05/12/2024
DidiMn Logo
Top

چەند سەرنجێک دەربارەی سینەماتۆگرافی لە ڕوانگەی ڕۆبێرت بریسۆنەوە

لە لایەن دیدی من 6 ڕۆژ پێش ئێستا

دیدی من – کەتینگ ڕووم
لە ئینگلیزییەوە: چاوان نەریمان

ڕۆبێرت بریسۆن یەکێک بوو لە دەرهێنەرە جیاوازەکان، حەزی بە بەکارهێنانی موزیک و ئەکتەری پڕۆفێشناڵەکان نەبوو و لەگەڵ زۆر لە بوارەکانی تریشدا، ئەمانەی بە دەستکرد دادەنا. ژان لوک گۆدار بەم شێوەیە باسی دەکات: «بریسۆن سینەمایه‌كی فەرەنسییە، هەر وەک چۆن دۆستۆیڤسکی ڕۆمانێکی ڕوسییە و مۆزارت موزیکێکی ئەڵمانییە.» هەروەها ئەو یەگجار جێی بایەخ بوو، نەک تەنها بۆ دەرهێنەرە فەڕەنسییە تازەکان کە لە دوای ئەوەوە هاتبوون (بە نموونە گۆدار)، بەڵکو بۆ زۆرێک لە دەرهێنەرە ئەورووپی و ئەمریکییەکانیش کاریگەر بوو.  

سەرەتاکانی ڕیالیزمی هاوچەرخ لە سینەمادا؛ زۆرینەی شوێن پێیان دەگەڕێتەوە بۆ دەرهێنەرەکانی وەک بریسۆن. یەکەمین فیلمە مەزنەکانی خۆی بەرهەمهێنا لە ساڵانی پەنجاکاندا: Diary of a Country Priest, A Man Escaped, Pickpocket. ئەو کاتەی بە گشتی جیهان و کلتووری سینەما لە پێوەرێکی بچوکتردایە، خۆی لەناو سەردەمێکی نوێدا دۆزییەوە.

هاوشێوەی دەرهێنەرەکە، «سەرنجەکان دەربارەی سینەماتۆگرافی»ش کتێبێکی بێوێنەیە. لە بنەڕەتدا، کۆکراوەی ئەو تێبینییانەیە کە لە تەواوی پیشەکەیدا درکی پێ کردووە. کتێبەکە کەمتر پەخشانە وەک لە یادنامە. سەرەڕای ئەوەش، زۆر قورسە تێڕوانینێکی وات بۆ ئیشی دەرهێنەرێک هەبێت لەو سەردەمەیا، چونکە ساڵانێکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر کارەکانیدا و شتەکانیش کورتتر و چڕتر بوونەتەوە.

کتێبەکە «سەرنجەکان دەربارەی سینەماتۆتۆگرافی»

بریسۆن ڕقی لەو فیلمانە بوو، کە درامایان دەهێنایە پێش کامێرا، بەو شێوەیەی کە لەسەر ستەیج نمایش دەکران. ئەو بڕوای وابوو بە هەمان شێوەی موزیک و هونەر؛ فیلم و شانۆش جیاوازن، دەبێت هەوڵ بدرێت شتی جیاوازیان تیا ئەنجام بدرێت.    

«دوو جۆر فیلم هەن: ئەو فیلمانەی کە ئیش لەسەر سەرچاوەکانی شانۆ (ئەکتەرەکان، دەرهێنان…هتد) دەکەن و کامێرا بەکار دەهێنن بە مەبەستی  بەرهەمهێنانەوەیە، ئەو فیلمانەشی ئیش لەسەر سەرچاوەکانی سینەماتۆگرافی دەکەن و کامێرا بەکار دەهێنن بە مەبەستی داهێنانە.» (بریسۆن)

ئەو نەیدەویست بە شێوەیەکی سادە فۆرمێکی هونەری تر لە بەردەم کامێرایا بەرهەم بهێنێتەوە، به‌ڵكه‌ دەیویست بە جۆێک کامێرا بەکار بهێنێت، کە بە ڕوونی لە شانۆ یان هەر جێیەکی تردا، دەرنەکەوتبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی بەرچاوی کتێبەکە سەبارەت بەو شتانەیە کە دەبێت خۆتیان لێ بەدوور بگری و هەروەها ئەو شتانەش کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت پێویستن.  

«هیچ شتێک ناشرینتر و پووچتر نییە لە هونەرێک کە لە فۆڕمێکی هونەری تردا وێنا بکرێت.» (بریسۆن)

ئەکتەرەکان

لەگەڵ ئەوەشدا، بریسۆن بەوە ناسراوە کە ڕقی لە نواندن بووە و بەکارهێنانی مۆدێلەکانیشی بە باشتر زانیوە وەک لە ئەکتەرەکان، نەک مۆدێلە فاشیۆنییەکانی ئەمڕۆ، بەڵکو ئەو ئەکتەرە ناشارەزایانەی، کە هەوڵی لاسایکردنەوەی ئەو شتانەیان نەداوە کە ئەو پێی وابوو ئەکتەرەکانی تر کردوویانە.

«سەبارەت بە مۆدێلەکانت: بیر لەوە مەکەوە کە دەیڵێیت، بیر لەوە مەکەوە کە دەیکەیت»، هەروەها: «بیر لەوە مەکەوە کە چی دەڵێیت، بیر لەوە مەکەوە کە چی دەکەیت» (بریسۆن)

بریسۆن باوه‌ڕی وابوو كه‌، بەناوبانگبوونی ئەکتەرێک و دەرکەوتنی بە هۆی کامێراوە گەورەکراوە، و هەر ئەویشە کە بەرپرس بووە لەوەی هەڵی پێچێتە ناو شانۆوە (نواندن). ئەوەی ئەو دەیویست دەست بەسەرداگرتنی شتێکی ڕاستەقینە و کاردانەوەی کەسێکی ڕاستەقینە بوو، بە شێوەیەکی واقعی نەک خۆنواندنێکی درۆیینە و ساختە و پلان بۆداڕێژراو. بە بۆچوونی بریسۆن، هەموو شتێک لەسەر شانۆ “هەڵە” بووە، بۆیە دووبارەکردنەوەی هەر یەکێک لەم هەڵانە لەپێش کامێرایا؛ ئەو “ڕاستی” یەی وێران کردووە، کە ئەو هەوڵی داوە بیدۆزێتەوە.

«نۆ لەسەر دەی جوڵەکانمان خوویەکی ملکەچانە و خۆنەویستن، هەربۆیە بەند کردنیان بە ئیرادە و بیرێکەوە، دژ بە سرووشتە.» (بریسۆن)

ڕیالیزم

من پێم وایە كه‌ ئەوەی گرنگە بیرهێنانەوەی ئەو شتانەیە، کە بریسۆن دەربارەی نووسیون لە ساڵانی پەنجاکاندا، کە هێشتا “ڕیالیزم” شوێنی خۆی نەگرتبوو لە سینەمادا. ئه‌گه‌ر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەدەی ٢١، دەرهێنانی فیلمەکان لەم ماوەیەدا و زووتریش؛ وای کردبوو كه‌ لەناو فیلمە هاوچەرخەکاندا هەست بە جیاوازییەکی زۆر بکەیت. سروشتگەرایی و ڕیالیزم لە شانۆدا دەرکەوتن لە کۆتای سەدەی نۆزدەیەمەوە لە ئیشەکانی زۆلا، چیخۆف، ئیبسن و ئەوانی تردا، و لە سەرەتای پەنجاکاندا دەستیان کرد بە چوونە ناو هۆڵیود- لە ڕێگه‌ی دەرهێنانی فیلمە نایابەکانی مارلۆن براندۆ و جەیمس دینەوە. بەڵام دیمەنی هۆڵیود و بیرە نەتەوەییە لێکچووەکانی لە فۆڕمێکی زاڵدا مابوونەوە.

«دەست بەو ساتانەوە بگرە کە خۆڕسکانە و نوێن.» (بریسۆن)  

هاوکات، لە ئەوروپا، دەرهێنەرەکان دەستیان کرد بە سوودوەرگرتن لە بەرەوپێشچونەکانی تەکنەلۆژیا، کە وای لە کامێراکان کرد، زیاتر گەڕۆک بن و بتوانن ستۆدیۆ بە جێبهێڵن و بێنە دەرەوە و بەناو جیهاندا بگەڕێن. سەردەمی سینەمای بێدەنگ ببوو بە ماوەیەکی ئەزموونی بە فۆڕمێکی هونەری تازەوە، بەڵام هاتنی دەنگ و بەرتەسکی تەکنەلۆژیا، بووە هۆی پشتبەستن بە شانۆ وەک بنەمایەک بۆ ستۆدیۆ و فیلمە پڕ دیالۆگەکان. نەوەیەکیش هەبوون بەدوای تێکشکاندی شێوازە باوەکاندا دەگەڕان، کە زۆر کەس لەو بڕوایەدان بووەتە هۆی لەناوچوون و خاپووربوونی جەنگ. شەپۆلە نوێیەکەی فەڕەنسا بە تایبەتی دوای بریسۆن کەوتبوو؛ بۆ ئیلهاموەرگرتن لەوەی، كه‌ چۆن بتوانن گۆڕانکاری بکەن لە سینەمادا.

داهێنان

«بەبێ بەکارهێنانی مۆسیقا وەک ئەوە وایە ئاوەڵێک، سەپۆڕتکارێک، یان پشتیوانێک بۆ فیلمەکانت دروست بکەیت.» (بریسۆن)

هیچ شتێک بە ئەندازەی پیاوێک سەیر نییە، کە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی كه‌ کارێکی نوێ بکات لە فیلمەکانیدا. بریسۆن حەزی بە دەستکەوت نەبوو لە فیلمەکانیدا، ئەوەندەی لە توانایدابوو دەیویست فیلمێکی جیهانی بەرهەم بهێنێت، کە وا هەستبکرێت لە جیهانی ڕاستییەوە وەرگیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پەیوەست نەبوو بە ڕیالیزمەوە و ئەوەشی دەیکرد لە بەرژەوەندی ڕیالیزمدا نەبوو. ئەوەی بریسۆن دەی ویست، نیشاندانی شتێکی نوێ بوو بە بینەرەکانی، بە شێوازێکی نوێ کردی، شێوازێک کە هەستی بە زیندووی دەکرد تیایدا. ئەو مینیمالیست بوو، هەرچەندە مینیمالیزم ڕێگەیەک بوو بۆ ئەو، لەپێناو دۆزینەوەی ڕاستییەکی کاریگەردا.

«ئەگەر دەنگ توانی شوێنی وێنە بگرێتەوە، وێنەکە لاببە یان ڕۆڵەکەی کەم بكه‌ره‌وه‌. گوێ زیاتر ئەتوانێت کار لە دەروون بکات و چاویش زیاتر ڕواڵەتبینە و کار لەسەر ڕووکەش دەکات.» (بریسۆن)

میراتی بریسۆن

ئینتەرنێت پڕێتی لە بابەتی زۆر سەبارەت بە چۆنیەتی دروستکردنی فیلمەکەت “سینەمایی”، بەشێکی زۆر کەم لەو بابەتانەش کاتیان تەرخان کردووە لە گەڕان بەدوای مانا ڕاستەقینەکاندا. بریسۆن دەرهێنەرێک بوو، کە پیشەکەیی لە زۆر شێوەدا ڕەنگی دابووەوە، بە هۆی هەوڵدانی بۆ ناساندنی چەمکی سینەما و جیاکردنەوەی لە فۆڕمە هونەرییەکانی تر. بەشێکی میراته‌كەی دۆزینەوەی ئەو ڕەوت و بڕیارانەیە کە لە پشت کارەکانییەوەن. ئەو کە پێی وابوو هەوڵەکانی بۆ شرۆڤەکردنی خودی ئەوەی کە چۆن گەیشتۆتە ئەو ئاستە؛ شایەنی باسکردنن.   

هاوبەشی بکە