22/03/2024
DidiMn Logo
Top

پوختەی کتێبی ئەنتیگۆنە

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

ئامادەکردنی: عبدالسلام اسماعیل صادق

ئەنتیگۆنە یەکێکە لە شاکارە مەزنەکانی مێژووی ئەدەب، لە لایەن گەورە نووسەری یۆنانی (سۆفۆکلیس)ەوە لە (٤٤١)پ.ز نووسراوە، لە لایەن (یان ستۆڵپە و لاش_ هۆکان سڤێنسۆن) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی سوێدی، دواتر بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕانی بۆ کراوە لە لایەن (خەبات عارف)، چاپی یەکەمی  لە ساڵی ٢٠١٧ دا بڵاو کرایەوە لە گۆڤاری کەلێن. سۆفۆکلیس شانۆنامەنووس بووە و (١٢٣) بەرهەمی شانۆیی نووسیوە، بە نزیکەیی (١١٠) بەرهەمی تەنیا ناونیشانەکەی ماوە و دەقەکانی فەوتاون، ئەو بەرهەمانەی کە نەفەوتاون و بە تەواوی ماون، حەوت بەرهەمن بە ناوەکانی (ئۆدیپی پاشا، ئەنتیگۆنە، ئەلکترا، ئەیاس، ئافرەتانی ترافیس، ئۆدیپ لە کۆلۆنوس، پەنجەکان).

کارەکتەرانی ئەو بەرهەمە تراژیدییە:

(ئەنتیگۆنە، ئیسمێنە، کۆرسی بەیتبێژانی پیرانی تێبە، کریۆن، پاسەوان، هایمۆن، تێیرێسیاس، پەیک، ئێوریودیکە).

ئیۆکاستە ژنی (لایۆس)ە، ئەو دووانە منداڵییان نابێت، ناچار دەبن بچن بۆ لای غەیبگۆیەک، سەرەنجام دەڕۆن بۆ لای (ئوراکل)ی غەیبگۆ، پێی دەڵێن ئێمە منداڵمان نابێت، (ئوراکل)یش وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت: ئەگەر لایۆس کوڕێکی ببێت، ئەوا ئەو کوڕە (لایۆس)ی باوکی دەکوژێت و لەگەڵ (ئیۆکاستە)ی دایکی هاوسەرگیری دەکەن و منداڵ دەخەنەوە. لایۆس بەم باسە زۆر دەترسێت و خۆی بە دوور دەگرێت لە منداڵ دروستکردن، بەڵام جارێکیان لایۆس مەست دەبێت و ئاگای لە خۆی نابێت و ئیۆکاستە سکپڕ دەکات، دواتر منداڵێکی کوڕییان دەبێت هەر وەکوو پێشبینی غەیبگۆکە، بۆیە بڕیار دەدەن ئەو منداڵە بکوژن، ئەو کارەش بە شوانێک دەسپێرن و داوای لێ دەکەن دوای کوشتنی، لاشەکەی بخاتە بەردەم گیانلەبەرە دڕندەکانی چیای (کیتهایرۆن)، شوانەکە سەرەتا ویستی ئەو کارە ئەنجام بدات بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە لەو کارە و منداڵەکە دەدات بە شوانێکی خەڵکی (کۆرینت) و ئەویش منداڵەکە دەدات بە شا و شاژنێکی بێ منداڵ، ئەو منداڵەش ناوی (ئۆیدیپوس)ە.

ئۆیدیپوس هەر لەوێ گەورە دەبێت، دواتر دەزانێت ئەوانە دایک و باوکی ڕاستەقینەی ئەو نین، بۆیە دەچێتە لای (ئوراکل)ی غەیبگۆ، ئوراکل تەنیا پێی دەڵێت تۆ باوکت دەکوژیت و لەگەڵ دایکت هاوسەرگیری دەکەیت و منداڵ دەخەیتەوە، ئۆیدیپوس لەبەر ئەو قسانە ئەو شوێنە جێ دەهێڵێت و هەڵدێت. ڕۆژگار تێپەڕ دەبێت و (ئۆیدیپوس) لەگەڵ ڕێبوارێک لێی دەبێت بە دەمەقاڵێ لە دووڕێیانێک لەسەر ڕێ چۆڵ کردن، سەرەنجام دەبێت بە شەڕ و ئۆیدیپوس ڕێبوارەکە دەکوژێت (کە باوکی خۆیەتی) بەڵام ئەو نازانێت باوکی خۆی کوشتووە.

 ئینجا ئۆیدیپوس دەچێت بۆ (تێبە) و لەوێ  کەسێک دەبینێت ناوی (سفینیکس)ە، ئەو کەسە خەڵک دەکوژێت بە هۆی ئەوەی ناتوانن مەتەڵێک هەڵبهێنن، (ئۆیدیپوس)یش توانی ئەو مەتەڵە هەڵبهێنێت ئەو کەسە بکوژێت، ئینجا هەر لە (تێبە) نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە پاشا و (ئیۆکاستە)ی بێوەژن مارە دەکات کە (نازانێت دایکی خۆیەتی)و چوار منداڵیشییان دەبێت دوو کوڕ و دوو کچ بە ناوەکانی (ئێیۆکلێس و پۆلیونێیکێس و ئەنتیگۆنە و ئیسمێنە). بە تێپەڕبوونی کات نەخۆشی لا ڕەشە لە تێبە بڵاو دەبێتەوە و خەڵکیش نازانن هۆکارەکەی چییە، ئیتر بەدوای هۆکارەکەی دەگەڕێن، لەو کاتەدا غەیبگۆکە پەیدا دەبێت و دەڵێت تا تۆڵەی کوژرانی (لایۆس) نەکرێتەوە ئەو نەفرەتییە لەسەر تێبە لاناچێت، ئینجا دوای گەڕانێکی زۆر سەرەنجام (ئۆیدیپوس) دەزانێت خۆی بکوژی باوکییەتی و نا خود ئاگا دایکی خۆیشی مارە کردووە، بۆیە هەردووک چاوی خۆی دەردەهێنێت و دایکیشی (ئیۆکاستە) بەرگەی ئەو شتە ناگرێت و خۆی دەکوژێت.

 دواتر (ئێتیۆکلێس و پۆلیونێیکێس) سووکایەتی بە باوکە کوێرەکەیان (ئۆیدیپوس) دەکەن، ئەویش نەفرەتییان لێ دەکات، بەهۆی نەفرەتەکەوە لێیان دەبێت بە کێشە لەبەر تەختی پاشایەتی، بۆیە بڕیار دەدەن هەر ساڵێ یەکێکیان ببێتە پاشا، (ئێتیۆکلێس) ساڵی یەکەم دەبێتە پاشا، کە وادەکەی تەواو دەبێت واز لە پاشایەتی ناهێنێت و (پۆلیونێیکێس) لە تێبە دەکاتە دەرەوە، ئەویش دەچێتە ئارگۆس بۆ لای پاشا (ئەدریاستۆس)، پاش ماوەیەک کچەکەی ئەو دەهێنێت کە ناوی (ئارگێیا)یە، بە واستەی ئەوەوە ئەدریاستۆس ڕازی دەکات بەوەی هێرش بکەنە سەر تێبە، سەرەنجام هێرش دەکەن و لە شەڕەکەدا هەردوو براکە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و یەکتر دەکوژن. دوای جەنگەکە، خاڵیان (کریۆن) بڕیار دەدات لاشەی (ئێتیۆکلێس) بە ڕێزەوە بنێژرێت و لاشەی (پۆلیۆنێیکێس) نەنێژرێت و ببێتە خۆراکی باڵندەکان، بە هۆی ئەوەی خیانەتی لە وڵات کردووە.

ئەنتیگۆنە بەو بڕیارەی خاڵی دەزانێت و خۆی بۆ ناگیرێت لەگەڵ خوشکی (ئیسمێنە) قسە دەکات سەبارەت بەو بڕیارە، داوای لێ دەکات کە لەگەڵی بێت بۆ ناشتنی تەرمی براکەیان، بەڵام ئیسمێنە ڕازی نابێت، بۆیە ناچار خۆی بە تەنیا ڕۆیشت بۆ ناشتنی و لە کاتی خۆڵ بەسەردا کردنی لاشەکە، لە لایەن پاسەوانەکان دەستگیر کرا و خرایە بەردەم (کریۆن)ی خاڵی. دوای دان پێ دانان، (کریۆن) بڕیار دەدات (ئەنتیگۆنە) لە ئەشکەوتێک بە زیندوویی بشاردرێتەوە، دواتر کوڕەکەی کریۆن ناوی (هایمۆن)ە و مێردی (ئەنتیگۆنە)یە، کە بەمە دەزانێت دەچێتە لای باوکی و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و لەگەڵی بە کێشە دێت بەڵام هیچ سوودی نییە، بەڵام زۆری پێ ناچێت کەسێک بە ناوی (تێیرێسیاس) دێت و ئامۆژگاری (کریۆن) دەکات و پاشگەزتی دەکاتەوە لەو بڕیارە و، دواتر دەڕۆن بۆ لای لاشەی (پۆلیۆنێیکێس)و لاشەکەی دەسووتێنن و خۆڵی بەسەردا دەکەن، دوای ئەوە ڕۆیشتن بۆ لای ئەو ئەشکەوتەی کە (ئەنتیگۆنە)ی تێدا شاردرابووەوە، بەڵام تازە کات درەنگ بووە، چونکە دەڕۆن و دەبینن (ئەنتیگۆنە) خۆی بە پەتێک هەڵواسیوە و خۆی کوشتووە، (هایمۆن)یش لەوێیە و هاوار دەکات و دەگریت، هایمۆن دوای بینینی باوکی شمشێرەکەی دەردەهێنێت و هەوڵ دەدات بیکوژێت بەڵام دواتر شمشێرەکەی کرد بە لا کەمەری خۆی و بەو حاڵەوە خۆی خزاندە باوەشە سارد و سڕەکەی (ئەنتیگۆنە) و دوایین هەناسەکانی ژیانی دا و مرد. کریۆن کە ئەو ڕووداوەی بە چاوی خۆی بینی زۆر تێکچوو و سەرزەنشتی کەلـلە ڕەقییەکەی خۆی دەکرد، بەڵام ئەوەندەی نەبرد هەواڵێکی تری ناخۆشی بۆ هات، (ئێوریودیکە)ی ژنی کریۆن لە داخی خۆ کوشتنەکەی (هایمۆن)ی کوڕی، ئەویش خۆی دەکوژیت. بەو جۆرە (کریۆن) هەموو شتێکی لە دەست دا بەهۆی بڕیارێکی کەلـلە ڕەقانەوە.

هاوبەشی بکە