22/03/2024
DidiMn Logo
Top

ڕاگرتنی زەمەن

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سەنگەر قوباد

کەمن ئەوانەی بە شەقامی کۆماریی شاری کەرکووكدا تێپەڕیبن و دیقەتی خانووە کۆنەکەی جەمیل پاشایان نەدابێت. ئەو خانووەی بە دوو ماشێنی جۆری شۆفرلێت و ڤۆڵگسواگن، بە ڕەنگی سوور و شین دەناسرێتەوە.

جەمیل پاشا کە لە شەستەکانی سەدەی بیست بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووك بووە، خاوەنی ئەم خانووە بووە، ماشێنە ڤۆڵگسواگنەکە هی خۆی بووە، شۆفرلێتەکەیشی بۆ سیدادی کوڕی بە دیاری کڕیوە.

سیدادی کوڕی لەو سەردەمەدا دکتۆرا لە یاسادا بەدەست دەهێنێت، ئەو دەمەی کە ڕەنگە لە سەرتاسەری عێراقدا هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرای یاسایی، بە پەنجەی دەست ژمێردرابن.

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا جەمیل پاشا و هاوسەرەکەی کۆچی دوایی دەکەن. لەو ساتەوە سیدادی کوڕی و خوشکەکەی وەک هەڵوێستێك بەرامبەر بە دنیای فانی، تەرکی دنیا دەکەن و ژیانی خۆیان لەو جێیەدا ڕادەگرن.

خانووەکەیان و هەردوو ماشێنەکە وەك وێنەیەکی فۆتۆگرافی تا ئەم ڕۆژگارە ستیل کردووە، زەمەنیان لەوێدا ڕاگرتووە، بە چەشنێك لە شەستەکانەوە تا ئێستا ئەو دوو ماشێنە نەبزواون، هیچ گۆڕانکارییەکیان لە خانووەکەدا نەکردووە. هیچ کام لەو خوشك و برایە هاوسەرگیرییان نەکردووە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشیان لەگەڵ هەموان پچڕاندووە، تا هەنووکە لەو خانووەدا خۆیان گۆشەگیر کردووە، ئێستایش تەمەنیان هەڵکشاوە و پێیان لە لێواری مەرگدایە.

سیداد و خوشکەکەی ئەگەر هیچیان بە ژیان نەبەخشی بێت، خۆ توانییان زەمەن لەو پانتاییە بچووکەی خۆیاندا ڕابگرن و شوێنەوارێك بهێڵنەوە، کە حکومەتێك بەو هەموو ئیمکانیەتەوە نەیتوانیوە شوێنەوارێك بپارێزێت، بەڵام بینەر کە چاوی بە دیمەنی خانووەکەی جەمیل پاشای باوکیان دەکەوێت، هەست بە وجودی خۆی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەکات.

هاوبەشی بکە

Era, Time Machine,