20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەیامی عەبدوڵا پەشێوی شاعیر ده‌رباره‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

من دژی توندوتیژیم. پێم ناخۆشە خشتی خانوویەکی کوردستانەکەم بڕووشێ، ئاگر لە پاتاڵێک بەربێ، پشکێک خوێن داتکێ، بەڵام سەرەسۆدرەکە دەناسم و دەزانم کێ تاوانبارە.

دەڵێن خۆپێشاندەر مۆڵەتیان وەرنەگرتووە! مۆڵەت لە کێ وەرگرن؟ لە کەسانێک، کە ئەلفوبێی حوکمداری نازانن؟ لە کەسانێک کە گوندێکیان پێ بەڕێوە ناچێ؟ لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕەبەقی حوکمی قەرەقۆشیتاندا چەندجار ڕێگەتان داوە خەڵک بێتە سەر شەقام، هیچ نەبێ تا پراوە بکا، فێری فەرهەنگی خۆپێشاندان بێ؟ چەندجار مۆڵەتتان دا دژبەرەکانتان، بە “قەپۆزیسیۆن”ەکانی خۆشتانەوە، تا پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ، دەست لەسەر برینەکان دانێن و بە زمانێکی شارستانییانە لەگەڵتان بدوێن. مەبەستم ئەو چەند جارە نییە، کە دەستەیەک بندیواری پۆشتەوپەرداختان بۆ فشەمافێک دەناردە بەردەرگەی ئەو “مەڕلەمان”ەی، بێدەسەڵاتترە لە ڕەوە چۆلەکەیەکی ناو تۆڕەکەی سەلیم قاقای هەولێری جاران!

دەستیان لە پشتە؟ دەستی کێ؟ چما ئێوە خۆتان هیچ دەستێکتان هێشتووە ماچی نەکەن؟ ئەوە چ دەستێکە کاری بەو ڕەشوڕووتە برسییانەیە؟ تورکیا؟ ئێران؟ عیراق؟ کێ؟ جا ئێوە چیتان کردووە تا ئاغاکانتان نیگەران بن و بیانەوێ تڕۆتان بکەن؟ ئێوە چیتان بەسەر چییەوە هێشتووە؟ چی ماوە ڕادەستی نەکەن؟! یەک شتم پێ بڵێن، یەک شت! نەک هەر داگیرکەران، ئەگەر هەموو دنیا دژی گەلی نەفسبڵندی کوردستان بایە نەیدەتوانی ئاوا، وەک ئێوە، هیوا و کەسایەتی و پیرۆزییەکانی ڕیشەکێش کا.

لە دنیا حوکومەت، پەرلەمان، سیستەمی دادوەری و میدیا هەن خەڵک پەنایان بۆ دەبا، داوای لابردن، دانان، یان ڕاستکردنەوەی خشتێک، یان چەند خشتێک دەکا لە تەلاری دەوڵەت و حوکمڕانی: کەمکردنەوەی سەعاتی کار، زیدەکردنی مووچە، کەمکردنەوەی باج، داشکاندنی نرخی وزە، پاراستنی ژینگە، مافی ژنان… هتد. گەلی باشوور نە ئەو تەلارەی هەیە باسی ئەم خشت و ئەو خشتی بکا، نە حوکوومەتێکی هەیە داوای تڕۆکردنی بکا، نە پەرلەمانێکی هەیە بچیتە بەر دەرگەی، نە دادگەیەکی هەیە بە هاوارییەوە بێ، نە میدیایەکی کاریگەریشی هەیە بڵندگۆیەکی بۆ دانێ. چی بکا؟ ئێوە، کە کوردستانتان کردووە بە شارێکی پڕ شەقامی تێکئاڵاوی بێ ترافیکی هاتوچۆ، هەر بابایە خۆی بەویتردا دەکێشێ. چما شتێک ماوە، تا داوای پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی بکرێ؟! ئێوە، کە دەستوپێسپین، لەسەر مووچە ناژین و تەماشای ڕۆژژمێر ناکەن و ناپرسن چەندی مانگە، قەت لەو زگە بەتاڵانەی سەر شەقام ناگەن. ئێوە، هەی ئەحمەقینە، وڵاتی نەوت و گاز و خۆر و ئاوتان لەبن دەستە، کەچی مووچەی مووچەبابیشتان پی نادرێ، کە لە سۆماڵیش ڕۆتینێکی مانگانەیە! ئەمجارەش نا، جارێکی تر ، لەسەر مووچە نا، لەسەر دەیان ساڵی تاوانەکانی شاخ و شارتان… کۆتاییتان هەر دێ. گەلی کوردستان زۆر لەوە گەورەترە وەحشی حوکمی بکەن.

عەبدوڵڵا پەشێو
١١/١٢/٢٠٢٠

هاوبەشی بکە