22/03/2024
DidiMn Logo
Top

پڕۆژە پراکتیکییەکانی بونیادنانی خۆبەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژاڤا لە باشوور

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – لاوک ئەبوبەکر

دوای ١١ ساڵ لە تێکۆشان بۆ دروستکردنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری سووریا) و زنجیرەیەکی دوورودرێژ لە شەڕ و جەنگ و کەوتنەوەی چەندین وێرانکاری و کوژرانی هەزاران کەس، ئەو گەڵاڵەنامە سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتی – کارگێڕییەی بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان بە درێژایی ئەو ماوەیە بانگەشەیان بۆ دەکرد و بەسەر خەڵکدا دابەشیان دەکرد، ئێستا لە باشووری کوردستان بە سێ زمانی جیاواز بڵاو دەکرێتەوە.

”پڕۆژە پراکتیکییەکانی بونیادنانی خۆبەڕێوەبەرایەتی” ناونیشانی کتێبەکەیە، مەزڵووم عەبدی و پۆلات جان، فەرماندەکانی یەپەگە (یەکینەکانی پاراستنی گەل) لە ڕۆژئاوای کوردستان، نووسیویانە. سەرەتا ئەمە تەنها گەڵاڵەنامەیەک بووە و بە عەرەبی بووە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا پێشنیار کراوە بۆ زمانەکانی کوردی (سۆرانی و کورمانجی)، فارسی و عەرەبی وەربگێڕێت و لە شێوەی کتێبدا بڵاو بکرێتەوە.

ناوەندی غەزەلنووس ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیان لە ئەستۆ گرتووە. ڕەوەز حەمەساڵح، خاوەنی ناوەندەکە، سەبارەت بە بیرۆکەی لەچاپدانی ئەم پڕۆژەیە دەڵێت: ”ئەزموونێک هەیە وا نزیکەی ١١ ساڵە لە دروستبوون و درێژەپێدان و بەردەوامیدایە. ئەزموونەکە پڕۆژەیەکی درێژخایەنە بۆ مرۆڤ بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی. لەمە گرنگتر، کورد بەشێکی گرنگی دروستبوونی ئەم پڕۆژەیەیە و ئەو بووەتە چەتری کۆکردنەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی ناوچەکە. هەر بۆیە لە درێژەی ئەو هاوپشتییانەی هەمیشە بۆ ئەو هەڤاڵانەمانمان پیشان داون، لەسەر پێشنیاری مەنسوور تەیفوری دەستمان کرد بە وەرگێڕانی پڕۆژەکە بۆ ئەو زمانە جیاوازانە و بە خۆشحاڵییەوە وا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.”

ڕەوەز حەمەساڵح

ئەکبەر حەسەن وەرگێڕی کوردیی سۆرانیی پڕۆژەکەیە، ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە هەستێکی پێناسەنەکراو و بە ڕادەیەک خۆشی هەبووە لە وەرگێڕانی ئەم پڕۆژەیەدا، هەندێک جار بۆ وەرگێڕانی ڕستەیەک تا تەواو وەک خۆی جوان و ورد بگات، کاتێکی زۆری ویستووە. هەروەها سەبارەت بە ئاسانی یان گرانیی وەرگێڕانەکە دەڵێت: ”ئەم پڕۆژەیە بۆ مرۆڤ نووسراوە و بە تایبەتتر بۆ چەند نەتەوە و ئیتنیکێکە کە سەدان ساڵە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت – نەتەوەی عەرەبیدا دەچەوسێنرێنەوە و زمان و کولتووری خۆیانیان لێ سەنراوەتەوە. بۆیە نووسەران بە وردی ئەم خاڵەیان لە بەرچاو گرتووە و بە جۆرێک گەڵاڵەنامەکەیان نووسیوەتەوە، کە بۆ هەموان بێت و خەڵک بە تەواوەتی لێی تێبگەن. منیش لە کاتی وەرگێڕاندا هەستم بەو ئاسوودەییە دەکرد و وەک ئەوە وا بوو بۆ ناوچەکەی منیش نووسرابێت.”

سەبارەت بەوەی کە پرسە سیاسی و ئابووری و کارگێڕییەکان تا ڕادەیەکی زۆر پرسگەلێکی فیکری و فەلسەفین و نووسەران چۆن توانیویانە هاوسەنگی لە نێوان سادەیی خەڵک و قووڵیی ئەو پرسانە ڕابگرن، ئەکبەر وتی: ”بێگومان ڕاستە، ئەو پرسانە قووڵن و پێویستیان بە چەمکسازیی زۆر هەیە. بەڵام ئەوەمان بیر نەچێت ئەو هەڤاڵانە بە درێژایی مێژووی کارکردنیان، واقیعی کاریان کردووە و هەمیشە پراگماتیک بوون، نەیانهێشتووە لە هیچ سەردەمێکیاندا گوتاریان بە جۆرێک بێت خەڵک لێیان تێنەگات، چونکە کار و خەباتی ئەوان بۆ خودی خەڵکە و کەسی تر نا. هەر بۆیە بەڵێ هاوسەنگییەکی تەواویان ڕاگرتووە و بگرە نووسینەکە زۆر کەم چەمکسازیی تێدایە و دەتوانین بڵێین بە ڕاستەوخۆ هیچ پرسێکی فەلسەفیی تێدا نییە، بەڵام لە ناواخندا پڕە لە دەلالاتی فیکری کە چەندین ساڵی تر بەرهەمەکەی دەبینین.”

ئەکبەر حەسەن

سەبارەت بە میکانیزمی بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، ڕەوەز حەمەساڵح ئەوەی نەشاردەوە کە ”ئەمە یەکەم جارە کتێبێکی لەو جۆرە و بەو قەبارەیە لە باشوور چاپ و بڵاو ببێتەوە”، ڕاستە لە پێشتردا بەرهەمی پارچەکانی تری کوردستان هاتوونەتە باشوور و بە شێوازی جیاواز دراونەتە وەرگر، بەڵام بە ڕای ئەو ”ئەم جارە جیاوازە، لەبەر ئەوەی کاریگەریی بەرهەمەکەیش لەوانی پێش خۆی جیاوازە و ئێمە پلانمان ئەوەیە هەم لە خودی ڕۆژئاوا و دواتر بۆ ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانیشی بنێرین و هەوڵ بدەین گفتوگۆی جیدیی لەسەر دروست بکەین و ئاسایی تێنەپەڕێت”.

هەردوو نووسەران و فەرماندە کاریگەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش، مەزڵووم عەبدی و پۆلات جان، خۆشحاڵیی خۆیان لە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەیان بە کوردی (سۆرانی و کورمانجی) و فارسی و ئینگلیزی نەشاردووەتەوە و بە تایبەت وتوویانە: ”ئەمە کارێکی مەزنە و جێی ڕێزە. لە کاتێکدا هەموان پشت لە پڕۆژەیەکی لەو جۆرە دەکەن، ئێجگار گرنگە چەند کەسێکی ڕۆشنبیر و دەزگایەکی بێلایەن لە باشوورەوە دێن و هەڵی دەگرنەوە و دەیدەنە هەموو ئەو نەتەوانەی بەرهەمەکەیان بۆ نووسراوە.”

شایەنی باسە لەیلا عیسا وەرگێڕی ئینگلیزی، محەمەد ڕەشید وەرگێڕی کرمانجی و عەدنان حەسەنپوور وەرگێڕی فارسیی پڕۆژەکەن.

ئێستا ”پڕۆژە پراکتیکییەکانی بونیادنانی خۆبەڕێوەبەرایەتی” لە چاپخانە هاتووەتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا لە باشوور، ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بە مەراسیمی جیا جیا بڵاو دەکرێتەوە. هەر وەک ڕەوەز حەمەساڵحیش ئاماژەی پێ دا، ”ئەمە دواین هاوپشتی و کاری پێکەوەیی پارچەکانی کوردستان نابێت”.

هاوبەشی بکە