26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پانۆرامای ڕۆڵی ژنان لە شارستانیەتی میسری کۆندا

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – كۆلێكتۆر
لە ئینگلیزییەوە: هێڤی سامان

لە کۆمەڵگەی میسری کۆن و پێکهاتەکانی دەسەڵات و ئایندا، ژنان ڕۆڵێکی نەریتی و دیاریان هەبووە. لە ڕێگەی هونەر و پاشماوە شوێنەوارییەکان و تێکستەکانەوە، هێندەی پیاوان لە بارەی ژیانیانەوە دەزانین و ئاشناین پێیان، كه‌ له‌م پانۆرامایه‌دا باسكراوه‌.

دیمەنێک لە ژیانی ڕۆژانە، گۆڕی نەخت، تەیبە (ئەقسەری ئێستا)

ده‌سته‌بژێرێك له‌ ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان لە زۆربەی لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئایندا گێڕاوە و مافی یەکسانیان له‌گه‌ڵ پیاواندا لە بابەتی سەروەت و هەروەها لە کەیسە قانوونییەکانیشدا هه‌بووه‌، بەڵام ڕێژه‌ گشتییه‌كه‌ی ژنان و چینه‌ ئاساییه‌كه‌ بەشێوەیەکی گشتی ڕۆڵبینینێكی تەقلیدیان هه‌بووه‌ کە ئەویش ڕۆڵی هاوسەر و دایکە. ژنانی ده‌سته‌بژێر لە پلە باڵاکانی کۆمەڵگەدا توانیویانە بە هەمان پلەی پیاوان بگەن، بگرە هەندێکجار دەستیان هەبووە لە بەڕێوەبردنی وڵات و گێڕانی ڕۆڵێکی بەرچاو لە ڕێبازە ئاینییەکانیشدا. لەم بابەتەدا، ئەو ڕۆڵەتان پیشان دەدەم کە ژنان لە شارستانیەتی میسرییە کۆنەکاندا گێڕاویانە.

فیرعەونە میسرییەکان

نیوە پەیکەری هاتشێپسوت بە ڕیشەوە

بەدرێژای مێژووی میسرییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پیاوان پشکی شێریان بەرکەوتووە. بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا، ژنان هاوشێوەی پادشاکان فەرمانڕەواییان کردووە، بەتایبەت لەکاتێکدا جێگرەوەیەکی شایستەی نێر بۆ تەختی پادشایەتی نەبووبێت.

 لە بەناوبانگترینی ئەم خانمە فەرمانڕەوا میسرییانە، هاتشێپسوت بوو. هاتشێپسوت فەرمانڕەوایی میسری کرد کاتێک کە هاوسەرەکەی، تۆتمۆسی دووەم مرد، وە زڕ کوڕەکەشی تۆتمۆسی سێهەم زۆر گەنج بوو بۆ گرتنەدەستی تەختی پادشایەتی. وە پەرستگەیەکی بە ناوی دیر البهاری دروستکرد کە هەندێکجار وەک پەیکەرێک بە ڕیشێکی پیرۆزەوە خۆی دەردەخست.

بێگوومان هەمووان ئاشنان بە کلیۆپاترای حەوتەم، کە بە ڕەچەڵەک یۆنانی بوو. میدیا دیارەکان وەک ژنێکی شۆخ و شەنگ باسی کلیۆپاترای حەوتەم دەکەن کە پێش ئەوەی خۆی بکوژێت لە ڕێگەی پێوەدانی مارەوە، هەست و ئارەزووی یولیەس سیزەر و مارک ئەنتۆنی بزواندبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پەیکەرەکان و وێنەی سەردرواەکان کە لەو دەچن، دەرخەری ئەوەن کە لە واقیعدا کلیۆپاترا زۆر سەرنجڕاکێش و جوان نەبووە. دڵڕفێنی و لێهاتووییە سیاسییەکەی دەشێت نهێنیەکانی سەرکەوتنی ئەو بووبن.

وێنەی یەکێک لەو دراوانەی کە کلیۆپاترای حەوتەمی لەسەر نەخشێنراوە.

ژنە میسرییە کۆنەکان و ڕۆڵیان وەک هاوسەرێک

پەیکەری پیاوێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.

گرنگترین ڕۆڵ بۆ ژنێکی چینی ناوەند لە میسری کۆندا ڕۆڵی هاوسەر بووە. پیاو چاوەڕێی ئەوەی لێکراوە کە لە دەوروبەری ٢٠ ساڵیدا هاوسەرگیری بکات بەڵام ئەوە ڕوون نییە کە تەمەنی بووکەکەی چەند بووە. ئاهەنگی هاوسەرگیری ماوەی یەک هەفتەی تەواوی دەخایاند کە پڕ بوو لە کەیف و خۆشی.

خێزانە شاهانەکان بەزۆری خوشکەکانی خۆیان یاخود کچەکانی خۆیان کردووە بە ژنی خۆیان و هەندێکجار  جۆرەها ژنیان هەبووە.  ڕامسیسی دووەم خاوەنی ٨ ژن بووە وە هەروەها دۆستی تریشی هەبووە کە زیاد لە ١٥٠ منداڵیان پێ بەخشیووە. میسرییەکانی چینی ناوەند تەنها یەک ژنیان هەبووە. زیناکردن وەک سزای گۆڕ لێی ڕوانراوە  کە سزاکەی مردن بووە بەلایەنی کەمەوە بۆ پیاوەکە. هەندێکجار هاوسەرگیرییەکان بە تەڵاق کۆتای پێهاتووەو هاوسەرگیریکردنەوە ڕێگە پێدراو بووە دوای تەڵاق یاخوود مردنی هاوژینێکیان. هەندێکجار لە سەرەتای گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەدا، ڕێکەوتنێکی پێشوەختە هەبووە کە چەند مەرجێکی تێدابووە سەبارەت بە ئەگەری جیابوونەوە لە داهاتوودا.

ژنە میسرییە کۆنەکان و ڕۆڵیان وەک دایکێک

وێنەی نەخشێنراوی نێفەرتیتی و کچەکەی

بوون بە دایک دوائامانجی زۆربەی ژنان بوو لە میسری کۆندا. کاتێک منداڵیان نەبووە، پەنایان بردووەتە بەر جادوو و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان، یاخوود تێکەڵەی پزیشکیان بەکارهێناوە بۆ زاڵبوون بەسەر نەزۆکی دا. ئەوانەی کە منداڵیان دەهێنایە دنیاوە دەبوو ئەگەری ڕوودانی مردنی کتوپڕی ساوا و مەترسی مردن لە کاتی لەدایکبووندا لەبەرچاوبگرن.

لە پەرتوکێکی دێرینی میسریەکاندا کە تایبەتە بە پەند و ئامۆژگاری دەقێک هەیە خوێنەرەکانی هاندەدات بەوەی کە ئاگایان لە دایکیان بێت چونکە دایکیان هەمان شتی کردووە کاتێک کە خوێنەر گەنج بووە. دەقەکە باس لە ڕۆڵێکی هەرە نەریتییانەی دایکایەتی دەکات. دەڵێت کە: “کاتێک کە هاتوویتە دنیاوە….. ئەو ئاگای لێت بووە. بۆ ماوەی ٣ ساڵ شیری پێداویت. کاتێک کە گەورە بوویت و پیساییەکەت قێزەون بوو، ئەو تۆی ناردە قوتابخانە و فێربووی چۆن بنووسیت. بەردەوام بووە لە چاودێریکردنت هەمووڕۆژێ و بەخێوکردنتی گرتۆتە ئەستۆی خۆی.

وێنەی ژنێک کە شیر بە کۆرپەکەی دەدات.

ئیشکردنی ژنان

پەیکەرێکی بچووکی ژنێک کە خەریکی هاڕینی دانەوێڵەیە.

ژنان بەزۆری لە هونەری میسرییەکاندا پێستیان بە ڕەنگی زەرد نەخشێنراوە وە پیاوانیش بە ڕەنگی سوور.  ئەمە دەشێت ئەوە دەربخات کە ژنان کاتی زیاتریان لە ماڵەوە بەسەربردووە  دوور لە تیشکی خۆر و خاوەنی پێستێکی زەردهەڵگەڕاوتر بوون. بەرپرسیارییەتیەکانی دایکایەتی دەشێت زۆربەی ژنانی لە ئیشەکانی تر قەدەغەکردبێت.

سەڕەڕای ئەوەش بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی کە هەندێک لە ژنان لە دەرەوەی ماڵ کاریان کردووە. لە دیمەنی ناو گۆڕەکاندا، ژنەکان وا دەرخراون کە شان بە شانی پیاوان لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتنیان کردووە. ژنی جووتیارەکانیش لە دروێنەکردندا یارمەتی پیاوەکانیان داوە.

ژنان هەروەها لە کێڵگەکانیشدا کاریان کردووە کە ئێمە زۆر بە نەریتیانە تری دەزانین بۆ ژنان. پەیکەرە بچووکەکانی شانشینی کۆن* وێنای ژنیان نەخشاندووە لە کاتێکدا کە خەریکی هاڕینی دانەوێڵەن بۆ دروستکردنی ئارد. ژنە دووگیانەکان لە کاتی لەدایکبوونی کۆرپەکانیان لەسەر خشت دادەنیشتن و بانگی مامانەکانیان دەکرد بۆ ئەوەی ئاگایان لێیان بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لە پرسەکانیشدا وەک شیوەنگێڕێکی لێوەشاوە خزمەتیان کردووە، بەجۆرێک کە خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کردووەو شیوەنیان کردووە.

وێنەی خانمە شیوەنگێڕە لێهاتووەکان

ڕۆڵی ژنە میسرییە کۆنەکان لە ئایندا

هاوسەری یەزدان ئاموون، کارۆمامای یەکەم لەگەڵ باوکی کە خەڵکی نوبە بوو.

ژنان لە ڕیبازە ئاینیەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە، بەتایبەت خوداوەند هاتۆر. ئەوان وەک گۆرانیبێژەکان و سەماکەرەکان و موزیکژەنەکان بۆ دڵخۆشکردنی خوداوەندەکان خزمەتیان کردووە.

 دیارترین ڕۆڵی قەشەژن، ژنەکەی خوداوەند ئاموون بووە. ئەو پاشایانەی کە فەڕمانڕەواییان دەکرد بە کوڕەکانی خوداوەند ئاموون ناودەبران و ژنانی خێزانە شاهانەییەکانی زنجیرە فەڕمانڕەواکانی ١٨’ش بەزۆری هەڵگری ئەو نازناوە بوون. نازناوەکە پشتگوێ خرا و زۆر بەکارنەدەهێنرا هەتاوەکو لەلایەن زنجیرە فەڕمانڕەواکانی ٢٥ و ٢٦’ەوە زیندووکرایەوە کاتێک کە کچەکانی پاشا نووبیەکان کە میسرییان بەڕێوە دەبرد نازناوەکەیان هەڵگرت. ئەم ژنە نووبیانە لە تەیبە ژیاون و رۆژ بە رۆژ وڵاتیان لەسەر ڕێچکەی باوکیان بەڕێوە بردووە.

خوداوەندە ژنەکانی میسرییە کۆنەکان

پەیکەری هاتۆر بە شاخی مانگاوە

خوداوەندەژنەکان لە ئاینی میسرییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. بەگشتی ڕۆڵی خوداوەندەژنەکان ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ژنان بوو لە کۆمەڵگەدا. خوداوەندەکان بەزۆری بۆ گرووپە سیانییەکان  یاخوود خێزانەکان پۆلێن کراون. لەنێوان بەناوبانگترینیان ئۆزیریس و ئیزیسی هاوسەری و حۆروسی کوڕی بوون. سیانەیەکی بەناوبانگی تر ئاموون و موتی هاوسەری و خۆنسوی کوڕی بوون. زۆرجار بینای پەرستگەکان وەک ئەوانەی کارناک خانووی تایبەتی تیابووە بۆ هەرسێ ئەندامەکەی گروپەکە.

هەندێک لە خوداوەندەژنەکان جیا لەوەی سەر بە گرووپێکی سیانین، خۆیان لە دۆزی ڕەوای خۆیاندا ناوبانگیان هەیە. لەمانەش هاتۆر، خوداوەندی سەر مانگا، کە خەڵکانێکی زۆر زیارەتیان دەکرد بەهیوای ئەوەی دووگیان ببن یاخوود هاوسەرێکی گونجاویان بە نسیب ببێت.

خوداوەندێکی ژنی دیکە،سێخمەتی خوێنمژ بوو لە شێوەی کەلەسەری شێرێکدا. ئەو خوداوەندی شەڕ و تاعوون بوو وە ئاموون هوتێپی سێهەم سەدەها پەیکەری ئەوی لە پەرستگەکەی خۆی لە تەیبە درووستکردووە. خوداوەند ئیزیس، کە وەک دایکی فەڕمانڕەوا لێی ڕوانراوە، بەزۆری بەجۆرێک نەخشێنراوە کە دایەنی حۆروسی کوڕی دەکات.

                                             سێخمەت                                            

{*} شانشینی کۆن سەردەمی هەرەمەکانیشی پێدەوترێ، کە ٢٢٠٠-٢٧٠٠ بەر لە زاین دەگرێتەوە، ئەو سەردەمەیە کە زۆرترین هەڕەماکانی تیا دروستکراوە.

هاوبەشی بکە