ئامادەکردنی: شاڵاو خالید
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان
بۆ زۆرێک لە ھونەرمەندانی عەرەب خەونێک بووە کە شیعری نزار قەببانی بکەن بە گۆرانی، بۆ زۆر شاعیری عەرەبیش خەون بووە کە وەک ئەحمەد شەوقی و ئەحمەد ڕامی ھۆنراوەکانیان بە دەنگی “ھەسارەی ڕۆژھەڵات” بگاتە ناو خەڵک و سەدا ملیۆن کەسی عەرەب و جگە لە عەرەبیش شیعرەکانیان ببیستێت.
ڕەنگە چارەنووسی نزار و ئوم کەلسوم جیاوازتر بێت لە چارەنووسی ئەوانی دی، گەرچی دەشێت نزار وێستبێتی کە بەختی وەک ئەمیری شاعیران “ئەحمەد شەوقی” و ئەحمەد ڕامی بێت و ئوم کەلسووم شیعرەکانی بکات بە گۆرانی، ھەڵبەت تێکەڵ بە ئاوازەکانی مۆسیقاری گەورە محمد عەبدولوەھاب، کە دواتر کاری زیاتری لەگەڵ نزار قەببانی ھەبوو.
یەکەم ھەوڵی بەیەکگەیشتنێان قەسیدەیەکی نزارە لە ئازاری ١٩٦٨ کە بۆ شەڕی “کەرامە” لە چادرەکانی “ڕەمڵ” لەسەر ڕووباری ئوردن، پاش بۆمباران شوێنەکانی گیانبەختکردوانی بەرەی بەرگری فەلەستین نوسیویەتی، قەسیدەیەک کە پڕە لە ھیوا لە سەردەمێک دا کە پاش شکستی حوزەیرانی ١٩٦٧ بێئومێدی باڵی بەسەر ھەموو شتیک دا کێشابوو، پاش نزیکەی ساڵێک و لە شوباتی ١٩٦٩ دا ئوم کەلسووم بە ئاوازی محمد عەبدولوەھاب دەیکات بە گۆرانی.
دەربارەی چۆنیەتی گەیشتنی قەسیدەکە بە ئوم کەلسووم، نزار قەببانی لە چاوپێکەوتنێکی ٢٦ ی ئازاری ١٩٦٨ دا پاش چەند ڕۆژێک لە نووسینی قەسیدەکە لەگەڵ گۆڤاری “کواکب” دا کردوویەتی دەڵێت: “یەکێک لە خەونە جوانەکانم ئەوەیە ئوم کەلسووم یەکێک لە شیعرەکانم بچڕێت” ، وەک ئەوەی بیەوێت بە ناڕاستەوخۆ پێی بڵێت !سەید فەرغەلی ڕۆژنامەنووس کە ھاوسەردەمی ئەو ماوەیە بووە دەڵێت؛ پاش بڵاوبوونەوەی گفتوگۆکە ئەو خواستەی بۆ ئوم کەلسوم گواستۆتەوە، ئەویش وتویەتی؛ منیش شیعری نزارم خۆشدەوێت بەڵام ھێشتا کاتی نەھاتووە. نزار بە جۆرێک لە ئیرەییەوە سەیری ئەزموونی ئوم کەلسوومی لەگەڵ شاعیرانی تر دا دەکرد و ھیوای دەخواست کە دەنگی ئوم کەلسووم ھەندێک لە قەسیدەکانی بڕازێنێتەوە. لە کانوونی دووەمی ١٩٦٩ دا لە ڕێگای ڕۆیشتنی بۆ خەرتوومی پایتەختی سوودان نزار قەببانی بڕیاری دا بچێتە قاھیرە، لە قاھیرە تەلەفۆن بۆ ئوم کەلسووم دەکات و دەڵێت؛ “سەردانیکردنی قاھیرە بەبێ سڵاوکردن لە تۆ بە سەردان ناژمێردرێت” ، ئوم کەلسومیش وەڵامیدەداتەوە: شاعیری ئازیز سڵاوکردن بە تەلەفۆن نابێت ئایا بانگێشتی خواردنەوەی چایەک قبوڵدەکەیت؟
لەو دانیشتنەدا نزار شیعرەکەی خۆی پێشکەش دەکات و ھەر ئەوکات بە محمد عەبدولوەھابیش دەڵێن کە ئاوازی بۆ دابنێت، لەمەوە یەکەم و کۆتا کاری ھاوبەشی نزار و ئوم کەلسووم بەناوی ” ئێستا تفەنگێکم پێیە” دێتەبەرھەم، کە مۆسیقاری یۆنانی ئاندریا ڕایدەر کاری دابەشکردنی مۆسیقای بۆ کردووە، کارێکی پڕ جۆشوخرۆشە و بۆ بەرگریکردن و جۆشدانی بەرگریکارانی فەلەستینی کراوە. ئەوەی جێگای سەرنجیشە لە ناکاو لە ساڵی ١٩٨٥ پاش دە ساڵ لە مردنی “ھەسارەی ڕۆژھەڵات” گۆرانیەکە بە دەنگی محمد عەبدولوەھاب بڵاوبووەوە، ئەوەش بە وتەی محمد عەبدولوەھاب بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە سەرەتای دانانی ئاوازەکە ئوم کەلسووم ڕەتیکردووەتەوە کە دەنگی خۆی لەسەر دابنێت، سەرەتا محمد عەبدولوەھاب دەنگی خۆی لەسەر داناوە و دواتر ئوم کەلسووم ڕازی بووە بە تۆمارکردنی.
ھۆنراوەکەی نزار بەناوی “ئێستا تفەنگێکم پێیە” ە بەڵام گۆرانیەکەی ئوم کەلسووم بەناوی ” یەک ڕێگا” وەیە، ھۆنراوەکە بەم دێڕانە دەستپێدەکات:
ئێستا تفەنگێکم پێیە
بۆ فەلەستین لەگەڵ خۆتان بمبەن
بۆ گردۆڵکە خەمبارەکان وەک ڕووی مەجدەلیە
بۆ گومبەزە سەوزەکان و بەردە پیرۆزەکان
بیست ساڵە… من
بەدوای خاک و ناسنامەدا دەگەڕێم
بەدوای ماڵەکەمدا دەگەڕێم کە لەوێیە
بەدوای نیشتمانەکەم کە بە تەل دەورە دراوە
بەدوای منداڵیمدا دەگەڕێم..
بەدوای هاوڕێکانی گەڕەکەکەم..
بەدوای کتێبەکانم.. وێنەکانم..
بەدوای هەر گۆشەیەکی گەرم.. هەر گوڵدانێک..
ئێستا تفەنگێکم هەیە
بۆ فەلەستینم لەگەڵ خۆتان بمبەن
ئەی پیاوان..
دەمەوێت وەک پیاوان بژیم یان وەک پیاوان بمرم
دەمەوێت.. لە خاکەکەیدا بڕوێم
وەک دار زەیتوونێک، یان کێڵگەیەک پرتەقاڵ..
یان وەک گوڵێکی بۆنخۆش
بڵێن.. بە ھەرکەس پرسیار لە دۆزەکەم دەکات
تفەنگەکەم.. بۆتە دۆز..
ئێستا تفەنگێکم پێیە..
بوومەتە یەکێک لە لیستی شۆڕشگێڕان
دڕک و تۆز دەکەمە ڕاخەرم
مەرگ لەبەر دەکەم..
ویستی چارەنووس نامگەڕێنێتەوە
منم ئەوەی چارەنووس دەگۆڕم
ئەی شۆڕشگێڕان..
لە قودس، لە خەلیل،
لە بیسان، لە ئەغوار..
لە بەیت لەحم، لەوێ کە ئێوە بوون ئەی ئازادیخوازان
پێشبکەون..
پێشبکەون..
چیرۆکی ئاشتی شانۆگەرییە..
دادپەروەری شانۆگەرییە..
بۆ فەلەستین تەنها یەک ڕێگا هەیە
لە دەمی تفەنگەوە تێدەپەڕێت..
دووەم ھەوڵی بەیەک گەیشتنی دەنگی ئوم کەلسووم و شیعری نزار لەگەڵ مردنی جەمال عەبدولناسر لە ١٩٧٠ دەبێت، نزار بۆ مەرگی عەبدولناسر ھۆنراوەیەک دەنووسێت بەناوی ” گوتارێکی بەپەلەم پێیە بۆت؛ نامەیەک بۆ ڕێبەر” و مۆسیقاری گەورە ڕیاز سەنباتی ئاوازی بۆ دادەنێت، پاش ئەوەی لە ماوەی ڕۆژێک دا گۆرانیەکە تۆماردکرێت و ئامادەدەکرێت بۆ بڵاوکردنەوە، وەک دەڵێن لە ماوەی تۆمارکردنی دا ئوم کەلسووم زۆر گریاوە، بەڵام چەند ساتێکی کەم پێش بڵاوکردنەوەی ئوم کەلسووم پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێت؛ سبەی سەرۆک ئەنوەر سادات دێتە سەر حوکم و گونجاو نیە بڵاوبوونەوەی گۆرانیەکی وا لەم ڕۆژەدا، بۆیە گۆرانیەکە بڵاونابێتەوە و ئەمەش ڕیاز سەنباتی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئوم کەلسووم دڵ کرمێ دەکات. ئەمە بەپێی گێڕانەوەی وەجدی حەکیم بۆ ڕۆژنامەی “مسا”، لەمەشەوە زۆرتر ئەو ڕایەکی نووسەری کتێبی ” ئوم کەلسووم و دەسەڵاتدارانی میسر” لە ڕاستی نزیکدەبێتەوە کە ئاماژە بە بەردەوامی نزیکی ئوم کەلسووم دەکات لە دەسەڵاتی ھەموو سەردەمەکانی میسرەوە.
ئەو شیعرەی کە بۆ ڕێبەر نووسرا و ھیچ کات بە گۆرانی بڵاونەبووە بەم دێڕانە دەستپێدەکات:
نامەیەکی بەپەلەم هەیە بۆت
لە خاکی پاکی میسرەوە
لە شەو سەرقاڵەکانی بە فەیروز و گەوهەرەکانیەوە
لە قاوەخانەکانی سەیید حوسێنەوە
لە باخچەکانی قەناتیرەوە
لە جۆگەلەکانی نیلەوە کە بە خەمباری بەجێمهێشتن…
نامەیەکی بەپەلەم پێیە بۆت
لە ملیۆنان کەسەوە کە
ئالوودەی خۆشەویستیت بوون
لە ملیۆنەها کەسەوە کە
دەیانەوێت بتبینن
نامەیەکم پێیە
پڕە لە خەم و پەژارە
بەڵام سەروەرم…
ناونیشانەکەت نازانم
سێیەم ھەوڵی بەیەکگەیشتنی نزار و ئوم کەلسووم ھۆنراوەیەکی نزارە لەبارەی خۆشەویشتیەوە، “چۆن دەخوازیت توڕە ببە” ، بە گێڕانەوەی نزار بۆ گۆڤاری “نص الدنيا” دوای نووسینی ھۆنراوەکە پێشنیار بۆ ئوم کەلسووم دەکات کە ئەو بیکات بە گۆرانی، بەڵام ئوم کەلسووم ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت؛ قەسیدەکەت زۆر جوانە نزار بەڵام بەداخەوە ئەم ھۆنراوەیە لەگەڵ تێڕوانینی من بۆ خۆشەویستی دا یەکناگرێتەوە، ئوم کەلسووم ڕێگا بەخۆی نادات و نەریت و بەھاکانی ڕێگای نادەن کە بەو پیاوەی خۆشیدەوێت بڵێ بڕۆ باکور و باشوور و ڕۆژھەڵات و رۆژئاوا بگەڕێ، لەگەڵ ھەزار ژن دا بچۆ پەیوەندی خۆشەویستیەوە چونکە من لە ھەموو چرکەیەک دا ئامادەم لێت ببورم، نزار من ئەم ھەڵوێستە قبوڵ ناکەم.. نزاریش دەڵێت ڕێز لە ھەست و تێڕوانینت دەگرم تۆ ژنێکی دان بە لاوازی مرۆیی دا نانێیت، ئەو خۆشەویستیەی تۆ دەیخوازیت لەو جۆرەیە کە شاعیرێکی وەک ئەحمەد ڕامی دەتوانێت بەرجەستەی بکات؛ “ئەوەی ژنێکی خۆشدەوێت و پێیناگات… من شاعیرێکم ھەموو ڕۆژ خۆشەویستی دەکەم و دڵم لە لێدان ناکەوێت” . بۆیە ئەم ھەوڵە نابێتە ھۆی بە یەکگەیشتنی وشەکانی نزار و دەنگی ھەسارەی ڕۆژھەڵات بۆ وتنی گۆرانیەک لەبارەی خۆشەویستیەوە. دواترئەم قەسیدەیە لەلایەن “ئەساڵە” وە دەکرێت بە گۆرانی. قەسیدەکەی نزاری بەم دێڕانە دەستپێدەکات:
چۆن دەخوازیت تووڕە ببە
چۆن دەتەوێت هەستەکانم بریندار بکە
گوڵدان و ئاوێنەکان بشکێنە
هەڕەشەی خۆشەویستی ژنێکی تر بکە
گرنگ نییە هەرچی دەیڵێیت
گرنگ نییە هەرچی دەیکەیت
تۆ منداڵیت خۆشەویستەکەم
خۆشمان دەوێن هەرچەند خراپەش بکەن
بڕۆ.. ئەگەر مانەوە ماندووی کردوویت
زەوی پڕە لە سەردەم.. و ژنیش
کاتێکیش پێویستت بە سۆزم بوو
هەر کاتێک ویستت بگەڕێوە بۆ دڵم
بەم جۆرە نە خۆشەویستی و نە مردنی جەمال عەبدولناسر نەیانتوانی ھاوشێوەی دۆزی فەلەستین، وشەکانی نزار قەببانی و دەنگی ئوم کەلسووم کۆبکاتەوە.
بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لەم بەستەرانەی خوارەوە وەرگیراوە:
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.