دیدی من – حەمەد تاهیر
وەک موعجیزەیەک سەیری ژیان بکە
لەبارەی ڕۆژی لەدایک بوونمەوە هیچ شتێک نازانم
دایکم ئەڵێت دارسێوێک لەحەوشەکەمانا بوو
تۆ خۆشت دەویست.
باوکم بەقاڵ بوو، لەسەر مێزێک میوەی دەفرۆشت.
لەو سەری کۆڵانەکەمان کچێکی جوانی لێ بوو ناوی کەوسەر بوو
من لەم سەری کۆڵانەکەوە شەوانە خەونم پێوەدەبینی.
تەمەنم سیانزە ساڵ بوو بۆ یەکەم جار دڵم شکا!
بە چواردەساڵی پاسکیلێکیان بۆ کڕیم
یەک ساڵ بەدڵی شکاوەوە لێم خوڕی!هێندەی نەبرد باوکم عارەبانەیەکی شینی کڕی
ئەو ڕۆژە من یەکەم جگەرەم کێشا
دواتر ژیانم وەک کراسێکی کۆن دڕاو
سێ جار لەسێ شوێنی جیاواز بیرم لە خۆکوشتن کردەوە.
پاشان بۆ هاوڕێکانم کە سەفەری دووریان کردبوو گریاملە حەڤدەساڵی کچێکی دیکەم ناسی
تابلۆیەک بوو ڤانکوخ کێشابووی
ڕۆژێک لەسەر دەستم ناوی خۆی نووسی
ڕۆژێک لەسەر دەستی ناوی خۆم نووسی
بیری دەستی دەکەم کە ئێستا نازانم لەکوێیە!هێندەی بیرم بێت دووجار باوکم بینیوە بگری
یەکەم جار نازانم بۆچی بوو
دووەم جار عارەبانە شینەکەیمان لێ شاردەوە!کاتێک تەمەنم بوو بەبیست ساڵ بە ماشێنێک
کە نەمتوانی کەوسەر و کۆڵانەکە و مناڵی لێ باربکەم
ماڵمان گواستەوە بۆ شارێکی دیکە.
ماوەیەک لەپارک خەوتم!
دواتر هاوڕێی تازەم ناسی.
پیاسەم کرد، هەنگاوەکانم کۆڵانی تازەیان دۆزییەوە و
من بیری هەموو ئەو شتانەم دەکرد کە جێم هێشتبوونبیست و سێ ساڵم تێپەڕاند
عارەبانە شینەکەمان دایەوە بە باوکم
منیش بۆ یەکەمین جار کچێکم ماچ کرد!
بەخاتری ئەوەی ڕێزی خۆم بنوێنم
هیچ شتێک لەبارەی یەکەم ماچەوە ناڵێم.بیرم نایەت کەی بۆ یەکەم جار لەشەو ترسام
بیرم نایەت کەی بوو یەکەم جار شیعرم خوێندەوە
بیرم نایەت چۆن فێربووم تاریکی لە دڵمدا هەڵبگرم
بیرم نایەت کەی بوو زانیم ژیانم خۆش ناوێتئێستا تەمەنم سی ساڵ و کۆمەڵێک ڕۆژە
باوکم خەریکە سێو دەفرۆشێت
هاوڕێیەکی جوانم دۆزیوەتەوە پێمدەڵێت
وەک موعجیزەیەک سەیری ژیانبکە
منیش دڵم بۆ سڵاوێک لێدەدات بیرم بخاتەوە
من هێشتا زیندووم!
“ڕەنگە کەمێکیتر بگریت”
ئەگەر بەدیار ئینجانەی بەردەم پەنجەرەکەوە
دەتوانیت بۆ ماوەیەکی درێژ بوەستیت
ئەگەر جوڵەی لقی درەختێک دەتترسێنێت
ئەگەر ڕێکردنی ڕێبوارێک لە کۆڵانێکدا نیگات دەدزێت
ئەگەر تاریکی وەک دۆستی نزیکی خۆت دەناسی
ئەگەر دەنگێک کە ئاوڕ دەدەیتەوە دەنگ نییە، بانگت دەکات
ئەگەر یادەوەری بەردەوام هێرشت بۆ دێنێت
ئەوا بزانە تۆ بەتەنیایت
تۆ غەمگینیت
ڕەنگە تۆ کەمێکیتر بگریت!
“مانگ و کەشتی و دەریا”
ڕۆژێک لە ڕۆژان کەشتی بووم
بەسەر پشتی دەریاکاندا دەڕۆیشتم
زەویە دوورەکانم دەناسی
نەهەنگەکان نهێنیەکانی خۆیان بۆ دەگێڕامەوە
نەخشەی جیهانم بەسنگمدا هەڵواسیبوو
هەموو ئێوارەیەک نەورەسەکان میوانم بوونڕۆژێک تۆم ناسی
وەک موسافیرێکی دڵتەنگ تەماشای دەریات دەکرد
ڕوخسارت لە دەستەکاندا هەڵگرتبوو
دەگریایت، شەرابت دەخواردەوە
دووجار لەسەر پشتی من کەوتیتلەو شەوەدا کە مانگ لە دەسبەنێکی سپی دەچوو
خۆت فڕێدایە دەریاکەوەئەی موسافیری غەمگین
دەتویست لەچی هەڵبێیت؟
بۆچی خۆت فڕێدایە دەریاوە؟من کەشتی دەریا دوورەکانم، هەموو خنکاوەکان دەناسم
تۆ بەرلەوەی خۆت فڕێبەیت، خنکابوویت
لە چاوەکانتدا دەمبینی
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.