24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پرسی بوون و ماھییەت لای سارتەر بە تایبەتی و قوتابخانەی بوونگەرایی بە گشتی

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

ئامادەکردنی :ئەحمەد مەعروف

پرسی بوون ھەر لە سەدەکانی پێش زاینییەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پرسێکی ئاڵۆز بووە ھەم لای فەیلەسوفان و پیاوانی ئاین و زاناکانیش کە تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ھەردەم لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە. بۆ نموونە لای فەیلەسەفانی یۆنانی کۆن بوون کردەی بوونێکی باڵاترە کە ئەوان زیاتر ئەم رێگە بیرکردنەوەیان لە ئەفسانەکانەوە وەرگرتووە. لە لایەکی ترەوە ئاینە جیاوازەکانی وەک ئاینە ھیندۆسیەکان و مەسیح و ئیسلام سەرچاوەی بوون دەگەڕێننەوە بۆ بوونێکی باڵاتر و بە دەسەڵات ڕەھا و بێخەوش، ھەموو کار و کردەوە و ڕووداوەکانیش پەیوەستن بەو بوونە باڵایەوە. لەسەردەمی ئەمڕۆشماندا زانست وەڵامێکی سەلمێنراو بە ئایدیای ھەیە بۆ پرسی بوون کە ھەر وەک پێناسەی فەلسەفە و ئاین خاڵی نییە لە دژیەکی و گومان. ئەوەی لێرەدا باسکرا وێنەیەکی گشتی بوو لەسەر پرسی بوون لای بزاوتە جیاوازەکان، بەڵام ئەی بوون لای بوونگەرایی چییە؟ ئەی بوونگەرایی خۆی چییە؟

فەلسەفەی بوونگەرایی(ئیگزیستنسیالیزم) فکرێکی نوێی فەلسەفی سەدەی بیستەمە کە کاریگەریەکی مەزنی لەسەر کولتوور و فەرھەنگ و ژیانی تاکی خۆرھەڵاتی بە تایبەت ھەبوو دواتریش کاریگەریەکانی لەسەر جیھان بە گشتی دەرکەوتن. ئەم بزاڤە دواتر قوتابخانەی تایبەت بەخۆی دادەمەزرێت و  ھەر یەک لە فەیلەسەوفانی وەک سورین کیرکەگارد و نیچە و ژان پاوڵ سارتەر و ھایدگەر و چەنەھای تریش دەگرێتەخۆ. کرۆکی فەلسەفەی بوونگەرایی گەڕانەوەیە بۆ بوونی تاک وەک سەنتەر لە ناو ژیاندا واتا خاڵی سەرەکی بابەتی فەلسەفەکە بوونی ئینسانی و ھەموو ئەو حاڵەت و بابەتانەیە کە پەیوەستە بە تاکەوە لەگەڵیشیدا پەیوەستە بە ئازادی و ھەڵبژاردنەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ھێزێکی ڕەھا و سەرووسرووشتی. بزاڤی بوونگەرایی مانیفێستکردنی ئازادی تاکە گرینگیدانە بە فەردیەت و گەڕانەوە بۆ پرسیارە وجوودیەکان تاکو تاک دوور بێت لە ڕامکردن لەلایەن بزاوتە جیاجیاکانەوە، وە دژی بەمێگەلکردن و لە قاڵبدانی تاک لەناوی بازنەیەکی بیرکردنەوەی تەسکدا ھاتە ئاراوە. چونکە بۆ بوونگەراکان ھەموو فەردێک خواست و خولیا و دنیای تایبەت بەخۆی ھەیە. بە واتایەکی تر تاک لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە خۆی پێناسەی ژیانی دەکات و مانای ژیان دەدۆزێتەوە لە ڕێگەی بەیانکردنی ئەو ئازادیەی ھەیەتی و لەڕێی ھەڵبژاردنەکانیەوە. بوونگەرایی جەخت لە ھەبوونی ھەر مانایەکی گشتگیر دەکاتەوە بۆ مرۆڤ کە پێشتر و یاخود پێشوەختە بۆی دیاری کرابێت، چونکە لەم ڕوانگەیەوە کە ژیان ھەرچەن بێمانا و پووچە بەڵام تاک بە گەڕانەوە بۆ بوونی خۆی و تێگەشتن لە بوونی خۆی پرسیارکردن لە بارەی چ شتێک واتا بە ژیانمان دەبەخشێت؟ ژیانی مرۆڤ ئامانجێکی تایبەتی هەیە؟ مرۆڤ پێویستە لەپێناو ئەو ئامانجەدا بجەنگێت؟ مرۆڤ بە چ مەبەستێک لەم جیهانە پووچەدا دەژیت؟ تێدەگات و واتای تایبەت بەخۆی دەبەخشێت بەو ژیانەی دەیەوێت بژیت. بەم شێوەیە مرۆڤ بە تەواوی مانا ئازادە و ئازادیشی وەک بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ بۆ ھەڵبژاردنی ئەو بڕیارەی دەیخوازێت، چونکە بە بڕوای بوونگەرایی ئەم شێوازە بیرکردنەوە و ژیانە تاکە ڕێگایە بۆ بازدان بەسەر بێمانایی و پووچی ژیان، واتا بوونگەرایی مانیفێستکردنی ئەوپەڕی بوونی ئینسانە بۆ مانادان بە ژیان لەڕێی ھەڵبژاردن و ئازادییەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی قوتابخانەی بوونگەرایی گرنگیدانە بە پرسی بوون و ماھیەت کە مشتومڕێکی مێژوویی لەسەرە ھەر لە فەلسەفەی یۆنانیەوە ھەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، باسەکەش لێرەدا وەک لە ناونیشانەکەوە دەردەکەوێت گرینگیدانە بەم پرسە لە فەلسەفەی بوونگەرایی و بە تایبەت لای ژان پاوڵ سارتەر. لە سەرەتادا لای فەیلەسەوفانی وەک ئەفلاتون و ئەرستۆ و ئایینە ئاسمانییەکان بڕوایان وایە کە ماھییەتی مرۆڤ پێش بوونی دەکەوێت، بە واتایەکی تر مرۆڤ پێش ئەوەی بوونی وەک گۆشت و خوێن و جەستەیەکی فیزیکی لە دنیادا ھەبێت چارەنووسی بۆ دیاری کراوەو ئەرکی ئەم تەنھا گەڕانە بەشوێن ئەم چارەنووسەی کە پێشوەختە بۆی نووسراوە. سادەتر بڵێین بۆ نموونە من پێش ئەوەی لە دایک ببم بۆم نووسراوە دەبم بە دکتۆر لە ژیانمدا ئەرک و بەرپرسیارێتی و چارەنووسم بەو بڕیارە پێشوەختەوە پەیوەستە کە بۆم دیاری کراوە. بەڵام فەیلەسوفێکی بوونگەرای وەک ژان پاوڵ سارتەر نکوڵی لە ڕاستی ئەم بیرکردنەوەیە دەکات و پیوایە مرۆڤ پێش ئەوەی ماھیەتی ھەبێت بوونی ھەیە واتا ماھییەتی مرۆڤ دوای بوونی دێت ھەروەک دەڵێت “مەبەستمان لەوەیە کە لە پێشدا مرۆڤ و بەر لە ھەرشتێک مرۆڤ ھەیە و ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە و دێتە ناو جیھانەوە، پاشان خۆی دەناسێت. مرۆڤ کە پێناسە ناکرێت ھۆیەکەی ئەوەیە کە ئەو لەسەرەتادا ھیچ نییە. ئەو ناتوانێت شتێک بێت، مەگەر دوایی ببێت، ئەوساش بەو شێوەیە دەبێت کە خۆی خودی خۆی دروست دەکات”. بە واتایەکی تر مرۆڤ سەرەتا بوونی ھەیە لە دایک دەبێت بێھیچ نووسراوێکی پێشوەختە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی. دوای لە دایک بوون و ئاشنا بوون بە ژیان و  ئەو ژینگە و باروودۆخەی تیای ئەژی چارەنووس و داھاتووی دەگۆڕێت. ماھیەتی ھەر مرۆڤێکیش پەیوەستە بە بڕی ئەو ئازادیەی ھەیەتی بۆ ھەڵبژاردن. سارتەر پێی وایە ئەوانەی نایانەوێ باوەڕ بەمە بێنن کەسانێکن دەترسن لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بوونی خۆیان و خۆیان لەم ئازادی و ھەڵبژاردنە دەدزنەوە و خۆیان خەریک کردووە بەو یاسا و ڕێسایانەی بۆیان ئامادەکراوە بۆیە بێئاگان لە بوونی خۆیان وەک مرۆڤ. ئەگەر بەتەواوی مانا وەک مرۆڤ ژیان بکەیت دەبێت بوێری بکەیت ئازاد بیت و ھەڵبژاردن بکەیت و لەگەڵ دەرئەنجامی ئەو بڕیارەی کە پەیوەستە بە ئازادی و ھەڵبژاردنەوە ژیان بگوزەرێنیت.

سەرچاوە:

https://www.philosophybasics.com/branch_existentialism.html
https://www.britannica.com/topic/existentialism/Historical-survey-of-existentialism

کتێبی (فەلسەفەی بوونگەرایی) جۆن ماکوار

 وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

هاوبەشی بکە

sartar,