ئامادەکردنی: یار کوردە
سەمای حەوت پەردە چیرۆکێکی بەناوبانگە. پەیوەندی بە کەسایەتییەکی مێژوویی و ئەفسانەییەوە هەیە بەناوی ‘سالۆمی’. ڕیشەی مێژوویی ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکێکی ناو ئینجیل (مەتا ١٤ و مارکۆس ٦). بەڵام لەوێدا ناوی سەماکە بە سەمای حەوت پەردە نەهاتووە. ئەم چیرۆکە لە سەدەی ١٩ و ٢٠ گەشەی پێدراوە و زیاتر لە ئەدەب و هونەردا کاری لەسەر کراوە، ناوەڕۆکی چیرۆکەکە بەم جۆرەیە:

سالۆمی کچی هیرۆدیاس بوو، هیرۆدیاس لە دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی، هاوسەرگیری لەگەڵ هیرۆدس ئانتیپاس کرد (فەرمانڕەوای هەرێمەکانی جەلیل و پیریا). ئەم هاوسەرگیرییە لەلایەن یەحیای پێغەمبەرەوە (یۆحەنای ئاوهەڵکێش) ڕەخنەی توندی لێ گیرا، چونکە هاوسەرگیرییە نایاساییەکەی (چونکە بەپێی شەریعەتی یەهودی ئەو هاوسەرگیرییە حەرام بوو). هەر لەبەر ئەوەش بوو کە هیرۆدس یەحیای زیندانی كردبوو. لە ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونی هیرۆدس، سالۆمی سەمایەکی سەرنجڕاکێش پێشەکەش دەکات. کە بە سەمای حەوت پەردە ناسرا … هیرۆدس بە سەماکە زۆر کاریگەر دەبێت و پێی دەڵێت: «هەرچییەک داوا بکەیت پێت دەبەخشم.» سالۆمی بە ڕێنمایی دایکی هیرۆدیاس داوای سەری یەحیای پێغەمبەر دەکات لەسەر سینییەک. هیرۆدس سەرەڕای ناڕەزاییەکانی، بە بەڵێنەکەی خۆی وەفادار دەمێنێتەوە و فەرمان دەدات یەحیا بکوژرێت و سەری بهێنن. ئەم چیرۆکە بە درێژایی مێژووی هونەر بە شێوازی جیاواز لەلایەن هونەرمەندانەوە کێشراوە کە چەند نموونەیەکیان ئەمانەن:

تابلۆی سالۆمی کە لەلایەن ‘ئارماند پۆینت’ەوە کێشراوە. تێیدا سالۆمی لەکاتی سەماکردنەکەدا دەردەکەوێت.

تابلۆی سالۆمی کە لەلایەن ‘گوستاف مۆرۆ’ەوە کێشراوە. تێیدا سالۆمی بە پەنجەی ئاماژە بۆ سەری بڕاوی یەحیا دەکات کە بە ڕووناکییەکی پیرۆز دەوورە دراوە.

تابلۆی سالۆمی كە لەلایەن لوکاس کراناخییەوە كێشراوە. تابلۆکە سالۆمی نیشان دەدات کە سەری بڕاوی یەحیای بەدەستەوەیە لەسەر سینییەک.

تابلۆی سالۆمی کە ‘ئەندریا سۆلاریۆ’ کێشاوییەتی. لەم تابلۆیەدا سالۆمی سەری بڕاوی یەحیای لەسەر سینییەک داناوە.

تابلۆی سالۆمی کە ‘چارڵز مێلین’ کێشاوییەتی. ئەم تابلۆیە وێناکردنێکی کلاسیکی دیکەی سالۆمییە لەگەڵ سەری بڕاوی یەحیادا.
هەروەها تابلۆی دیکەش هەن کە ئەم ڕووداوە وێنا دەکەن و لە وێنەکاندا دیارن وەک: تابلۆی سەمای حەوت پەردە و تابلۆکانی دیکەی سالۆمی کە بە شێواز و ڕوانگی جیاواز لەسەر ئەم چیرۆکە هونەرییە کێشراون. هەر یەکەیان بەشێکی جیاوازی ئەم چیرۆکە تراژیدی و پڕ لە ڕەمزە وێنا دەکەن.
ئەم تابلۆیانەی كە باس کران، بەتایبەتیش تابلۆكانی سەدەی نۆزدە و بیست كە چیرۆكی سالۆمی و سەمای حەوت پەردە دەگێڕنەوە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ و قووڵیان بە قوتابخانەی هونەری ‘ئۆریەنتالیزم’ (ڕۆژهەڵاتناسی) هەیە. ئۆریەنتالیزم لە هونەردا بریتییە لەو شێوازەی کە هونەرمەندانی ڕۆژئاوا لە سەدەی نۆزدەدا بۆ وێناکردنی ڕۆژهەڵات بەکاریان دەهێنا. وەک جیهانێکی ئەفسانەیی و پڕ لە ڕاز و سەما و نهێنی و ئارەزوو و توندەتیژی کە ئەمە بە تەواوی لە تابلۆکانی سالومیدا دەبینرێت. چونکە هونەرمەندان ڕۆژهەڵاتیان بە شوێنێک دەبینی کە یاساکانی ئەخلاقی تێیاندا جیاوازە، سالۆمی لەو تابلۆیانەدا وەک ژنێکی ڕۆژهەڵاتی نیشان دەدرێت کە خاوەنی جوانییەکی بێگانەیە و ئارەزوویەکی مەترسیدارانەی هەیە. زۆربەی تابلۆکانی ئەم بابەتە، بەتایبەتی ئەوانەی گوستاف مۆرۆ کێشاونی، پڕن لە وردەکاری تەلارسازی ڕۆژهەڵاتی و خشڵ و قوماشی گرانبەها و ڕازاندنەوەی ناوخۆیی کە هەموویان هەوڵدانێکن بۆ درووستکردنی کەشێکی ڕۆژهەڵاتی کە لە ڕاستیدا زیاتر خەیاڵی هونەرمەندەکان بوون، نەک وێنەیەکی ڕاستەقینەی مێژوویی.
لە ڕوانگەی ئۆریەنتالیزمەوە، چیرۆکی سالۆمی تەنها گێڕانەوەیەکی ئاینی نەبوو. بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ پیشاندانی دڕندەیی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر شارستانییەتی ڕۆژئاوادا. لێرەدا تێیدا سالۆمی وەک هێمای ژنێكی ترسناک نیشان دەدرێت کە بە سەما و جوانییەکەی پیاوێکی بەهێزی وەک هیرۆدسی فریوداوە و ناچاری کردووە تاوانی کوشتنی پێغەمبەرێک ئەنجام بدات.
دەتوانم بڵێم، هونەرمەندانی ئۆریەنتالیزم چیرۆکی سالۆمییان وەک پاشبنەمایەک بۆ دەرخستنی خەیاڵەکانی خۆیان دەربارەی ڕۆژهەڵات بەکار هێناوە، بە شێوازێکی پڕ لە ڕەنگ و هەست و سۆز و تراژیدیا کە ئەم جۆرە بەکارهێنانە یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هونەری ئۆریەنتالیزم لە سەدەی نۆزدەدا.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.