دیدی من – جۆشوا رۆسمان، گۆڤاری نیویۆركه‌ر
لە ئینگلیزیه‌وه: ئالان عه‌توف
ئه‌گه‌ر ناچار بم باشترین ئه‌زموونه فیكرییه‌كانی ژیانم هه‌ڵبسه‌نگێنم بە هه‌ڵبژاردنی دووان یا سیان لە قووڵترینیان – كه ئه‌مه‌ش لایەنگیرانە دەکەوێتەوە – ئه‌وا یه‌كێك له‌وانه خوێندنه‌وه‌ی هایدگه‌ر ده‌بێت. له كۆتایی بیسته‌كانی ته‌مه‌نمدا بووم و تووشی دهردهسهریهكی زۆر بووم به‌ده‌ست ئاماده‌كردنی كۆتا توێژینه‌وه‌م سه‌باره‌ت به (سروشتی هۆشیاری) كه چییه و له كوێوه دێت و چۆن له‌گه‌ڵ دونیای مادیدا ده‌گونجێت؟ ده‌ركه‌وت ئه‌م بابه‌ته مه‌حاڵه. هه‌رچییه‌كم ده‌خوێنده‌وه ته‌نها به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی جیهانی به دوادا ده‌هات، وام لێكدایه‌وه كه جیهان یان شوێنێكی ماددیه یان ڕۆحی – هه‌رگیز نەدەگونجا هه‌ردووكیان بێت.
پاشان له ماوه‌ی ساڵێكدا، شاكاره‌كه‌ی ساڵی ١٩٢٧ی هایدگه‌رم خوێنده‌وه (بوون و كات)، له‌گه‌ڵ (جه‌وهه‌ر و حه‌قیقه‌ت) كه كتێبێكە له‌سه‌ر بنه‌مای زنجیره‌یه‌ك وانه نووسراوە و لە ساڵی ١٩٣٢ دا هایدگه‌ر پێشكه‌شی كردووە. وه‌ك ئه‌وه وابوو له نهۆمی زه‌مینی باڵه‌خانه‌یه‌كدا گیر بووبێتم و له پڕ ئه‌سانسۆرێكی خێرام دۆزیبێته‌وه كه به‌ره‌و سه‌ربانی باڵه‌خانه‌كه بردبێتمی و له‌وێ توانیبێتم ئه‌ستێره‌كان ببینم.
هایدگه‌ر شێوازی خۆی بۆ وه‌سفكردنی (بوونی مرۆڤ) په‌ره‌پێدابوو. نه شێوازێكی ئایینی بوو و نه شێوازێكی زانستیش؛ باوه‌شی كردبوو به هه‌موو شتێك‌دا، له تاشهبهردهكانهوه تاوه‌كو ڕۆح. له‌بری خود و ته‌نه‌كان، هایدگه‌ر ده‌یویست باس له (بوونه‌كان – بوونه‌وه‌ره‌كان) بكات. ده‌یوت جیهان پڕیه‌تی له بوونه‌وه‌ره‌كان – ژماره‌كان، زه‌ریاكان، چیاكان، ئاژه‌ڵه‌كان – به‌ڵام مرۆڤه‌كان تاكه بوونه‌وه‌رن كه (گرنگی به‌وه ده‌ده‌ن كه خودی خۆت بیت چی ده‌گه‌یه‌نێت). (هایدگه‌ر ده‌ڵێت مرۆڤ “ئه‌و قه‌واره‌یه‌یه كه له بوونه‌كه‌یدا هه‌رئه‌م بوونه خۆی وه‌ك پرسێك هه‌یه”. ئه‌مه‌ش قووڵاییمان پێ ده‌به‌خشێت. ره‌نگه چیاكان له ئێمه زیاتر بمێننه‌وه، به‌ڵام ناتوانن له ئێمه زیاتر ببن یان (بوون) بن. مرۆڤ، لای هایدگه‌ر، چالاكییه‌كه به سیفه‌ته ناوازه‌كانی خۆیه‌وه كه هایدگه‌ر ناوزەندی کردبوون بە : فڕێدان، كه‌وتن، سه‌پاندن. ئه‌م وشانه، بۆ ئه‌و، ئه‌و شێوازه‌یان به‌رجه‌سته ده‌كرد كه به هۆیه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌نێو رۆتینی كاتتدا “هه‌ڵوێستێك وه‌ربگرین” له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بوون مانای چییه. (ئەمەش ناونیشانی کتێبەکەیە “بوون و كات”).
هه‌روه‌ها له كتێبی “جه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌ت”دا، به بڕوای من هایدگه‌ر بیرۆكه‌یه‌كی جیاواز و واقعیتری له باره‌ی حه‌قیقه‌ته‌وه پێشنیار كردووه له‌چاو هه‌ر بیرۆكه‌یه‌كی تردا كه پێشتر ڕووبه‌ڕووی بوومه‌ته‌وه. باوه‌ڕی وا بوو كه، پێش ئه‌وه‌ی توانای زانینی حه‌قیقه‌تی شته‌كانت هه‌بێت، ده‌بێت گرنگیان پێ بده‌یت. گرنگیدان له پێش هه‌موو شتێكه‌وه دێت، چونكه ئه‌وه گرنگیدانه به شته‌كان كه “هه‌ڵیان ده‌ماڵێت” له ژیانی ڕۆژانه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌یان بزانرێت. ئه‌گه‌ر گرنگی نه‌ده‌یت به شته‌كان، به “شاراوه‌یی” ده‌مێننه‌وه – و، له‌به‌رئه‌وه‌ی گرنگیپێدانمان سنووری هه‌یه، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی زیندوو بیت، “ده‌بێت شته شاراوه‌كان ده‌وریان دابیت”. (ئه‌وه‌ی یه‌كسانه به مێژووی فیكری سه‌ده‌یه‌ك له‌م تێڕوانینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه: كه گرنگیپێدان و گرنگیپێنه‌دان به شته‌كان مێژوویه‌كی هه‌یه، و ئه‌م مێژووه شكڵ ده‌به‌خشێت به بیركردنه‌وه‌مان). ئه‌مه شێوازێكی خاكهڕایانهی بیركردنه‌وه‌یه له حه‌قیقه‌ت. دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه، له كاتێكدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه فیكریانه له‌باره‌ی شتانێكی زۆره‌وه “ده‌زانین”، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشی ته‌نها له‌باره‌ی هه‌ندێكیانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین و حه‌قیقتی قووڵ ده‌زانین. با به‌شێوازێكی تر بیڵێین: حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌و شتانه‌وه هه‌یه كه رێگه به خۆمان ده‌ده‌ین ئه‌زموونی بكه‌ین ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی به‌و شتانه‌وه هه‌یه كه ده‌یانزانین.
كاتێك كتێبه‌كانی هایدگه‌رم خوێنده‌وه، “ده‌مزانی”، به‌ڵام به دیاریكراوی گرنگیم به‌وه نه‌دا كه نازی بووه. (له ساڵی ١٩٣٣دا په‌یوه‌ندی به پارتی نازییه‌كانه‌وه ده‌كات، واته ساڵێك پاش پێشكه‌شكردنی وانه‌كانی له‌سه‌ر “جه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌ت”). هێند سه‌رسام بووم به فه‌لسه‌فه‌كه‌ی كه نازیبوونهكهی به “شاراوه‌یی” مایه‌وه لام؛ هه‌رچه‌نده ئایدیاكانی زیندوو بوون و له هه‌نووكه‌دا هه‌ستیان پێده‌كرا، ژیاننامه‌كه‌ی سه‌ر به سه‌رده‌می ڕابردوو بوو [لام]. به‌ڵام، له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا، مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه گرنگی [به‌و لایه‌نەی] نه‌درێت كارێكی قورس بوو. ئه‌وه‌ش به زۆری به‌هۆی پڕۆفیسۆرێكی فه‌لسه‌فه‌وه بوو به ناوی پیته‌ر ترۆنی، كه هه‌ستاوه به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له نووسینه (دژه-سامیه‌كان یان دژه-جووه‌كانی) هایدگه‌ر. ترۆنی سه‌رۆكی په‌یمانگای مارتن هایدگه‌ره له زانكۆی ڤوپه‌رتال له ئه‌ڵمانیا، و نووسیاری “ده‌فته‌ره ڕه‌شه‌كان”ە كه هه‌ندێكیان بۆ یه‌كه‌مجاره له‌م به‌هاره‌دا بڵاودەبنهوه. (هایدگه‌ر به نزیكه‌یی بۆ ماوه‌ی چل ساڵ له ده‌فته‌ری بچووكی به‌رگ ڕه‌شدا ده‌ینووسی – بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موویان ڕه‌نگه چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی پێ بچێت).
هه‌میشه بێ کێشەیه بڵێین له‌به‌رئه‌وه‌ی هایدگه‌ر نازی بووه، كه‌واته دژه-جووش بووه (هه‌رچه‌نده مه‌رج نییه جۆره “مه‌ترسیداره‌كه”ی بووبێت، ئیدی ئه‌و ووشەیە مانای هه‌رچییه‌ك بێت). به‌ڵام، وه‌ك هاوكارم ریچارد برۆدی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له نووسینێكدا ئاماژه‌ی پێدابوو، بڕگهوبهشهكانی [ئه‌و نووسینانه‌ی هایدگەر] به دیاریكراوی جۆرێكی نیگهرانكهری دژه-جووگه‌رایی ئاشكراده‌كه‌ن – جۆرێك كه پێشتر به ته‌واوی له‌به‌رچاوی [خوێنه‌ر] نه‌بووه. [ئه‌و نووسینانه] ئه‌وه‌مان نیشان ده‌ده‌ن كه ته‌نانه‌ت كاتێك هایدگه‌ر خاوه‌نی سهرپێییی ترین و نهفامانهترین باوه‌ڕی دژه-جووش بووه، (كاتێك سه‌باره‌ت به پیلانگێڕیه‌كی جیهانی نووسیویه‌تی كه له‌سه‌ر ده‌ستی جووه‌كان كاریگه‌ریی خۆی ئاشكرا ده‌كات)، هه‌وڵیشیداوه جۆرێكی تایبه‌تی فه‌لسه‌فه و ته‌نانه‌ت هایدگهریانهی دژه-جووگه‌رایی دابڕێژێت. [هایدگه‌ر] ده‌نووسێت: جووه‌كان “ڕیشه‌یان له بوون-له-جیهان دا هه‌ڵكێشراوه” – ئه‌مه‌ش واته ڕه‌سه‌نانه توانای گرنگیپێدان و زانینیان نییه). بڕگهوبهشهكانی ئه‌و نووسینانه‌ی، كه بەشێکی له‌ماوه‌ی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا نووسیوه، له كۆی زیاتر له هه‌زار لاپه‌ڕه ته‌نها چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك پێك ده‌هێنن. به‌ڵام هایدگهرییەكانیان نیگه‌ران و بێزار كردووه چونكه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه هایدگه‌ر خۆی هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه كه فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆی بۆ ئامانجێكی دژه-جوو به‌كاربهێنێت. فه‌لسه‌فه سیفه‌تێكی وه‌ك ماتماتیكی هه‌یه: ته‌نها بریتی نییه له زاراوه‌یه‌ك، به‌ڵكو بریتیه له سیسته‌مێك. هه‌ر كێشه‌یه‌ك له هه‌ر به‌شێكی سیسته‌مه‌كه‌دا هه‌بێت ده‌كرێت ئاماژەیەک بێت بۆ كێشه‌یه‌ك لە گشت‌دا. بۆیه، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، له كتێبێكدا به ناوی “هایدگه‌ر و ئه‌فسانه‌ی پیلانگێڕی جیهانیی جووله‌كه”، ترۆنی ئه‌و پرسیاره حه‌تمییه ده‌كات: ئایا ده‌كرێت كۆی فه‌لسه‌فه‌ی هایدگه‌ر “پیس” بووبێت به نازیزم؟
كاتێك ترۆنی له هه‌فته‌ی دووه‌می نیساندا هاته نیویۆرك بۆ به‌شداریكردن له پانێلێكدا سه‌باره‌ت بە هایدگه‌ر و نازیزم كه له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی (گۆته)وه سازدرابوو له ئیست ڤیلیج، هه‌موو جۆره هایدگهریهك، هه‌ر له هایدگهریه ئاساییه‌كانه‌وه بیگرە تا هایدگهریه پابه‌نده‌كان، له‌وێ بوون بۆ گوێگرتن له قسه‌كانی ترۆنی. پێده‌چوو یاسا گشتیه‌كه ئه‌وه بێت كه هێندەی كاتت بۆ بیركردنه‌وه له هایدگه‌ر تەرخانکردووە، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌م مشتومڕه تووشی نیگه‌رانیت دەکات. ئه‌و قوتابیانه‌ی كه له قۆناغی به‌كالۆریۆس بوون به ئارامی و فزوولهوه له نزیك ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ی کە تیشکی خۆری لەسەر بوو لە بەشی کۆتاییەوە دانیشتبوون. (دوو دڵدار قۆڵیان له قۆڵی یه‌كدا بوو، پێده‌چوو ژووانیان هه‌بێت). لە بەشی ژووروی هۆڵەکە، قوتابیانی قۆناغه بهرزترهكان، به جلوبه‌رگه زۆر كۆن یان زۆر گهنجانهكانیانهوه، وریا و بە تاسەوە بوون: بۆ ئه‌وان ئه‌مه مه‌سه‌له‌ی ئاره‌زوویه‌كی پیشه‌وه‌رانه بوو. چه‌ن ڕیزێك لەپێشتر، ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌رسپی دیاربوون كه نیشانه‌ی ئه‌وه‌بوو كه پرۆفیسۆره به‌ته‌مه‌نه‌كان لای یه‌كه‌وه دانیشتوون. له پێشی پێشه‌وه‌ش میوانانی پانێڵه‌كه دانیشتبوون: ترۆنی له‌گه‌ڵ دوو پرۆفیسۆری ئه‌مریكی بواری فه‌لسه‌فه، رۆجه‌ر بێركۆڤیچ و بابێت بابیچ، كه له زانكۆكانی براد و فۆردهامهوه هاتبوون. كه‌شی ده‌ره‌وه به‌هاری بوو، ناوه‌وه كه‌شێكی تاریك و بێ هه‌وا و پرسه ئامێزی هه‌بوو.
لەبەرئەوەی ترۆنی خه‌ڵكی ئه‌ڵمانیا بوو، كه‌س نه‌یده‌زانی بینینی لە بەردەمتدا چۆن ده‌بێت. ئایا لە هێرمۆنۆتیستێك ده‌چێت كه كه‌س تێی ناگات؟ یا دادوه‌رێكی باشی مێژوو؟ ده‌ركه‌وت پیاوێكی باڵابه‌رزی ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵانه كه توانای چه‌ككردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی هه‌یه و بگره زیاتر له عاشقێكی نا‌ئومێد ده‌چوو تا له دادوه‌رێك. به ئاكسنتێكی ئه‌ڵمانی نه‌رم، باسی لەوە کرد كه بۆ یه‌كه‌مجار ئەم نووسینانەی خوێندووەتەوە هەستی چۆن بووە. ترۆنی ووتی، “به دڵنیاییه‌وه بڕگه و به‌شیشی تیایه سه‌باره‌ت هۆڵده‌رلین و نیتشه و بۆلشۆڤیزم” – كه ئه‌مانه‌ش بابه‌ته ئاساییه هایدگهرییهكانن. “به‌ڵام له پڕ به‌شێك ده‌بینی ده‌رباره‌ی جووه‌كان … بیرده‌كه‌یته‌وه، باشه، به هه‌رحاڵ … ئنجا له‌پڕ دووه‌م به‌ش ده‌بینیت، سێهه‌م به‌ش، چواره‌م به‌ش، شه‌شه‌م به‌ش، بیر ده‌كه‌یته‌وه، ئه‌ی هاوار! بۆ وا ده‌كات؟” وه‌ك كه‌سێك كه ته‌واوی ژیانی هایدگه‌ری بووه، خوێندنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینانه “زۆر ئازاربه‌خش بوون” بۆی؛ هه‌روه‌ها وتی كه جۆره‌ها ئاڵۆزییشی بۆ ژیانی کردەیی خۆی دروستكردووه. ترۆنی ووتی، “من سه‌رۆكی په‌یمانگای مارتن هایدگه‌رم، و له ڕاستیشدا ده‌مه‌وێ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌ر له‌و پۆسته‌دا بم”، ئاماده‌بووان دایانه پێكه‌نین. (“نا‌توانیت سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌دۆلف هیتله‌ر بیت،” هاوڕێیه‌ك لەولاوە هۆشداری دایە). ترۆنی به‌رده‌وام بوو و ووتی: “ئه‌گه‌ر بڵێین هایدگه‌ر هه‌ر به‌ڕاستی فه‌یله‌سوفێكی دژه-جوو بووه، كه‌واته، به‌ڵێ، بۆ من ئه‌وه به جۆرێك له جۆره‌كان كاره‌ساته به ڕاستی.” ئه‌مه بۆ زۆرێك له میوانه‌كانیش به ئاستی جیاجیا ڕاست بوو. باش بوو گوێمان له یه‌كێك بوو دان به‌وه‌دا بنێت كه گفتوگۆکە ته‌نها بریتی نییه له بابەتێکی حهزەکی فیكری.
بێركۆڤیچ، كه پانێڵه‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌برد، بۆنه‌كه‌ی به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێكی ده‌فته‌ره ڕه‌شه‌كان ده‌ستپێكرد. یه‌كێكیان به‌م شێوه‌یه ده‌ستی پێده‌كرد: “جووه‌كان به‌هۆی به‌هره‌ی تایبه‌تییانه‌وه بۆ حیسابكردن، بۆ درێژترین ماوه ده‌ژین، به پێی پره‌نسیپی نه‌ژاد، هه‌ر بۆیه‌ش به‌وپه‌ڕی توندوتیژیه‌وه به‌ره‌نگاری به‌كارهێنانی به‌رده‌وامیی ده‌بنه‌وه.” كاتێك بێركۆڤیچ ته‌واو بوو له خوێندنه‌وه، هۆڵه‌كه هێند بێده‌نگ بوو كه ده‌نگی هاتووچۆی شه‌قامی بۆوری ده‌بیسترا. پاشان هێواش هێواش پرۆفیسۆره‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له ئاماده‌بوواندا هه‌وڵیان دەدا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه هایدگه‌ر نووسیویه‌تی. به‌ڵام كه‌س نه‌یده‌زانی چی بڵێ، گفتوگۆكه پڕ بوو له وه‌ستان و هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نه‌بوو. پاش ماوه‌یه‌ك، میوانه‌كان پشوویه‌كیان وەرگرت و دەستیانکرد بە خواردنه‌وه‌ی شه‌راب و شیرینی. وه‌ك خه‌مناكترین پشوودان ده‌رده‌كه‌وت. (پاشان، ئاماده‌بوویه‌كی تووڕه خۆی کۆکردەوە و وه‌ڵامی ئه‌و به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌ی هایدگه‌ری دایه‌وه و وتی: “ئه‌م ڕسته‌یه تا ڕادده‌یه‌ك سەرلێتێکدەر ده‌رده‌كه‌وێت لەلام و زۆر نامۆیه به هه‌ستكردن به واقع .. هه‌ر كه‌سێك توانای ئه‌م جۆره ئارگیومێنته‌ی هه‌بێت، ناكرێت متمانه‌ی پێ بكرێت كه بیرکەرەوەیە.” چه‌ند كه‌سێك، به دڵنیایی هه‌مووان نا، ده‌ستیان كرد به چه‌پڵه لێدان.
پاش پشوو، میوانه‌كان دانیشتنه‌وه ئه‌مجاره به میزاجێكی پڕ له تێڕامانه‌وه. ئاماژه‌ش درا كه كوڕه‌كانی هایدگه‌ر له جه‌نگی [جیهانی دووه‌مدا] به‌شداریان كردووه و (هه‌ردووكیان له كامپی دیله‌كانی ڕوسیادا به‌ندیی بوون) – [بەڵام] ئایا ده‌كرێت ئه‌مه هۆكارێك بێت بۆ ناعه‌قڵانیه‌تی بیركردنه‌وه‌ی [هایدگه‌ر]؟ كه‌سێكی تر پرسی داخۆ هایدگه‌ر چۆن، كه خۆی ویستی هه‌بووه ئه‌م ده‌فته‌رانه بڵاوبكاته‌وه، وێنای ئه‌وه‌ی كردبێت كه په‌رچه‌كرداری خه‌ڵك چی ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌م نووسینانه. (هایدگه‌ر خۆی خشته‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیشه‌كانی داناوه و ویستویه‌تی كه ده‌فته‌ره ڕه‌شه‌كان دوا ئیشی بێت بۆ بڵاوكردنه‌وه). ئایا مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه لە ڕێی زیانگه‌یاندن به ناوبانگی خۆیەوە، قه‌ره‌بووی دۆخكه بكاته‌وه؟. نووسینه دژه-جووه‌كانی هی ساڵانی ١٩٤٠كانه. كاتێك پرسیاری ئەوەیان ورووژاند کە ئایا ئەم نووسینانە پەیوەندیان هەبووە به كتێبی “بوون و كات”ەوه كه له ساڵانی ١٩٢٠كاندا نووسراوه، پیاوێك به ئاسووده‌ییه‌كی ئاشكراوه وتی: “من هه‌میشه قۆناغی سه‌ره‌تای هایدگه‌رم لا په‌سه‌ند بووه.”
تۆنێكی ماندووكه‌ر بە گفتوگۆكانەوە دیار بوو، وه‌ك بڵێی هایدگهرییهكان دوای ئه‌وه‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌وتبوونه ژێر فشاره‌وه، ڕه‌نگه دواجار گه‌یشتبێتنه كۆتایی لێبوورده‌ییان. له ساڵی ١٩٨٧ەوه كاتێك ڤیكتۆر فاریاس، پرۆفیسۆرێكی خه‌ڵكی شیللیی و خوێندكاری پێشووی هایدگه‌ر، كتێبێكی به‌ناوی “هایدگه‌ر و نازیزم” بڵاوكرده‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ی گرنگی به هایدگه‌ر ده‌ده‌ن – واته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێیان باشتره كاته‌كانیان به بیركردنه‌وه له سروشتی بوون به‌سه‌ر به‌رن – خۆیان وا دیته‌وه كه ناچاریش كراون بیر له نازیزمیش بكه‌نه‌وه. نازیزمی هایدگه‌ر ئێستا تا ڕادده‌یه‌ك بوارێكی جیایە بۆ خۆی كه چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی ژیاننامه‌یی به‌رهه‌مهێناوه له‌وانه‌ش كتێبه‌كانی وه‌ك (هایدگه‌ر: ژیانێكی سیاسی له نووسینی هیوگۆ ئۆت ساڵی ١٩٨٩)، و گفتوگۆی شیکارئامێزی وه‌ك (هایدگه‌ر: ناساندنی نازیزم بۆ ناو فه‌لسه‌فه له نووسینی ئیمانوێل فهی)یشی بەرهەمهێناوە.
ئه‌م كتێبانەش هه‌میشە خۆیان له خۆیاندا جێی مشت‌ومڕ بوون. به‌ڵام، وایانکردووە کە هایدگهرییهكان ناچار ببن به كۆمه‌ڵێك ڕاستی دیاریكراو ڕابێن. كاتێك هایدگه‌ر له ١٩٣٣ دا په‌یوه‌ندی به پارتی نازییه‌وه ده‌كات، هۆكارێكی پیشه‌یی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره بكات چوونکەلهگهڵ پۆسته تازه‌كه‌یدا وه‌ك سه‌رۆكی زانكۆی فرایبۆرگ دەگونجا. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا كه‌سێكی پڕ حه‌ماسه‌ت بوو [بۆ ئەو مەسەلەیە]. وێنه‌كانی، كه مه‌حاڵه پشتگوێ بخرێن، [له‌و سه‌رده‌مه‌دا] ده‌ریده‌خه‌ن كه سمێڵی هیتله‌ریی هێشتووه‌ته‌وه؛ له‌و ساڵه‌دا هایدگه‌ر به خوێندكاره‌كانی گوت: “با تیۆر و (بیرۆكه‌كان) یاساكانی بوونتان نه‌بن. خودی فوهرر (سه‌ركرده)، به ته‌نیا خۆی واقیعی ئه‌ڵمانی و یاساكهیهتی، له‌مڕۆ و له داهاتووشدا”. له ساڵی ١٩٣٥دا باسی “حه‌قیقه‌ت و مه‌زنی ناوه‌كیی” سۆشیالیزمیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرد. هایدگه‌ر نازییه‌كی مه‌زهه‌بی نه‌بوو: یه‌كێك له قوتابییه‌كانی یادمان دەهێنێتەوە كاتێك پارتی [نازی] زنجیره‌یه‌ك وانەی په‌روه‌رده‌ی سیاسی سه‌پاند، هایدگه‌ر هه‌ستا به ده‌ركردنی یه‌كێك له‌و قوتابیانه‌ی كه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بوو و خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی وتارێكی حیزبی بوو (“ئه‌م چهنابازییه ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ بووه‌ستێت”)، ده‌شڵێن كه هایدگه‌ر هاواری به‌سه‌ردا كردووه و گۆڕیویه‌تی به كه‌سێكی تر كه له‌سه‌ر سیگمۆند فرۆید قسه‌ی كردووه.له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆكی زانكۆ بووه، نێوه‌ندگیری كردووه بۆ سێ پڕۆفیسۆری جوو كه خه‌ریك بووه ده‌ربكرێن، و دوای جه‌نگیش، هه‌ندێ له قوتابی و هاوكاره جووه‌كانی ڕایانگه‌یاندووه كه هایدگه‌ر دژه-جوو نه‌بووه. به‌ڵام هێشتا، به هه‌ر رێگه‌یه‌ك بووبێت، خۆشحاڵ بوو به به‌ره‌وپێشبردنی به‌رنامه‌ی نازییه‌كان – په‌یڕه‌وی له‌و یاسایانه ده‌كرد كه ڕژێم بۆ “پاكتاوكردن”ی قوتابیان داینابوون، به نموونه، هاوكاری دارایی بۆ قوتابیانی “غه‌یره-ئاری” ڕەتكردهوه.
ساڵی ١٩٣٤، هایدگه‌ر وازی له پۆستی سه‌رۆكی زانكۆ هێنا، ڕه‌نگه له ژێر فشاری لیژنه‌ی مامۆستایانی زانكۆدا بووبێت كه ناڕازی بوون به‌رامبه‌ر كاریگه‌ری نازییه‌كان، و به تێپه‌ڕینی كات تهحهفوزاتهكانی “به‌رامبه‌ر نازیزم” قووڵتر بوونه‌وه. هایدگه‌ر هاوده‌نگ نه‌بوو له‌گه‌ڵ بایۆلۆجیزم و تهكنۆفیلیای نازییه‌كاندا و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی به بیركردنه‌وه‌یه‌كی خام و ناپێگه‌یشتوو ده‌زانی. زۆرجار ده‌وترێت كه هایدگه‌ر، به ئیگۆتیزمێكی گه‌مژانه‌ی فهیلسوفێكی مه‌زنه‌وه، چووه‌ته ناو نازیزمه‌وه و پێی وابووه نازییه‌كان له ڕووی فه‌لسه‌فیه‌وه له‌گه‌ڵیدا هاوڕان؛ به‌ڵام كاتێك زانیویەتی ڕۆشنبیر نین، خۆی لێ دوورخستوونه‌ته‌وه. تاكو ساڵی ١٩٤٥ وه‌ك ئه‌ندامی حیزب ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر له په‌راوێزی حیزب‌دا دەمێنێتەوە. دوای جه‌نگ، به نهێنی باسی له‌وه كردووه كه به‌شداریكردنی له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا “گه‌وره‌ترین گه‌مژه‌یی ژیانم بووه”؛ هانا ئارێنت، كه ساڵانێكی زۆر په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ هایدگهردا هه‌بووه، وتوویه‌تی كه نازیزمی هایدگه‌ر وه‌ك “هه‌ڵهاتنێك” وا بووه كه به بیریدا هاتووه - واته هه‌وڵێكی خراپ بیرلێكراوه بووه (بۆ “ده‌ستوه‌ردان” له دونیای كاروباری مرۆڤدا). به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه هایدگه‌ر هه‌رگیز به ڕاستی داوای لێبووردنی له‌وه نه‌كردووه كه نازی بووه؛ له‌وه‌ش خراپتر، تا پێش مردنیشی له ١٩٧٦دا هه‌رگیز ڕاسته‌وخۆ و به ئاشكرا باسی له واقعی هۆڵۆكۆست نه‌كردووه. (وتاره‌كه‌ی تۆماس شیهان “هایدگه‌ر و نازیه‌كان” تێڕوانینێكی گشتی نایاب به‌ڵام نائومێدكه‌ره ده‌رباره‌ی ساڵانی نازیبوونی ئه‌م فه‌یله‌سوفه).
له په‌یمانگای گۆته، هێشتا بوار هەبوو دڵمان خۆش بكه‌ین به‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه، وه‌ك بیركۆڤیچ ده‌یگوت، هایدگه‌ر “جیاوازتر نازی بووه به بەراورد بەوانی تر كه نازی بوون”. ئاواتخواستن بۆ فۆڕمێكی باڵاتر و فیكریتری نازیزم زه‌حمه‌ته هایدگه‌ر بێ تاوان بكات – به‌ڵام گه‌ر نازیزمهكهی وه‌ك جۆرێك له كه‌یسی تایبه‌ت سەیر بکەیت، ئاسانتره بڵێین نابێت میراته فیكرییه‌كه‌ی بگرێته‌وه. بابێت بابیچ ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌م مامه‌ڵه ئاڵوگۆڕكاریه ئه‌وه‌یه كه ئێمه هه‌میشه سه‌رقاڵین پێوه‌ی: زۆرێك له هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌نده گه‌وره‌كان شتانێكیان وتووه و كردووه و نووسیووه كه هه‌ڵه‌ن. بابیچ دەشڵێت: “من نیتشهییم، نیتشهییهكان به‌مه ڕاهاتوون، چونگه نیتشه قسه‌ی ترسناك له‌باره‌ی جووه‌كانه‌وه ده‌كات، قسه‌ی ترسناكیش له‌سه‌ر ژنان ده‌كات”. له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ووتی كه پڕۆفیسۆرانی فه‌لسه‌فه ده‌بوو به‌رگری له‌و بیرمه‌ندانه بكه‌ن كه گرنگن ته‌نانه‌ت گه‌ر شتگه‌لێكی ترسناكیشیان وتبێت یان كردبێت، چونكه زۆر ئاسانه بیرمه‌ندێك له دیمه‌نی فیكریدا دیار نه‌مێنێت. بابیچ ده‌ڵێت “تاكو ئه‌مڕۆش نیتشه به ده‌گمه‌ن له قۆناغی دكتۆرادا ده‌خوێندرێت. هایدگه‌ریش زۆر جار وه‌ك خۆی ناوترێته‌وه”. به كورتی [وه‌ك په‌نده‌كه پێمان ده‌ڵێت]:منداڵه‌كه به ئاوی حه‌مامه‌كه‌وه فڕێ مه‌ده.
ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی قه‌درگرتنی [فه‌یله‌سوف] كاری له ترۆنی نه‌كرد؛ له‌بری ئه‌وه ویستی هه‌وڵه‌كانی دووهێند بكات و هه‌مووی له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا باس بكات. ترۆنی وتی: “خاڵێك هه‌یه كه له‌وێدا ده‌بێت بڵێین ‘نه‌خێر، نه‌خێر ئه‌مه خاڵێكه كه چی دی ناتوانین بیخه‌ینه سیاقه‌وه’. به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك هه‌یه كه بڵێیت ‘مه‌حاڵه – هایدگه‌ر نا‌توانیت وا بڵێیت! … ته‌نانه‌ت گه‌ر تۆ گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفی سه‌ده‌ی بیسته‌میش بیت، ئه‌مه له سنوور تێپه‌ڕیوه’.” له هه‌مان كاتدا ترۆنی رێگەیه‌كی ده‌ربازبوونی له یه‌كێك له چه‌مكه‌كانی فه‌یله‌سوف خۆیدا دۆزیه‌وه كه بریتیه له چه‌مكی “هه‌ڵه‌كردن – errancy” [به مانای هه‌ڵه‌كردنی ئه‌خلاقی] – كه بریتییه له‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت مرڤه‌كان حاسیبه (بژمێر) نین به‌ڵكو گریمانهكهرن، بۆیه هه‌ڵه‌ش ده‌بن، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكه له بوونی مرۆڤ كه له‌وه كه‌متر نابێته‌وه. (له كتێبی “جه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌ت”دا هایدگه‌ر ده‌نووسێت “ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه تیایدا مرۆڤه‌كان تووشی لادان ده‌بن شتێك نییه كه، وه‌ك بڵێی، له‌په‌نایاندا درێژده‌بێته‌وه وه‌ك چاڵێك كه هه‌ندێ جار تێی ده‌كه‌ون؛ به‌ڵكو هه‌ڵه سه‌ر به پێكهێنه‌ری ناوه‌كی [بوون]ە كه مرۆڤه مێژووییه‌كان له‌ناویدا قبوڵ ده‌كرێن”). ترۆنی درێژه‌ی به قسه‌كانی دا و وتی: “له كۆتایی ژیانیدا [هایدگه‌ر] ده‌یزانی كه له‌م ده‌فته‌رانه‌دا چی نووسراوه. ئاگاداری كێشه‌كانیش بوو. به‌ڵام نه‌یتوانی قه‌ڵه‌مێك وه‌ربگرێت و بیانسڕێته‌وه. [هایدگه‌ر] هه‌وڵ ده‌دات پیشانمان بدات كه فه‌یله‌سوفیش چه‌نێك بە سەختی ده‌توانێت شكست بهێنێت. نازانم ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه به‌هێزه یان نا، به‌ڵام هیوادارم وابێت – كه مومکینە.” (سه‌باره‌ت به پرسی “پیس بوون”، ترۆنی وتی كه تا ڕادده‌یه‌ك په‌شیمانه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و مێتافۆره [وه‌ك ناوێك بۆ كتێبه‌كه‌ی]. ڕه‌نگه وشه‌یه‌كی “زۆر توند بووبێیت”.
به گشتی، خۆم وا ده‌بینمه‌وه كه له‌گه‌ڵ ترۆنیدا هاوڕام. مه‌حاڵه بیركردنه‌وه‌ی هایدگه‌ر ره‌ت بكرێته‌وه: ئێجگار به‌سوود و كاریگه‌ره كه ناكرێت بخرێته په‌راوێزه‌وه. (چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كاتێك كتێبی “جه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌ت”م له كتێبخانه‌كه‌م ده‌رهێنایه‌وه، هه‌ر وه‌ك ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر قایلكه‌ر بوو لام.) به‌ڵام مه‌حاڵه گوناهه‌كانی هایدگه‌ریش وه‌لاوه بنرێت – و ناتوانن هۆكار نه‌بن له كه‌مكردنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌تی خوێنه‌رانی هایدگەر کە په‌یوه‌ستن پێوه‌ی. فه‌یله‌سوفه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن وای نیشانبده‌ن كه دۆخه‌كه ئارامه، به‌ڵام ڕاستیه‌كه ئه‌وه‌یه كه ژیانی فیكری پشتی به حه‌ماسه‌ت به‌ستووه. ساڵانێكت دەوێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر “بوون و كات” چونکە لەو باوەڕەدای کە له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌وه ڕه‌نگه شتێكی به‌نرخ فێر ببیت كه شیاوی ده‌ستبه‌رداربوون نییه نەک به‌بێ نرخ سه‌یری بکەیت. هه‌رچۆنێك ده‌فته‌ره ڕه‌شه‌كان به رژدی وه‌ربگریت، خیانه‌تێكه له‌م حه‌ماسه‌ته. ئه‌م ده‌فته‌رانه ئه‌ركی گرنگیدان به بیرۆكه‌كانی هایدگه‌ر قورس‌تر ده‌كه‌ن به‌م پێیه‌ش قورس‌تر ده‌بێت به‌ڕاستی بشیانزانیت. ته‌نانه‌ت گه‌ر فه‌لسه‌فه‌كه‌ی به نازیزم پیسیش نه‌بوو بێت، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌كه‌مان له‌گه‌ڵیدا پیس بووه.
كات درەنگی دەکرد و بەرەو ڕۆژئاوابوون دەچوو، ترۆنی وتی: “كێشه‌كه ته‌نها ئه‌وه نییهكه من له ڕوی ئه‌خلاقییه‌وه تووشی شۆك بووم – به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه له هه‌مان كاتدا [هایدگەر] زۆر گه‌مژه‌یه. تێبینی ئه‌وه بكه کە چی لێره‌دا نووسیوه. ده‌بینیت، وه‌ك هه‌موو ئه‌وانی تر، باشتر نه‌بووه. له ڕاستیدا بۆ ساڵانێكی زۆر بیرت لێ كردووه‌ته‌وه و پێتوابووه زۆر زیره‌كه به‌ڵام وا نییه. ئه‌مه شتێكه كه پێویستی به مه‌ودایه‌كی دیاریكراو هه‌یه. نابێت زۆر عاشقی ئه‌و شته بیت كه ده‌یخوێنیته‌وه، ئه‌گینا وه‌ك هه‌میشه تووشی نائومێدی ده‌بیت.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.