13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: ئوم کەلسوم، سەرتاپای ژان و لێوانلێو لە ژنبوون

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – بەهجەت حەسەن
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولرەحمان

دەمنووسی و ڕەشم دەکردەوە. دەمنووسی و دەمخستە ئەولاوە. هەمیشە ویستوومە لە بەرزترین ئاستدا، بە چڕترین شێوە و کەمترین وشە، دەربارەی (ئوم کەلسوم) بنووسم. بە جۆرێک، کە شایانی باڵای بەرزی هونەرەکەی بێت. ئێوارەیەک، کە دەمویست تەنیا دەربارەی دەنگەژێی ئەم ژنە بنووسم، نەمتوانی! لەو دەمەدا، ڕێک ئەم دێڕەشیعرەی (گۆران)ی شاعیرم بیر هاتەوە:

هەرچەند دەکەم ئەم خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم.

منیش هونەری باڵا و پر لە ویقار و دەنگەژێی (ئوم کەلسوم)م پێ نەدەخرایە هیچ ڕستەیەکەوە. ژنێک کە کۆنسێرتێکی گۆرانی دەبوو، لە کازابلانکاوە تا بەغداد، شەقامەکان چۆڵ دەبوون. خەڵکی بە تامەزرۆیی و شەیداییەوە لەم چەند کاتژمێرەدا، گوێیان بۆ ئەم ژنە ڕادەدێرا. تێڕوانین و گۆشەنیگای (ئوم کەلسوم) دەربارەی خۆشەویستیی وەک ئەزموونێکی فرەڕەهەند ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵە لە هەست و سۆزی مرۆڤ و پەیوەندییە سۆزداریەکان. ئەم تێڕوانینە واقیعی و هەمەلایەنەیە دەربارەی ئەڤین. کاریگەرییەکی قووڵ و پڕ لە بیرەوەریی لەسەر نەوەیەکی گوێگر و تینوو بە وشە و ڕستەی ئەڤیندارانەوە هەبوو، کە تا ئەمڕۆکەیش قەدری دەزانن و کاریگەریی گۆرانی و وشەکانی هەر ماوە. ئەوە بۆیە تا ئەمڕۆیش دەیان گۆرانیبێژی تر، کە گۆرانییەکانی دەڵێنەوە و هەموو هەست و سۆز و توانای گۆرانیبێژانەیان لە گۆرانییەکانیدا خەرج دەکەن و ناتوانن وەک ئەمی بڵێنەوە. ئاخر هونەری قووڵ ئەوەیە جیاوازییەکەی! (ئوم کەلسوم) وشەی لە ڕۆحی خۆی هەڵدەهێنجا و ئاراستەی گوێ و دڵی گوێگری دەکرد. هەڵبژاردنی جۆری لیریک و ئاوازەکانی، هێندە بە وردی کاری لەسەر کردوون، وەک بڵێی لەناو دەریایەکدا بەدوای دوڕ و ئەڵماسدا وێڵ بووبێ. ئەگەر وای نەکردبووایە، نەیدەتوانی زەمەنی خۆی تێپەڕێنێ و بۆ مێژوو هەمیشە ناوی لە لیستی دوو سەت هونەرمەندە کاریگەرەکانی دونیا بمێنێتەوە.

(ئوم کەلسوم) لە ڕێگەی ئەو دەقە شیعرییە بەناوبانگانەوە کە دەیکردن بە گۆرانی، بە ڕوونی ئەوەی پێشاندا، کە خۆشەویستیی تەنیا هەستێکی ناسکی گوڵئاسا و گۆڕینەوەی چەند وشەیەکی بەسۆز نییە لەگەڵ یەکتریدا. بەڵکو ئەزموونێکی ئاڵۆزە کە دژایەتی و هەڵبەزودابەز و تا ڕۆیشتن بەرەو سنووری ڕقلێبوونەوەیش لەخۆ دەگرێت. ئەوەتا خۆی لە گۆرانی (لە ڕۆحت بپرسە)دا دەڵێ: «…هەروەها من دوورکەوتنەوەم هەڵبژارد و فێر بووم کە چۆن کەللەرەق بم و تەنانەت وازیشت لێ بێنم. بینیت؟ بزانە دڕندەبوون چیت بەسەر دێنێ؟» ئەم وێناکردنە قووڵەی، کە (ئوم کەلسوم) لەبارەی خۆشەویستی و سۆزەوە هەیبوو، زۆر جیاوازتر بوو لە هونەرمەندەکانی دیکەی سەردەمی خۆی و تەنانەت بە ئێستایشەوە. بۆیە ناوبانگی ئەو ژنە گشت سنوورەکانی بڕی. تا وای لێهات هونەرمەندی ئەمەریکایی، خاوەن خەڵاتی نۆبڵ (بەب دیلان) لەبارەی ئەو ژنەوە گوتوویەتی: «ئوم کەلسوم گۆرانیبێژێکە، کە لە دەرەوەی زەمەن بوونی هەیە!» ئەم گوتەیە کاتێک کە هونەرمەندێکی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ و سەدان کۆنسێرتی نێونەتەوەیی و خاوەن ئەم هەموو گۆرانی و تێکستە پڕ لە داهێنان و هونەریانە دەربارەی هونەرمەندێکی دیکە دەیڵێ، گومانمان لە گەورەیی و توانا سەیرەکەی (ئوم کەلسوم) نامێنێ.

(ئوم کەلسوم) ئایکۆن و شاژنی گۆرانیبێژانی عەرەب، لە گۆرانییەکانیدا بە شێوەیەکی ناوازە و جیاواز تێگەیشتنی خۆی لەبارەی خۆشویستن و خۆشویستران دەربڕیوە. لە یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانیدا بە ناوی (خۆشەویستیی بەم شێوەیە) دەڵێت، «خۆشەویستیی بەم شێوەیەیە: نەرمینواندن و نازکردنە، ڕازیبوون و شەڕکردنە. خۆشەویستی بەم شێوەیەیە: پێویستیی بە وشە نییە.» ئەم وشانە دیدێکی فرەلایەنەی خۆشەویستیی لە گۆرانییەکانی و دونیابینی ئەم ژنە ئاشکرا دەکەن، کە کامەرانی و دڵتەنگی، ململانێ و خۆشەویستیی تێکەڵ بە یەکتری دەکات. ئەم جۆری دەربڕینە، بە ئازادی لە گۆرانییەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەیە.

هاوبەشی بکە