18/10/2024
DidiMn Logo
Top

شیکردنەوەیەک بۆ تابلۆی “بەردەوامبوونی یادەوەری” سالڤادۆر دالی

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – ڕەش میدیوم
لە ئینگلیزییەوە: لانۆ ڕزگار

‘بەردەوامبوونی یادەوەری’ نیگارێکە کە لە ساڵی ١٩٣١دا لەلایەن سالڤادۆر دالییەوە کێشراوە، کە چەند کاتژمێرێکی تواوە و کەشوهەوایەکی “مردوو” نیشاندەدات.

سەرنجی سەرەکی ئەم نیگارە لەسەر کاتژمێرە تواوەکان و پاشخان و ئەو پارچە گۆشتە سەیرەیە کە لەسەر زەوییەکەیە. دالی بە تایبەتی ئاماژەی بەوە داوە کە خۆشی نازانێت واتای پشت ئەم شاکارەی چییە، کە ئەمەش وادەکات نیگارەکە سەیرتر و سەرنجڕاکێشتر بێت. بەڵام دەکرێت بڵێین کە دالی هەوڵدەدات جیاوازی نێوان ڕاستی و خەیاڵ بخاتەڕوو.

لە یەکەم نیگاوە، ڕەنگە وا دەربکەوێت کە ئەو پارچە گۆشتەی لە ناوەڕاستی وێنەکەدایە تەنها ئامڕازێک بێت تا یەکێک لە کاتژمێرە تواوەکانی لەسەر دابندرێت. بەڵام کاتێک بەتەنها سەرنجی وردەکاریەکانی ئەم پارچەیە دەدەین لە وێنەکەدا، بە ئاشکرا تایبەتمەندی مرۆڤی پێوە دەبینین. گەر لە چەپ بۆ ڕاست یاخود لە سەرەوە بۆ خوارەوە تەماشای بکەین، دەبینی کە بەسەر چاوێکی داخراوەوە برۆ و برژانگ هەیە و لوت و دەمیشی هەیە. لەم تێڕوانینەوە دەتوانین ئەوە بڵێین کە بێگومان گۆشتەکە ڕووخساری مرۆڤێکە. بە پێی چاوە داخراوەکان و دەمە کراوەکە بێت، ڕەنگە مرۆڤەکە خەوتبێت یاخود مردبێت. لەو حاڵەتەی کە بڵێین ڕووخسارەکە خەوتووە، ڕەنگە دالی ئەوەمان نیشانبدات کاتێک کە دەخەوین، بێ ئاگا دەبین لە کات و لەو شتانەی کە لەدەوروبەرماندان. لەبری ئەوە و وەک لە پاشخانی وێنەکەشەوە دیارە، دەچینە دۆخی ئاشتییەکی نەشێواوەوە.

جگە لەوەش، لە زۆر ڕووەوە خەوتن دەربازبوونە لە دنیای ڕاستی. بە بەکارهێنانی تەنی ڕەق، دالی ئەم دەربازبوونەمان نیشاندەدات، کە لەم حاڵەتەدا تەنە ڕەقەکە کاتژمێرێکە و گۆڕیویەتی بەتەنێکی نەرم. ئەم حاڵەتە نالۆژیکییە شتێکە کە هەرگیز ناکرێت لە ڕاستیدا ڕووبدات، زیاتریش هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە دالی لە وێنەکەدا ئەم توخمانەی بەکارهێناوە.

نزیک لە ئەو وێناکردنەی کە ڕووخسارەکە خەوتووە، لە حاڵەتێکدا کە ڕووخسارەکە مردبێت، ڕەنگە دالی ئەوەی خستبێتەڕوو کە چیتر کات لە ژیانی ڕابردووی ئەم کەسەدا هۆیەک نییە. ئەو کاتژمێرەی کە لە خوارەوەی لای چەپی وێنەکەدا دەرکەوتووە بە مێروولە داپۆشراوە. ڕەنگە مانەوەی تەنەکە بە ڕەقی ئەوەمان بۆ پێشیازبکات کە هەندێک لایەنی ڕاستی لە مێشکی کەسەکەدا ماوەتەوە. بەڵام لەبەرئەوەی کەسەکە مردووە، کەواتە مێروولەکان ئاماژە بە پوکانەوەی ڕاستی دەدەن، بەوەی کە ڕاستی و بوونی کەسەکە بەم زووانە ئاسەواریان نامێنێت.

هەروەک چۆن خەون و خەیاڵەکان کاریگەریەکی گەورە لەسەرمان جێدەهێڵن، نیگاری ‘بەردەوامبوونی یادەوەری’ دالیش خەیەڵەکانمان نیشاندەدات و هەمان ئەو کاریگەرییە گەورەیەمان لەسەر جێدەهێڵێت.

هاوبەشی بکە