23/03/2025
DidiMn Logo
Top

دوور مەڕۆ: دوو شیعری پابلۆ نیرۆدا

لە لایەن دیدی من 3 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – پابلۆ نیرۆدا
لە ئینگلیزییەوە: شانیا ئاری

(١)

گوتم لەگەڵم وەرە و کەس نەیدەزانی بۆ کوێ،
یانژی چۆن ئازارەکانم لێدەدەن.
هیچ گوڵە مێخەک و بارکارلۆیەک بۆ من نیە،
تەنها زامێک کە عەشق ئاوەڵایکردبوو.
دووبارە گووتم:
لەگەڵ من وەرە نەبادا گیان بدەم
وە هیچ کەس ئەو مانگەی نەبینی کە لە زارمدا خوێنی لێدەچۆڕی
ئەو خوێنەش نەبیندرا کە ورژوومی بردبووە ناو بێدەنگی
ئەی خۆشەویستم، ئێستا دەتوانین ئەو ئەستێرەیە لە یادبکەین کە دڕکی هەیە!

کاتێک گوێم لە دەنگت بوو دەتگووتەوە
لەگەڵم وەرە، وەک ئەوە بوو
خەم، ئەڤین، توڕەیی شەرابێکی قەتیسماو ئازاد بکەیت

کانیاوە گەرمەکان لە قوڵایی خەزنەی شەرابەکانەوە هەڵدەقوڵێن:
لە زارمدا دیسان هەستم بە تامی ئاگر کرد،
تامی خوێن و گوڵە مێخەک،
بەرد و سووتاوی.

تێبینی: بارکۆرلی؛ جۆرە میوزیکێکی ئیتاڵیە

(٢)
دوور مەڕۆ
دوور مەڕۆ، تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش، چونکی …
چونکی.. نازانم چلۆن بێژم، ڕۆژان درێژن و لە چاوەڕوانیتدا دۆش دادەمێنم،
مینا وێستگەیەکی چۆڵ کە شەمەندەفەرەکان لە شوێنێکی دی وەستاون.

جێم مەهێڵە، تەنانەت بۆ کاتژمێرێکیش، چونکی…
هەموو گەردە بچووکەکانی ئازار یەکدەگرن،
دووکەڵە سەرگەردانەکان چاو لەڕێی ماڵێکن تا خۆ بخزێننە ناو منەوە و
دڵی ماندووم بخنکێنن.

ئاه، ڕەنگە وێنەی سێبەرەکەت هیچکات بەسەر کەناری دەریاکەدا نەتوێتەوە
یانژی پێڵوی چاوەکانت فڕکە نەکەن لە نێو چۆڵەوانیەکی دوورمەودادا.
جێم مەهێڵە ئازیزترینم، بۆ چرکەیەکیش…

چونکە لەو دەمەیدا کە دوور دەڕۆیت، بە پێچەڵانی زەویدا خولدەخۆم و
دەپرسم: ئایا دەگەڕێیتەوە؟ یانژی لێرە لە گیانەڵادا جێمدەهێڵی؟

هاوبەشی بکە