە خەو دەکۆکن، بەڵام ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە تەورێک لە چەشنی کتێبێک کە کافکا دەڵێت پێویستە بەستەڵەکی سەرمان بشکێنێت، دەکێشێت بە دنیاکەی خۆیدا. لێرەوە گەشتێک دەست پێ دەکات، کە سەردەمێک دەبێتە مانیفێستی ئەوانەی شۆڕشی حەفتاونۆی ئێرانیان هەڵگیرساند، ئەو شۆڕشەی بۆ بەیانییەکەی زۆرێک لێی پەشیمان بوونەوە. دنیای ئەمڕۆی ئێمەی کوردیش لە هەمان ساتەوەختدا گیری خواردووە، پێویستیی گۆڕانێکی بنەڕەتی ساڵانێکە هەست پێ دەکرێت، هەروەها دەتوانین بڕێک لەو نیشانانە ببینین، کە خەریکە شتێکی جیاواز ڕوو دەدات، بەڵام چ دنیایەکی نوێ چاوەڕێمان دەکات؟ ئایا ئێمەیش هەر ڕۆژی یەکەم دوای شۆڕش لە هەموو شتێک پەشیمان دەبینەوە و چارەنووسمان وەک ماسییەکە بەرەو تاریکی و نادیاری دەڕوات؟ هەرچەندە لە ئێستاوە دۆخی ئێمە لە ڕۆژانی پاش حەفتاونۆی ئێران دەچێت، هەرچەندە هێشتا ڕووی نەدابێت.
مخابن ڕۆشنبیری ئێمە، لە بری ئەوەی پڕۆژەیەکی تیۆریی لۆژیکی یان پراکتیکیی بۆ خوێنەرەکانی پێ بێت، خۆی بە شوێن مەیلی خوێنەرەکانی کەوتووە و لەو چەشنە کتێب و ئەدەبیاتە بەرهەم دەهێنێت کە ئەوان پێیان خۆشە. ئەوانیش زۆرینەیەکن بە شوێن خنکاندن و بەرتەسکردنەوەی ژیانی ئینسانی کوردەوەن. ڕۆشنبیری کورد بە سرووشت لەوە دەترسێت کەسایەتییەکەی بە هۆی نووسینەکانییەوە لای زۆرینەی خوێنەر (ناشیرین) بکەوێتەوە؛ بە دوای زمانێکەوەیە ئەو زۆرینە دەمڕووتە لێی نەکەونە دەنگ، چونکە ڕووبەرە گەورەکەی دنیای ئێمە پێک دەهێنن. بۆیە دەبێ زۆر ئاگەدار بین، ئەوانەی بانگەشەی دنیایەکی نوێ و لەناوبردنی دەسەڵاتە ئەنیمەیشنییەکانی ئەمڕۆ دەکەن، خۆیشیان لە کەمیندان بۆ ژیانی ئێمە، ئەوانیش ئەو گورگانەن کە ئێمە وەک بەرخەکانی خۆیان دەبینن، کە بە دەست دوو ئاغاوە گیرمان خواردووە و لەولاشەوە ڕۆشنبیری کورد بێئاگا لە خۆی/یان بە مەبەستەوە بەرەو ئاغای سێیەم ئاراستەمان دەکات، کە زۆر ترسناکتر لە دوانەکەی ترە.
بەڵام ئەگەر خەونەکەی بێهرەنگی، تەنیا وەک گۆڕانێک لە ژیانی تاکدا وەربگرین، ئەمەشیان زۆر هیوای لەسەر هەڵناچنرێت، چونکە ئەوان لە ناوەندی شەڕی مەلاکان و ڕۆشنبیرەکاندان، کە لە ئێستادا مەلاکان براوەن، چونکە چەکی ڕۆشنبیرەکان چەکێکی کۆنینە و بێکەڵک دەرچووە، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە هەوڵی ڕۆشنبیرەکان، بەرەکەی تر لێی سوودمەند بوونە. بۆیە سەرەنجام هەرچەندە یەک لە دوانزە هەزار کە ژمارەیەکی فرەگەورەکراوە و دەشێ هێشتا ئومێدێکی بچووک هەبێت ئەو کەسە نەهێڵێت لەو تاریکییە کوردییەدا چراکەی ناوەوەی بکوژێتەوە، بەڵام ئەنجامی هەوڵەکەی لەوە ناچێت دڵخۆشکەر بێت، چونکە مەلاکان و حزبه دینییەکان باشتر توانییان گەنجەکان بەرن بۆ خۆیان. ڕۆشنبیری ئێمە نەیتوانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئینسانی کورددا درووست بکات، هەرچەند بە ڕواڵەت لە پەیوەندییەکی باڵادان.
قسەیەکی ئیڵۆن ماسک پەیوەست بە درێژکردنەوەی ژیانی ئینسانەوە بۆ باسەکە زۆر سەرنجڕاکێشە، بەم جۆرەیە “چ پێویست دەکات وا بکەین مرۆڤ زۆرتر بژی، خۆ ئاخری ئامادە نییە بیروباوەڕە پڕوپووچەکانی بگۆڕێت.” هەرچەندە ئێستا ماسییەکی ڕەشی بچووک هەیە و لە هەوڵێکی (پرتەقاڵی)ـی جددیدایە بۆ گۆڕینی ژیانی خۆی، بەڵام لە دنیای ئێمەدا چارەنووسی ئەوەیە کە دەیخۆن. ژمارەی ماسیخۆرەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێجگار زۆرتر لە ژمارەی ماسییە ڕەشە بچکۆلەکانە. لە هەر خێزانێکی کوردیدا لایکەم دانەیەک لەم ماسیخۆرانە هەن. سەرەڕای ئەوەیش دەبینی ماسییە ڕەشە بچکۆلە خەونبینەکان کەوتوونەتە وێزەی یەک، ئەمە دەردێکی قورسترە، لەو سەرەوەش ماسیخۆرەیەک سفرەی ڕازاندووەتەوە کە بیانخوات. ئەوە ژیانی ئێستای ئێمەیە، وەک شەڕی دوو مشک لەسەر پارچەیەک زبڵ لەناو مەکینەیەکی ڕیسایکلیندا.
لە دنیایەکی ئاوادا تەنیا هیوا دەمێنێتەوە، بۆیە هیوادارم ئەو تاقەکوردەی، کە لە دوانزە هەزار ماسی دانەیەکیان، بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە، بە جۆرێک وێرانی نەکات کە ساڵانی ساڵ کاتی بوێت تا تۆزێک چاک بکرێتەوە. بەڵام سەرەتا پێویستە ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە نەخورێت. لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جارجار مرۆڤگەلێک دەبینین کە خەون بە دنیایەکی ترەوە دەبینن، زۆر کەمن، چەند چرکەیەک دێن و ون دەبن، ئەوانە ماسییە ڕەشە بچکۆلەکانی ئێمەن. تەنانەت پێم وایە بەشێک لە کچانی مۆدێل، میدیاکاران، گۆرانیبێژە تازەکان، ئینفڵۆنسەر و ئەکتەرە کچەکان و هەتا بەشێک لەوانەی چالاکی تیک تۆک یان هەر تۆڕێکی ترن، کە لەژێر زەبرەکانی مەکینەیەکی گەورەی نەفرەت و ڕقوکینەدان و زۆرجار ڕۆشنبیری بێئاگاش سووتەمەنیی ئەو مەکینەیە بەردەست دەخات، لە ماسییە ڕەشە بچکۆلەکانی ئێمەن.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.