23/03/2025
DidiMn Logo
Top

لە لایەن دیدی من 3 حەفتە پێش ئێستا

دەمودەست ئامادەیە؛ هەموو چرکەکانی ڕۆژ، هەموو ساتەکانی ئێواران و سەرتاپای شەوەکان. بەیانیان لە خەو هەڵیناستێنم. بە خشپەیی لە جێگەکەم هەڵئەستم. بێ ئەوەی ورتەم لێوەبێت خۆم ئەگۆڕم، نانێک ئەخۆم. سەیرێکی خۆم ئەکەم و پێڵاوەکانم لەپێئەکەم، ڕاستەوڕاست بۆ دەرەوە. ئەگەمە ناو سەیارەکەم و لە سەکن دانیشتووە! وتو وریایە. ئەڵێم قەینا، هاکا ئەگەمە کافێکە و دەرگای سەیارەکەی بەسەرا قوفڵەدەم. لێئەخوڕم و هەردووکمان بێدەنگین. گۆرانییەکی  ئەخەمە سەر “ئەی بەردە بەردە بەردە” بێچاو و ڕوو دەستئەهێنێ و ئەیگۆڕێت. بێ ئەوەی هیچ بڵێت ئەیخاتە سەر ماملێ؛ “قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی، نەهاتی گەرچی پێتدابووم بەڵێنی” لەگەڵ گۆرانییەکەدا دەلاوێتەوە و جەوی خۆی وەردەگرێ. دەڵێم نابێ نابێ! ئەو گۆرانییە هی بەیانیان نییە! حسابم بۆ ناکات، لەجیاتی؛ دەنگی گۆرانییەکە زیاددەکات. بێدەنگ دەبم و بیرەکەمەوە هێندەی نەماوە، ئەگەم و خێرا دەرگاکەی بەسەردا قوفڵەدەم. ئەو بەدەم ماملێوە هەر دەلاوێتەوە.

دەگەمە بەردەم کافێکە، بێ سێ و دوو دائەبەزم و دەرگاکە دائەخەم. ئەڕۆمە ژوورەوە و ئۆخەی هەر خۆمم! لاپتۆپەکەم دەرئەهێنم و بە گارسۆنە ڕووخۆشەکە  ئەڵێم شەربەتێکی فرێشی پرتەقاڵم بۆ بهێنێت. چەند پەرەگرافێک  لە  وتارێکی جۆرج ئۆروێل وەرئەگێڕم. گارسۆنەکە قاوەیەکی تاڵی ڕەش دەخاتە سەر مێزەکەم. بیرئەکەمەوە باشە من شەربەتی پرتەقاڵم داواکرد ئەمە چییە! ئەبینم ئەو نەنگە لە کورسییەکەی بەرامبەرم دانیشتووە، دەڵێت دەستخۆش و دەستدەکات بە خواردنەوەی قاوەکە. سەیری ئەکەم و حەز ئەکەم بیخنکێنم “ئاخر چەنجار پێم وتی  ئیشی سەربەخۆ مەکە! پرست کرد قاوەت داواکرد؟” بێ ئەوەی جوابم باتەوە سەماعەکانی لەگوێ ئەکات یانی ها زۆر مەڵێ. منیش زۆرتر ناڵێم و دەستئەکەمەوە بە کارەکانم. بەڵام کارم پێناکرێت و ئەویش بۆی گرنگ نییە.

مات و مەلول دانیشتووم و لەناکاو پێی “ئەڵێم ئەرێ بەڕاست بەتەمایت کەی بڕۆیتەوە؟” هیچ ناڵێت. بە لاچاو سەیری ئەکەم، چاوەڕێی وەڵامیم و هیچ. هەزار و یەک کەڵکەڵە دێتە سەرم “ئێستا هەڵینەگریت و تێرزللەی کەیت. یا بیبەیت و لەو ناوەڕاستی جادەیە بیکەیت بەژێر سەیارەیەکەوە. هەی مشەخۆر” لەو مەودایەدا هەڵئەستم و ئەڕۆم. گڕ گڕ دوام ئەکەوێت، لە سێبەرەکەم خێراتر. پێی ئەڵێم “ئەمجارە گۆرانییەکە بگۆڕیت بە گۆڕی شەهیدان ئەتکوژم”. هەر پێش ئەوەی سەیارەکە بجوڵێنم خۆی دووبارە ئەیخاتەوە سەر گۆرانییەکی کەئیب. ئیتر هیچم پێناکرێ و بێدەنگ لێئەخوڕم. ئەو چێژ لە هیچنەکردنم ئەبینێت.

باشترین بیرۆکەی ژیانم بۆدێت “مادەم هەر لەگەڵمە، ئەڕۆم و ئەیبەم بۆلای چارەسەرخوازی دەروونیی، دەرسێکی دابات” بەو ناڵێم، نەکا ڕابکات. لە سەرەی چاوەڕوانی دائەنیشم و لە پەنامەوە گوێچکەی ئەخورێنێت وەک بڵێی مێش میوانی نەبێت. سەرەم دێت و ئەچمە ژوورەوە، پێی ئەڵێم “فەرموو جەناب”. ئەمجارەش لێمئەباتەوە؛ سەیرم ئەکاو ئەڵێت “نایەم، ئیسراحەتی خۆت وەرگرە” چەند قەڵسم لێی! دەرگای بەسەردا دائەخەم.

لەو ژوورە زۆر ئارامم کە ئەوی لێنییە، بەڵام حەزیشم ئەکرد بێت و دوو شت فێربێت. بە هەزار و یەک تەکنیکی جۆراوجۆرەوە دێمە دەرەوە بۆ لەناوبردنی ئەو. متمانەم بە خۆمە و لە خۆم بە ئازاتری نابینم. لەسەر کورسییەکە هەڵیئەستێنم و ئەڵێم پێشمکەوە. خێرا بەقسەم ئەکات. ئەیەوێت سەیری بکەم و سەیری ناکەم. هەڵسوکەوتی مناڵانە ئەنوێنێت؛ لقی دارێک ڕائەکێشێت، دەست ئەکاتە گیرفانی و خاوەخاو ئەکات، شەق لە بەردێک هەڵئەیات. گوێی پێنایەم. لە سەیارەکەیا نایخەمە سەر هیچ گۆرانییەک و جامەکان ئەکەمەوە، ڕەق و تەق ئەبێتەوە! ئێوارە ئەڕۆم بۆلای هاوڕێکەم، تا خوا بڕکات پێئەکەنم، نوکتەی خۆش ئەگێڕینەوە و ئاوڕی لێنایەمەوە.

هەموو شەوەکە لە سوچێکا دانیشتووە و هیچ ناڵێت. هەڵئەستم و بەڕێئەکەوم بۆ ماڵەوە، تا بینەقاقام پێکەنینە. بێدەنگین. لەناکاو پێمئەڵێت

“نیگایەکم بکە بێمروەت، من هاودەمی تۆم”

لە حەوت تەبەقەی پێکەنینەوە کەوتمە خوارەوە. چەند ڕاستئەکات! ئەو، هەستێکە هەمیشە نکۆڵیم لە بوونی کردووە. بەڵام هەمیشە لەگەڵم بووە. ئەو شەوە پێکەوە دواین، هاوارمان کرد، گریاین، پێکەنین و بێدەنگبووین؛ هەردووکمان کۆک بووین لەسەر گۆرانییەکە:

“وەک بولبولان فەسڵی بەهار، شەو و ڕۆژ و لەیل و نەهار
دەناڵێنم بۆ وەسڵی یار، هەر دەروا و بەجێم دێڵێ. “

لەو شەوەوە ئێمە ڕێککەوتین. بەیانیان تا دەمی ئێواران بۆ من و شەوان بۆ ئەو. متمانەی پێدەکەم، ئەو ڕاستگۆیە، ئەو ناوی غەمگینییە.

هاوبەشی بکە