23/03/2025
DidiMn Logo
Top

فەلسەفەی نەجیب مەحفوز

لە لایەن دیدی من 1 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – ئەلعەرەبی تیوب
لە عەرەبییەوە: محەمەد عەلی

ئێستاش ئەو کاتەم بیر کە بۆیەکەمجار کتێبێکی (نەجیب مەحفوز)م خوێندەوە، لە کتێبخانەیەک کتێبێکی بچوکم هێنا بەناوی “دنیا الله”،  کۆمەڵێک کورتە چیرۆک بوو لە ساڵی 1962 بڵاوکراوەتەوە، دوای خوێندنەوەی کەوتمە ژێر کاریگەری چیرۆکەکانی، بە تایبەتی یەکێک لە چیرۆکەکانی بەناوی “زەعبەلاوی”، ئەم چیرۆکەیان باس لە کەسێک دەکات بەدەست نەخۆشی ئێسک دەناڵێنێت و چارەسەری بۆ نادۆزرێتەوە، دەچێتە لای یەکێک لە بەندە ساڵحەکانی خودا بەناوی “زەعبەلاوی” بۆئەوەی چارەسەری بکات. ئەوکاتە هێشتا هەرزەکار بووم و بەهۆی بارودۆخی تەمەنەکەمەوە بەدوای خۆشەویستیەوە بووم، بۆیە یەکەم شت لەم چیرۆکەدا بیرم بۆی چوو ئەوەبوو ئەمە هێمای گەڕانە بەدوای خۆشەویستی، بەدڵنیاییەوە مەبەست لەم “زەعبەلاوی”یە خۆشەویستییە.

نازانم چۆن بیرم بۆ ئەوە چووە کە دەکرێت خۆشەویستی “زەعبەلاوی” ناوێک بێت! بەڵام ئیتر ئەوە بۆچونی من بوو کە دەرمانی نەخۆشی و ناخۆشی و ئازاری مرۆڤ خۆشەویستییە، کەواتە “زەعبەلاوی” خۆشەویستییە و خۆشەویستیش “زەعبەلاوی”یە.

پاش ئەوەی کەمێک گەورە بووم و هەندێک دەربارەی “فەلسەفەی بونگەرایی”م خوێندەوە دووبارە هەمان چیرۆکم خوێندەوە، ئەوسا گوتم: نەخێر، هیچ خۆشەویستییەک لە ئارادا نییە. گەڕانی پاڵەوانی ئەم چیرۆکە بەدوای “زەعبەلاوی” گەڕانی مرۆڤە بەدوای خودا، ئەم نەخۆشی ئێسکەش پێویستی مرۆڤە بە خودا… ماوەیەک باوەڕی تەواوم بەو بیرۆکەیە هەبوو، تا کەمێکیتر گەورەبووم و ئەمجارەیان “فەلسەفەی هیچگەرایی”م خوێندەوە پاشان دووبارە هەمان چیرۆکم خوێندەوە، ئەوسا گوتم: نەخێر، “زەعبەلاوی” ئومێدە، ئەم نەخۆشی ئێسکەش خودی بوونە، ئێمە بەردەوام بەدەست بوونی خۆمانەوە دەناڵێنین، بەردەوام بەدوای ئومێد و مانایەکی نابەردەستدا دەگەڕێین، ئەگەر خۆمان ئەو ئومێدە دانەهێنین و لە هیچەوە نەیئافرێنین ئەوکاتە ژیان مەحاڵ دەبێت.

(نەجیب مەحفوز) لە ڕۆمانی “السکریە”دا نووسیویەتی “ئەگەر دونیا بێمانا بێت بۆچی خۆمان مانایەکی بۆ دروست نەکەین؟ ڕەنگە گەڕان بەدوای مانایەک لەم دونیایەدا هەڵەبێت، لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی ئێمە دروستکردنی مانایەکە بۆی”. لەم خاڵەوە من ئەو پرسیارەم بۆ دروست بوو، بۆ هەر کاتێک (نەجیب مەحفوز) دەخوێنمەوە لە سوچێکی نوێوە ئاشنای دەبم؟ یاخود بیرۆکە و فەلسەفەی نوێ دەدۆزمەوە؟ ئایا دەکرێت خودی ئەدەبی ئەم کابرایە ببێتە دەرچەیەک لە ڕێگەیەوە بیر لە پرسیارە گەورەکەی فەلسەفە بکەینەوە کە مانای ژیان و بوون و مەرگ و زەمەنە یاخود من بابەتەکەم گەورە کردووە؟… پێموانییە من بابەتەکەم گەورە کردبێت.

دیدگای نەجیب مەحفوز

ڕاستە (نەجیب مەحفوز) ژیاننامەی خۆی نەنووسیوەتەوە تاوەکو بیخوێنینەوە و بزانین ئەو مەبەستی چی بووە و ویستوویەتی چی بگەیەنێت، بەڵام لە ڕۆمانەکان و دیدارە تەلەفزیۆنییەکانی ماددەیەکی زۆر گرنگی بۆ جێهێشتووین کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین لە بیرۆکەکانی بگەین… (نەجیب مەحفوز) خۆی لە زانکۆ لە بەشی فەلسەفە خوێندوویەتی، هەر لەدوای دەرچوونی لە زانکۆ ماستەری لەسەر “جوانی لە فەلسەفەی ئیسلامیدا” هێناوە، واتا هەر لە سەرەتای ژیانییەوە سەرقاڵی ئەو پرسیارە مەزنانە بووە، بەڵام لە بەخت باشی ئەدەب و بێ بەختی فەلسەفە (نەجیب مەحفوز) بڕیاریدا ئەم تێزە هەر لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمی بمێنێتەوە و نەگات بە گشت خەڵک، بەڵام کاتێک ئەم بیرۆکانە دەبنە کارەکتەری نێو ڕۆمانەکانی و بەرجەستە دەبن ئەوکاتە هەموو کەسێک دەتوانێت تێیبگات.

ڕەخنەگری فەڵەستینی (فەیسەڵ دەڕاج) لە کتێبی “الشر والوجود فلسفة نجیب محفوظ الروائیة” دەڵێت: “بە وردبوونەوە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی (نەجیب مەحفوز)دا بۆمان دەردەکەوێت بەڕاستی ئەو فەیلەسوفە، هەر لە یەکەم بەرهەمیەوە هەست دەکەیت ئەو نووسەرە دیدگایەکی پتەوی هەیە دەربارەی بوون، سەرەڕای ئەمانەش ئەم دیدگایەی ئەو داخراو نییە، توندڕەوانە نییە، بەڵکو دیدگایەکی کراوە و فزوڵییە و ئارەزووی دۆزینەوە دەکات، دەتوانین لە ڕێگەی تاوتوێیەکی بەردەوام لەگەڵ نووسەر و فەیلەسوفەکانی تر تێبینی ئەوەش بکەین لە ڕۆمانێکەوە بۆ ڕۆمانێکی تر ئەم دیدگایە گۆڕانکاری بەسەردا دێت”.

زەمەن لەلای نەجیب مەحفوز

لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کەوا بە نزیکەیی لە زۆربەی بەرهەمەکانی (نەجیب مەحفوز)دا ڕەنگدانەوەی هەیە بابەتی زەمەنە، چۆن لە پەیوەندی مرۆڤ تێبگەین لەگەڵ ڕابردوو و داهاتوویدا؟ لەگەڵ بیرەوەری و لەیادکردن؟ لەگەڵ کۆن و نوێ؟

 هەر لەگەڵ دەستپێکی نووسیندا (نەجیب مەحفوز) زۆر گرنگی بەو بابەتە داوە، بە تایبەتی لە کتێبە کۆنەکانی زۆر گرنگی بە پەیوەندی مرۆڤ بە ڕابردووەوە داوە، بۆ نمونە لە ڕۆمانی “خان الخلیلی”دا باسی کەسێکمان بۆ دەکات بەناوی (ئەحمەد عاکف)… ئەم (ئەحمەد عاکف)ە فەرمانبەرێکی چل ساڵانی سەڵتی لەخۆبوراو بوو، بەهۆی خانەنشینکردنی باوکی لەلایەن حکومەتەوە ناچار بووە کار بکات و نەچێتە زانکۆ لەپێناوی ئەوەی خەرجی خێزانەکەی دابین بکات، بەڵام بەدرێژایی ژیانی نەیتوانی ئەم قوربانیدانە لەبیر بکات، نوقمی ڕابردووی بوو و هەموو شتێکی ژیانی لە سوڕی تەمەنە بەهەدەرچووەکەی بوو، هەمیشە ئەم قسانەی لە خەیاڵیدابوو: ئەگەر ئەو قوربانیدانە نەبووایە چۆن چۆنی ئێستا لە شوێن و پلەیەکی باشتر دەبوو… ببوو بە نیشانەیەکی سەر دەموچاوی کە هەر کاتێک سەیری ئاوێنە بکات ناتوانێت ئەو نیشانەیە نەبینێت، ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات ئاخۆ ئەگەر وا نەبوایە ژیانی چۆن دەبوو… زەمەن دەڕوات و هەرچەندە ڕابردووەکەی کۆنتر دەبێت ئەوەندە مێشکی زیاتر بەلای ڕابردوویدا دەچێت بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک لە داهاتوو، تەنها لە پەشیمانی و ئاخ کێشان لە ڕابردوویدا دەژی.

(نەجیب مەحفوز) لە کتێبی “الحرافیش”دا دەڵێت:”ئەوەی ڕابردووی لەکۆڵ بنێت هەنگاوەکانی کۆسپدار دەبێت”. بە کورتییەکەی واتا سەیری بەردەمی خۆت بکە تاوەکو بەهۆی ئاوڕدانەوەت لە دواوە توشی کۆسپێک نەبیت و دەماودەم بکەویت بە زەویدا، چۆن دەتوانیت وریای ژیان و داهاتووت بیت لەکاتێکدا مێشکت بەردەوام بەرەو سۆزی ڕابردوو و پەشیمانی لە یادەوەرییەکانی کێشت دەکات؟ هەر دانیشتوویت بیر لە نەهامەتییەکانت و بیرەوەری منداڵیت دەکەیتەوە، بۆ بابەتگەلێک دەگریت کە ماوەیەکی زۆرە ڕوویانداوە، بە ڕادەیەک کەوا ژیانی ئێستات خەریکە دەفەوتێت و هیچ کاتی پلان دانانت نییە بۆ داهاتووت.

 سەرەڕای ئەوەی ڕابردوویەکی بە ئازاری هەبوو بەڵام (ئەحمەد عاکف) ئەمان و دڵنیاییەکی لەو ڕابردووەی دەبینی پێی وابوو لە داهاتوودا بوونی نییە، بەردەوام داهاتوو ڵێڵ و ناڕوون و نەزانراوە، ئەگەری و گریمانەی زۆر هەمیشە دەبێتە هۆی سەرئێشە و نیگەرانی بەڵام ڕابردوو ڕوویداوە و تەواو، ڕابردوو ڕوون و سنوردارە تەنانەت ئەگەر خراپیش بێت. سەرەڕای ئەوەی پاڵەوانی ئەم چیرۆکە بەدەست بیرەوەرییەکانی ڕابردوو ئازار دەکێشێت و بەشێوەیەکی ژێر بەژێر جۆرێک لە ماتەمی نیشان دەدات، (نەجیب مەحفوز) بەشە ژەمی هێمایی لە ڕۆمانەکەدا زیاتر دەکات بۆئەوەی نیشانمان بدات ئەم کابرایە چەندە پەیوەستی ڕابردوو بووە… بۆ نمونە بە گرنگییەکی زۆرەوە زانستە کۆنەکان دەخوێنێتەوە بەڵام ڕکی لە زانستی هاوچەرخە، ئیرەیی بە (ڕوشدی عاکف)ی برای دەبات و هەست دەکات ڕقێکی بەرامبەری هەیە، چونکە (ڕوشدی) لەم ساتەدا دەژی و هیچ ڕابردوویەکی نییە تا پێویست بەوە بکات لە کۆت و بەندی دەربچێت. لەبەرئەوەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لەسەروبەندی جەنگی جیهانی دووەمدایە بۆیە (عاکف ئەفەندی) باوکی ناچار دەبێت لە گەڕەکی “سەکاکینی”ەوە کە گەڕەکێکی نوێ بووە بۆ ئەو سەردەمە ماڵی بگوازێتەوە بۆ گەڕەکی “خان الخلیلی” کە گەڕەکێکی کۆن و دێرینە، وەک بڵێی ئارەزووی خۆ پاراستن لە جەنگ هێمای ئارەزووی پەنابردنە بەر ڕابردووە لای(ئەحمەد عاکف)، هەر هەنگاوێکی ئەم کابرایە ئاماژەی حەز و خولیای بۆ ڕابردوو و دابڕانی تەواو لە ئێستا و داهاتوو بوو.

(نەجیب مەحفوز) دەربارەی کەسێی تەواو پێچەوانەی ئەو (ئەحمەد عاکف)ەی نووسیوە، کەسایەتییەک کە هیچ ئارەزوو و پەیوەستییەکی ڕابردووەکەی نەبوو، دەیەوێت بەردەوام بەرەوە داهاتوو و ئەگەرەکانی داهاتوو بڕوانێت، ئەم کارەکتەرە لە ڕۆمانی “زقاق المدق”دا بەدی دەکەین کە لە ساڵی 1947 و ساڵێک دوای بڵاوکرانەوەی “خان الخلیلی”دا بڵاوکرایەوە، لەم ڕۆمانەدا (نەجیب مەحفوز) باس لە کەسێک دەکات بەناوی (حەمیدە)، کچێکی لاو و لە ڕادەبەدەر جوان لە کۆڵانی میدەقدا دەژی، هەموو لاوانی ئەو گەڕەکە کە تەمەنیان گەیشتۆتە تەمەنی هاوسەرگیری چاویان لەسەر (حەمیدە)یە و دەیانەوێت لێی نزیک ببنەوە و ڕازی بکەن، بەڵام ئاواتەکانی ئەو زۆر لەو کۆڵانە گەورەترە، لەو شوێنەی لێی لەدایکبووە و گەورەبووە ڕادەکات و هەموو شتێکی ژیانی تەنانەت خێزان و ئابڕووی خۆشی دەخاتە مەترسییەوە، خۆی لە ڕابردووی ئەغیار دەکات و بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت هەر شتێکیش لەو ڕێگەیەدا دێتە بەردەمی دەیخاتە ژێر پێی. لەگەڵ کەسێک هاوسەرگیری دەکات بەبێ ئەوەی خۆشوی بوێت، بەڵکو تەنها بەو ئومێدەوە بەرەو ژیانێکی جیاوازتری ببات لە دەرەوەی ئەم کۆڵانەدا، چیرۆکەکەش بەوە کۆتایی دێت کە (حەمیدە) دەبێتە لەشفرۆشی ئەفسەرە ئینگلیزەکان و دەستگیرانەکەشی لەسەر دەستی ئینگلیزەکان دەکوژرێت. (حەمیدە) پێیوابوو قوربانیدانێکی لەم شێوەیە لەپێناو ڕاکردن لە ڕابردوو بەهایەکی گونجاوە، بۆیە گوتی: “بۆ ئەوەی لەزێڕ بگەوزێیت، دەبێت سەرەتا لە خۆڵ بگەوزێیت”.

ئەگەر تێبینی بکەیت دەبینیت دوو ڕۆمانی بەدوای یەکەوە نووسیوە، یەکێکیان پەیوەستی و هۆگربوونی ڕابردووی بە ڕادەیەکە داهاتووی پشتگوێ دەخات، دووەمیشیان تامەزرۆیی بۆ داهاتوو و ئەگەرەکانی و ئارەزووی ڕاکردن و جودابوونەوە لە ڕابردوو… کاتێک ئەم دوو بەرهەمە ئەخەیتە پاڵ یەکتر هەست دەکەیت (نەجیب مەحفوز) دەیەوێت شتێکی دیاریکراوت پێ بڵێت.

لەم قۆناغەی ئەدەبی (نەجیب مەحفوز)دا جەنگێک لە ئارادابوو لەنێوان ڕابردوو و داهاتوومان، ئەو ڕابردووەمان کە ڕەگ و ڕیشەی ئێمەی تێدا چەقبووە و دەکرێت لەکاتی بێزاری و نیگەرانی و نائارامیمان ببێتە پەناگەمان، بەڵام دەکرێت بشبێت بە کۆتێک بە ملمانەوە و نەتوانین لێی دەرباز ببین بۆئەوەی چاومان لە ژیانمان بێت، لە بەرامبەریشدا داهاتوومان کە بە هەموو ئەگەرەکانیەوە باڵی بۆمان کردۆتەوە، بەڵام دەکرێت لەنێو ئەگەرەکانیدا چارەڕەشییەکی بۆ ئێمە تێدابێت هەروەک ئەوەی بەسەر (حەمیدە) هات.

ئاسانترین تەفسیر بۆ ئەم قسانە ئەوەیە کە (نەجیب مەحفوز) تەعبیر لە بارودۆخی گەلەکەی دەکات کە لەنێوان ڕابردووە ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتییەکەی لەگەڵ داهاتووە هاوچەرخ و ڕۆژئاواییەکەی دووکەرت بووە… دەکرێت ئەمانە لایەنێکی بابەتەکە بن، بەڵام ڕەهەندێکی تریش هەیە، نووسەری میسڕی (ڕەشید عەنانی) لە کتێبەکەیدا بەناوی “عالم نجیب محفوظ الروائی المطاردة المعنی” دەڵێت: “ئەو دوودڵیەی لەنێوان هەڵبژاردنی ڕابردوو و داهاتوودا لەلای کەسیاتییەکانی نێو ڕۆمانەکانی (نەجیب مەحفوز)دا هەیە ڕەنگدانەوەی دوودڵی خودی (نەجیب مەحفوز)ە لە بیرکردنەوەکانیدا لەو سەردەمە، دوودڵی لەنێوان چارەنوسی مرۆڤ، ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوو بەسەریدا فەرز کراوە لەگەڵ ئەو داهاتووەی لەبەردەمیدا کراوەتەوە کە دەکرێت هەمیشە بەرەو لای ئەو داهاتووە ڕابکات”… دەردەکەوێت خۆشی نەیتوانیوە چارەسەری ئەو دوودڵییە بکات، چونکە ئەو مرۆڤەی بە تەواوی دەستەمۆی ڕابردووبوو کە (ئەحمەد عاکف)ە لەگەڵ ئەو مرۆڤە لە ڕابردووی یاخی بوو و هەموو فۆکەسی خۆی خستە سەر داهاتوو کە (حەمیدە)یە چارەنوسی هەردووکیان زبڵدان بوو!

فەلسەفەی “قلق الوجودي” لای نەجیب مەحفوز

(نەجیب نەحفوز) لەم دوو سیناریۆیەدا باس لە بیرۆکەیەکی گرنگی فەلسەفە دەکات ئەویش بیرۆکەی “القلق الوجودي”، ئەمەش ئەو جۆرە دڵەڕاوکێیەیە کە تەنها بەهۆی بوونەوە توشی مرۆڤ دەبێت، بەهۆی بیرکردنەوە لەوەی ژیانمان بەڕووی هەزاران ئەگەردا کراوەیە، تۆش بەردەوام بە تەنیایی وەستاویت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێگەیەی کە هەڵیدەبژێریت… وەک پەچەکردارێکیش بەرامبەر ئەم دڵەڕاوکێیە دەکرێت مرۆڤ پەنا وەبەر ڕابردووی بەرێت تاوەکو لە ئازادی ویست و ئیڕادەی خۆی ڕابکات، یاخود دەکرێت ڕووبەڕووی داهاتوو ببێتەوە بە تەواوی ئەگەرە مەترسیدارەکانییەوە و موجازەفەی لەناوبردنی خۆی بکات.

فەیلەسوفی دانیماڕکی (سۆلین کێرکیگارد) لەبارەی مرۆڤەوە دەڵێت: “مرۆڤ ئاوێتەی دوو شتی دژیەکە، ئەوانیش سنوردار و بێکۆتا”… واتا مرۆڤ لە لایەنێکی سنوردار پێکدێت، ئەم لایەنە بەشێکە پێیەوە پەیوەستکراوین و دەسەڵاتی گۆڕینیمان نییە بۆ نمونە ڕابردوومان، بەڵام لەهەمان کاتیشدا مرۆڤ لایەنێکی ڕەها و بێکۆتای هەیە، ئەمەش لە توانستی و هەل و ئەو ڕێگە کراوانەی بەردەممان دەردەکەوێت کە هەڵبژاردنی لە دەستی خۆمانە. بەبۆچونی (کێرکیگارد) دڵەڕاوکێی بوون لەوکاتە ڕوودەدات کە ناتوانین لەنێوان دوو دژیەکدا سەرکەوتووبین، نە دەتوانین خۆمان دەستەمۆی پیاکێشانەکانی چارەنوس بکەین، نە دەشتوانین چارەنوسمان لەدەست بگرین، لە هەردوو حاڵەتدا هیچ گەرەنتییەک نییە.

کاریگەری تیۆرەکانی هێنری بێرگسۆن لەسەر ڕۆمانەکانی نەجیب مەحفوز

فەیلەسوفێکی تری فەڕەنسیش هەیە کە (نەجیب مەحفوز) سەرسامی بووە ئەویش (هێنری بێرگسۆن)ە، لە تەمەنی 23 ساڵیدا وتارێکی دەربارەی فەلسەفەکەی نووسیوە و لە ڕۆمانەکانیشدا باسی کردووە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم کاریگەرییە بەهێزە شوێنپەنجەی لەسەر ئەو بیرۆکە و ئەو فەلسەفانەدا هەبووە کە ئێمە لە ڕۆمانەکانیدا بەدی دەکەین.

(هێنری بێرگسۆن) زەمەن دەکاتە دوو بەشەوە، بەشی یەکەم ناودەنێت “زەمەنی میکانیکی”، “زەمەنی میکانیکی” ئەو زەمەنەیە ئێمە لە کاتژمێردا دەیبینین… کاتێک سەیری میلی کاتژمێرێکی ئاسایی دەکەین بەبێ وەستان بە ڕێگەی خۆیدا دەڕوات، کە میلی کاتژمێر لەو ساتەی ئێستا ڕەتدەدا دەبێتە ڕابردوو پاشان ساتی دوای ئەویش کە ڕەتیدەدا دەبێت ڕابردوو و…هتد. بەم ڕێگەیە ژیانی هەرکەسێکمان دابەش دەبێتە سەر ساڵ و مانگ و ڕۆژ و چرکە، هەر یەکێکیش لەمانە کە دەڕوات ناگەڕێتەوە ئەوەیشی نەهاتووە لە چاوەڕوانیدا دەبیت، ئەمە ئەو زەمەنەیە کە (هێنری بێرگسۆن) ناوی ناوە “زەمەنی میکانیکی”.

لە بەرامبەریشدا ڕێگەیەکی ترمان پێدەڵێت بۆ تێگەیشتن لە زەمەن، ناویشی ناوە “دەیمومە”… ئەم “دەیمومە”یە وەک “زەمەنی میکانیکی” نییە کە ڕێژەیەکی جێگیری هەبێت و بە کاتژمێر پێوانە بکرێت، بەڵکو “دەیمومە” ئەو ئەزمون و تاقیکردنەوانەیە ئێمە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ تێیدا دەژین، بەشێوەیەکی سێ ڕەهەندی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوومانی تێدا ئاوێتە دەبێت. ئەگەر تۆ ئاسایی ژیان بکەیت ڕابردوو و داهاتووت شتێک نابن کە لێتەوە دووربن، بەڵکو بەردەوام لەبەردەمت دەبێت، بەردەوام ڕابردووت لەگەڵتە لەبەرئەوەی لە ڕێگەیەوە تەفسیری زەمەن دەکەیت و لێی تێدەگەیت، بەهەمانشێوە داهاتووشت بەردەوام لەگەڵتە لەبەرئەوەی پێشبینی بۆ دەکەیت و بەردەوام لەژێر کاریگەری ئەو داهاتووەتدا دەبیت. بیرکردنەوەی ڕۆژانەت ئەم دووانە لەیەکتر جودا ناکاتەوە، ناکرێت لەهیچ ساتێکی ژیانتدا ئەم دووانەت لەخەیاڵدا نەبێت، تۆ بەردەوام لە خاڵێکدا دەژیت کە هەرسێ زەمەنت بەیەکەوە بۆ دیاری دەکات، ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو.

بەهۆی بیرۆکەی “دەیمومە”وە دەتوانین بە شێوازێکی نوێ لە زەمەن بگەین، نەک تەنها باکگراوندێکی ژیانی مرۆڤ بێت هەروەک ئەو کاتژمێرەی بە دیوارەوە هەڵواسراوە بەشێوەیەکی جێگیر، بەڵکو ئەمە بەشێکە لە چنینی خودی ژیان، ناوەخنی ژیان لە کەڵەکەبوون و پێشکەوتن پێکدێت، ئەوەی جوڵەی زەمەنیش دیاریدەکات جوڵەی خودی خۆمانە، ئەمەش مانای وایە شتێکی جێگیری فیزیایی یاخود میکانیکی نییە، بەڵکو (بێرگسۆن) پێمان دەڵێت لەسەر ئاستی شارەزاییەکانمان زەمەن شتێکی زۆر لەوە گەورەترە، شتێکە بەردەوام لەگەڵماندایە و هاوڕێگە و سەفەرمانە.

سروشتی ئەخلاقی زەمەن

دکتۆر (ڕەشید عەنانی) دەڵێت لە قۆناغی دووەمی ئەدەبەکەیدا (نەجیب مەحفوز) شێواز و بیرۆکەیەکی نوێ و گرنگی بۆ ئەدەبەکەی زیاد کرد، ئەویش سروشتی ئەخلاقی زەمەنە… مانای وایە(نەجیب مەحفوز) بەشێوەی دوو پێچەوانە و دژیەک بیری لە ڕابردوو و داهاتوو نەکردۆتەوە، بەڵکو ئەم دووانە بەردەوام لەگەڵ ساتی ئێستاماندان، مرۆڤیش ئیختیباری هەرسێ زەمەن دەکات بەیەکەوە، ئەمەش لە ڕێگەی ئازادی ئیڕادە و ویستی خۆی کە بەمانە هەرسێ زەمەنەکە پێکدەهێنێت، بەڵام ئازادی ئیڕادەش باجی هەڵبژاردنەکانی بە مرۆڤ دەدات، (مەحفوز)یش لە کتێبەکانیدا وا دەکات خودی زەمەن باجی هەڵبژاردنەکان بە مرۆڤەکان بدات.

بابەتێکمان هەیە دەڵێت چی بچینیت ئەوە دەدووریتەوە، ڕێک ئەم پەندە لە زۆربەی ڕۆمانەکانی (نەجیب مەحفوز)دا بەدی دەکەیت، چۆن زەمەن سزای پاڵەوانانی نێو ڕۆمانەکانی دەدات، یاخود پاداشتیان دەکات. بەناوبانگترین نمونەی ئەمەش لە ڕۆمانی سیانینە بەناوبانگەکەی قاهیرەدایە کە ئەم سێ ڕۆمانە لەخۆ دەگرێت “بین القصرین، قصر الشوق، السکریة”.

لە ڕۆمانی یەکەمدا “بین القصرین” باسی (عائشە و خەدیجە)مان بۆ دەکات کە دوو خوشکی خێزانەکەی (سەید ئەحمەد عەبدولجەواد)ن، (عائشە) جوانییەکی لە ڕادەبەدەری هەیە و زۆر سەرسامی جوانییەکەی خۆیەتی تەواوی ڕۆژەکەی بەدیاری ئاوێنە بەسەردەبات، هیچ گرنگییەک نە بە کاری ناوماڵ و نە بە هیچ بابەتێکی تر نادات، بەڵام (خەدیجە)ی خوشکی کە بەهۆی ناشرینییەکەی تەمەنی گەورەبووە و هاوسەرگیری نەکردووە و لەبەر گەورەیی لوتی بەردەوام تانەی لێدەدەن، بەڵام نمونەی رێک و پێکی و چاڵاکی بوو، زۆر گرنگی بە ماڵ و خێزانەکەی دەدا.

واتا دانەیەکیان جوانییەکی ڕواڵەتی وەرگرتووە، لە دەرەوە جوانە بەڵام تەمبەڵ و بێکەڵکە، هەرچی ئەوەیتریشە خاوەن سروشت و ئەخلاقی باشە وەکو پابەندی و هەستکردن بە بەرپرسیارەتی… پاشان ئەم دوو خوشکە شوو بە دوو برای خێزانێکی دەوڵەمەند دەکەن، ئەم دوو برایەش لە ژیانێکی پڕ لە تەمبەڵی و تەوەزەلیدا دەژین، لەبەرئەوەی خاوەن ماڵ و موڵکن پێویستیان بە کارکردن نییە. (نەجیب مەحفوز) بۆئەوەی جیاوازی نێوان هەڵبژاردنەکانی ژیانی ئەم دوو خوشکەمان نیشان بدات ئەم ڕێگەیەی داهێناوە… (عائیشە) بە تەواوی دەستەمۆی لاموبالات و تەمبەڵی بوو، ئاڵودەی چێژوەرگرتن بوو بەبێ ئەوەی هیچ بەرەنگارییەک بکات، بەڵام لەبەرامبەردا (خەدیجە) بەهۆی کەسایەتییە بەهێزەکەیەوە وایکرد هاوسەرەکەی لە دۆخی تەمبەڵی و تەوەزەلی دەربچێت.

(نەجیب مەحفوز) لێرەدا دەیەوێت پێمان بڵێت  کە ئەوکەسەی بەبێ گرنگیدان بە هیچ کەس و شتێک تەنها بۆ چێژەکانی خۆی دەژی، ئەمە کەسێکە لە دەرەوەی چوارچێوەی زەمەن و ژیانە، سزاکەشی ئەوە دەبێت کە زەمەن لەبیری دەکات… لە بەرامبەردا ئەو کەسەی هەوڵدەدات چارەنوسی خۆی بەدەستەکانی بگرێت ئەو کەسە بەڕاستی دەژیت، هەر ئەویشە کە زەمەن ڕێگەی پێدەدات کارەکانی تەواو بکات.

زەمەن لق و پۆپی (عائیشە) بەتەواوی دەسڕێتەوە، وەک ئەوە وایە زەمەن پێی بڵێت: من پێویستیم بە کەسانی لەم شێوەیە نییە. بەڵام لق و پۆپی (خەدیجە) منداڵی باش دەخەنەوە کە سیفەتی چاڵاکی و کاریگەریی دایکیان تێدایە، ئەمانیش ڕێگەکە تەواو دەکەن چونکە شایەنی ژیانکردنن.

(نەجیب مەحفوز) لە ڕۆمانەکانیدا بەشێوەیەکی ئاوا ڕون و ڕاستەوخۆ دەربارەی ئیڕادە و زەمەن و چارەنوسی نەنووسیوە، ئاسایی ڕۆمانەکەی دەخوێنیتەوە و چیرۆکێکی جوان دەبینیت دەربارەی کەسانێک کە دەژین و کەسانێک کە دەمرن، بەڵام لەنێوان دێرەکانیدا ئەم بیرۆکانە بەدی دەکەیت، دەربارەی دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی و باوکسالاری و کۆمەڵایەتی، دەربارەی زەمەن و خراپە و مەرگ، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پێشبینییەکی تەواو و پوخت لەبارەی بوون لەڕێگەی ئەو کەسایەتییانەی کە هەندێکیان ڕابردووەکەیان هۆکاری جوڵە و گەشەکردنیان دەبن و هەندێکیشیان نوقمی چێژ و خۆشی وەرگرتن دەبن. دکتۆر (سیزا قاسم) لە کتێبی “بناء الروایة دراسة مقارنة في ثلاثیة نجیب محفوظ” دەڵێت: “ئەو ڕێگەیەی بێ هیچ فەلسەفە و پێویستییەک بیرۆکەکان دەگەیەنێت بناغەی هونەرییە لە ڕۆمانەکان”.

(نەجیب مەحفوز) لەزۆر ڕۆمانی تردا ئەو بابەتە دووبارە دەکاتە کە زەمەن سزای مرۆڤەکان دەدات یاخود پاداشتیان دەکات لەسەر هەڵبژاردنەکانیان، بۆ نمونە لە ڕۆمانی “اللص والکلاب”دا کە (سەعید مەهران) ناپاکی لێدەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە، کە لە زیندان دەردەچێت هەموو ژیانی لە سوڕی تۆڵەکردنەوەدا خول دەخوات، بزوێنەری ژیانی ڕاستکردنەوەی ئەو ڕووداوەیە لە ڕابردوودا بەسەری هاتووە، تەنانەت کاتێک خۆشەویستەکەی (نوڕ) دێتە ڕێگەی لەخۆی دوور دەخاتەوە بۆئەوەی پلانە تۆڵەسەندنەوەکەی جێبەجێ بکات… کاتێکیش دەست بە هەوڵەکانی دەکات بۆ تۆڵەسەندنەوە بە هەڵە کەسێکی بێتاوان دەکوژێت… (نەجیب مەحفوز) هەوڵدەدات پێمان بڵێت ئەم کۆششەی (سەعید مەهران) بۆ تۆڵەسەندنەوە خەرجی کرد کۆششێکی بێسود و بێکەڵک و بێ بەهەیا، چونکە لە تاڵییەوە سەرچاوەی گرتووە و هیچ ئیزافەیەکی نییە بۆ ژیان… ڕێک بەهەمان شێوەی کتێبی سیانینەکەی کە باسمانکرد سزای وەرگرت… کەواتە زەمەن سزا و پاداشتی پاڵەوانەکان لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانی دەکات.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەڵام هەر خودی (نەجیب مەحفوز) دەیزانی دادپەروەری هەرگیز بەمشێوە سادە و ساکارە لە ژیاندا نایەتەدی، بۆیە زۆرێک لە پاڵەوانەکانی توشی چارەنوسی بە ئازار دەبن تەنانەت ئەگەر شایەنیش نەبووبن.

بیرۆکەی هێزی ژیان

دکتۆر (ڕەشید عەنانی) دەڵێت: “(نەجیب مەحفوز) زۆر سەرسامی بیرۆکەیەکی تری (هێنری بێرگسۆن) بوو، ئەویش بیرۆکەی هێزی ژیان-ە”. ئەم هێزی ژیانە چەمکێە (هێنری بێرگسۆن) لە ڕێگەیەوە دەڵێت داهێنان و ئیڕادەی ئازادی ڕەوشتدار دوو بزوێنەرن بۆ بەرەوپێشچوونی مرۆڤ و ژیان.

زەمەن هەڵبژاردنەکانی ڕابردوومان پێدەدات لەگەڵ بواری هەڵبژاردە و توانستییەکان بۆ داهاتوومان و ئێمەش هەڵی دەبژێرین، ئەم هەڵبژاردنەش تەنها ژیانمان بەرەو پێش نابات، بەڵکو جۆرێتی مرۆڤیش بەرەو پێش دەبات.

لە کتێبی “اتحدث الیکم”دا (نەجیب مەحفوز) دەڵێت: زەمەن بەرجەستەی گیانی بەرەوپێشچوونی مرۆڤە، هەروەها هێشتنەوە و نەمری ئەو ئەزمونەیە کە مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا دەیکات”. لێرەدا (نەجیب مەحفوز) مەبەستی ئەوەیە دەکرێت ژیانی هەر تاکێک بە مردن کۆتایی بێت، کە ئەمەش مانای وایە هەموو کردەوە و هەڵبژاردنەکان بوون بە هیچ… بەڵام لەهەمان کاتدا ئەم کردەوە و هەڵبژاردنانە یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوە جۆرێتی مرۆڤ، یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوە کۆمەڵ، گەل، خەڵک.

 لێرەدا دڵنیا دەبینەوە کە تێڕوانینی (نەجیب مەحفوز) بۆ زەمەن بابەتی سزا و پاداشتیشی ڕەتداوە، ئێستا وەک تاک سەیری مرۆڤ ناکات، بەڵکو وەک کۆمەڵ سەیریان دەکات، ئەگەر تۆ یەک بەردت لە بناغەی پێشکەوتنی مرۆڤدا زیاد کرد ئەوا زەمەنی ژیانی تۆ تەمەنی تەواوی مرۆڤایەتییە. بەڵام ئەگەر لەبواری تاک و تەنها بۆخۆت کار بکەیت و هەوڵ بدەیت ئەوسا توشی سزا دەبیت.

هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ تەنها کاریگەری لە چارەنوسی تاکی خۆی ناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی دەکات، بۆیە هەر تاکێک بەتەنیا بەرەنگاری زەمەنی کرد هەمیشە کۆتاییەکی کارەساتباری دەبێت، بەڵام بەدیلی ئەمەش هەیە ئەویش کارکردنی بە کۆمەڵە، چونکە ئەگەر ئەو کۆمەڵە تاکە یەکبگرن ڕەنگە بەسەر خراپی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی ژیانیان سەربکەون، تەنانەت ئەگەر نیوەی ئەو تاکانەش بمرن و ساتی سەرکەوتن نەبینن، ئەو کۆمەڵەیە بەبێ ئەوان نەیاندەتوانی ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنێت.

ئەم فەلسەفەیە بەشێوەیەکی ڕوون لە ڕۆمانی “حضرة المحترم”دا بەدی دەکەین… (عوسمان بەیومی) فەرمانبەرێکی هەژار و خاوەن ئاواتە، بەڕادەیەک خاوەن ئاواتە هەموو بەها مرۆڤایەتی و تەنانەت خۆشبەختی خۆشی پشتگوێ دەخات لەپێناوی ئەوەی پلەی بەرز بکرێتەوە، سەرەڕای ئەو هەوڵە سەخت و دژوارانەی دەیدات بەڵام بەردەوام پلە بەرزکردنەوەکەی دوادەکەوێت، ئەم دواکەوتنەش بەهۆی ئەو ستەمەوەیە کە لەو کۆمەڵگایەدا هەیە، ئەو کۆمەڵگایە پاداشتی هیچ کۆششکارێک ناکات لەسەر کۆششەکەی بەڵکو بە پێچەوانەوە سزا دەخاتە ڕێی. لە کۆتاییدا (عوسمان بەیومی) بە فەشەل و کەوتن سزادرا… ڕوونە لێرەدا (عوسمان بەیومی) بەهۆی تەمبەڵی وهەوڵنەدانەوە سزانەدرا، بەڵکو لەبەرئەوە سزادرا هەوڵی تاکلایەنەی دا و بیری لەو کێشە کۆمەڵایەتییانە نەکردەوە کە لە بنەڕەتدا ئەمانە بوونەتە هۆکاری نەهامەتییەکانی و دەبێت پێش چارەسەرکردنی نەهامەتییەکانی ئەمانە چارەسەر بکرێن… (عوسمان بەیومی) ئامۆژگاری فەرمانبەرێکی نوێی دەکرد بەوەی فۆکەسی تەنها لەسەر خۆی بێت و گرنگی بە کۆمەڵگا نەدات، بە خانمە سکرتێرەکەشی دەگوت خودا ئێمە بە تەنیایی دروستکردووە، تانەی لێدەدا بەوەی گرنگی بە سیاسەت و کۆمەڵگا دەدا. ئەم سووڕدانە لە دەوری خود بەبێ هیچ کار و هەوڵێک بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا بەلای (نەجیب مەحفوز)ەوە هەمیشە کۆتاییەکی سامناکی دەبێت. ئەمە لە ڕۆمانی “ملحمة الحرافیش”دا زۆر ڕوونتر دەردەکەوێت، بە تایبەت لە فەسڵی کۆتایی ڕۆمانەکە لە چیرۆکی “توت والنبوت”، کەسایەتییەک لەم فەسڵەدا هەیە بەناوی (عاشور ناجی)، (عاشور) دەردە دڵی خەمەکانی لەلای دایکی باس دەکات، خەمەکانیشی هەمانی خەمی خەڵکی ناوچەکەیە کە توشی هەژاری و برسییەتی جەنگ بوونە، دایکی پێی دەڵێت کوڕەکەم تۆ لە خەمی ژیانی خۆتت کەم نییە وا خەمی ئەو خەڵکەشت لە ئەستۆ گرتووە؟ (عاشور)یش لە وەڵامدا پێیدەڵێت: “هەمووی هەر یەک خەمن و زنجیرەیەکی بەیەک بەستراون”… لێرەدا (عاشور ناجی) لە خەمی ئەو گەڕەکەدایە کە پڕبووە لە ستەم، ئەو ڕەش و ڕووتانەی لە خراپترین بارودۆخدا دەژین، دەشیویست شتێک بکات تا لەپاڵیان بوەستێت و یارمەتیان بدات و هانیان بدات تا شۆڕشێک بکەن و چاوەڕێی سەرۆک و ئاغا و دەرەبەگ نەکەن بۆئەوەی لەو ستەمە ڕزگاریان بکات، هەر ئەمەشە وایان لێدەکات لە کۆتاییدا سەرکەوتووبن.

لێرەدا (نەجیب مەحفوز) بەرگری لە بیرۆکەی گەل دەکات، کە دەبێت خۆی جڵەوی چارەنوسی خۆی لەدەست بگرێت و چاوەڕێ نەکات دیکتاتۆرێکی دادپەروەر خەونەکانی بۆ بهێنێتە دی، ئەگەر قوڵتریش لێی بڕوانین دەبینین پەرە بە بیرۆکەی زەمەن و ئازادی و چارەنوس و پەیوەندی تاک بە کۆمەڵەوە دەدات.

کۆتایی

بیرۆکەی ڕۆمانە سەرەتاییەکانی (نەجیب مەحفوز) باس لە پێچەوانەیی ڕابردوو و داهاتوو دەکات، ئێمەش بەردەوام لەو نێوەندەدا دەور دراوین، یان دەست بە ڕابردوومانەوە دەگرین و خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، یاخود بە بوێریەوە ڕووبەڕووی داهاتوو دەبینەوە… لەدوای ئەمانە کەوتە ژێر کاریگەری چارەنوس و ئازادی ئیڕادەوە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی زەمەن کە سزا و پاداشتیان دەکات لەسەر کار و کردەوەکانیان، لە کۆتاییشدا دەگاتە ئەو باوەڕەی زەمەن هەرگیز سزا و پاداشتی تاک نادات، بەڵکو سزا و پاداشتی کۆمەڵ دەدات، گرنگیشە هەر تاکێک پشکی لە ئیزافەیەکی ژیانی کۆمەڵدا هەبێت بۆئەوەی مردنەکەی نەبێتە کۆتایی چیرۆکەکەی.

هاوبەشی بکە