له ئینگلیزییه‌وه: ماردین ئیبراهیم
سایمون سێباگ مۆنتیفیۆر، که مێژوونووس و ڕۆماننووسێکی به‌ریتانی و پێشکه‌شکاری ته‌له‌فیزیۆنییه و پێشتر کۆمه‌ڵێک کتێبی مێژوویی و ڕۆمانی بڵاو کردۆته‌وه له‌وانه ”کاسرینی مه‌زن، ستالین، دادگای تزاری سوور، ستالینی گه‌نج، مێژووی تیتانه‌کان، هه‌روه‌ها ڕۆمانه‌کانی ”شاشینکا، شه‌وێکی زستان، ئاسمانی سووری نیوه‌ڕۆ.” ئه‌مجاره‌یان کتێبێکی سه‌رنجڕاکێشی بڵاو کردووەته‌وه که کۆکراوه‌ی کۆمه‌ڵێک نامه‌ی مێژوویی نێوان که‌سایه‌تییه‌کانی جیهانه، هه‌ر له که‌سایه‌تییه سیاسیی و پاشا و سه‌رۆک و ده‌سه‌لاتدارانه‌وه، تاکو که‌سانی ئایینی و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانی دیاری دنیا. بابه‌تی نامه‌کان جۆراوجۆرن و له کاتی جیاواز و ناوکۆیی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازدا نووسراون، هه‌روه‌ها بۆ مه‌به‌ستی جۆربه‌جۆر نووسراون و نێردراون، هه‌ر له بابه‌ته‌کانی جه‌نگ و ده‌سه‌ڵات و ئازادیی و خوێن و ئازایه‌تیی و کاره‌ساته‌وه تاکو بابه‌تی خۆشه‌ویستی و خێزانی و داهێنان و ماڵئاوایی و هاوڕێیه‌تی. کتێبه‌که ساڵی ٢٠١٩ له به‌ریتانیا چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئه‌م نامانه پێشتر له پاشکۆی کلتووری هه‌فته‌نامه‌ی زه‌مه‌ن بڵاو کراونه‌ته‌وه.
نامه‌ی ناپلیۆن بۆ جۆزفینی ژنی، ٣ی دیسه‌مبه‌ری ١٨٠٥
ئه‌مه نامه‌ی پیاوێکه که تازه هه‌ردوو ئیمپراتۆری ڕووسیا و نه‌مسای به‌زاندووه و بووه به سه‌روه‌ری ئه‌وروپا. له مه‌یدانی جه‌نگی ئۆسترلیتز، ناپلیۆن ئه‌م نامه‌یه که به په‌له‌پڕوزێ و ده‌ستخه‌تێکی وه‌کو شه‌ڕه‌پشیله نووسراوه بۆ جۆزفینی ژنی ده‌نێرێت.
بۆ ژنه‌ئیمپراتۆر له ستراسبۆرگ،
لیبرۆنم له مه‌یدانی جه‌نگه‌وه ناردووه بۆ لات. هه‌ردوو سوپای ڕووسیا و نه‌مسام به‌زاندووه که دوو ئیمپراتۆر سه‌رکردایه‌تییان ده‌کرد. تا ڕاده‌یه‌ک ماندووم، چونکه هه‌شت ڕۆژم له‌و ده‌شتوده‌ره به‌سه‌ر بردووه و شه‌وه‌کانیش ساردن. ئه‌مشه‌وم له کۆشکی شازاده کاونیتز به‌سه‌ر ده‌به‌م و دوو – سێ کاتژمێرێک ده‌خه‌وم. سوپای ڕووسیا هه‌ر نه‌به‌زێنراوه؛ به‌ڵکو وێران کراوه.
ماچت ئه‌که‌م
ناپلیۆن
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.