نووسینی:- چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت
لە دەستپێکی ڕێڕەوی ژیانی (جارمووش)ەوە وەکوو فیلمساز لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە بەردەوام فیلمسازەکە لەگەڵ هەر فیلمێکیدا سەرکەوتنی زیاتری بەدەست دەهێنا و ناوبانگی قایمتر دەکرد، هەمیشە بینەران چاوەڕێی فیلمێکی سادە بەڵام بەمانایان دەکرد، ئەو خاوەنی تەکنیك و شێوازی تایبەتی خۆی بوو بۆیە وردە وردە مۆرکی سینەمایی فیلمسازەکە دیار و ناسراو بوو بۆ بینەران.
(جارمووش) کاتێك خوێندکاری کۆلێژە دەست دەداتە هاوڕێیەتی (ویم وێندەرز)ی فیلمسازی ئەڵمانی، کە لەڕێی ئەم فیلمسازەوە بۆ هەتایە ڕێڕەوی ژیانی دەگۆڕێت.
جگە لەوەی یەکەم هەنگاوەکانی لە بواری سینەمادا لەڕێی (وێندەرز)ەوە نا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هاوڕێیەتییەکی قووڵ و هونەری لەنێوانیاندا هەبوو، بەدرێژایی کاری هونەرییان کاریگەرییان بەسەر یەکترییەوە هەبووە، بەڕادەیەك مۆرکی سینەماییان وەکوو یەکە و لەگەڵ هەمان نواندنکار و سینەماتۆگرافەر و مۆسیقاژەن و ئاوازدانەردا کاریان کردووە. بەڵام سەرجەم کاریگەرییەکانی ئەم نزیکایەتییەیان بە جارێك لە فیلمی (تەنیا ئەوینداران زیندوو دەمێنن/٢٠١٣)دا دەردەکەوێت.
(جارمووش) هەتاکوو سەرەتای ساڵانی دووهەزارەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر هەمان شێواز و ڕێڕەوی تایبەت بە خۆی دەڕۆیشت، بەڵام کۆمەڵێك نوێگەری و گۆڕانکاری بەرچاوی لە ڕێڕەوی سینەمایی خۆیدا کرد.
ئەو ڕاهاتبوو فیلمەکانی ڕەش و سپی بن یانیش کەمترین ڕەنگیان تێدا بێت، بەتایبەتیش لەو ساڵانەدا کە کاری لەگەڵ (ڕۆبی مۆلەر)ی سینەماتۆگرافەردا دەکرد کە پێی وابوو غیابی ڕەنگ دەشێت زۆر کاریگەرتر بێت لە ئامادەگی ڕەنگ، گفتوگۆکان کورت و هەڕەمەکی بوون یانیش نواندنکارەکان بەبێدەنگی لەگەڵ یەکدیدا دادەنیشتن، مۆسیقا هاوشانی دیمەنەکان نەبوو و کەمترین بەکارهێنانی هەبوو بەتایبەتی لە سەرەتاییترین فیلمەکانیدا، کامێراش بەردەوام نەبزۆك بوو و کەمترین جووڵەی هەبوو.
فیلمی (only lovers left alive/2013) گۆڕەپانی کۆکردنەوەی سەرجەم نوێگەری و گۆڕانکارییەکانی ڕەوتی فیلمسازی فیلمسازەکە بوو، بە پێچەوانەی فیلمەکانی دیکەیەوە کە خاڵی بوون لە گفتوگۆی قووڵ، فیلمەکە فەزایەکی گەورەی گفتوگۆیە سەبارەت بە بابەتەکانی وەکوو عەشق، کەلتوور، مێژوو، فیزیا، مۆسیقا، زانست، ئەدەب و شیعر، دوای ئەو ساڵانە ئەمە یەکەم فیلمی (جارمووش) بوو کە چیرۆکی عەشق و دوو دڵداری تێدا بێت، سەبارەت بە ڕەنگیش ئەشێت لە فیلمی “شەو لەسەر هەسارەی زەوی”دا باشترین هەوڵی خۆی دابێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێناچێت هێندەی بەکارهێنانی ڕەنگ لەم فیلمەدا سەرکەوتوو بووبێت، مۆسیقا کاراکتەرێکی سەرەکی فیلمەکەیە و زیاتریش لە وەسیلەیەکی بەخشینی زانیارییەکی زۆر دەچێت، کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕووداوەکانی فیلمەکەش ڕوون دەکاتەوە، سەرجەم ڕووداوەکان لە شەودا ڕوودەدان و چیتر کامێرا لە گۆشەیەکی نەبزۆکدا نییە و بە جووڵەی بەردەوام و گرتەی نزیك ناهێڵێت وەکوو فیلمەکانی پێشووی ناوبڕی تێبکەوێت.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە دوو خوێنمژی نەمر دەکات بە ناوەکانی (ئادەم) و (ئیڤ) کە چەندین سەدەیە هاوسەرن و دوور لە یەکدی دەژین، زانیارییان سەبارەت بە هەموو شتێك هەیە و هاوڕێیەتییان لەگەڵ کەسایەتییە گەورە و ناودارەکانی مێژوو وەکوو شکسپیر و شۆبێرت و زانا و مۆسیقاژەن و فەیلەسوفەکاندا هەبووە، ئەوان خاوەنی کات و نەمریین، بە ویژدانەوە خوێنی پاك لەڕێی نەخۆشخانە و پزیشکەکانەوە پەیدا دەکەن، مرۆڤەکان بە زۆمبی ناو دەبەن و بەرگەی جیهانی مۆدێرن ناگرن.

(ئادەم) مۆسیقارێکی گۆشەگیرە، لە (دیترۆیت) دەژی کە پێشووتر ناوەندی پیشەسازی بووە و ئێستا شارێکی وێرانبووە، عاشقی گیتار و مۆسیقایە و خەمێکی زۆر لە وێرانبوونی جیهان دەخوات بەهۆی مرۆڤەکانەوە، چیتر ئومێدی بە مرۆڤەکان نەماوە و بە زۆمبی ناویان دەبات، ماڵەکەی لە مۆزەخانەیەکی گەورە دەچێت کە سەرجەم مێژووی تێدا کۆکرابێتەوە، هەر سوچێکی پارچەیەکی مێژوویی تێدایە، زۆر دەزانێت و زۆر هەست دەکات ئەمەش وایکردووە گۆشەگیر و خەمۆك بێت.
(ئیڤ) ژنێکی ڕووناکبیر و گەشبینە، لە (تانجە) دەژی و عاشقی پەرتووك و شیعر و ئەدەبیاتە، هەر سوچێکی ماڵەکەی پڕە لە پەرتووك و کۆمەڵایەتیترە، کاتێك دەزانێت هاوسەرەکەی نووقمی خەم بووە، لە (تانجە)وە بەرەو (دیترۆیت) سەفەر دەکات.
دواتریش بە سەردانێکی لەناکاوی (ئێڤا)، خوشکە سەر بە گۆبەنەکەی (ئیڤ) ژیانە ئارامەکەیان بە لایەکی دیکەدا دەکەوێت.

بە پێچەوانەی سەرجەم هەموو ئەو فیلمانەی پێشووتر سەبارەت بە خوێنمژەکان بەرهەم هێنرابوون (جارمووش) لەم فیلمەدا وێنەیەکی ئەرێنی و جوانی خوێنمژەکان پیشان دەدات، لێرەدا کەسانی ڕۆشنبیر و بە ئاوەز و خاوەن هەست و سۆزن، دژی وێرانکارین و هەوڵ بۆ پاراستنی کلتور و مێژوو و هونەر دەدەن بە هەموو جۆرەکانییەوە.
فیلمەکە پڕە لە سیمبوول و مێتافۆڕ، کە لەڕێیانەوە فەلسەفەیەکی قووڵ و واتایەکی گەورە بە بینەر دەگەیەنێت. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تانە و توانج لە کۆمەڵگەی هاوچەرخ دەگرێت لە ڕووی تێکدانی ژینگە و ڕێزنەگرتن لە بەهای هونەر و لە داهێنان و تڕۆکردنی زانا و ئەدیبەکان.
فیلمەکە باس لە “چەمکی نەمریی” دەکات، نەمریی مرۆڤ، ناو و کار و داهێنانەکانیان، لەرێی پیشاندانی لاپەڕەی هەر پەرتووکێك، خوێندنەوەی هەر شیعرێك، ناوهێنانی هەر کەسایەتییەك و پیشاندانی وێنەکانیان و بەکارهێنانی ناوەکانیان ئاماژە بە “چەمکی نەمریی” دەکات.
خوێنمژەکان وەکوو نوێنەر و پارێزەرانی مێژوو:-

(ئادەم) و (ئیڤ) چەندین سەدەیە لەسەر ئەم هەسارەیەن و بەتێپەڕبوونی ساڵەکان گۆڕانکاری و داهێنانەکانیان بینیووە و هاوڕێیەتی زانا و ڕۆشنبیر و شاعیر و هونەردۆستانیان کردووە و پێزانینیان بۆ کارەکانیان هەیە.
دیواری ماڵەی (ئادەم) یەکێکە سیمبوولەکان کە وێنەی ناودارانی وەکوو [کافکا، کریستۆفەر مارلۆ، تێسلا، باخ، ماری کرافت، شۆبێرت، ئێدگار ئالان پۆ، نیوتن…هتد] هەڵواسیووە، لەڕاستیدا ئەم وێنانە تەنیا سەرسامبوونی (ئادەم) نییە بە کەسایەتییەکان بەڵکو وەکوو ئەلبوومێکی یادەوەریی خوێنمژەکە وایە، چونکە شایەتحاڵی مێژووە و چەندین سەدە ژیاوە و هاوڕێیەتی لەگەڵیاندا هەبووە، تەنانەت لە دیمەنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە مۆسیقای خۆی بە (شۆبێرت) داوە و ئەویش بە ناوی خۆیەوە بڵاوی کردۆتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ئاماژەیە بۆ ڕێزگرتن و پاراستن و بەرز نرخاندنی هەموو ئەو کارانەی ئەو کەسایەتییە ناودارانە بەدرێژایی مێژوو بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە و لە هەمان کاتدا دیوارێکی بیرخەرەوە و نۆستالجییە بۆ (ئادەم) کە چیتر سەردەمی هونەر و جوانی و داهێنان بەسەرچووە و لەم چەرخە نوێیەدا خوێنمژەکە هەست بە نامۆیی دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە بە پیشاندانی ماڵە لە پەرتووکەکەی (ئیڤ) فیلمسازەکە پیشانی دەدات کە خوێنمژەکانی ئەو شایەتحاڵ و پارێزەرانی مێژوون، ئەم دیوارە و ئەم پەرتووکانە “پرسی نەمریی” پیشان دەدەن و دەیسەلمێنن کە کاری ناودارەکان هەتایە دەمێنێتەوە هەرچەندە خۆیشیان نەمابن، بە مەرجێك لە ژێر دەستێکی ئەمیندا بن.
تووندی خۆشەویستی و بیردۆزی پێکەوەبەستراوی کوانتەم:-

لە دیمەنێکدا (ئادەم) باسی بیردۆزێکی (ئەنیشتاین) بۆ (ئیڤ) دەکات کە بەدڵنیاییەوە پەیامێکی لە پشتەوەیە.
پێکەوەبەستراوی کوانتەم [Quantum Entanglement] دیاردەیەکی فیزیای کوانتەمە کە تێیدا کاتێك پێکهاتەکانی ژێر ئەتۆمییەکانی گەردیلە[ئەلیکترۆن و فۆتۆنەکان] پێکەوە دەبەسترێن ئەوا دەبن بە سیستەم، کاتێکیش لە یەکدی جیادەکرێنەوە هەر گۆڕانکارییەك لە هەر کامێکیاندا ڕووبدات ئەوا دەستبەجێ لە هەمان کات و ساتدا لەوی دیکەشیاندا ڕوودەدات.
ئەم دیاردەیە دەقاودەق پەیوەندی (ئادەم) و (ئیڤ) ڕووندەکاتەوە، هەر یەکێکیان لە شوێنێکی جیاواز دەژی، بەڵام پەیوەندییەکی قووڵی ڕۆحی و دەروونی لەنێوانیاندایە بە جۆرێك کاتێك (ئادەم) خەمۆکە (ئیڤ) لەوسەری دنیا هەستی پێ دەکات و بڕیاردەدات بێت بۆ لای، ئەوان چەندین سەدەیە هاوسەری یەکدین بێ ئەوەی خۆشەویستی نێوانیان کەمی کردبێت، نە کات و نە دووری و نە جوگرافیا کاریگەی لەسەر پەیوەندییەکەیان نەبووە، بەم دیمەنە فیلمسازەکە بەرگێکی شیعریی بە بەری بابەتێکی فیزیاییدا دەکات.
هەمان بیردۆز سەبارەت بە پەیوەندی نێوان (ئێڤا) و (ئیڤ)ی خوشکیشی هەر ڕاستە، ئەوان پەیوەندییەکی خوشکانە لە نێوانیاندایە و لەڕێی ئەم پێکەوەبەستراوەوە خوشکی گەورە بەر لە هاتنی خوشکە بچووکەکەی خەونی پێوە دەبینێت و هەست بە هاتنی و تەنانەت ئەو پشێوییەش دەکات کە خوشکەکەی دەینێتەوە.
مۆسیقا، پارێزەر و بیرخەرەوەی یادەوەرییەکان:-

لە فیلمەکەدا مۆسیقا زمانی گوزارشتکردنە لە جیاوازی سەردەمەکان، جیاوازی کلتور، خەمی ئادەم و دەروونی کاراکتەرەکان.
مۆسیقای فیلمەکە لە لایەن فیلمسازەکەوە بە هاوکاری باندە مۆسیقییەکەی خۆی [باندی مۆسیقی Sqürl]ەوە بەرهەمهێنراوە، یەکەمجاریشی بوو کارە مۆسیقییەکانی لە فیلمی خۆیدا بەکاربهێنێت.
(ئادەم) چەندین جۆری جیاوازی گیتاری لە خۆی کۆکردووەتەوە و ئەو جۆرانەی بەدرێژایی مێژوو هەبوون پاراستوونی، گیتاری کارەبایی هەیە کە سەر بە جیهانی مۆدێرنە و مۆسیقای تایبەت بە خۆی دەنووسێت کە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی دەروونە هیلاك و شێواوەکەیەتی بە دەست مرۆڤەکانەوە، بەهۆی ڕێزنەگرتن و پێنەزانینیان لە مۆسیقاژەن و ئاوازدانەرەکانی مێژوو و کارە ناوازەکانیان، ئەو تاکە پارێزەری مێژووی مۆسیقایە بە کلاسیك و مۆدێرنیشەوە، هەر لە شۆبێرتەوە هەتاکوو ڕۆك و ئاند ڕۆڵ و بلوز، لە لایەکی دیکەوە لە (تانجە) گوێبیستی مەقامێك دەبین کە تێکەڵەیەكە لە مۆسیقای کۆن و مۆدێرن و جیاوازی کلتوریی مۆسیقی شار و سەردەمەکان پیشان دەدات، دوو ئەویندارەکە بەردەوام گفتۆگۆی مۆسیقای سەردەمەکان دەکەن و لەگەڵیدا سەماش دەکەن، ئەوان لە ڕێی مۆسیقاوە دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژانی زوو، (ئادەم) تاکە شتێك کە چێژێکی پێ بدات و خۆی پێوە سەرقاڵ کردبێت مۆسیقایە، بەڵام چیتر بە لایەوە گرنگ نییە کەس گوێ لە مۆسیقاکەی ڕاگرێت چونکە دەزانێت کەس پێزانینی نییە بۆی، بەڵام کاتێك لە (تانجە) گوێبیستی (یاسەمین حەمدان) دەبێت بۆ ساتێك ئومێدی ژیانێکی باشتری بۆ دەگەڕێتەوە و سەرسام دەبێت.
دکتۆر فاوست، ئاوێنەی ڕەشبینی (ئادەم):-

کاتێك (ئادەم) بۆ کڕینی خوێنی پاك سەردانی نەخۆشخانەیەکی دوورەدەستی (دیترۆیت) دەکات لەسەر لابکۆتەکەی ناوی (دکتۆر فاوست)ی هێناوە، ئەم ناوەش ئاوێنەی کەسایەتی (ئادەم)ە کە گوزاشت لەو خەمۆکی و گۆشەگیری و بێزارییە دەکات کە بەرۆکی ئادەمی گرتووە.
(دکتۆر فاوست) لە بەناوبانگترین شانۆکانی دنیایە، ئەو بە هیچ شتێک تێری نەدەخوارد، نە بە نەمری و نە مەعریفەیەکی زۆر و نە لە خەڵکیش ڕازی بوو، بۆیە بە فرۆشتنی ڕۆحی خۆی گرێبەستی لەگەڵ شەیتاندا کرد هەتاکوو [هەموو شتێك] بێسنوور بێت بۆی.
(ئادەم)یش وەکوو خوێنمژێك خاوەنی ژیانی ئەبەدییە و بەمجۆرەش زانیاریی لەسەر هەموو شتێکی هەموو سەدەیەك هەیە و لە خەڵکی دنیای نوێ و مۆدێرن بێزارە، هەر بۆیە خەمۆك و گۆشەگیر بووە و خۆی لە سوچێك ناوە.
کریستۆفەر مارلۆ؛ نوێنەری داهێنەرە پشتگوێخراوەکان:-

کریستۆفەر مارلۆ لە دیارترین و بەناوبانگترین شانۆنووس و شاعیرەکانی سەدەی شازادە ئیلیزابێث بوو، لە بەناوبانگترین کارەکانیشی شانۆنامەی [دکتۆر فاوست]ە، ئەو بە مردنێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی دێت و ساڵانێك دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە نەمردووە و لەژێر ناوی (شکسپیر)ی هاوسەدەیدا درێژەی بە نووسین و کارەکانی داوە.
لە فیلمەکەدا (مارلۆ) خوێنمژێکی زۆر بەتەمەنە، باوکی ڕۆحی و نزیکترین هاوڕێی (ئیڤ)ە، پێکەوە لە (تانجە) دەژین و بەردەوام لە (قاوەخانەی هەزار و یەك شەوە)دا یەکتری دەبینن، لە ماڵەکەیدا وێنەی (شکسپیر) هەیە و لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ (ئیڤ)دا خوێنمژە پیرەکە ئەو ڕاستییەی مێژوو دەدرکێنێت کە لە ڕاستیدا لەژێر ناوی شکسپیردا درێژەی بە کارەکانی داوە و ئەمەش زۆر ئازاری دەدات، تەنانەت کاتێك (ئیڤ) بەرەو لای هاوسەرەکەی گەشت دەکات لەنێو فڕۆکەکەدا (سۆنێتی ١١٦/sonnet 116)ی شکسپیر دەخوێنێتەوە و ناوی (مارلۆ) دەهێنێت کە ئەم دیمەنە هەم ئاماژەیە بۆ جارێکی تر سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە نووسەری کارەکانی شکسپیر هەر مارلۆ بووە و هەم بەپێی تێکستەکانی سۆنێتەکە ئاماژەیە بۆ تووندی و قووڵی و نەگۆڕی عەشقی نێوان (ئادەم) و (ئیڤ).
(مارلۆ) خۆی لە کونجێك ناوە و کەس هەست بە بوونیشی ناکات، ئەم کاراکتەرە نوێنەری کەسە ڕۆشنبیرەکانی مێژووە کە مرۆڤەکانی سەردەمی نوێ بێ وەفایی بەرامبەری دەنوێنن و بایەخ بە بوون و کاراکانیان نادەن، ئەم کاراکتەرە هێمای بەردەوامی کلتور و شێواندنی ڕاستییەکان بەدرێژایی مێژوو و نامۆبوونی داهێنەر و بلیمەتەکانە، ئەو خوێنمژێك بوو کە خاوەنی نەمریی بوو بەڵام بە نەخۆشکەوتنی و مردنی ژەهراویبوونی کۆمەڵگای هاوچەرخ دەسەلمێنێت.
(ئێڤا)، هێمای پشێوی و تێکدانی مێژوو:-

لە فیلمەکەدا (ئێڤا) نوێنەرایەتی مرۆڤی مۆدێرن دەکات و ڕەمزی شێواوی و ئاژاوە و گەنجی سەڕەڕۆ و بێڕێزە، ئەو هەر بە هاتنی ئارامی دوو عاشقە دەشێوێنێت و تووشی کێشەیان دەکات، کەسایەتی (ئێڤا) تەواو پێچەوانەی کەسایەتی (ئادەم) و (ئیڤ)ە، ستایلی جلوبەرگی جیاوازە، گوێ لە مۆسیقای مۆدێرنی ڕۆك و ڕۆڵ دەگرێت، ڕێز لە بەها تایبەتەکانی تاك ناگرێت و دانسقەترین گیتار و ئامێرەکانی (ئادەم) دەشکێنێت و خوێنی (ئیان) دەمژێت کە نزیکترین هاوڕێی (ئادەم)ە، هەموو ئەمانە دەچنە قاڵبی زیانگەیاندن بە کلتور و مێژوو و ژینگە و مرۆڤەکان، ئەو قاڵبەی چەندین سەدەیە دوو عاشقەکە خۆیان لێ لاداوە و لەپێناویدا خۆیان گۆشەگیر کردووە.
هەر ئەم کارانەشی دەبێتە درووستکردنی گەورەترین کێشە، خوێنی پاك لە ماڵەکەی (ئادەم)دا ناهێڵێت و هەمووی دەخواتەوە بە ڕادەیەك کاتێك تینووی خوێنە (ئیان) دەکوژێت.
نەمانی خوێنی پاك (ئادەم) و (ئیڤ) بەرەو (تانجە) دەنێرێتەوە بۆ لای (مارلۆ). لەڕێی ئەم کاراکتەرەوە فیلمسازەکە نموونەی مرۆڤی تێکدەری سەردەمی مۆدێرن دەخاتەڕوو.
عەشق و هونەر، زیندووکەرەوەی ڕۆحی مردوو:-

لە دیمەنی پێش کۆتایی فیلمەدا گۆرانیبێژی لوبنانی (یاسەمین حەمدان) لە باڕێکدا گۆرانی (حل، چارەسەر) دەچڕێت، کە تێکەڵەیەکە لە مەقامێکی کلاسیکی و مۆدێرن، خوێنمژەکان لەکاتێکدا گوێبیستی ئەم دەنگە و ئەو گۆرانییە دەبن کە چیتر ئومێدێکیان نەماوە، هاوڕێکەیان مردووە و تینووی خوێنن کە دەستیان ناکەوێت، بەتەواوی لاواز بوون و هیچ بیرۆکەیەك بە مێشکیاندا نایەت، کامێرەکە بە دەوری دوو عاشقەکەدا دێت و دەچێت و سەرەڕای ئەو بارودۆخەیان بەو هونەرە ئارام و ئەهوەنن، تاکە دیمەنە تێیدا (ئادەم) دڵی خۆشە و ئومێدی بۆ دەگەڕێتەوە سەبارەت بە داهێنان و مرۆڤایەتی و هەست دەکات هونەری ڕاستەقینە هێشتا ماوە. لێرەدا فیلمسازەکە پیشانی دەدات عەشق و هونەر ڕزگارکەری ڕۆحی مرۆڤن لە جیهانێکی وێرانبوودا.
دیمەنی کۆتایی فیلمەکە تێکەڵەکە لە تێکستی گۆرانییەکە و حاڵی (ئادەم) و (ئیڤ) و عەشقە قووڵ و بەئازارەکەیان لە جیهانی مۆدێرندا، ئەوان هێشتا نایانەوێت خراپەکار بن و بەڵام بەهۆی نەمانی سەرچاوەی دەستکەوتنی خوێنی پاکەوە ناچار دەبن خوێنی عاشقەکان بمژن و بیانگۆڕن بۆ خوێنمژ، هەربۆیە هەر دوو عاشقێك لە لایەن دوو عاشقە خوێنمژی دیکەوە خوێنیان دەمژرێت و دەگۆڕدرێن بۆ خوێنمژ و ئیدی بەم جۆرەش تەنیا ئەوینداران زیندوو دەمێنن.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.