08/05/2024
DidiMn Logo
Top

بیست نیشانە بۆ ناسینەوەی خوێنەری ساختە

لە لایەن دیدی من 11 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – گۆران ڕەسووڵ

خوێنەر ساختەکان زیاتر لە نووسەرە ساختەکان ڕۆڵ لە بونیادنانی ئەدەب و فەرهەنگێکی ساختە دەگێڕن. ئەم جۆرە لە خوێنەر بە ڕێژەی جیاواز لەناو هەموو کۆمەڵگەیەک هەن، هەر چەند ڕێژەشیان زیاتر بێت ئەوەندە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ساختە هەیە. بەشێوەیەکی گشتی خوێنەرە ساختەکان ئەوانەن کە کتێب ناخوێننەوە و خۆشیان وا دەردەخەن کە خوێنەری بەردەوامی کتێبەکانن. ئەم خوێنەرانە بە شەپۆل و بێ خوێندنەوە پەسن و دژایەتی کتێب یان نووسەر دەکەن. سەردەمی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا، ڕێگەی باشیان بۆ خوێنەرە ساختەکان خستووەتە بەر دەست کە بەهۆیانەوە ماسکی ڕەنگاوڕەنگ بپۆشن و ساختەییان بشارنەوە.

بەڵام چۆن خوێنەرە ساختەکان بناسینەوە؟ لە خوارەوە ئاماژە بە ٢٠ نیشانە دەدەم کە دەکرێت لە ڕێگەیانەوە خوێنەرێکی ساختە لەناو کۆمەڵگەی کوردیی لە باشوور بناسینەوە. بە بڕوای من هەر خوێنەرێک پێنج یان زیاتر لەم نیشانانەی خوارەوەی تێدابێت، خوێنەرێکی ساختەیە.

١. لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک ئامادە دەبێت، بەبێ بۆنە و مەبەست، ناشنازانێت بۆچی دەچێت و بۆ لەوێیە. ڕەنگە زیاتر بۆ ئەوە بێت کە بڵێن لە کۆڕ و کتێبخانانە دەبیندرێت.

٢. زۆرینەیان یەکەم کتێب خوێندوویانەتەوە کتێبی سینۆهەیە و لەوێدا چەقیون. بۆ نەوەی تازە دەکرێت جیهانی سۆفیا یان کچەی پرتەقاڵ بێت.

٣. ڕەسمی خۆی لگەڵ کتێبخانە زۆر دەگرێت، هەروەها ڕەسمی کتێب بە گوڵ و مۆمەوە دەگرێت و لە هەژمارەکانی لە سۆشیال میدیا دایان دەنێت.

٤. جگە لە کوردی ناوەندی هیچ زمانێکی تر نازانێت و تەنانەت خۆی فێری زمانی تر ناکات، بەڵام بەردەوام قسەی لەسەر وەرگێران هەیە و پەسنی وەرگێڕانی کتێبان دەکات. زۆر حەزی لەم ڕستەیەیە و بەردەوام بۆ زۆرینەی کتێبە وەرگێڕدراوەکان دەیڵێت “وەرگێڕانەکە هێندە باشە وەک ئەوەی کتێبەکە بە کوردی نووسرابێت وایە”.

٥. وا پیشان دەدات، گابرێل گارسیا مارکیز ناسە، بەڵام تەنیا ناونیشانی ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی بیستووە. قسەیەک بۆ کفن دزیش بکەین، جارێکیان هەوڵی داوە سەیری فیلمەکەی بکات، بەڵام تەنیا پانزە خولەکی سەرەتای بینیبوو و تا کۆتایی فیلمەکە هەر سەرقاڵی فەیسبووک بوو. دواتر لای هەندێک لە برادەرەکانی گوتبووی ڕۆمانەکە باش نەکراوەتە فیلم.

٦. هەندێکیان، دەچن سەیری ئەو فیلمانە دەکەن کە لە ڕۆمانەکانەوە وەرگیراون و دواتر وەها دەدوێن کە گوایە کتێبەکەیان خوێندووەتەوە.

٧. وا  پیشان دەدات زۆر گرینگی بە زمانی کوردی دەدات و قسە لەسەر ڕێنووسیش دەکات، بەڵام ناتوانێت ڕستەیەک بەبێ هەڵەی ڕێنووس بنووسێت.

٨. بە نووسەر و شاعیر و هونەرمەندەکان دەڵێت “ئوستاز”، هەندێکیان بۆ ئەوەی زیاتر وا پیشانی بدەن کە خوێنەرترن، دەڵێن “ئوستاد”.

٩. کاتێک نووسەر یان ئەدیبێک دەبینن، بەبەردەوامی پرسیارێکیان هەیە و هەر دەیکەن و دەیکەنەوە، “بەرهەمی تازەت نییە؟”، لە کاتێکدا هێشتا سێ بەرهەمی تری بڵاوکراوەی ئەو نووسەرەی نەخوێندووەتەوە.

١٠. بابەتی دڵخوازی بۆ خوێندنەوە نییە، هەموو شتێک دەخوێنێتەوە و هیچیش ناخوێنێتەوە. کە قسەت بۆ دەکات وا هەست دەکەی لە هەموو بوارەکان پسپۆڕی هەیە، بەڵام ئاستەکەی لە بەرگی کتێبان تێپەڕناکات.

١١. کە بۆ یەکەمجار دەستەواژەیەکی نوێ فێردەبێت، بەبۆنە و بێ بۆنە بەکاری دەهێنێت. بۆ نموونە، کە بۆ یەکەمجار دەزانێت پلۆت لە چیرۆک و ڕۆماندا چییە، تا ماوەیەکی زۆر هەموو باسێک دەهێنێتەوە سەر پلۆت. جارێک یەکێک لەو خوێنەرانە گوتبووی: “پلۆت لە ئیشەکانی فرۆیددا لە ئاستێکی باڵادایە”.

١٢. کاتێک کە گوایە خەریکی خوێندنەوەیە، هەر جارێک کەسێک بەلایدا تێپەڕێت، لاپەڕەیەک لە کتێبەکە هەڵدەداتەوە، ئەگەرچی هێشتا نیوەیشی نەخوێندوەتەوە. (پێوەری بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی کتێب ئەوە نییە کە لاپەڕەکەی خوێندووەتەوە، بەڵکو ئەوەیە کەی کەسێک بەلایدا تێدەپەڕێت).

١٣. کتێبەخانەکەی پڕە لە کتێبە زەبەلاحەکان، ئەوانەی بەرگیان ڕەقە و زیاتر لە ٤٠٠ لاپەڕەن.

١٤. واڵی فەیسبووکەکانیاندا، پڕن لە وتەی ئال پاچینۆ و عەلی شەریعەتی و نیچە. وتە هەیە دوو جار پۆستی کردووە، جارێک بەناوی ئال پاچینۆ و جارێک بەناوی نیچە.

١٥. هەمیشە کتێبێکی بە دەستەوەیە یان لەناو جانتایە، ڕەنگە سێ مانگ بێت ئەو کتێبە لەگەڵ خۆی بگەڕێنێت، تاکو ئێستەش سێ جار تاکو لاپەڕە پێنج خوێندوویەتییەوە.

١٦. زۆر خێرا و بە ئاسانی پێشنیاری خوێندنەوەی کتێب بۆ خەڵک دەکات، بێگومان ئەو کتێبانەی کە خۆی نەینخوێندوونەتەوە و وا نیشانی دەدات نەک جارێک، بەڵکو دوو جار خوێندوونیەتەوە.

١٧. هەمیشە خەیاڵی لای ژمارەی ئەو کتێبانەیە کە خوێندوونیەتەوە “یان ڕاستییەکەی چاوی پێدا خشاندوون”. لە ژماردنی کتێبەکان، ئەو کتێبانەش حساب دەکات لە لە قوتابخانە یان زانکۆ وەک ئەرک پێی دراوە بۆ ئەوەی ژمارەکە زۆر بێت.

١٨. وا پیشان دەدات کە بووکمارک بەکاردەهێنێت، بەڵام هەرگیز کتێبێک تەواو ناکات و بووکمارکەکان لە لاپەڕە سەرەتاییەکانی کتێبەکاندا دەچەقن.

١٩. ئەو پەندەی کە دەڵێت “بەهۆی بەرگەوە بڕیار لەسەر کتێبەکە مەدە”، بۆ ئەو گوتراوە.

٢٠. زوو زوو خەیاڵی ئەوە دەیگرێت، وتارێک بنووسێت بە ناونیشانی “ئەو کتێبانەی ژیانیان گۆڕیم.”

هاوبەشی بکە