دیدی من – دەڤەر حەسەن
سەرپەرشتیارانی پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن
لە جیهانێکدا کە هەمووان بەپەلەن بگەن بە کۆتاییەکان، چیرۆکەکان هێندەی خواردنی خێرا زۆرن و دەخرێنە بەردەممان. سینەمای کیاڕۆستەمی دەبێتە بەرەنگارێکی نەرمی ئەم پەلەپەلە. ئەم چەشنە لە گێڕانەوە ئاڵنگاری شێوازە باوەکەی گێڕانەوە دەبێتەوە، بە جۆرێک کە ئامانج تێیدا پێشکەشکردنی کۆتاییەکی ڕوون نییە، بەڵکوو پاڵنانی بینەرە بەرەو بیرکردنەوە و تێڕامان. فیلمەکانی کیاڕۆستەمی تەنها چیرۆک گەلێک نین بگێڕدرێنەوە، بەڵکوو چیرۆکێکن لەگەڵیان دەژیت، چیرۆکێک کە هەوڵ نادات قایلت بکات، بەڵکە هەوڵ بۆ ورووژاندنی هزرت دەربارەی جوانیی و پرسیاری وجوودی دەدات. کارەکانی کیاڕۆستەمی بە کۆتاییە کراوەکانیان ناسراون، بە شێوەیەک کە بینەر دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵام و لێڵییەکی بە ئەنقەست. کارەکانی بە مەبەست بۆشاییەک جێدەهێڵێت کە بینەر بە بیر و ویژدانی خۆی پڕی بکاتەوە. سینەمایەک کە بە دوای وەڵامدا ناگەڕێت، تەنها بە پرسیار قایل دەبێت. هاوار ناکات، تەنها بە بێدەنگی تێڕادەمێنێت.
ناڕوونی وەک ئامرازی گێڕانەوە:
هەڵبژاردنی ناڕوونی لەلایەن کیاڕۆستەمییەوە خاڵی بەهێزییەتی نەک لاواز، بە لای ئەوەوە فیلمی باش لە دیمەنی کۆتاییدا تەواو نابێت، بەڵکوو لەوێوە دەست پێدەکات. کۆتایی کراوە لە سینەمای کیاڕۆستەمیدا تەنها داهێنانێکی گێڕانەوەی چیرۆک نییە، بەڵکوو فەلسەفەیەکی تەواو وجوودیە.
لە فیلمی (تامی گێلاس – ١٩٩٧) دا، گێڕانەوەکە ئەو ساتە تەواو دەبێت کە چاوەڕێی بڕیارە یەکلاکەرەوەکەین، نازانین ئاخۆ پاڵەوانی چیرۆکەکە مردنی هەڵبژارد یاخود نا؟. دەرهێنەر هیچ وەڵامێکمان پێنادات، ڕووبەڕووی خودی خۆمان دەکاتەوە، کە لە خۆمان بپرسین “ئەگەر ئێمە لەجێی ئەو بووباین چیمان دەکرد؟” ئایا هەلێکی دیکەمان بە ژیان دەدا یاخود خۆمان ڕادەستی نائومێدی دەکرد؟”. وەک ئەوەی دەرهێنەر بیەوێت پێمان بڵێت “مەبەستەکە ڕووداوەکە نییە، بەڵکە کاردانەوەی تۆیە بۆی”. ئەم کۆتاییە فیلمەکە دەکات بە ئاوێنەیەک کە باوەڕ و بۆچوونە کەسییەکانی بینەر تێیدا ڕەنگدەدەنەوە، لەبری ئەوەی بینەر فێری چەند وانەیەک بکات.
لە فیلمی (کۆپی ڕەسەن – ٢٠١٠)، ژن و پیاوێک دەبینین لەوانەیە هاوسەر بن، یاخود هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبێت و تەنها دوو ئەکتەر بن ڕۆڵ بگێڕن. سروشتی پەیوەندییەکەیان لە دیمەنێک بۆ دیمەنێکی دیکە دەگۆڕێت، بەم چەشنە واقیع گەڕۆکە و ناتوانین بیسەلمێنین. لێرەدا یاریکردن بە شوناس و واقیع ڕێکەوت نییە، بەڵکو دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە. گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە نێوان پاڵەوانەکاندا پڕە لە هەڵە و ناڕوونی، چوارچێوەی کات و ژینگە تێکدەشکێنێت و دەمانخاتە بەر پرسیاری “کامەیە واقیع؟” و ئایا هەستی ڕاستەقینە بەسە بۆ دروستکردنی واقیع؟.
کیاڕۆستەمی خۆی بە دۆزینەوەی واقیعەوە سەرقاڵ ناکات، بەڵکوو پرسیار دەکات کە ئایا خودی واقیع پێناسە دەکرێت یان نا؟ لێرەدا سینەما دەبێتە ڕووبەرێک بۆ چاوپێداخشانەوە بە چەمکە باوەکانی وەک؛ شوناس، خۆشەویستی و وابەستەیی.
لێڵکردنی سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ:
لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی مێتا سینەما (Meta-Cinema)ەوە، کیاڕۆستەمی بە ئەنقەست یاری بە هۆشی بینەر دەکات. لە فیلمی (گرتەی نزیک – ١٩٩٠) سنووری نێوان بەڵگەنامەیی و گێڕانەوە تێکدەشکێت، کیاڕۆستەمی دووبارە دادگاییکردنێکی واقیعی دادەڕێژێتەوە، بە بەکارهێنانی کەسە ڕاستەقینەکان لە ڕۆڵی خۆیاندا. ئەوەی وەک چیرۆکێکی هەڵخەڵەتاندن دەست پێدەکات، دەگۆڕێت بۆ تێڕامانێکی قووڵ لە پێویستی مرۆڤ بۆ دانپێدانان و هاوخەمی هونەری. بینەر نازانێت ئەوەی دەیبینێت ڕاستییە یاخود خەیاڵی ڕاستییەک.
بینەر وەک بەشدارێکی کارا:
“فیلم، نیوەی هی دەرهێنەرە و نیوەکەی دیکەی هی بینەرە”، بەم دەربڕینە کیاڕۆستەمی شێوازی کارکردنی خۆی پێناسە دەکات. فیلمی (شیرین – ٢٠٠٨) لوتکەی بەرجەستەکردنی ئەم فەلسەفەیەیە، تێدا دەموچاوی کۆمەڵێک ئافرەت دەبینین کە تەماشای شانۆیەک دەکەن، شانۆیەک کە ئێمە نایبینین و تەنها بەر گوێمان دەکەوێت. فرمێسک، سەرسووڕمان و کاریگەری سۆزداری خاتوونەکان دەبنە ڕەنگدانەوەی ئەوەی کە تەماشای دەکەن. لێرەدا، خەیاڵ بەسەر بینیندا سەردەکەوێت، بینەر خۆی دەبێتە هاوبەشی دەرهێنەر. ئەم شێوازە پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیە دەکات کە هونەر یەکجار پێشکەش ناکرێت، بەڵکوو لە ناخی هەر بینەرێکدا دووبارە بەرهەم دێتەوە. هەموو ئەزموونێکی تەماشاکردنی فیلمێکی کیاڕۆستەمی، حاڵەتێکی دەگمەنە و دووبارە نابێتەوە، چونکە هەر کەسێک بە کۆمەڵێک بۆچوون و هەستی کەسییەوە دەچێتە قووڵایی فیلمەکەوە.
سینەما وەک ئامرازی مەعریفە و تێڕامان:
کیاڕۆستەمی سینەما تەنها وەک ئامرازێک بۆ چێژبەخشین نابینێت، بەڵكوو وەک ئامرازێک بۆ خودناسین پێناسەی دەکات. لەلای ئەو کامێرا بۆ گواستنەوەی واقیع نییە، بەڵکە بۆ پرسیارکردنە دەربارەی واقیع. بەمەش سینەمای کیاڕۆستەمی زیاتر لە شیعر دەچێت وەک لە گێڕانەوەی باوی چیرۆک. هەموو دیمەنێک، بێدەنگییەک، ڕێگایەکی خۆڵ، لە فیلمەکانیدا مایەی تێڕامانی قووڵن. چاوی کامێرا چاودێری واقیع ناکات، بەڵکوو لێوەی دەردەچێت بۆ ئەوەی بگات بە چینە نهێنەکانی درککردن، هەست و خودی وجوود. لەم ڕوانگەیەوە سینەما لە ناوەندێکی بینینەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی مەعریفی هەستەکی. کە بوارێک لە بەردەم بینەردا واز دەکەن، بۆ پێداچوونەوە بە ناخی خۆیدا پێش ئەوەی لە شاشەکە بڕوانێت.
کیاڕۆستەمی لە فیلمەکانیدا بە دوای وەڵامدا ناگەڕێت، ئەو بەدوای ڕێگای تازەی پرسیارکردندا دەگەڕێت. چۆن لە کات تێبگەن؟ بینین مانای چییە؟ بێدەنگیی کردارە؟ لە فیلمەکانی (ماڵی هاوڕێکەم لەکوێیە؟ – ١٩٨٧) و (با لەگەڵ خۆی دەمانبات – ١٩٩٩) وێنەکە زۆر ساکارە، ڕێگایەکی خۆڵ، درەختێکی تەنها، سێبەری منداڵێک، ئەمانە هەموو پانتاییەکن بۆ تێڕامان لە مانای وجوودی شتەکان. جوڵەکان خاون و گفتوگۆش زۆر دەگمەنە، بەڵام لە ناوەوە بیر و هزر بە تەواوی سەرقاڵە.
بەرهەمەکانی کیاڕۆستەمی، پێویستیان بە ئامادەگی تەواو هەیە نەک تێگەیشتنی ڕووکەش. چونکە تەنها بەرهەمێک نین کە تەماشا بکرێن، بەڵکو ئەزموونێکن کە بینەر بە هەست و تێڕوانینەکانی لەگەڵیدا دەژی. هەر بۆیە فیلمەکانی لەبیر ناکرێن، چونکە هەرگیز کۆتاییان نایەت. درزێک لە هۆشی بینەردا جێدەهێڵێت، جار نا جارێک بۆی دەگەڕێتەوە وەک ئەوەی خەون ببینێت کاتێک کە هۆشیارە.
کاریگەریی جیهانیی:
جێپەنجەی کیاڕۆستەمی سنووری ئێرانی تێپەڕاند و بووە سەرچاوەی ئیلهامی فیلمسازان. دەتوانین بڵێین خوێندنگەیەکی هێنایە کایە بۆ ئەو دەرهێنەرانەی کە ناڕوونی وەک پانتاییەکی ئازاد بەکاردەهێنن. چونکە لەلای ئەو ناڕوونی مانای ناڕوونی نییە لە پێناو ناڕوونییەک، بەڵکوو ئامرازێکی فەلسەفییە بۆ خستنەژێر پرسیاری واقیع.
میخایل هانیکەی نەمسایی بە نموونە، لە فیلمی (یارییە پێکەنیناوییەکان – ١٩٩٧) بیرۆکەی تێکشکاندنی چاوەڕوانییەکانی بینەری جێبەجێدەکات. نوری بیلگی جەیلان لە فیلمی (ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەنادۆڵ – ٢٠١١) شێوازی تێڕامانی بینراو لە گێڕانەوەی چیرۆک دەربارەی شوناس و کات بەکارهێنا. لە سینەمای عەرەبیشدا ڕەنگدانەوەی ڕووحی کیاڕۆستەمی دەبینین، لە فیلمی (ڕۆژ و شەوێک – ٢٠٢٠)ی ئەیمەن موکەڕڕەم و (ڕێگای بەرەو ئیستنەبوڵ – ٢٠١٦)ی ڕەشید بوشارب.
کیاڕۆستەمی، بوو بە سەرچاوەیەک بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت چوارچێوەی باو بشکێنن و سنووری دەربڕینی هونەری فراوانتر بکەن. ئامرازە سینەماییەکانی وەکو؛ بێدەنگی، تێڕامان و کۆتایی کراوە، بوون بە چاوگێک کە فیلمسازان بەردەوام سوودیان لێ وەردەگرن.
ئەنجام:
سینەمای کیاڕۆستەمی بۆ بینەری ئاسایی نیە، بەڵکوو بۆ کەسێکە بوێری ئەوەی هەبێت لەگەڵ پرسیارێکی بێ وەڵام هەڵبکات. فیلمەکانی وەک شیعری ئازادن، ئەوانەی هێندەی هەستیان پێ دەکەیت، هێندە ناتوانیت لێکیان بدەیتەوە. لە جیهانێکدا کە ژاوەژاو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکات، بەرهەمەکانی پانتاییەکمان بۆ تێڕوانین و دواخستنی حوکمدان و گوێگرتن لەوەی کە دەوترێت پێ دەبەخشێت. بانگهێشتمان دەکات بۆ ئەوەی بینەر بین، بەڵام بەشدار و هۆشیار بین لە هەمان کاتدا.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.