25/03/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی كار وای: سێینەی وۆنگ كار وای

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت

لە (هۆنگ کۆنگ)ەوە ئاشنای فیلمسازێك دەبین کە بە سادەیی چیرۆکی فیلمەکانی و تایبەتیی تەکنیك و کامێرا و مۆنتاژ تێکەڵ بە سینەمای خۆیمان دەکات، دەرھێنەرێك کە کلتور و داب و نەریتی (چین) بە وردەکارییەکانییەوە لە فیلمسازیی خۆیدا بەرجەستە دەکات، ئەویش وۆنگ كار وایە.

وۆنگ كار وای پاش بەرهەم هێنانی یەکەم فیلمی بە ناوی (As Tears Go by/1988) و شوێنکەوتنی فیلمەکانی ئەو کاتی سینەمای (هۆنگ کۆنگ) کە لە چەشنی تاوانکاری بوون بڕیاریدا ڕێچکەی جیاوازی سینەمای خۆی بگرێتە بەر و لەو تەکنیک و چیرۆک و ژانەرە باوانەی ئەو سەردەمە خۆی لابدات.

چیرۆكە دووبارەكان، گیروگرفتە كۆمەڵایەتییەكان، دابونەریتی چین و كێشە سۆزدارییەكان، كامێرای دەستیی و مۆنتاژی خێرا، ڕەنگ و ڕووناكییە نیۆنییەكان، خواردن و میوزیك و تێكستی گۆرانییەكان، كەسایەتییە شكستخواردوو و سەیرەكان و چیرۆكە كاریگەرەكانیان مۆركی سینەمایی وۆنگ كار واین و بەم ھۆكارانەش ناسینەوەی فیلمەكانی كارێكی زۆر ئاسانە.

هەمیشە ئەوەی لە سینەمای وۆنگ كار وایدا دابەریدەکەوین کەسانێکی تەنھا و گۆشەگیرن، ئەوانەی نۆستالجیای ھەڵە و تاوان و شکست و دابڕان و پەیوەندییە کورتخایەنەکانیان و بێدەنگبوونی ڕابردوویان ھەمیشە لەگەڵیاندان، ئەو کەسانەی قەرەباڵغی دەوروبەر لە ھەموو شوێنێك بە دوایانەوەن بەڵام ھەمیشە بە تەنھان، لەگەڵ خۆیاندا بە تەنھان، لەگەڵ کەسانی تردا بە تەنھان، نواندنکارەکان کەسانێکی شکستخواردوو و خراپەکارن، چاوەڕێی هیچ چاکەیەکیان لێ ناکرێت و هیچ ئومێدێکیان لەسەر هەڵناچنرێت، هەر یەکێکیان بە جۆرێك لە جۆرەکان بە بابەتێك تاوانبارن، كاراكتەری سەرەكی نین و لە دیمەنێك یاخوود چەند دیمەنێكدا دەردەكەون و پاشان ون دەبن، ھەریەكەیان خاوەنی چیرۆكی تایبەت بە خۆیانن و ھەندێكجاریش لە دوای خۆیانەوە چیرۆكە جیاوازەكانیان كاریگەری بەسەر كاراكتەرەكانی دیكەوە بەجێدەھێڵن، بەگشتییش ھەموویان ھەمان كێشەیان ھەیە و بەزۆرییش كێشە سۆزدارییەكانن، بەڵام بۆ ھەریەكێكیان بە جۆر و ھۆكارێكی جیاواز ڕوویداوە. لە ھەموو شوێنێكیش سێبەری تەنھایی بەسەریانەوەن، دێن و دەڕۆن، شەقامەكان دەبڕن و بەنێو ئاپۆڕای خەڵكیدا تێدەپەڕن، بە بێدەنگییەكەیانەوە مەیخانە و یانە شەوانەییەكان پڕ دەكەن، بەڵام لەو قەرەباڵغییەشدا ھەر خۆیانن و ھیچ ئامانجێكیشیان نییە، لە ڕابردوودا بەجێماون، نازانن چی دەكەن و چییان دەوێت و بەدوای چیدا وێڵن و پەلەقاژێی چنگێك خۆشەویستییانە، چیرۆکەکانی خۆشەویستی لە فیلمەکانی (وۆنگ) کۆتایی پێ نایەت و هیچ ئەنجامێکیشیان نییە.

بەکارهێنانی خواردن و ڕەنگ و ڕووناكی و گۆرانی وەكوو مێتافۆڕ كاری ھەمیشەیی (وۆنگ)ە، ڕەنگ باڵادەستە، میوزیک باڵادەستە، گۆرانی باڵادەستە، چیرۆکبێژن و لە جیاتی کاراکتەرەکان دەدوێن، ھەموو ڕەنگەكان لە فیلمەكانی دەرهێنەرەکەدا بە شێوەیەکی کاریگەر ھەن و واتای خۆیانیان هەیە، سەرجەم چیرۆکەکانیش لە تاریکایی شەودا ڕوودەدەن و دەگێڕدرێنەوە.

سەرەتای کارەکانی فیلمسازەکە بیرۆکەی بەرهەم هێنانی فیلمی تاکە پڕۆژەیی بوو، بەڵام وردە وردە تەماحی (وۆنگ) بۆ درێژکردنەوەی چیرۆکی فیلمەکان بەرهەم هێنانی فیلمی دیکەی لێ کەوتەوە، هەربۆیە بەرهەم هێنانی دووەم فیلمی بە ناوی (Days Of Being Wild/1990) پاشکۆ و دوو فیلمی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەمەش بە سێینەی وۆنگ كار وای ناسراوە.

فیلمی یەکەم: ڕۆژانی وەحشیبوون١٩٩٠

کارکردن لەسەر دووەم پڕۆژە کە فیلمی (ڕۆژانی وەحشیبوون) بوو بۆ (وۆنگ) سەختتر بوو، چونکە بڕیاری دابوو لە فیلمی تاوانکاری و بارزگانییەکانی دیکەی سەردەمی خۆی دوور بکەوێتەوە و ئەزموونەکانی تەمەنی منداڵی خۆی و بارودۆخی (چین) و (هۆنگ کۆنگ) و ساڵانی شەستەکان و دابڕانی لە خانەوادەکەی بهێنێتە نێو فیلمەکانییەوە، هەربۆیە ئەم دووەم فیلمە ژانەرێکی دیاریکراوی نییە و وەکوو فیلمەکانی دیکەی هەست ناکەی چیرۆکێکی زاڵ پلۆتی فیلمەکەی گرتبێتەوە، کەشی فیلمەکە تاریکی و خۆشەویستی یەکلایەنە و میوزیکی کەم لەخۆ دەگرێت، ئەمانەش وایانکرد داهاتێکی باش کۆنەکاتەوە و بەرهەم هێنانی پاشکۆی فیلمەکە بۆ ساڵانێك دوا بخات.

فیلمەکە چیرۆکی چەند کەسایەتییەکی جیاواز دەگێڕێتەوە،  تەکنیکی چیرۆکبێژی و کامێرای خێرای لەسەر جێبەجێ کرد، بە هاوکاری (کریستۆفەر دۆیڵ) دیمەنەکانی (هۆنگ کۆنگ)ی لە سینەماتۆگرافی فیلمەکەدا جێگە کردووە.

باس لە کوڕێکی گەنج دەکات بە ناوی (یودی) کە بەدوای خۆشبەختیدا وێڵە، لە تەمەنێکی کەمەوە دایکی ڕاستەقینەی دەستبەرداری دەبێت و زڕ دایکی دوای ساڵانێك ئەو نهێنییەی بۆ ئاشکرا دەکات بەبێ ئەوەی پێی بڵێت دایکە ڕاستەقینەکەی کێیە، دەکەوێتە گەڕان بە شوێن دایکیدا و ئەنجامی گەڕانەکەی پەشیمانییە.

(یودی) شکستی خۆشەویستی ڕابردووی وای لێکردووە بایەخ بە هەستی هیچ یەکێك لەو کچانە نەدات کە پەیوەندی لەگەڵدا دەبەستن، کوڕێکی دڵڕەقە و بۆ چەند ساتێك نەمانی ئازارەکانی لەگەڵ خانماندا کات بەسەر دەبات، سەرەتا لەگەڵ (لی ژین)دا کە لە یاریگایەکدا خواردن دەفرۆشێت و پاشانیش لەگەڵ (میمی) سەماکاردا و لەگەڵ هیچ کامێکیشیاندا بەردەوامی بە پەیوەندییەکە نادات، ئەمەش (لی ژین) نائومێد دەکات و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ لای باوانی، کە لەوێشەوە ڕێکەوتی ناسینی پۆلیسێك دەکات و هەمدیسان بۆ هیچ کامێکیان چیرۆکی خۆشەویستییەکە بەردەوام نابێت.

ئەگەرچی بەراورد بە فیلمەکانی دواتری، (ڕۆژانی وەحشیبوون) سەرکەوتنێکی کەمتری بەخۆوە بینی، بەڵام توانی لە (هۆنگ کۆنگ) پێنج خەڵات بباتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا سەرنجی باشی خرایە سەر و دەرهێنەرەکەی بە جەماوەر ناساند.

فیلمی دووەم: لە هەوای عەشقدا٢٠٠٠

پاش ١٠ ساڵ کارکردن لەسەر فیلمی (لە هەوای عەشقدا) لەکۆتاییدا ئەو فیلمەی لێ بەرهەم هات کە بە “کارە هونەرییە سەرو ئاسمانییەکەی وۆنگ” ناسراوە.

یەکێکە لەو کارانەی کە فیلمسازەکە زۆرترین سەختی لێ بینیووە، کاری سەخت و پڕۆژەی سەخت و ناوی هەمەجۆر و چەندین جار دووبارەکردنەوەی دیمەن و چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ تەواوبوونی فیلمەکە و چەندین چیرۆکی جیاواز و لەکۆتاییشدا شاکاری فیلمسازی خۆی لێ بەرهەم هێنا، سەرەڕای ئەوەی لە چەندین دیمانەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پاش ١٠ ساڵ کارکردن هێشتا پێی وایە فیلمەکەی بە ناتەواوی بەجێهێشتووە.

کاتێك لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی کاندا دەرفەتی نمایشکردنی پێ درابوو هێشتا فیلمەکە تەواو نەکرابوو و ئامادە نەبوو، لە سەرەتاشدا پڕۆژەی فیلمەکە سەبارەت بە سێ چیرۆك بوو لەبارەی خواردنەوە، ناوی فیلمەکەش (سێ چیرۆك دەربارەی خۆراك) بوو، بەڵام پاش فراوانترکردنی چیرۆکەکە و دەستکاریکردنی پڕۆژەکە ناوی فیلمەکەیان گۆڕی بۆ (نهێنییەکان)، لە فێستڤاڵی فیلمەکانی کاندا پێیان گوت کە زۆر فیلم بەو ناونیشانە هەن و پێویستە ناوێکی دیکەی بۆ دابنێن، هەربۆیە (لە هەوای عەشقدا)یان هەڵبژارد، ئەمەش پاش ئەوەی لەو کاتەدا گوێیان لە گۆرانییەکەی (برایان فێری) بە هەمان ناونیشان ڕادەگرت.

(لە هەوای عەشقدا) باس لە ساڵانی شەستەکانی (هۆنگ کۆنگ) دەکات، ئەو ساڵانەی فیلمسازەکە نۆستالجییەکی زۆری بۆیان هەیە و بارودۆخی خەڵکی (چین) و (هۆنگ کۆنگ)ی لەبەرچاو گرتووە.

چەشنی فیلمەکانی دیکەی بەکارهێنانی ڕەنگ و میوزیك و خواردن و گۆرانی سەرەکیترین کەرەستەی فیلمەکەیە، باڵادەستیی میوزیك لە لوتکەدایە، لێرەدا میوزیك لەجێی کاراکتەرەکان قسە دەکات، لەو شوێنانەدا کە پێویستە کاراکتەرەکان قسە بکەن، بەڵام نایکەن. ئەو کاتانەی پێویستە بڕۆن و دوور بکەونەوە، بەڵام ناڕۆن. میوزیك لە جێی ئەو ھەستانەیە کە ناکرێن بە وشە، لە جێی ئەو وشانەیە کە دەبڕینیان ھەستکردنە بە مردن، بە درێژایی فیلمەکە کاراکتەرەکان بە بێدەنگیی بەرامبەر یەکتری دادەنیشن، لە یەکتری دەڕوانن، بە تەنیشتی یەکتریدا تێدەپەڕن و ڕووبەڕووی یەکتری ڕادەوەستن، کۆڵێك قسە لە دڵ و دەرونیاندایە، بەڵام دەریاننابڕن و بە یەکتریی ناڵێن، ھەربۆیە میوزیك وەکو کاراکتەرێکی جێگیر لە جیاتی ئەوان قسە دەکات، شوێن دەگۆڕێت، کات دەگۆڕێت، کامێراکە لەسەر ڕووخساری کاراکتەرێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ڕووخساری کاراکتەرێکی تر، بەڵام میوزیكەکە ھەمان میوزیكە و بەردەوامە لە دەربڕینی ھەستی کاراکتەرەکان. لە ھەندێك شوێن و کاتدا نازانین لە نێوان کاراکتەرەکاندا چی دەگوزەرێت، فیلمسازەکە دیمەنەکەمان بۆ ناگوازێتەوە، نازانین چی دەڵێن و چی دەکەن، لێرەدا میوزەکەکە خۆی دەکات بە دیمەنەکەدا و لێمان دەبێت بە کەسی سێیەم.

فیلمی (لە ھەوای عەشقدا) سەرەڕای دۆخی بێدەنگی و ھێمنی و ڕۆمانسییانەکەی لەو فیلمانەیە کە ھەستێکی دووبارەنەبووەوەت پێ ئەزموون دەکات.

لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی (هۆنگ کۆنگ)ەوە خەڵکەکە سەرقاڵی ژیانی ڕۆتینی تاقەتپڕوکێنی خۆیانن و خەون بە ژیانێکی باشترەوە دەبینن، شەوان بۆ کڕینی پاستا و نوودڵس ڕوو لە فرۆشگەکان دەکەن و ئامێرە کارەباییەکان ژیانی داگیر کردوون، لەم کۆڵانانەدا دوو دراوسێ لە هەمان شەودا ماڵ بۆ باڵاخانەیەك دەگوازنەوە و ڕێکەوتێکی سەیر پێکەوە گرێیان دەدات، چیرۆکی ژن و پیاوێکە پاش ئەوەی بۆیان دەردەکەوێت ھاوسەرەکانیان خیانەتیان لێ دەکەن و ھاوسەری ژنەکە لەگەڵ ھاوژینی پیاوەکەدا پەیوەندی بەستووە، مێزێك ئەم دوو دراوسێیە پێکەوە کۆدەکاتەوە و ھەوڵ دەدەن بزانن کەی و چۆن و بۆچی ھاوسەرەکانیان ھەڵساون بەم خیانەتە، چەند جارێك یەکتری دەبینن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەوانیش عاشقی یەکتری دەبن، تاکە چارەسەریش ئەوەیە یان دەبێت ئەوانیش خیانەت بکەن، یانیش دەبێت جیاببنەوە.

فیلمی (لە ھەوای عەشقدا) چیرۆکی ئەو کەسانەیە کە بە بێدەنگیی کەسێکیان خۆشدەوێت و ئەو بێدەنگییە لە ناخەوە وێرانیان دەکات، ئەوانەی تەمەنێك بە خۆشەویستییەکی بێ ئەنجامەوە بەڕێ دەکەن، ئەو کەسانەی دەترسن پەیوەندییەکی پڕ لە تاوان ئەزموون بکەن، چیرۆکی ئەو ئافرەتانەیە کە خیانەتی ھاوسەرەکانیان دەبینن بەڵام بە ھۆی ترسان لە وشەی بێوەژن و لۆمە و قسەی کۆمەڵگا بێدەنگن و جیانابنەوە، ئەو کەسانەی لە پێناو ھاوسەنگیی ڕەوشتیی لە کۆمەڵگەدا ناچارن قوربانیی بە ھەستەکانیان بدەن و بکەونە نێو ئەو بۆشاییەوە کە ھیچ قەرەباڵغییەك پڕی ناکاتەوە.

فیلمی سێیەم ٢٠٤٦/٢٠٠٤

پاش ئەو ماوە زۆرەی (وۆنگ) لە بەرهەمهێنانی فیلمی (لە هەوای عەشقدا) پێیدا تێپەڕبوو، پڕۆژەی پاشکۆی فیلمەکە کە فیلمی (٢٠٤٦)بوو هەروەها فراوانکردنی چیرۆك و وێنەگرتنەکەی بە چوار ساڵ کۆتایی پێ هێنا، ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٩٩وە پڕۆژەکەی دەست پێکردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا بە لای فیلمسازەکەوە یەكێکی دیکەیە لەو کارانەی زەحمەتییەکی زۆری بەدەستییەوە بینیووە، تەنانەت هەتاکوو ڕۆژی نمایشی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی کاندا هێشتا سەرقاڵی مۆنتاژ و ئیدیتکردنی بوو.

بەگشتی بەراورد بە فیلمەکانی دیکەی لێرەدا کەشێکی ئیرۆتیكی بەسەر فیلمەکەدا زاڵە و لەگەڵ ئەوەشدا مۆرکە سینەماییەکانی فیلمسازەکە لە هەر لەحزەیەکدا دەبینرێت.

تاریکایی شەو دڵی فیلمەکەیە و ڕوخسارەکان هەمان کاراکتەرەکانی پێشوو و تەکنیکەکان هەمان تەکنیك و چیرۆکەکان هەمان چیرۆکن.

پوچێتی ژیان و قەرەباڵغی باڕ و مەیخانەکان و شکستەکانی خۆشەویستی و تەنیایی کەسایەتییەکان، ڕووناکییە نیۆنی و میوزیك و تێکستەکان و کاراکتەرە تاوانبارە سەرلێشێواوەکان ستایڵی هەمیشەیی فیلمسازەکە و پلۆتی سەرەکی فیلمەکانین.

فیلمەکە لە چەند شارێکی جیاوازدا وێنەی گیرا و (تۆنی لیونگ) لەم فیلمەدا درێژە بە ڕۆڵەکەی لە فیلمی (لە هەوای عەشقدا) دەدات.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە (چاو مۆ وان) دەکات، کە پاش گەشتکردنی بۆ میوانخانەیەك و بەڕێکەوت بینینی ژمارە ٢٠٤٦ لەسەر دەرگای ژوورێك دەست دەکات بە نووسینی ڕۆمانێكی زانستی خەیاڵی بە هەمان ناوی (٢٠٤٦)، ڕۆمانەکە باس لە داهاتوو دەکات و نووسینی بەندە بە باسکردنی ڕابردووەوە، باس لە ساڵانێك دەکات کە تێیدا خەڵك بۆ هەڵڕشتنی خەم و باسکردنی یادەوەرییەکانیان بە کاتدا گەشت بۆ داهاتوو دەکەن بەڵام کەسیان ناگەڕێنەوە.

(سو لی زین)، (لولو)، (جینگ) و (بای لینگ)، ئەو چوار کاراکتەرەن بە چوار چیرۆکی خۆشەویستییەوە لە پاڵ (چاو مۆ وان)دا دێنە بەر لێنزی کامێراکە، هەر یەکەیان وێڵی کەمێك خۆشەویستی و نائومێد لە پیاوان و گیرۆدە بە پوچێتی ژیانن.

چیرۆکی یەکەم، لەنێوان (چاو مۆ وان) و (وانگ جینگ)دایە، کە کچی بەڕێوەبەرەکەیە و لەگەڵ کوڕێکی ژاپۆنیدا لە خۆشەویستیدان کە باوکی بەم پەیوەندییە قایل نییە. چیرۆکی دووەم لەنێوان (چاو مۆ وان) و (بای لینگ) ئەو خانمەدایە کە لە ژووری ٢٠٤٦دا نیشتەجێ دەبێت، سێیەمیان یادەوەری لەگەڵ (سو لی زین)ی کۆنەیار و چوارەمیشیان لە ڕۆمانەکەیدا ڕووەدەدات.

تەکنیکی چیرۆکبێژی و باڵادەستی مۆسیقا زاڵترین کەرەستەی فیلمەکەیە و هاوسەنگی سادەیی و دووبارەیی چیرۆکەکانی ڕاگرتووە، سەرەڕای سەرنەکەوتنی لە بۆکس ئۆفیسدا هێشتا لە لایەن جەماوەری فیلمسازەکە و بینەرانی سینەما و ڕەخنەگرانیشەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و بە شاکاری فیلمەکانی دادەنرێت.

هاوبەشی بکە