06/05/2024
DidiMn Logo
Top

من زۆر باشم 

لە لایەن دیدی من 8 مانگ پێش ئێستا

محەمەد تاهیر

شەوان لەکاتی خۆیدا دەخەوم 
ڕۆژانە دووجار نان دەخۆم 
ئێواران دان بۆ کۆترەکان ڕۆدەکەم 
دوو پاکەت جگەرەش دەکێشم 
دەتوانم بە پێ لە ماڵی خۆمانەوە هەتا ئەوسەری زستان بڕۆم و 
دەستم نەخەمه گیرفانمەوە!

من زۆر باشم 
تەنانەت ڕۆژێک ماشێنێک لێیدام 
لە سێ شوێن قۆڵم شکا، سێ مانگ بەدارشەق دەڕۆشتم
لە پشتی سەرمدا برینێکی گەورە دروست بوو بوو
بە کورتیەکەی وێران بووم
بەڵام تۆ وەک خۆت مایتەوە
 لە دڵمدا!
هەر بۆیە شکانی قۆڵم فەرامۆشکرد
 دارشەقەکانم فڕێداو لە برینی پشتی سەرمدا گوڵێکم چاند.

من باشم 
وەک هەموو کەسێکیتر ئازار دەچێژم
سەد باران لە سەد زستانی جیاواز تەزاندومی 
تەنانەت ئەو ڕۆژەی باران بوو، پاسەکە جێیهێشتم
بەتەنیا دەڕۆشتمەوە و بە گەرمی بیری تۆم دەکرد و
بەدەم خۆمەوە گۆرانیم بۆ دەوتیت!

من زۆر باشم 
ئەمڕۆ دوو فنجان قاوەم خواردۆتەوە
هەر لە قاوەخانەکەدا یادەوەری هێرشی بۆهێنام 
وەک کەشتیەک کە دەریا تێکی بشکێنێت
وەک پووشی دەم بــــــــا
وەک بوغورد کە دەسوتێت
وەک مۆم کە دەتوێتەوە
تێکشکام،
بابردمی،
سوتام و
توامەوە 
بەڵام تۆم لەیاد نەکرد.

بە ئومێدی ئەوەی ڕێکەوتێک بەرەو ئەم قاوەخانەیەت بێنێت
چاوەڕێم کردی!
وەک چاوەڕوانی گوندێکی دوور بۆ موسافیر 
وەک چاوەڕوانی ڕێگا بۆ ڕێبوار
وەک چاوەڕوانی کۆتر بۆ نیشانە 
وەک چاوەڕوانی سەرباز بۆ فیشەک 
وەک چاوەڕوانی ئەستێرە بۆ شەو
وەک چاوەڕوانی دەریا بۆ کانی 
وەک چاوەڕوانی ماسی بۆ تۆڕ
گەرچی دڵنیابووم تۆ نایەیت
 بەڵام چاوەڕێم کردیت
چاوەڕێمکردیت و نەگریام!

هاوبەشی بکە