دیدی من – کاوان کەریم پوور
خوێندنەوەیەک بۆ پێرفۆڕمانسی “٢٣ خولەک”ی هونەرمەند “ئەحمەد نەبەز”
پێرفۆڕمانسی “23خولەک” لە یەکەم سەیرکردندا ڕەنگە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ و هەستیار بۆ مردنی پیشمەرگەیەکی کورد و هەڵوێستی ناڕەوای نەخۆشخانەیەک تێبگەین؛ جەستەیەکی خوێناوی بەرامبەر نەخۆشخانە، بێدەنگی، ڕاکشان لەسەر زەوی، و بیرخستنەوەی لەدەستدانێکی دڵتەزێن کە هێشتا نوێیە. بەڵام هەرچەند زیاتری لێ دەڕوانین، ئەم کارە بەهێواشی لە ئاستی “کردەوە/وەڵام React” دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە ناو چوارچێوەێکی ئاڵۆزتر؛ چوارچێوەیەک لە نێوان جەستە، دامەزراوە، وێنە و بیرەوەریی کۆمەڵایەتی. مەسەلە کە تەنها مردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو چۆنیەتیی گۆڕینی ئەو مردنە بۆ وێنە، بۆ شێوە ژێستێک، و بۆ شتێک کە پێویستە و دەبێت ببینرێت.
هێزی دەستپێکی ئەم کارە لە شوێنەکەیەوە(نەخۆشخانە) دێت. نەخۆشخانە لێرە تەنها پاشبنەما(Background) نییە. ئەگەر ئەم پێرفۆرمانسە لە گالێری، شەقامێکی ئاسایی یان شوێنێکی تایبەتی هونەری نمایش بکرایە، واتایەکی دیکەی دەبوو. بەڵام دانانی جەستە لە بەرامبەر نەخۆشخانەکە، شوێن، واتا نەخۆشخانە پەلکێشی ناو بەرهەمەکە دەکات. نەخۆشخانە لە باوەڕی گشتی کۆمەڵگا زۆرجار وەک شوێنێکی چارەسەر، چاودێر و ڕزگارکەر دەبینرێت؛ دامەزراوەیەک کە دەبێت بەرامبەر مردن بوەستێت. بەڵام لێرە هەمان شوێن دەبێتە شوێنێکی ترسێنەر و مرۆڤ لە خۆی ڕاو دەنێت و لە جێی ئەوەی ئامێزی ڕزگاری بۆ بکاتەوە، دەستی لێوە دەنێت و ڕەتی دەکاتەوە. هەر ئەم پارادۆکسە لە ئەخلاقە، کە بەرهەم دەباتە ئاستێکی دیکە و لە ڕووداوێکی تاکەکەسی جیای دەکاتەوە. جەستەی هونەرمەند تەنها بەرامبەر بینایەک نییە، بەڵکو بەرامبەر دامەزراوەیەک ڕاکشاوە و خوێناوی کراوە.
لێرە دەتوانین لە دەلاقەی ڕوانینی فۆکۆ (Michel Foucault) سەرنج بدەین؛ بە تایبەتی لە ڕوانگەی کتێبی “The Birth of the Clinic” کە باس لە پەیوەندی نێوان جەستە و دامەزراوە پزیشکییەکان دەکات. فۆکۆ دەری دەخات و پیشانمان دەدات کە نەخۆشخانەی مۆدێرن تەنها شوێنی چارەسەر نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیستەم و جومگەی هێز(دەسەڵات)؛ شوێنێک کە تێیدا جەستەکان بینین و هەڵسەنگاندن، پۆلێنبەندی و پلەن و بەرنامەی بەڕێوەبردنیان بۆ دەکرێت. لەم پێرفۆڕمانسەشدا نەخۆشخانە لە ناکاو بەرگێکی دیکە لەبەر دەکات، بە ڕووێکی تر دەردەکەوێت. چیدی دیار نییە تەنها شوێنی چارەسەر بێت، بەڵکو شوێنێکە کە بڕیار دەدات کێ هەڵبژێرێت، کێ لە دەرەوە بمێنێتەوە، و لە کۆتاییدا کێ دەتوانێت درێژە بە ژیان بدات. ئەم بەرهەمە قامک لەسەر هەمان خاڵ دادەنێت: کاتێک دامەزراوەی پزشکی و چارەسەر لە چارەسەری دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە جومگەێک لە هێز بۆ توندوتیژی.
بەڵام لێرەدایە کە یەکەم نامۆیی و ئاڵۆزی دەست پێ دەکات. هونەرمەند بۆ پیشاندانی توندوتیژی، دەبێت “توندوتیژی” بیخاتە ناو وێنە، یانی توندوتیژی وێنا بکات. ڕەنگی سووری ڕژاو بە جەستەدا، فۆڕمی ڕاکشان، بێجووڵەیی و بێدەنگی، و تەنانەت چۆنیەتی دانانی چوارچێوەی وێنەکان، هەموویان شتێکمان پێ دەڵێن، كە زیاترە لە ناڕەزایەتییەکی ئاسایی. کۆی ئەمانە پێکەوە وێنایەک دروست دەکەن. و ئەمە هەمان خاڵە کە بەرهەمەکە هاوکات هەردوو هێز و لاوازی وەدەر دەخات.
پرسیارەکە ئەوە نییە بۆچی بەرهەم چووەتە بازنەی جوانیناسی؛ هەر پێرفۆڕمانسێک ناچارە بچێتە ناو فۆڕمێکی هونەرەوە، بەشێکی هونەریش لە بازنەی جوانیناسیدا وەڵام دەدرێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە لە کاتێکدا ئازار/ژان دەچێتە ناو فۆڕم، چ پێشهاتێک بەسەر خودی ئازار/ژان دەهێنرێت؟ ئایا توندوتیژی ڕوونتر دەبێت یان نەرمتر و دەرفەتی سەیرکردن دەدۆزێتەوە؟ ئایا ئێمە ڕووبەڕووی خودی ئازار/ژان دەبین یان تەنها وێنا و ڕواڵەتی ئازار/ژان؟
ئەمە بیری تێڕوانینێک و بەشێک لە نووسینەکانی سوزان سۆنتاگ ( Susan Sontag)لە “Regarding the Pain of Others” (سەرنجی ئازار و ڕەنجی ئەوانی دی) دەخاتەوە. سانتاگ دەنووسێت کە لە وێنەکانی ئازار/ژان بەردەوام دوو ئەگەری هاوکات بوونی هەیە: یا دەتوانن هۆشیاریمان زۆر بکەن یان دەتوانن بێ هەستیمان تیا درووست بکەن. دووبارە بوونەوەی وێنەی ئازار و ڕەنج، هەندێک جار ئێمە لە قوربانی نزیک ناکاتەوە بەڵکو دوورمان دەکاتەوە. ئێمە لەبری ئەزموونی ئازار، دەبینە تەماشاگەری ئازار.
ئەم خاڵە لەم پێرفۆڕمانسەدا زیاتر گرنگیەکەی دەردەکەوێت، چونکە بەشێکی زۆری بینەران خۆیان ڕاستەوخۆ ئەم کارەیان نەدیوە. تەنها ئەو شتەی کە ماوەتەوە چەند وێنە و فیلمە. کە واتە کارەکە لە کۆتاییدا نەک وەک ئەزموونێکی زیندوو، بەڵکو وەک وێنە دەسووڕێتەوە و زۆربەی بەردەنگ دەیبینێت. کاتی ڕاستەقینەی پێرفۆرمانس—ئەو ٢٣ خولەکە بێدەنگیە— تا ئاستێکی زۆر نەماوە و دەتوانین بڵێین شۆردراوەتەوە. شوێنی ڕاستەقینەش بە شێوەێکی کەم کاریگەر دەبێتە پاشبنەمای وێنە.
کەواتە بەردەنگ لە بەرانبەر وێنەیەک ڕاوەستاوە نەک جەستەیەکی ڕاستی. بۆیە ڕەنگە بتوانین بڵێین ئەم کارە زیاتر لەوەی کە وەک پێرفۆڕمانسێکی سەر شەقام بمێنێتەوە و بیرەوەری بخوڵقێنێت، بووەتە هۆی دروستکردنی وێنە؛ وێنەیەک کە بۆ بیرەوەریی کۆمەڵگە دروست کراوە. و ئەمە هەمان خاڵە کە (Guy Debord) دێبۆرد لە “The Society of the Spectacle” (کۆمەڵگای شانۆ/تەماشا) لە بارەیەوە ئاگادارمان دەکاتەوە: لە کۆمەڵگەی شانۆیی / تەماشاچی، ئەزموونەکان تەنها ئەوکاتە هەست بە ڕاستی دەخولقێنن کە ببنە وێنە. وێنە شوێنی ئەزموون دەگرێتەوە. ئێمە چیدی لە دونیای واقیعدا ژیان بەسەر نابەین و لە نێو هەڵکەوتدا ئەزموون ناکەین، بەڵکوو لە نێو نوسخەێک لەودا دەژین یانی لە جیهانی کۆپی داین.
لەم مانایەدا، پێرفۆڕمانس لە دۆخێکی ناتەواو یا هەڵگری پارادۆکسێکی دەروونییە. بۆ ئەوەی هەوڵبدات توندوتیژیەکە ببینرێت، ناچارە بچێتە ناو هەمان سیستەمی وێنەیی کە هەموو شتێک دەگۆڕێت بۆ پیشاندان یا هەر ئەو چوارچێوەی کە دێبۆر پێی دەڵێت شانۆیی. تەنانەت ناڕەزایەتیش دەبێت “بینراو” بێت (ببینرێت) بۆ ئەوەی هەبێت، هەست بە وجوودی بکرێت. جەستە خوێناویەکە بەم هۆکارەیە پڕ کاریگەرە؛ لەبەر ئەوەی وێنەێکی بەهێز دەخوڵقێنێت بەڵام هەر ئەم وێنەیە، مەترسی کەرەستە سازی ژان/ ئازاریش زۆر دەکات و ئەم مەترسییە لە خۆیدا دەهێڵێتەوە بۆ بەکارهێنان و ئاساییکردنی ژان/ ئازار یا ڕەنج.
ڕەنگە بەهۆی ئەمەیە کە کارەکە لە نێوان هاوسۆزی /هاودڵی و دووری لە بەردەنگ قەتیس دەمێنێتەوە. بینەر لە لایەکەوە دەچێتە ژێر کاریگەری و سەرسام دەبێت، بەڵام لە لایەکی دیكەوە لە ئاسایشدا سەیری کارەساتێک دەکات. ئەو جەستەی ڕاستەقینەی قوربانی نابینێت؛ بەڵکو جەستەی هونەرمەند دەبینێت کە ئەو ئازارە نوێنەرایەتی دەکات بۆیە هاوسۆزیەکەی و بەرهەمەکە نابێتە ئەزموونی شڵەژانی هەستەکانی و تەنیا تەماشای ڕەنجێک دەکات کە لە پێوەندییەکی دوورەوەیە و کاریگەری لەسەری کەمە.
ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە: جەستەی هونەرمەند بە پێچەوانەی جەستەی قوربانی، جەستەیەکە لە ئارامی و ئاسایشدا. ئەو، یانی هونەرمەند خۆی هەڵیبژاردووە بچێتە ناو ڕۆڵێکەوە، هەڵیبژاردووە کە کەی کۆتایی پێ بهێنێت، و دەتوانێت دوای پێرفۆڕمانس لەسەر زەوی هەستێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی. بەڵام قوربانی ئەم دەرفەتەی نەبووە. ئەم جیاوازییە بۆ خۆی بۆشاییەکی گەورەیە، ئایا جەستەی ڕۆڵگێڕ دەتوانێت جێگەی جەستەی قوربانی بگرێتەوە؟
ئەم پرسیارە کاتێک هەستیارتر دەبێتەوە کە لە دەلاقەێکی ڕەگەزییەوە لێی بڕوانین. جەستەی پیاوی هونەرمەند جێگەی جەستەی ژنی قوربانی دەگرێتەوە. ئەم جێگۆڕکێ یە دەتوانێت وەک هاوزاتییەک/هاوشوناسییەك ببینرێت کە هەوڵ دەدات ئەو بۆشایی و کۆسپەی کە درووست بووە پڕ بکاتەوە. بەڵام هاوکات ئەو مەترسییەش دێتە پێش کە ڕەنج و ئازارێکی ژنانە لە ڕەهەندی جەستەیەکی پیاوانە دەربخرێت، بێ ئەوەی ئەم جێگۆڕکێ بچێتە ژێر پرسیار.
هەروەها دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو شتەی کە باتلێر (Judith Butler) لە “Frames of War” فرێمەکانی جەنگ دەپرژێتە سەری، باتلێر باس لەوە دەکات کە چۆن هەندێک جەستە “شایستەی شینگێڕان” دەبن و هەندێک جەستە ئەو شایستەییەیان پێ نادرێت. کۆمەڵگە بڕیار دەدات کێ مردنی دەبێ ببینرێت و کێ مردنی لە بێدەنگیدا دەمێنێتەوە. ئەم خاڵە بۆ ئەم بەرهەمە جێی سەرنجە، چون ئەم پێرفۆڕمانسە تەنیا لە سەر مردنێک نییە، لەسەر دەرکەوتنی مردنێکی تایبەتیش دەدوێت.
لێرەدایە کە مەسەلەی “بیری بەکۆمەڵ/ Collective Memory) خۆی دەردەخات. پێشتریش مەرگی پڕ کارەساتی وامان دیبوو بەڵام بەم ئاستە سەرنجی کۆمەڵگای ڕانەکێشابوو؟ بۆچی هەندێ مەرگ وەک هێمایان لێ دێت و هەندێكیش نا؟ بۆچی جەستەی وایە دەبێتە چەقی شینگێڕانی کۆمەڵگا بەڵام هین واشە لەوپەڕی بێدەنگیدا گوم دەبێت؟ لە کاتێکدا چارەنووسێکی هاوشێوەیان هەیە؟
لێرەدا پێرفۆڕمانسەکە ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە، بەڵام بێ ئەوەی بیهەوێت دەیورووژێنێت. بەرهەم دەبێتە بەشێک لەو ئابووری ترێندە کە لەوێدا، هەندێك وێنە هێزێکی زۆرتریان پێ دەبەخشرێت بۆ مانەوە و پڕبینەر بوون. ئەگەری هەیە هەر ئەمە ببێتە ئەو هۆکارەی کە وێنە و فیلمەکانی ئەم بەرهەمە زۆرتر لە خودی بەرهەمەکە لە بیرەوەرییەکاندا دەمێننەوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم ئاڵۆزییەدا، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە گرنگیی ئەم کارە لە هەمان ناسەقامی/ناپایەداریدا سەرچاوە دەگرێت و گرنگی پەیا دەکات. ئەگەر ئەم پێرفۆڕمانسە تەنها ڕاگەیاندنێکی ڕاستەوخۆی سیاسی بووایە، ئەگەری زۆری بوو وەک کەرەستەیەک زوو بەکاربهێنرێت و لەبیر بچێتەوە. ئەوەی کارەکە ئاڵۆز دەکات، هەر ئەو لە نێوەند مانەوەیە، کە لەنێوان دەرخستن و دووبارە دروستکردنەوەی وێنەدا/تەسویردا خۆی قەتیس کردووە یا بڵین هەڵواسراوە. ئەم کارە نە تەواو سەرکەوتووە و نە تەواو شکستی هێناوە؛ نە تەواو ڕادیکاڵە و نە تەواو لە ناو لۆجیکی نمایشدا تواوەتەوە. بەڵکو لە سنوورێکی ناسەقام/ناپایدارەدا دەجووڵێت و لە هاتوچۆدایە.
لێرەدا بابەتی بینەریش گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بەڕاستی بینەری ئەم کارە کێیە؟ کۆمەڵگای کورد؟ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟ یان خۆدی دامەزراوەی نەخۆشخانە؟ لەوانەیە وەڵامێکی ڕوونمان نەبێت، بەڵام خۆی ئەم ناڕوونییە گرنگە. چونکە کارەکە لە هەمان کاتدا لە چەند توێدا خۆی دەردەخات: هەم ناڕەزاییەکی ناوخۆییە/لۆکاڵ، هەم وێنەیەکی ترێند لە فەزای دیجیتاڵدا، و هاوکات هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی ونبوون و بۆشاییەک لە بیری کۆمەڵایەتیدا.
لەوانەیە بتوانرێت بگوترێت گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم پێرفۆڕمانسە ئەوەیە کە ناهێڵێت مردن تەواو لە فەرامۆشیدا بێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم مەترسییەشی هەیە کە مردن زیاتر لە پێویست بباتە نزیکی وێنەکردن. ئەمە هەمان ئەو پارادۆکسەیە کە زۆرێک لە هونەرە ناڕەزایەتییە هاوچەرخەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە:
چۆن دەتوانرێت توندوتیژی پیشان بدرێت، بەبێ ئەوەی ببێتە تەنها وێنەیەکی بەکارهێنراو (کەرەستەیەک بۆ بەکارهێنان)؟
لە کۆتاییدا، گرنگی ئەم کارە لەو وەڵامانەیدا نییە کە دەیداتەوە، بەڵکو لەو پرسیارانەدایە کە دەیورووژێنێت. ئەم کارە ئێمە ناچار دەکات دووبارە بیر لە پەیوەندی نێوان جەستە و هێز/دەسەڵات بکەینەوە؛ لە بارەی ئەوەی چۆن دامەزراوەکان بڕیار دەدەن کێ زیندوو بمێنێت؛ و لەوەی چۆن وێنەکان بیری بەکۆمەڵ دروست دەکەن، دەربارەی ئەوەی کە ئایا تەماشاکردنی ئازار/ڕەنج/ژان ئێمە هاو شوناس و نزیک دەکاتەوە لەو شتە یا تەنیا دەمانکات بە بەردەنگ و بینەرێکی باش.
—————————————
سەرچاوەکان و ئاماژەکان:
“Michel Foucault” — The Birth of the Clinic
“Susan Sontag” — Regarding the Pain of Others
“Guy Debord” — The Society of the Spectacle
“Judith Butler” — Frames of War
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.