18/04/2024
DidiMn Logo
Top

‎مێتۆدی گومانکردن و پرسیارکردن لە گەڕان بەدوای مەعریفەدا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

‎دیدی من – زامۆ عەلی عومەر

‎”من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم”
پوختەیەک لە فەلسەفەی گومانی ڕێنێ دیکارت: مێتۆدی گومانکردن و پرسیارکردن لە گەڕان بەدوای مەعریفەدا.

“من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم.” کاتێک کە گوێبیستی ئەم ڕستەیە دەبین، زۆرێکمان ئاشناین پێی و پێشتر بیستوومانە، بەڵام دەکرێت زۆربەیشمان خاوەنی وتەکە نەناسین. ئەم وتەیە مانایەکی زۆر قوڵتر هەڵدەگرێت لە مانا ڕووکەشەکەی، ئەم ڕستەیە ئەو دروشمە بوو کە دەرگای سەردەمی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا کردەوە لە سەدەی ١٧دا. «ڕێنێ دیکارتی» خاوەنی ئەم وتەیە، یەکێکە لە فەیلەسوفە دامەزرێنەرەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریی. لە دایکبووی ساڵی ١٥٩٦ لە وڵاتی فەڕەنسایە.

‎دێیکارت بە بەدیهێنەری فەلسەفەی مۆدێرن ناسراوەو ھەروەھا بە دامەزرێنەری فەلسەفەی ئەقڵانییەت دادەنرێت کە بەهۆی مێتۆد و تیۆرییەکانی ئەوەوە سەری هەڵداوەو بە تەواوی کیشوەری ئەوروپادا بڵاوبووەوە. کارەکانی بیرمەندێکی وەک دیکارت بوون کە ئەو سەردەمەیان بە سەردەمی ڕۆشنگەریی و سەردەمی ژیری ناوزەد کرد.

‎گرنگترینی کارەکانیشی کتێبی “تێڕامان لە فەلسەفەی یەکەمدا”یە، کە تێیدا دێیکارت کۆمەڵێک یاسا و بنەما دادەنێت بۆ گەڕان بەدوای مەعریفە و فەلسەفەدا، هاوشێوەی ئەو یاسایانەی کە بیرکاری و فیزیا و گەردوونناسی پێناسەدەکەن. هۆکاری ئەمەیش، بلیمەتی دیکارت خۆی بوو لە بواری زانستیی و بە تایبەتی بیرکاریدا، وە تێگەیشتنی بۆ بیرکاری و زانستەتەجریبییەکانی پراکتیزە کرد بەسەر فەلسەفە و مەعریفەدا.

‎”ئەگەر تۆ داواکارێکی ڕاستەقینەی ڕاستییەکانیت، ئەوا گرنگە کە لە ژیانتدا گومان لە تەواوی شتەکان بکەیت، ئەگەر تەنیا یەک جاریش بێت. […] گومان بناغەی داناییە.” ئەم وشانەی دیکارت بنەمای یەکەم و سەرەتای مێتۆدەکەی دەنوێنن لە گەڕان بەدوای مەعریفەدا، کە ئەویش مێتۆدی گومانە. سەردەمە فکرییەکانی پێش دێیکارت دەستتێوەردانێکی بێسنووری بەخۆیەوە بینیبوو لەلایەن فیکر و نەریتی ئایینی و کلتورییەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. ژیانی مرۆڤەکان و مەودای فیکرییان پڕکرابوون لە هێڵی سوور و موسەللەماتی پیرۆز کە ڕەخنەگرتن لێیان و پرسیارکردن لەسەریان بە کردارێکی نادروست و دوور لە “دابونەریت” دادەنران. بەمەیش زانست و هونەر و وێژە و تەواوی کایەکانی تری ژیان لە قوڕێکی خەستتدا چەقیان بەستبوو. دیکارت بە مێتۆدە نوێیەکەی، بنەمای گومانی هێنایە کایەوە، کە بەپێچەوانەی بۆچوونی کۆن دەڵێت: “هیچ شتێک نییە کە پرسیار و گومانی لەسەر نەکرێت و بەدواداچوونی بۆ نەکرێت.” مێتۆدی گومان هەوڵ بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان دەدات لەڕێگەی گومانکردنێکی بێسنوورەوە، دواتریش وەڵامدانەوەی ئەو گومانانەیە لەڕێگەی بەدواداچوون و تێفیکرین و تێڕامانێکی قووڵەوە. دیکارت خۆی بیرۆکەکەی بەسەر بوونی خۆیدا جێبەجێکردو پرسیار و گومانی لە بوونی خۆی کرد. بەشێوەیەک کە پرسی: ئایا هیچ بەڵگەیەک هەیە کە من هەم؟ یاخود بەڵگەی ئەوە چییە کە من لە خەوێکدا نیم و ئەوەی کە من پێی دەڵیم واقیع خەو نییە؟ سەرەتا دیکارت دەپرسێت ئایا دەکرێت لەڕێگەی هەستەکانەوە هەستبکەم بەوەی کە هەم؟ لە وەڵامدا دەڵێت نەخێر، چونکە هەست دەکرێت ناڕاست و هەڵخەڵەتێنەر بێت. مەرج نییە ئەوەی هەستی پێدەکەین ڕاست بێت. گومانکردنی دیکارت لە هەبوونی خۆی گەیاندییە ئەو ئەنجامەی کە بڵێت: من هەست ناکەم، من گومان و پرسیار دەکەم، لەبەر ئەوەی من گومان دەکەم ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە من بوونم هەیە. لەبەر ئەوەی ئەو گومانە بیرکردنەوەیەکی لەپشتەوەیە، کەواتە ئەبێت مێشکێکیشی لەپشتەوە بێت کە زیندووە و بیردەکاتەوە و گومان دەکات. ئەم دەرەنجامەش، بەناوبانگترین دروشمی تێفیکرینی لێکەوتەوە: “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم.”

‎ئەم مێتۆدەی بیرکردنەوە ناسراوە بە “کۆگیتۆی دیکارتی،” لە دەربڕینە لاتینییەکەی ئەو دروشمەوە: “کۆگیتۆ، ئێرگۆ سەم.” ئەم دەرەنجامەی دیکارت پێیگەیشت دوو جۆر تێگەیشتن لەخۆدەگرێت. یەکەمیان لەلایەنی زانستی و تەجریبییەوەیە، کە دێیکارت بوونی خۆی بەوە سەلماند کە بیردەکاتەوە و گومان دەکات، کەواتە لە زانست و مەعریفەشدا گومانکردن یەکەم هەنگاوی گەیشتنە بە ڕاستییەکان و ئەو فاکتانەی کە دەیانسەلمێنن. وەک زانایەکی بلیمەتی بیرکاری، دیکارت دەڵێت “لای من هەموو شتێک دەچێتەوە سەر بیرکاری و  بیرکاریش کاتێک دەگاتە ئەنجام ئەو ئەنجامە نەگۆڕە و ڕاستییەکی ئەبەدییە.” بە واتایەکی تر، ڕاستییەزانستییەکان لە هەموو کاتێک و هەموو سەردەم و شوێنێکدا هەمان ئەنجام دەگەیەنن، بۆ نموونە لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا و لە هەموو سەردەمێکدا، ١+١=٢، و هیچ هێزێک و سەردەمێک و هزرێکی تر ناتوانێت ئەو ئەنجامە بگۆرێت. لەبەر ئەوەی هەموو ڕاستییەکان دەبێت وەک بیرکاری نەگۆڕ بن و بچنەوە سەر ئەو، کەواتە دەبێت هەمان بناغەی تێفیکرینیان هەبێت کە ئەویش گومانکردن و پرسیارکردنە. واتە لەلای دیکارت گەیشتن بە ئەنجامێکی ڕاست و نەگۆڕ مەحاڵ نییە، بەڵام دەبێت لەڕێگەی گومانێکی بێسنوورەوە ڕووبدات. هەرکەسێک بەبێ گومان و بەبێ پرسیارکردن بانگەشەی ئەوە بکات کە گەیشتووە بە ڕاستی، ئەوا لە خەیاڵدا دەژی و ڕاستییەکی ساختەی لەلایە کە لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەقڵ و گومان و پرسیارە لۆژیکییەکاندا هەرەس دەهێنێت.

‎تێگەیشتنی دووهەم بۆ کۆگیتۆی دیکارتی لایەنە فەلسەفییەکەیەتی. “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم” ئەوە دەگەیەنێت کە بەپێچەوانەوە ئەگەر بیرنەکەمەوە کەواتە بوونم نییە. ئەمەیش بەسەر هەموو کەسێکدا لە هەموو سەردەم و شوێنێکدا پەیڕەو دەبێت. ئەو مرۆڤەی بیرناکاتەوە تەنیا بە جەستە بوونی هەیەو لەڕووی هزرییەوە، کە لەلای دێیکارت ڕووە سەرەکەییەکەیە، کەسێکی مردووە و بوون و نەبوونی وەک یەکە. لەبەر ئەوەیە گومانکردن و پرسیارکردن لە گەیشتن بە مەعریفەدا بێسنوورن، ئەو کەسەی کە بیریشدەکاتەوە بەڵام سنوورێک هەیە بۆ بیرکردنەوەکەی، بوونێکی سنوورداری هەیەو ناگات بە ئەنجامێکی دروست. وەک ئاماژەمان پێدا، بیرۆکەکانی دیکارت لەدوای سەردەمانێکەوە سەریان هەڵدا کە کردار و بیرکردنەوە و فیکری مرۆڤەکان پڕبوون لە هێڵی سوور، چ لەڕووی ئایینییەوە بووبێت یان لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. بە تێگەیشتن لە فەلسەفەی ئەقڵانیەتی دێیکارت، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەرکەسێک لە بیرکردنەوەیدا هێڵی سووری هەبێت، یاخود موسەللەماتی هەبێت کە نەتوانێت گومانیان لەسەر بکات، بیرکردنەوە سنووردارەو مێشکێکی سنووردار هەرگیز ڕاستییەکانی لەلا نییە و تەنانەت لە پڕۆسەی گەڕان بەدوای ڕاستییەکانیشدا بە فیکرێکی پەککەوتوو و سنووردار و لاوازەوە دەگەڕێت.

‎چارەسەری دیکارت بۆ ئەم حاڵەتە، ئەوەیە کە ئەو کەسانە لەبناغەوە تەواوی بیر و بۆچوونە کۆنەکانیان هەڵبکەنن و سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە. وەک خۆی دەڵێت:

‎”[…] ژمارەی بێشوماری ئەو بیر و باوەڕانەی کە لە منداڵیدا من بەڕاستم دادەنان و بۆم دەرکەوتوون کە هەڵەو بێبناغەن، شۆکی کردم. […] لەمەیشەوە بۆم دەرکەوت کە تەنیا جارێکیش بووبێت لەژیانمدا پێویستی دەکرد تەواوی بیر و بۆچوونەکانم لەناوبەرم و لە بناغەوە دووبارە دەستپێبکەمەوە، ئەگەر بمەوێت بگەم بە چەند شتێک کە لە زانستدا ڕاستن و دەکرێت ڕاستییەکی ئەبەدی بن.”

‎هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ مرۆڤ کە بیربکاتەوە و پڕۆسەیەکی قوڵ و دەوڵەمەندی گەڕان دەستپێبکات بەدوای مەعریفەدا. بیرکردنەوە پەیوەندی بە کاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە چۆنییەتی تێڕوانینی تۆوە هەیە بۆ شتەکان و ئەو سنوورانەی کە داتناون بۆ مەودای فیکری خۆت. پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تا چەندێک ئازایەتیت تێدایە کە تەواوی بیروڕاکانی خۆت بکەیتە خۆڵەمێش و سەرلەنوێ ئاگرێکی تر بکەیتەوە. بیروبۆچوونەکانی دیکارت وەک تیشکێکی بەتینی ڕووناکی وابوون بۆ ئەو تاریکستانە مەعریفییەی کە ئەوروپا تێیکەوتبوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. ئەگەر ئەو سەردەمە سەردەمی ڕۆشنگەری بووبێت، ئەوا دێیکارت سەرچاوەیەکی سەرەکی ڕووناکی و ڕۆشنکردنەوەکەی بووە… ئێستاو دوای ٤٠٠ ساڵ لە ڕۆشنگەرییەکەی دیکارت، تاریکیی فیکری دۆگمایی و هێڵی سوور و ترسان لە بیرکردنەوە و گومانکردن هێشتا زاڵە بەسەر کۆمەڵگەکانماندا. ئێمە لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە دێیکارتە، لە هەموو کات زیاتر پێویستە لەسەر دیوار و شەقامەکانمان بنووسین “کۆگیتۆ ئێرگۆ سەم” ھەروەھا خەڵکی نغرۆبوو، لە بێفیکری و نەخوێندەواریدا بهێنینە دەرەوە بەرەو “بوون”. خۆشبەختانە، دیکارت وەک ڕاستییە بیرکارییەکانی کە دۆزییەوە، نەمرە و مێتۆدەکانی ئەبەدییانە بەردەستن بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە و ڕۆشنگەری. لە کۆتاییشدا “ئەگەر هیوایەک هەبێت بۆ ڕۆشنبوونەوەمان، ھەر لە گومانەکەی دێیکارتەوە س

هاوبەشی بکە

zamo omer,