27/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆشنگەرییەکەی ئەوروپا چۆن بەدیهات و ڕۆشنگەریی ڕۆژهەڵات بۆچی بەردەوام شکست دەهێنێت؟

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

زامۆ عەلی عومەر

ڕۆشنگەریی چییە؟

 ئیمانوێل کانت، فەیلەسووفی ئەڵمانی و یەکێک لە پایەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت: ‘ڕۆشنگەریی دەربازبوونی مرۆڤە لەو پێنەگەیشتووییە فیکرییەی کە بەسەر خۆیدا سەپاندوویەتی. پێنەگەیشتوویی بریتییە لە بێتوانایی مرۆڤ لە تێگەشتن لە شتەکان و بەکارهێنانی ئەو تێگەیشتنە، بەبێ کاریگەریی لایەن و کەسانی دی. سەپاندنی ئەو پێنەگەیشتووییە لەوەدا ڕەنگدەداتەوە کە ئەو مرۆڤە ئازادی و ئازایەتیی ئەوەی نییە بەبێ کاریگەریی ئەوانی تر بۆخۆی بیربکاتەوە.” کانت مرۆڤێکی ئازاد بە مرۆڤێکی ئازا دادەنێت، و بەپێچەوانەشەوە. مرۆڤێکی ئازاد ئەو کەسەیە کە نەبووبێت بە ژێردەستە و کۆیلەی باوەڕەکانی خۆی بە شێوەیەک کە نەتوانێت گومانیان لێبکات. مرۆڤی ئازاش، لەلایەکی ترەوە، ئەو مرۆڤەیە کە ئازایەتیی ئەوەی هەبێت دوور لە باوەڕەکانی خۆی بڕوانێت و ئامادە بێت لەبارمبەر هەموو جۆرە بیرۆکەیەکدا تێڕامانبکات و تەواوی بیرۆکەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە.

گومانکردن و پرسیارکردن؛ گەڕانێکی بەردەوام بەدوای مەعریفە و ڕاستییدا

دەتوانین بڵێین ئەو وەڵامەی کانت جیاوازی بنەڕەتیی چۆنییەتیی بیرکردنەوەی خەڵکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بووە بەدرێژایی ئەم چوار سەدەیەی ڕابردوو، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە. یەکێک لە درووشمەکانی ڕۆشنگەریی ئەوروپیی، کە هەر درووشمێکی کانت خۆی بوو، بریتی بوو لە “بوێرە کە بزانیت.” بوێریی لە زانیندا ئەو کلیلە بوو کە لە سەردەمەکانی پێش ڕۆشنگەرییدا لەلای خەڵک نەبوون. خەڵکی ئەوروپا لەژێر دەستەڵاتێکی پادشاییدا ژیانیان دەکرد کە لەلایەک دەستەڵاتی پادشا و لەلایەکی تر دەستەڵاتی ئایینی تەواوی بیرکردنەوەی خەڵکیان داگیرکردبوو. پادشا و پیاوی ئایینی چییان بوتایە، دەبوو خەڵک بەوە بڵێن ڕاستیی، و زۆرینەی خەڵک شوێنکەوتووی کۆمەڵە بۆچوونێک بوون کە لە خۆیان خاوەنی هیچ لایەنێکی نەبوون. لایەنە سیاسییەکە پادشا و پیاوانی پادشا ئاڕاستەیان دەکرد، لایەنە کۆمەڵایەتییەکەش ئایین و پیاوانی ئایینی، لەو نێوانەشدا، فەلسەفە و هونەر و زانست زەرەرمەند بوون و بێبایەخ بوون. کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیی هەتا ئەمڕۆش لەژێر کاریگەرییەکی ترسناکی ئەو دوو دەستەڵاتەدایە، و تاک گەورەدەبێت و کۆمەڵێک بۆچوون و هێڵی سوور و پیرۆزیی دەچەسپێنرێت لە ئەقڵییەتیدا هەر لە منداڵییەوە، و کە گەورە دەبێت پێیوایە خۆی خاوەنی بۆچوونەکانییەتی، و ڕەتی دەکاتەوە گومان لە هیچیان بکات. ئەمەش، بەپێی پێناسەکەی کانت بۆ ڕۆشنگەریی، پێنەگەیشتوویی فیکرییە، و نەبوونی ئازایەتیی و بوێرییە لە بیرکردنەوەیەکی ئازادانەدا. لە باسکردنی گومانکردنیشدا، دەبێت باسی ئەو کەسە بکەین کە بە ڕەگ و بناغەی ڕۆشنگەریی ئەوروپیی دادەنرێت، ئەویش فەیلەسووف و بیرکارییناسی فەڕەنسی، ڕێنێ دێیکارتە. ڕێنێ دێیکارت بە یەک ڕستە سەردەمی ڕۆشنگەریی دەستپێکرد: ‘من گومان دەکەم، کەواتە من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم.’

‘من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم’ ئەوە دەگەیەنێت کە، بەپێچەوانەوە، ئەگەر بیرکردنەوەم نەبێت کەواتە بوونم نییە. ئەمە بەسەر هەموو کەسێکدا لە هەموو سەردەمێکدا پەیڕەو دەبێت و ڕاستە. ئەو مرۆڤەی بیرناکاتەوە یان گومان لە بۆچوونەکانی خۆی ناکات، تەنیا بە جەستە بوونی هەیە. لەڕووی هزرییەوە، کە لەلای دێیکارت ڕووە سەرەکیی و پێویستەکەیە، کەسێکی نازیندووە و بوون و نەبوونی هەمان شتە. ئەو کەسەی کە بیریشدەکاتەوە بەڵام سنوورێک هەیە بۆ بیرکردنەوەکەی، بوونێکی سنوورداری هەیەو ناگات بە ئەنجامێکی درووست. دێیکارت لە باسکردنی چاوکرانەوە و ڕۆشنگەرییەکەی خۆیدا دەڵێت: ‘[] ژمارەی بێشوماری ئەو بیر و باوەڕانەی کە من بەڕاستم دادەنان و بۆم دەرکەوتوون کە چەوت و بێبناغەن، شۆکیان کردم. [] لەمەشەوە بۆم دەرکەوت کە تەنها جارێکیش بێت لەژیانمدا پێویستی دەکات تەواوی بیر و بۆچوونەکانم لەناوبەرم و لە بناغەوە دووبارە دەستپێبکەمەوە، ئەگەر بمەوێت بگەم بە چەند شتێک کە لە زانستدا ڕاستن و دەکرێت ڕاستییەکی ئەبەدیی بن.’ کەواتە، ئەگەر بیرکردنەوە ئازادانە و تاکەکەسییەکەی کە کانت پێناسەی دەکات بنەمایەکی سەرەکیی ڕۆشنگەریی بێت، ئەوا گومانکردن و پرسیارکردنەکەی دێیکارت بناغەی ڕۆشنگەرییە.

ئەقڵانییەت لە دژی خورافە و هەست و سۆزی تاکەکەسیی

ئەقڵانییەت، یان بیرکردنەوەی لۆجیکییانە، لێرەدا دەبێت بە بنەمای سێهەمی ڕۆشنگەریی. یەکێک لە خاسییەتە دیارەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریی دوورکەوتنەوە بوو لە خورافە و بابەتی ئەفسانەیی و ئایینی دوور لە ئەقڵ و لۆجیک. ئەمە مانای ئەوە نییە کە خەڵک باوەڕیان بە خودا لەدەستدابێت یان ئیمانیان بە بەهای ئایینییەکان نەمابێت؛ بەڵام، لەم سەردەمەدا ئایین بوو بە سەرچاوەیەکی ڕۆحانیی، و فێرکاریی و چیرۆکە ئەفسانەییەکانی کە زۆر دوورن لە واقیع و سروشتییبوونەوە، لەلای خەڵک تەنها وەک چیرۆکێک مانەوە و لە بابەتی زانستی و ئەقڵیدا هیچ بەهایەکیان نەما. ئەقڵانییەت لێرەدا هۆکاری سەرەکیی کرانەوەی هۆشی تاکی ڕۆژئاوایی بوو کە پێشتر بەندکراوی ئەفسانەکان بوو و تەواوی ژیانی بەند بوو لەسەر کۆمەڵێک خورافە و ئەفسانەی نازانستیی و ناڕاست. ڕۆشنگەریی سەرلەنوێ کرانەوە بوو بەڕووی زانست و فەلسەفەدا، دوای سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست و بیرچوونەوەی فەلسەفە و زانستی یۆنانییەکان. لەم سەردەمەدا، خەڵک لەجیاتی ئەوەی بپرسن فڵان قەشە یان یان سیاسەتمەدارەکان چی دەڵێن دەیانپرسی ‘مایکرۆسکۆب و زاناکان چی دەڵێن؟’.  فەیلەسووفی فەڕەنسی، دێنی دێدرۆ، لەو بارەیەوە دەڵێت هەموو شتێک دەبێت بخرێتە ژێر تاقیکردنەوە و پرسیارەوە، تاووتوێ بکرێت، بەبێ هیچ جیاوازییەک و هێڵێکی سوور، و بەبێ گرنگیدان بە هیچ هەست و سۆزێکی خەڵک… پێویستە وەک ناڵ لەم بیرۆکە کۆنە منداڵانانە بدرێت و هەڵبکەندرێن؛ ئەم بیرۆکە خورافیانە کە ئەقڵ و ژیریی هیچ دەستێکییان لە سەرهەڵدانیاندا نەبووە.

هەڵبەتە گرنگینەدان بە هەست و سۆزی خەڵک بەو واتایە دێت کە ڕاستیی و لۆجیک دەبێت دووربن لەوەی خەڵک حەزیان بە چییە و چییان پێ خۆشە ڕاست بێت. یەکێک لە نەهامەتییەکانی شوێنکەوتنی ئەفسانە و خورافە، ئەوەیە کە کەسەکە لەناخی خۆیدا پێیان ئارام دەبێتەوە، بەڵام، وردە وردە ئەم ئارامییە دەگاتە ئاستی پیرۆزکردن و دەبێت بە هێڵێکی سوور کە چیدی ئەو کەسە توانای تێڕامان و پرسیارکردنی نامێنێت لەسەری. من لێرەدا نموونەیەک دەهێنمەوە کە لە جەوهەرەکەیدا بە وتەکەی دێدرۆ دەگاتەوە: ئاو لە دوو هایدرۆجین و یەک ئۆکسجین پێکدێت (H2O). ئەمە ڕاستییەکی زانستیی سەلمێندراو و سروشتیی و لۆجیکییە. ئەگەر کەسانێک هەبن، باوەڕێکیان هەبێت کە بڵێت ئاو بەو شێوەیە پێکنایەت و ئێمە بەو شێوەیە بیر لە ئاو ناکەینەوە، ئێمە لێرەدا چی بکەین؟ لەبەر نەڕووشاندنی هەست و بۆچوونەکەی ئەوان چیتر زانستی پێکهاتنی ئاو نەخوێنین؟ لە قوتابخانەکاندا و لە وانەی کیمیادا، لەجیاتی هاوکێشە زانستییەکەی ئاو، باسی ئەو بۆچوونە ئەفسانەییە/خورافییە بکەین کە ئەو کەسانە دڵیان پێی خۆشە و پێی ئارام دەبنەوە؟ ئەگەر نموونەیەکی دەرەوەی زانستیش بهێنین، بۆ نموونە یەکسانیی نێوان نێر و مێ لەڕووی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پەروەردەییەوە، ئەوا هەمان دەرئەنجاممان دەبێت. کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیی بۆ نموونە، بە گشتیی و بەدرێژایی مێژوو جیاکارییەکی زۆری لەنێوان ژن و پیاودا کردووە و پیاوی بەسەر ژندا سەپاندووە وەک سەرپەرشتیار و ڕێنیشاندەر. ئەگەر کەسانێک بەهۆی ئایینەوە، بەهۆی هزری قووڵ داچەقیوی نێرسالارییەوە، یان بە هەر بیانوو و هۆکارێکی تر ئەمەیان بەلاوە ئاسایی بێت، و بە یەکسانیی ئەو دوو ڕەگەزە بڵێن هەستمان بریندار دەبێت یان ئیمانمان لەکەدار دەبێت، ڕاستیی و لۆجیک نابێت لە بەرژەوەندی هەستەکانی ئەواندا بێت. لەبارمبەر ئەمەدا، دەبێت بە سیستەمێکی پەروەردەیی ئەقڵانیی و زانستیی ئەو کەسانە و تەواوی کۆمەڵگە ڕۆشنبکرێنەوە. هەریەک لە دێیکارت و دێدرۆ جەخت لە گومانکردن و پرسیارکردن دەکەنەوە لە بۆچوونە چەقبەستووەکانمان. فەیلەسووفانی ڕۆشنگەریی بەکارهێنانی هەست و سۆزیان بۆ سەلماندنی ڕاستیی بیرۆکەیەک و بەرگرییکردن لێی، بە شتێکی زۆر مەترسیدار داناوە، و بە یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانی ئەقڵانییەت هەژمارکراوە.

دەرئەنجامەکانی ڕۆشنگەریی لە ئەوروپا، یەکسان بە نەبوونی لە ڕۆژهەڵاتدا

دەرئەنجامەکانی ڕۆشنگەریی لە ئەوروپا لە چەندین ڕووەوە دەبینرێن: لە لایەنی سیاسییەوە، ڕۆشنگەریی بیری عیلمانیی هێنایە نێو کۆمەڵگەکانەوە. کرانەوەی خەڵک بەڕووی بەرهەمە ئازادیخوازەکانی فەیلەسووفەکاندا، تێڕوانینیانی گۆڕی بۆ چۆنییەتی و چییەتیی حوکمڕانی. یەک لەدوای یەک شۆڕش بەرپاکرا و چەندین دەستەڵاتی تۆتالیتاری دیکتاتۆریی داڕمان لەبەردەم لێشاوی نوێی خەڵکانی ئازادیخوازدا. دەتوانین بڵێین شۆڕشی فەڕەنسی، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین شۆڕشەکانی تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی، لوتکە و بەرهەمی ڕۆشنگەریی بوو. شۆڕشێک بوو کە تەواوی ئەوروپای گۆڕی بەدوای خۆیدا. لە لایەنی زانستییشەوە، ڕۆشنگەریی ئەوروپی شۆڕشی زانستیی هێنایە ناوەوە. لە سەرەتاکانی سەدەی ١٧دا، فەیلەسووفی ئینگلیزی، فرانسیس بیکن، جۆرێک لە شۆڕشی فیکریی بەرپا کرد و زانستی بە تاکە سەرچاوە و ڕێگەی پێشکەوتن دانا. بیکن، لەم بابەتەدا دەڵێت کە زانست هەرگیز بە خورافە و ئەفسانەی باوەڕپێکراوی خەڵک پێشناکەوێت و ناتوانێت ئەرکی خۆی بەجێبهێنێت. مێتۆدەکانی بیکن لەسەر چۆنییەتی توێژینەوەی زانستی بۆ سەدەکانی دواتریش کاریگەرییەکی زۆریان هەبوو.

ڕۆشنگەریی تێگەیشتنی خەڵکی بە تەواوی گۆڕی لەسەر بابەتی وەک یەکسانی (یەکسانی جێندەریی و یەکسانیی ڕەگەز و نەتەوایەتیی)، و هەروەها ئازادیی و سەربەخۆیی تاکەکەسیی. مرۆڤ مافی تەواوی تایبەتی خۆی هەیە لە کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنگەردا، و هیچ ناچار نییە لەبەر بۆچوونی کۆمەڵگە و کەسانی دەوروبەری سەر بە یەک لایەن یان باوەڕ بێت. لە هەمان کاتدا، شانبەشانی بزووتنەوەی فێمینیزمی ئازادیخوازی ژنان، هەنگاوێکی بەرچاویان نا لە تێکشکاندنی ئەو بەربەستانەی کە چەندین سەدە بوو ژنانیان لە چوارچێوەیەکی تەسکی دایکایەتی و منداڵخستنەوە و خزمەتکارییدا بەندکردبوو. هەڵبەتە لەو سەردەمەدا کە سەرەتا بوو، هێشتا چەندین کێشەی نایەکسانیی جێندەریی هەبوون، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین و بەدەستهاتووە، بەشێکی ئێجگار زۆری, سەردەمی ڕۆشنگەریی خۆی بە خاوەنی دەزانێت. ماری وڵستنکرافت دیارترین ئەو ژنانەیە کە لە ڕۆشنگەریی بەریتانیدا دەنگیان بڵند بووە: ‘خەونەکانم هەموویان تایبەتن بە خۆم؛ هیچ کەسێک و پیاوێک خاوەنییان نابن. خەونەکانم پەناگەم بوون لە تەنهاییمدا، گەورەترین چێژیشم بوون لە ئازادییدمدا.”

هەرچی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکانیشە، سەدە لەدوای سەدە شکستیان هێناوە لە جێگیرکردنی ئەو بنەما ڕۆشنگەرییانەدا. هەمیشە ئەفسانە و خورافە و فەتوای ئایینی و سیاسیی دەستەڵاتداربوون بەسەر ئەقڵ و لۆجیک و زانستدا. نموونەیەک بۆ ئەمە، قەدەغەکردنی ئامێری چاپکردن بوو لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیی ئیسلامییەوە، کاتێک سەرەتا ئامێرەکە لەلایەن گوتنبێرگەوە داهێنرا. شێخ و عولەمایانی ئایینی داهێنانەکەیان بە “بەرهەمێکی شەیتانی” ناوبرد، و پێیانوابوو ئەگەر قورئان بەو ئامێرە چاپبکرێت دەکرێت هەڵەی تێدابکرێت، کەواتە باشتر وایە حەرام و قەدەغەبکرێت. ئامێری چاپکردن خاڵێکی وەرچەرخانی بنەڕەتیی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، و یەکێکە لە تۆوەکانی ڕۆشنگەریی. بەهۆی ئەو ئامێرەوە بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی کتێب چەندهێندە بوو، ژمارەیەکی زۆر زیاتری خەڵک ئاشنای کتێب و خوێندنەوە بوون، کە لە پێشتردا زۆرێک لە کتێبەکان تەنها دەوڵەمەند و بۆرژواز و پادشاکان دەیانتوانی دەستەبەرییان بکەن، لەبەر گرانیی و کەمیی دەستنووسەکانیان. کۆمەڵگەی ئەوروپی چەندین هەنگاوی نا لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی کتێب و خوێندنەوە، و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کە زۆرێکیان ژێردەستەی ئیسلامییە تورکەکانی خەلافەتی عوسمانی بوون، لە شوێنی خۆیاندا مانەوە. کاتێکیش دەستیان پێکرد، زۆر درەنگ بوو.

کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان لە هیچ سەردەمێکدا تاووتوێیەکی جددی و درووستی ئازادی و یەکسانییان نەکردووە، و هەمیشە ئەدەب و هونەرەکەشیان لە خزمەتی دیکتاتۆرییەت و دواکەوتوویی و پێنەگەیشتوویی کۆمەڵگەدا بووە. ئەمەش هۆکاری نەبوونی هەوڵی دیار و کاریگەرە لەم کۆمەڵگەیانەدا؛ ئەگەر هەوڵێک هەبووبێت هەر زوو دامرکێندراوەتەوە و لەناوبراوە، چونکە لەپاڵ ئەو دەنگە کەم و کزانەدا کە داوای ئازادی و ڕۆشنگەرییان کردووە، دەستەڵات و خەڵکێکی ئامادەش نەبوون کە پاڵپشتییان بکەن. خەڵک لەپێش دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکەوە بەگژ ڕۆشنگەرەکاندا چوون. ١٠٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەوروپا لە هەمان بار و دۆخدا بوو، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ئەوروپا لە سەدە تاریکەکان دەرچوو و لە بووژانەوە و ڕۆشنگەریی نەکەوت. کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی لە هەموو هەنگاوێکیدا بۆ ڕۆشنگەریی شکستی هێناوە، چونکە هەرگیز نەیویستووە بە تەواوی و بە ڕاستی ڕۆشنگەر بێت. وەک لە سەردەمی مۆدێرنیشدا دەیبینین، خەڵک هەمیشە پێشکەوتنیان ویستووە بەڵام بەبێ دەستبردن بۆ هێڵە سوور و پیرۆزەکانیان. بۆچی؟ بۆ وەڵامەکە دەگەڕێینەوە سەرەتای ئەم وتارە: خەڵک لەم ناوچانە گومانیان لە بیر و باوەڕەکانیان نییە، ئامادەییشیان تێدا نییە کە بۆ ساتێکیش بێت بۆچوونەکانیان بخەنە ژێر گومانەوە. لەبەرئەوە، بەدرێژایی مێژوو و هەتا ئێستا و تا چەندین ساڵی تریش، لە شوێنی خۆمان خولاوینەتەوە و دەخولێینەوە. مەحاڵ بووە و مەحاڵ دەبێت، ڕۆشنگەریی بەبێ سێ بنەما سەرەکییەکەی کانت و دێیکارت و دێدرۆ وەک شۆڕشێک بەرپا بکرێت:

 ئازایەتیی بیرکردنەوە، گۆمانکردن، ئەقڵانییەت.

هاوبەشی بکە

europian renaissance and middle eastern renaissance,