ئامادەکردنی: زامۆ عومەر
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان
لە ڕۆژی (٣/٢/١٩٧٥)، پەنجا ساڵ پێش ئێستا، کاتژمێر چوار و سی خولەکە.. دڵی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات لە لێدان کەوتووە و هەوڵەکانی ژیانەوە سوودیان نییە. وێستگەی ڕادیۆی میسڕی پەخشی ئاسایی خۆی ڕادەگرێت و هەواڵێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڵاودەکاتەوە بۆ سەرانسەری جیهانی عەرەبیی. هەواڵەکەش کۆچی دوایی هەسارەی ڕۆژهەڵاتە لە تەمەنی ٧٧ ساڵییدا.
ئەنوەر سادات، سەرۆک کۆماری میسڕ لەو کاتەدا، بە تایبەتیی خۆی ئاگای لە باری تەندروستیی ئوم کەلسوم بوو لە کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنی ئەو خانمە هونەرمەندەدا. ڕۆژنامەکانیش هەموو ڕۆژێک وردەکاریی زیاتریان لەسەر نەخۆشییەکانی و باری تەندروستیی بڵاودەکاردەوە. ڕۆژنامەی ئەلئەخبار، لە ١/٢/١٩٧٥دا بە مانشێتێکی گەورە نووسیبووی: “بارودۆخی خاتوون خراپە… مێشکی لە حاڵەتێکی خراپدایە، هەرچەندی دڵی لە باشبووندایە.” ئاماژەشی بەوە داوە کە بەهۆی ئەوەی خاتوون لە نەخۆشخانەی تایبەت بە هێزە چەکدارەکانی سوپادایە، باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە، سەرۆک کۆمار لەوێیە و بەدیار خاتوونەوەیە.
هەواڵی کۆچی دوایی ئوم کەلسوم هەواڵێکی ئاسایی نەبوو؛ بەڵکو ڕووداوێکی گەورەی نەتەوەیی و جەماوەریی لێکەوتەوە. ئەو “کەلسوم گیان” بوو، خۆشەویستی دڵەکان بوو، کە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش وێنەی نەبوو، و جێدەستێکی هەمیشەیی بەجێهێشتووە لە جیهانی گۆرانیی و هونەردا. ئەو “خاتوون” بوو، ئیتر لەدوای ئەو نازناوەوە هیچ وەسفێکی تری ناوێت. ئەو وشەیە ئێستا تەنها بەو دەوترێت و کە دەوترێت “خاتوون” (اَلسِت لە عەرەبییدا) هەموو کەس دەزانێت مەبەست لە ئوم کەلسومە. سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥٠ ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا ئەودا، گۆرانییەکانی لە هەموو شوێن و کاتێکی ئێمەدا دەبیسترێنەوە و دڵ نەرم و گەرم دەکەنەوە.
کۆتا ئاهەنگ
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، جەمال عەبدولناسڕی سەرۆکی میسڕ کۆچی دوایی کرد و میسڕ لە جەنگە تێکشکێنەرەکانییدا بوو لەگەڵ ئیسرائیلدا، کە هیچیان تۆڵەی شکستە گەورەکەی عەرەب و میسڕیان نەگرتەوە بەرامبەر ئیسرائیل. لەپاڵ ئەم ڕووداوە نەتەوەییە ناخۆشانەشدا، نەخۆشیی بەرۆکی خاتوونی بەرنەدەدا بەهۆی غوددەکانییەوە. ئوم کەلسوم چەند جارێک ڕەتی کردبووەوە کە نەشتەرگەریی ئەنجامبدات، چونکە نەشتەرگەریی لە غوددەکاندا دەکرێت دەنگی کەسەکە تێکبدات و ئەویش ئەوەی نەدەویست. لەپاڵ ئەوەشدا، لاوازبوونی گورچیلەکانی نەخۆشییەکی تر بوو لە نەخۆشییەکانی و بووبوو بە ڕێگر لەبەردەم چالاکییە هونەرییەکانییدا. ئاهەنگەکانی بەردەوام دوادەخران، و لەو ئاهەنگانەشدا کە ڕێکدەخران، خاتوون لە کاتی پشووی نێوان گۆرانییەکاندا حەپ و دەرزیی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە گۆرانیی وتن.
ڕۆژی ٤/١/١٩٧٣ بەرواری کۆتا ئاهەنگی خاتوون بوو؛ لەو ڕۆژەدا ماڵئاوایی لە خۆشەویستترین شوێنی خۆی کرد: تەختەی شانۆ. خاتوون خۆی نەیدەزانیی کە ئەمە کۆتا ئاهەنگی دەبێت، بەڵام جەماوەر و مۆسیقارەکان هەستیانکردبوو کە ئەمە کۆتاییە، بێ ئەوەی هیچ کەس بوێرێت دانیپێدابنێت. لەم ئاهەنگەدا دوو بڕگە گۆرانیی پێشکەش کرد. لە بڕگەی یەکەمدا یەکێک لە گۆرانییە زۆر جوانەکانی پێشکەشکرد: “شەوی خۆشەویستیی”، کە هۆنراوەی ئەحمەد شەفیق کامیل و ئاوازی محمد عەبدولوەهابی ئاوازدانەری مێژوویی میسڕیی بوو. سەرەڕای نەخۆشییەکانی، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە گۆرانیی وتن بەردەوام بوو، جەماوەرەکەشی لە کەش و هەوای خاتووندا بوون.
مەحموود عەوەز لە کتێبەکەیدا بە ناوی “ئەو ئوم کەلسومەی کەس نایناسێت” دەڵێت: “سەرەتاکانی کۆتایی خاتوون لە ساڵی ١٩٧٢ بەدواوە دەرکەوتن کە بەردەوام دەبوو لەسەر دەرمان خواردن بۆ نەخۆشییەکانی و زۆرینەی گفتوگۆ و پەیوەندییەکان لەگەڵیدا تەنها لە ڕێگەی تەلەفوونەوە دەکرا.” عەوەز ئەوەش باسدەکات کە لە کاتی تۆمارکردنی گۆرانییەکدا ئوم کەلسوم لەپڕ لەسەر کورسییەکەی بەلادا دەکەوێت. بەڵام ڕۆژی دواتر دێتەوە و ئەو گۆرانییە تۆمار دەکات، کە گۆرانی “حکم علینا الهوی”یە (عەشق بڕیاری لەسەرداین).
کۆچی دوایی، پێش ئەوەی “قاوشی پەمەیی” ببینێت
بەرەبەیانی ٣٠/١/١٩٧٥، ئوم کەلسوم لە ڤێلاکەی خۆیەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی مەعادیی، قاهیرە، دوای ئەوەی چووبووە کۆماوە بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکییەوە، لەپاڵ تێکچوونی گورچیلەکان و لاوازبوونی دڵی. ساڵح جەودەت، شاعیری میسڕی، لە باسکردنی ئەو ڕۆژانە و ئەو ڕووداوانەدا دەڵێت: “لە نەخۆشخانەکەدا ژوورێکی تایبەت و چاک نەبوو کە بۆ ئەو بشێت، لەبەرئەوە من لە ژوورەکەم چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی ئەو بێتە جێگەکەم. لەبەر ئەوەی ئوم کەلسوم حەزی لە ڕەنگ بوو، و ڕەنگ زۆر کاریگەریی تێدەکرد (بە تایبەتی پەمەیی)، تەواوی ژوورەکە و قاوشەکەیان بۆ کرد بە ڕەنگی پەمەیی. بەڵام فریا نەکەوت ئەو ڕەنگە ببینێت و پێی باش ببێتەوە، و دەستبەجێ برایە ژووری چاودێریی چڕەوە، و هەر لەوێش کۆچی دوایی کرد.”
لە جەنازەکەیدا، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس بەشداربوون و ماڵئاواییان لەو خانمە هونەرمەندە گەورە و جوانە کرد. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی وڵاتە عەرەبییەکان و نێردراوەکانیان ئامادەبوون. زیادەڕۆیی لە وەسفدا ناکەین ئەگەر بڵێین هەموومان لە میسڕ و ئەم ناوچەیە لە گریاندا بووین. لە پرسەکەیدا، کە لەسەروو هەموو کەسێکەوە ئەنوەر سادات ئامادە بوو، ئەحمەد ڕامیی شاعیر، کە هاوڕێی شیعر و گۆرانیی خاتوون بوو، کۆتا هۆنراوەی خۆی لە ماڵئاوایی ئەودا خوێندەوە:
“هەرگیز بە خەیاڵیشمدا نەهاتووە کە بۆ مردنی بگریم
منێک، کە وشەگەلی گۆرانییە دڵتەنگەکانی ئەوم نووسیوە،
دڵخۆش دەبووم کە ئەو دەیگوتن و دەیهێنانە دەنگەوە؛
ئەمڕۆ لە ماڵئاوایی ئەودا ئەو دەگریەنم، و خۆشم دەگریم”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.