دیدی من
کۆکردنەوە و وەرگێڕانی:- چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن
فیلمسازی ئێرانی (عەباس کیارۆستەمی) و بەرهەمەکانی کە لەلایەن زۆر کەسەوە بە یەکێك لە باشترین ئەو سینەماکارانە دادەنرێت کە تا ئێستا جیهان بە خۆیەوە بینیویەتی، ئیلهامبەخش بوون بۆ چەندین نەوەی خوێندکاری گەنج و دەرهێنەری ئاواتخواز. (کیارۆستەمی) لەڕێگەی شاکارە شیعرییەکانییەوە، تاقیکردنەوە وجودییە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی ئەنجامدا کە سنوورەکانی میدیای سینەمایی تێپەڕاند.
(کیارۆستەمی) لە ساڵی ١٩٤٠ لە (تاران) لەدایکبووە، هەر لە تەمەنێکی تاڕادەیەك بچووکەوە مەیلی بە لای هونەردا هەبووە. لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە پێشبڕکێیەکی نیگارکێشیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لەکۆتاییدا لە “کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران” نیگارکێشی و گرافیکی خوێند.
(کیارۆستەمی) ڕێچکەی کارەکەی بە کارکردن لە جیهانی ڕیکلام و دیزاینکردنی پۆستەر و بەرگی کتێبی منداڵان و وێنەگرتنی ڕیکلامی بێشوماردا دەستپێکرد. لە ساڵی ١٩٧٠ لە کاتێکدا کە “شەپۆلی نوێی ئێران” سەرقاڵی چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بوون؛ لەگەڵ (ئیبراهیم فوروز)دا بە مەبەستی دامەزراندنی بەشی فیلم لە “پەیمانگای گەشەپێدانی هزری منداڵان و لاوان”دا کاریان کرد.
جگە لە بواری لە فیلمسازی لە بوارەکانی شیعر و فۆتۆگرافی نیگارکێشی و گرافیك دیزاین و مۆسیقاشدا لێهاتووییەکی زۆری هەبوو.
فیلمەکانی لە ڕووکەشدا ڕەنگە سادە و بێهەڵوێست دەرکەون، بەڵام باس لە تەوەری گەورەتری وەکوو ئەخلاق، چاکە، ئیرادەی ئازاد و ئینتیما دەکەن، زۆرجار هێڵی تەنك و باریکی نێوان خەیاڵ و واقیعدا دەبڕن و هەندێکجار یەکێکیان دەڕژێتە ناو ئەوی دیکەوە. زۆرجار وەکوو “پێشەنگی سینەمای خاو” وەسف دەکرێت و ناو دەبرێت، فیلمەکانی (کیارۆستەمی) بۆ ئەو کەسانە ناشێن کە ئارەزووی دیمەن و گرتەی خێرا دەکەن. گرتەی هێواش و ڕەنگی سادە و ئۆتۆمبێل و ئامرازەکانی گواستنەوە و پانتایی فراوانی شوێن بەڵام شاعیرانە مۆرکی فیلمەکانین، منداڵان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن و پاڵەوانی چیرۆکەکانن، میتۆدەکانی گێڕانەوەی شیعری لە فیلمەکانیدا لە ڕێگەی پرەنسیپی “مینیمالیزم”ەوە بەرجەستە دەکات، کە بە بەکارهێنانی کەمترین ئامرازی سینەمایی بابەتی سینەمایی خۆی پیشان دەدات. ئەمەش هاوشێوەی شێوازی نووسینی شیعرە، هەتاکوو بەیتێك وشەی زیاتری تێدابێت، شیعرەکە قووڵایی مانای خۆی لەدەست دەدات و مێتافۆڕ بوونی نامێنێت.
ڕێچکەی فیلمسازی (کیارۆستەمی) لە “پەیمانگای گەشەپێدانی هزری منداڵان و لاوان”ەوە دەستیپێکرد،
کاتێك دەستیکرد بە بیرکردنەوە لەو بۆشاییەی لە کوالیتی فیلمی گونجاو بۆ منداڵاندا هەیە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و هەروەها بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکانیان بکۆڵنەوە. بە کارکردن لەسەر ئەو تێبینییە توانی بیر لە بیرۆکەی فیلمەکانی خۆی بکاتەوە و بیانهێنێتە بەرهەم.

(کیارۆستەمی) بە یارمەتی پەیمانگاکە بە سەرکەوتوویی یەکەم بەرهەمی سینەمایی خۆی بەرهەمهێنا، کە کورتە فیلمێکی دە خولەکی بوو بە ناوی (نان و کۆڵان) و لە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکرایەوە. فیلمەکە باس لە منداڵێك دەکات لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەنێو کۆڵانەکاندا بە نان ڕووبەڕووی سەگێك دەبێتەوە کە دوای کەوتووە و دەیترسێنێت، گرتەیەکی نایاب بوو لە دەروونناسی منداڵان [ئەم بابەتە لە فیلمەکانی دواتردا دەبێتە بابەتێکی دووبارەبووەوە] لەگەڵ توخمەکانی نیوریالیزم، کورتە فیلمەکە لادانی هونەری لە نۆرمەکانی ئەو سەردەمە پیشاندا. (کیارۆستەمی) لەکاتی وەبیرهێنانەوەی ئەو ئەزموونەدا گوتی “نان و کۆڵان یەکەم ئەزموونی من بوو لە سینەمادا و پێویستە بڵێم ئەزموونێکی زۆر سەخت بوو، ناچار بووم لەگەڵ منداڵێکی زۆر بچووك و سەگێك و تیمێکی ناپڕۆفیشناڵدا کار بکەم جگە لە سینەماتۆگرافەرەکە، کە ئەویش بەردەوام بۆڵەبۆڵی دەکرد و گلەیی هەبوو، لە ڕاستیدا لەسەر حەقیش بوو چونکە من ئەو ڕۆتینە باوانەی درووستکردنی فیلمم پەیڕەو نەدەکرد کە ئەو پێی ڕاهاتبوو.”
هەر زوو دوای ئەوە، فیلمی ماوە درێژی (گەشتیار/١٩٧٤)ی بەرهەم هێنا، کە تەنانەت پاش دوایی هێنان بە ژیانی پیشەیی خۆی وەکوو فیلمسازێك هێشتا بە باشترین بەرهەمی نێو بەرهەمەکانی ئەژمار دەکرا. فیلمەکە چیرۆکی خەمناکانەی بەتەمەنداچوون پیشان دەدات، باس لە کوڕێکی گەنج دەکات کە بۆ هەڵهاتن لە ئاژاوەکانی نێو ماڵ خۆی دەهاوێتە نێو فانتازیای تۆپی پێ’وە.
لە دەوروبەری ئەو کاتانەدا، (کیارۆستەمی) بەردەوام بوو لە بەرهەمهێنانی کورتە فیلمی دیکە، لەوانەش (منیش دەتوانم/١٩٧٥) و (ڕەنگەکان/١٩٧٦) و ساڵی ١٩٧٧ شاکاری (ڕاپۆرت)ی بڵاوکردەوە، کە بە باسی ژیانی باج وەرگرێك پرسیاری جدی سەبارەت بە گەندەڵیکردن لە پیشەدا و کێشە شەخسییەکان دەخاتە ڕوو.
ئەم کارە هونەرییە سەرەتایی و کاریگەرانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن سەبارەت بەوەی ئەم فیلمسازە گەنجە لە داهاتوودا دەگاتە لوتکە.
بێگومان ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان دیارترین قۆناغ بوون لە گەشتەکەی کیارۆستەمیدا وەکوو دەرهێنەر. سێینەکەی کە پێکهاتووە لە هەریەکە لە فیلمەکانی (ماڵی هاوڕێ لە کوێیە/١٩٨٧) و (ژیان و هیچی تر/١٩٩٢) و (لەژێر درەختە زەیتوونەکاندا/١٩٩٤) وەکوو بەرهەمێك دەمێنێتەوە کە پڕە لە دەستکەوتی هونەری سەرسوڕهێنەر.
(کیارۆستەمی) پەیوەندییەکانی لەگەڵ منداڵان و ئەزموونەکانیان فراوانتر کرد، بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لە کارلێکەکانیان لەگەڵ گەورەکاندا، وەك لە فیلمی (ماڵی هاوڕێ لە کوێیە؟) کە باس لە کوڕێك دەکات کە بەدوای ماڵی هاوپۆلەکەیدا دەگەڕێت، نەك هەر ناوبانگی دەرهێنەرەکەی هێنایە ئاراوە، بەڵکو بووە سەرەتای پەیوەندیی (کیاڕۆستەمی) لەگەڵ گوندی کۆکەردا، کە گوندێکە لە باکووری ئێران. وێناکردنی بێتاوانی منداڵیی لەلایەن (کیارۆستەمی) و گۆڕینی ئەفسونی بێمانایی بۆ مانای قووڵ لە فیلمی (ماڵی هاوڕێ لە کوێیە؟) هێندە تایبەتە کە ئەستەمە کۆن ببێت لەبەرچاومان هەتاکوو ئەو کاتەی لەبیرمان بێت هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسێکدا چی مانایەکی هەیە. دوای پێنج ساڵ لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە بوومەلەرزەیەك ناوچەکەی هەژاند و بەهۆیەوە ٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. (کیارۆستەمی) تیمەکەی بردە گەڕان بەدوای کوڕەکەی فیلمی یەکەمدا، بەڵام لە خاڵێکی دیاریکراودا بڕیاریدا یەکێك لە ڕێگا بەناوبانگەکانی خۆی بگرێتە بەر بۆ گەڕان بەدوای نیشانەکانی ژیان لەو ناوچە وێرانبووەدا.
لە فیلمی دووەمی سێینەکەدا، فیلمی (ژیان و هیچی تر) فیلمسازەکە تووشی پیاوێك بوو کە خۆی بۆ هاوسەرگیری ئامادە دەکرد سەرەڕای ئەو کارەساتە مرۆییەی ڕوویداوە، کە بووە بابەتی سێیەم سەردانی سینەمایی بۆ کۆکەر، ئەویش فیلمی (لەژێر درەختە زەیتونەکاندا)ی لێ هاتە بەرهەم.
لە قۆناغەکانی دواتری سێینەکەیدا، پاش بوومەلەرزەکە (کیارۆستەمی) جیاوازییەکانی نێوان چیرۆکی خەیاڵی و واقیع کاڵ دەکاتەوە بۆئەوەی هەڵسەنگاندنی میتافیزیکی بۆ ڕاستییە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە پرۆسەی فیلمسازی ئەنجام بدات.
بە لە چاوگرتنی فیلمۆگرافیای (کیارۆستەمی) بۆمان دەردەکەوێت ساڵانی نەوەدەکان ساڵانێکی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گرنگ بوون بەهۆی ئەو سێ پارچە فیلمە سینەماییە درەوشاوانەی کە لەو ماوەیەدا بەرهەمی هێنابوون [جگە لە سێ فیلمی سێینەکە].
فیلمەکانیش بە فیلمی (گرتەی نزیك/١٩٩٠) دەست پێدەکەن، فیلمەکە ناسنامەی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و هەروەها لایەن پێشەنگەکانی دیکەی سینەمای وەکوو (ژان لوك گۆدار)، (مارتن سکۆرسێزی) و (وێرنەر هێرزۆگ) ستایش کرا.
لێرەشەوە (کیارۆستەمی) پێداگرانەتر پەلاماری ئەو بەربەستانەی دا کە ڕاستییەکانی ژیانی واقیع پەردەپۆش دەکەن و لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی خۆبەڕاست زانیی سینەمادۆستی لە چوارچێوەیەکی مرۆڤدۆستانەدا دادەنێت. یەکێکی دیکە لە فیلمە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو سەردەمە فیلمی (تامی گێلاس/١٩٩٧)ە، کە سەرەڕای بردنەوەی خەڵاتی “چڵە خورمای زێڕین” هێشتا لە لایەن ڕەخنەگری بەناوبانگ (ڕۆجەر ئیبێرت)ەوە ڕەخنەباران کرا و دەنگی دایەوە. بەڵام کات سەلماندی کە (ڕۆجەر) هەڵە بوو، چونکە ئەو چیرۆکە سادەیەی فیلمەکە کە باسی پیاوێك دەکات وێڵە بە دوای مردندا؛ هێشتا بینەری نوێتر و زیاتر ڕادەکێشێت و زیاتر دەنگ دەداتەوە.
فیلمی (با دەمانبات/١٩٩٩) دە ساڵی پڕ لە ڕووداوی بۆ (کیاڕۆستەمی) پێچایەوە، کە لەو ماوەیەدا توانی پێگەی خۆی وەکوو یەکێك لە مەزنترین فیلمسازە زیندووەکان قایم بکات. دوای ساڵێك “خەڵاتی ئاکیرا کورۆساوای” بۆ دەستکەوتەکانی تەمەنی لە جیهانی سینەمادا وەرگرت.
(کورۆساوا) جارێکیان گوتی “ هیچ وشەیەك ناتوانێت وەسفی ئەوە بکات کە چی هەستێکم هەیە سەبارەت بە فیلمەکانی (کیاڕۆستەمی)، کاتێك (ساتیاجیت ڕەی) کۆچی دوایی کرد زۆر دڵگران بووم، بەڵام دوای بینینی فیلمەکانی (کیارۆستەمی) سوپاسی خودام کرد بۆئەوەی کەسێکی گونجاوی پێداوین هەتاکوو جێگەی ئەو بگرێتەوە.”
(کیارۆستەمی) بەردەوام بوو لە بەهێزکردنی کارەکانی بە گەوهەرەکانی وەکوو فیلمی (دە/٢٠٠٢)، (شیرین/٢٠٠٨) و زۆر بەرهەمی تر کە بوونە هۆکارێك هەتاکوو بیرمان بهێننەوە کە نووسەران ڕەگەزێکی لەناوچوو نەبوون لە سەدەی بیست و یەکەمدا.
هەتاکوو کۆتاییش، کارەکانی (کیارۆستەمی) هێزی شیعری خۆی پاراست، وەکوو لە فیلمی (کۆپی ڕەسەن/٢٠١٠)دا دەردەکەوێت، کە بیرێکی ئاڵۆز سەبارەت بە سروشتی نمایشکاری خۆشەویستی دەخاتە ڕوو، بە ڕۆڵگێڕانی (جولێت بینۆك) و (ویلیام شیمێل).
لە ساڵی ٢٠١٦ (کیارۆستەمی) نەخۆش کەوت و دوای کۆمەڵێك هەڵەی پزیشکی و خراپ بەکارهێنانی تەکنیکە پزیشکییەکان، لە ٤ی تەمموزی ٢٠١٦ لە پاریس کۆچی دوایی کرد و جیهانی لە شۆك و خەمدا بەجێهێشت.
کۆچی دوایی ئەو هێمایەکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بوو، هێمایەك کە هیوای بۆ داهاتووی سینەما بۆ خەڵك دابین دەکرد.
(موحسین مەخمەلباف)، هاوچەرخی (کیارۆستەمی) دەڵێت “(کیارۆستەمی) ئەو باوەڕە نێودەوڵەتییەی بە سینەمای ئێران بەخشی کە ئەمڕۆ هەیەتی، بەڵام بەداخەوە فیلمەکانی لە ئێران هێندە بینەریان نەبوو، ئەو سینەمای جیهانی گۆڕی، نوێگەری تێدا کرد و بە پێچەوانەی دیدی هۆڵیوودەوە بەرگێکی مرۆڤانەی بە بەری سینەمادا کرد.”
دوا بەرهەمی فیلمۆگرافییەکەی لە دوای مردنی لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکرایەوە، شاکارێکی تاقیکارییە بە ناوی (٢٤ چوارچێوە) کە بە جوانی وەسوەسەی تەواوی ژیانی (کیارۆستەمی) بۆ مردن، کات، سروشت و درووستکردنی شیعری بینراو لە ڕێگەی فۆتۆگرافیەوە کورتکردەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی سەرنجڕاکێشدا کە لەبارەی شیعری ناو بەرهەمەکەی و کاریگەرییەکانی لەسەر میراتی فیلمەکانی پرسیاری لێکرا، (کیارۆستەمی) لە وەڵامدا گوتی “هەست دەکەم ئەو سینەمایەی کە ساڵانێکی زیاتر دەمێنێتەوە، سینەمای شیعرییە، نەك ئەو سینەمایەی کە تەنیا چیرۆك گێڕانەوەیە و هیچی دی، لە کتێبخانەکەمدا لە ماڵەوە پەرتووکی ڕۆمان و چیرۆکەکان تازە دەردەکەون، چونکە تەنیا جارێك دەیانخوێنمەوە و دەیانخەمە لایەکەوە، بەڵام پەرتووکە شیعرییەکان لە هەموو سوچێکی ماڵەکەدا دەبینرێن، چونکە دووبارە و سێبارە خوێندومنەتەوە، شیعر هەمیشە لێت ڕادەکات، ئەستەمە دەستت پێی بگات، هەر جارێکیش کە سەر لە نوێ دەیخوێنیتەوە بەگوێرەی بارودۆخەکەت تێگەیشتنێکی دیکەت بۆی دەبێت.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.