دیدی من – دانا ڕەئووف
لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٠٠ەکانەوە هونەری شانۆ بە چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدا دەڕوات، بۆ نموونە ئەو مۆدێلە داب و نەریتگەراییەی لەسەر دەق و گێڕانەوە و گەشەی سایکۆلۆژی کارەکتەر بنیات نرابوو، ڕۆڵە ڕاستەوخۆ و ناوەندییەکەی خۆی لە دەست دەدات و چەمکێکی تر جێگای دەگرێتەوە. کۆمەڵێک دەرهێنەر و هونەرمەند جۆرێکی تر لە نمایشیان خوڵقاند، کە لەسەر بنەما درامییە باوەکان بونیاد نهنرا بوو، بەڵکوو لە جەستە و دەنگ و وێنە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاوە سەرچاوەیان وەرگرتبوو. ئەم تەکنیکەش بە “شانۆی پۆست دراما، یان پۆستدراماتیک” ناوزەد کرا. ڕەخنەگر و پسپۆری بوارە تیۆرییەکانی شانۆ هانس-تیس لێمان ١٩٤٤-٢٠٢٢، کە هاوکات پرۆفیسۆر بوو لە زانکۆی گۆتە لە فرانکفۆرت، لە ساڵی ١٩٩٩دا کتێبە گرینگەکەی بەناوی شانۆی پۆست – دراما بڵاو دەکاتەوە، کە ڕۆڵێکی لەبەرچاو و پڕ بەهای لە گەشەکردنی توخمی پۆست – دراما دا گێڕاوە و کتێبەکەی وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا. ئەم کتێبە چوارچێوەیەکی تێورییە بۆ ڕاڤە و لێکۆڵینەوەی ئەو فۆرمە هونەرییەی، کە چیتر گێڕانەوە باوەکانی دراما، ناوەندی کار و پڕۆژە هونەرییەکان نین.
تیس لێمان لەم کتێبەیدا، تیشکی سەرنج و لێکۆڵینەوەکەی دەخاتە سەر بەرەوپێشچوونی ڕەوتی شانۆ، لەم ڕووەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هونەری شانۆ، لە ناوەڕاستی ١٩٠٠کانەوە بە ئاڕاستەیەکی تر و جیاواز کاری کردووە؛ بەتایبەتیش لە ساڵی ١٩٦٠ تا ساڵی ١٩٧٠. ئەم ئاڕاستەیە خۆی لە دوورکەوتنەوە لە داب و نەریتە باوەکەی مێژووی هەزار ساڵەی درامای جیهانیدا، کە تێکست و گێڕانەوە ڕاستەخۆ و زنجیرەییەکە لە چەقدا بوون، نەماوە. لێمان ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە کۆمەڵێک شانۆکار، لە بوارە کردەیی و پراکتیکییەکەدا ئەم فۆرمە نەریتخوازەیان تێک شکاندووە، لەبری ئەوە فۆرم و تەکنیکێکی پۆست – دراما، یان پۆستدراماتیک-یان خوڵقاندووە بۆ دید و بەرهمهێنانی هونەری شانۆ.
لێمان پێناسەی ستایلێکی ترمان بۆ ناکات و بۆچوونەکانیشی دوا سیستێمێکی ئێستاتیکی نییە، بەڵکوو لێکۆڵینەوەیەکە لە گۆڕانێکی بنەڕەتی، جۆرێک لە “پارادایمی” لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، تا لەوە بگەین، کە شانۆ چۆن بنەما گرینگەکانی خۆی گۆڕیووە و چیتر لە بنچینە دراماییە تەقلیدییەکاندا ناسوڕێتەوە و دەق بنەما ڕاستەوخۆکەی نمایشێکی شانۆیی نییە و ڕۆڵی ناوەندی خۆی لە دەست دەدات؛ لەبری ئەوە ڕووداوە شانۆییەکە (چیرۆکەکە) دەبێتە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی شتێکی تر. ئەم پەراوێز خستنەی دەق و داب و نەریتە بنەڕەتییەکانی شانۆ ڕێگا بۆ دراماتۆرگییەکی تر دەکاتەوە، هاوکات تیس لێمان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە خودی دراما لەناو ناچێت و دەمێنێت، بەڵام وەک لەوەوبەر لە چەقی پرۆسە شانۆییەکەدا نابێت. پۆست – دراما دەرگای شانۆ بەڕووی هونەری پێرفۆرمێنس، جەستە، وێنە، دەنگ، جووڵە، ڤیدیۆ، مۆنتاژ، تەکنەلۆژیا، دیدە وێنەییەکان و کولتوورە میدیاییە نوێیەکاندا دەکاتەوە. سیستێمە دیگیتاڵییە چڕە نوێیەکان ڕۆڵێکی گەورە و لەبەرچاو دەگێڕن لە تێکەڵاوکردنی جەستەی ئەکتەر و ئامادەیی و بەشداری پێکردنی بینەران، بە شێوەیەکی هۆشیارانەتر لە بنەمایەکی تەکنەلۆژی دا.
سەر تەختەی شانۆ دەبێتە ڕووداوێکی فرهڕهههند، ئەمەیش دراماتۆرگییەکی دیگیتاڵی، جیاواز و دوور لە بنیاده ڕاستەهێڵەکەی گێڕانەوەکەدا دروست دەکات، نەک ژینگەیەکی لۆژیکی. دەقیش لێرەدا، تەنیا ئامڕازێکە لەنێو هەموو ئەو ئامڕازانەی تردا، کە دەبێتە شتێکی تر؛ تێک دەشکێنرێت یان تەواو ڕۆڵی نامێنێت. یەکێک لە پرنسیپە گرینگەکانی پۆست – دراما هونەری کۆلاژ و ئێستاتیکایەکی کراوەیە، کە گێڕانەوە لۆژیکییەکە و بنەما سایکۆلۆژی و وەهمی کارەکتەر وەلاوە دەنێت.
پۆست ـ دراما پێچهوانهی شێوازهکهی ئهڕهستۆ کار دهکات. لای ئهڕهستۆ ڕووداو، ههروهها گێڕانهوهی ڕاستههێڵئاسا، واته ڕیزبهندیی دهستپێك و ناوهڕاست و کۆتایی، گرنگن. ڕووداوهکان له ڕێگهی کارهکتهرهکانهوه بهڕێوه دهچن و کارهکتهرهکانیش دیوه سایکۆڵۆژییهکهیان تیادا بهرجهسته دهبێت، ههر لهم ڕێگهیهوهش کاریگهرێتییان بهسهر بینەرانەوە دهبێت. شانۆی پۆست ـ دراما ئهم شێوازه ههڵدهوهشێنێتهوه دەق ناوەند نییە و تەنیا بەشێکە، یان توخمێکە لەنێو توخمەکانی تردا؛ زمانیش ئەو ڕۆڵەی نامێنێت و لەنێو ئامڕازە پێرفۆرمێنسییەکاندا تێکەڵاو دەبێت. کارەکتەر چیتر بنەما سیکۆلۆژییەکەی لە بەرجەستەکردندا نامێنێت، بەڵکوو زیاتر لە فۆرمێکی پێرفۆرمێنسدا، کە لە کاتی “ئێستا”دا بەرجەستە دەبێت، کار دەکات. بنەما هزرییهکان تەواو لاواز دەکرێن و لەبری ئەوە ئامادەیی و بەکارهێنانی جەستە دەبنە ئامڕازە ڕاستەوخۆکانی دەربڕین.
لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی بینەرانیش تەواو گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دیواری چوارەم نامێنێت و زۆرجار سنووری نێوان شانۆ و بینەران بەتەواوی لادەبرێت. بینەر لە بینەرێکی پاسیڤەوە دەبێتە بینەرێکی ئەکتیڤ و بەشدار بوویەکی چالاک لە دروستکرنی مانا و ڕووداوەکاندا، کە ئەمەیش ڕێگا بۆ کردنەوەی خوێندنەوەیەکی زیاتر ئەکتیڤ دەکاتەوە. بینەر لەم پۆست درامایەدا لە رەوشێکی نائارامدا دەهێڵرێتەوە، هاوکات کراوە بۆ بەشدارییەکی هۆشمەندانە. لەم ڕوانگەیەوە مانا لە ئامادەیی و خودی ڕووبەڕووبوونەوەی بینەرانەوە دەخوڵقێت، نەک لە دراماکەدا.
شانۆی پۆست – دراما دەکرێت ڕۆڵێکی سیاسیش بگێڕێت و سیاسیی بێت، بەڵام بە شێوەیەکی تەواو پێچەوانە و جیاوازەوە، لێرەدا پەیام و ڕەهەندە سیاسییەکان لەنێو خودی چیرۆک و گێڕانەوە و ڕووداوەکاندا دەرناکەوێت و ئەو ڕۆڵە ڕاستەوخۆیە ناگێڕێت. فۆرم و گێڕانەوە ڕاستەهێڵییەکە، وەک لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، تێک دەشکێنرێت، ئەڵتەرناتیڤێکی تر جێگای دەگرێتەوە، کە لەسەر بنەمای هەستیاری کۆمەڵایەتی و ئێستاتیکایەکی هێدمەئامێز بنیاتنراوە. ڕەهەندە سیاسییەکە لەناو چەمکە کردەییەکەی شانۆدا کار دەکات، نەک چ پەیامێکی هەیە و چی دەگێڕێتەوە؛ ئەمەش لەنێو لایەنە تەکنیکی و فۆرمە پۆست – دراماتیکییەکەیدا جێگای دەکرێتەوە.
لێمان لەم تێزە پۆست – درامایەدا بۆ شانۆ و دراما باسی ئەکتەریش دەکات؛ ئەکتەر لە پێگە بەهێزەکەی خۆیدا ناهێڵێتەوە و لە بەرجەستەکردنێکی سیکۆلۆژییەوە، لە فۆرم و تەکنیکێکی پێرفۆرمێنسدا خۆی دەبینێتەوە. جەستە چیتر هەڵگری ئەو وەهم و ئەندێشەیە نییە، کە شانۆی داب و نەریت بە درێژایی هەزاران ساڵ بۆی ئامادە کردووە، جەستە لەم پانتاییە پۆست – دراماییەدا دەبێتە دیاردەیەکی مادی، کە تێکەڵاوی ژوور، دەنگ، بابەت و بینەر دەبێت. ئەمەش بێگومان دەبێتە گۆڕانی ڕۆڵی بینەریش. دەکرێت بڵێن، ئەوەی لێمان لەم پۆست – درامایەدا تیۆریزەی بۆ کردووە، تێگەیشتنی شانۆیە لەدەرەوەی فۆرم و تەکنیکە باوەکەوە بۆ شانۆیەک، کە لە فۆرمێکی پێرفۆرمێنسدا، نەک فۆرمێکی گێڕانەوەی تەقلیدی، دەردەکەوێت.
چەندین ناوی گرینگ هەن لە شانۆکانی ئەوروپادا، کە لەسەر بنەماکانی شانۆیەکی پۆست – دراما کاریان کردووە و لە ڕەوتە نەریتگەراییەکەی شانۆ لایان داوە و شانۆیەکی گشتگری پۆست – درامایان خوڵقاندووە، بۆ نموونە فرانک کاسترۆف لە ئەڵمانیا، ڕۆبێرت ویڵسۆن لە ئەمەریکا و گروپی Forced Entertainment(چێژی خۆسهپێن) لە بەریتانیا. کاسترۆف کاری لەسەر کۆلاژی دەق دەکرد، دەقەکانی لە چەندین شوێنەوە کۆدەکردەوە و پێکییەوە دەبەستنەوە، بۆ نموونە ڕۆمانەکانی دستۆیڤسکی، هنری میولەر و سیناریۆی فیلم، کە لەگەڵ تەکنیکی ڕاگوزاری و لایڤی ڤیدیۆ تێکەڵاوی دەکردن. هاوکات دیمەنی ڕاستەوخۆ، کە بە گرتە ڤیدیۆی لایڤ بنەمای نەمایشەکانی بەهێز دەکرد. دەق لای کاسترۆف لە ململانێکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئامڕازەکانی تر، کە بە هەموو شێوەیەک لە هەموو شوێنێکەوە دەیخستنە ناو نمایشەکانییەوە. ئەو ئێستاتیکایەی کاسترۆف-ی پێ دهناسرایهوه، هەراوزەنایەک لەنێو دیمەنی زۆر کورت و هەندێک جار سنوور بەزاندنی کات و شوێن، کە زیاتر لە بۆچوونەکانی لێماندا، مۆنتاژ و هەڵوەشاندنی دەقدا بەرجەستە دەبوو. کارەکتەرەکانی کاسترۆف زیاتر لە جەستەیەکی پڕ لە وزەدا خۆیان دەبینییەوە، نەک کارەکتەری سایکۆلۆژی. هەندێک جار نمایشەکانی کاسترۆف، لەنێو ئەو هەراوزەنا و گرتەی ڤیدیۆیی و لایڤ و پەخشی ڕاستەوخۆدا، شەش بۆ حەوت سەعات درێژ دەبوونەوە. دەکرێت بڵێن لایڤی ڕاستەوخۆ یەکێکە لە تەکنیک و ئامڕازە سەرەکییەکانی کاسترۆف، کامێرا چاودێری ئەکتەرەکان دەکات و تەنانەت لە دەرەوەی پانتایی شانۆشەوە بە دوایانەوەیە، هەندێک جار زۆر نزیک و ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت.
بە شێوەیەکی گشتی نمایشەکانی کاسترۆف ڕەوتێکی چڕی فیزیکی لە خۆ دەگرێت، ئەکتەرەکان ڕادەکەن، بەسەر دیوارەکاندا هەڵدەگەڕێن، دەقیژێنن، دەچنە ناو کامێراکانەوە، بەوشێوەیە جەستەی ئەکتەر دەبێتە ئامڕازێکی پڕ لە وزە. لەم ڕوەوە کاسترۆف بینەرەکانی ناچار دەکات، چ بەشێک زیاتر لەبەشەکانی تری نمایشەکە هەڵبژێرن.
بە پێچەوانەی کاسترۆف-ەوە، ڕۆبێرت ویڵسۆن لایەنێکی تری پۆست – دراما دەخاتە ڕوو؛ دروستکردنی وێنەی ئێستاتیکی ئەبستراکت لەسەر ئاستێکی بەرز، لەم ئێستاتیکایەدا، بەکارهێنانێکی جیاواز و ئەفسوونی هونەری ڕووناکی ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕیت، بەکارهێنانی ڕووناکی بۆ ویڵسۆن دراماتۆرگییە سەرەکییەکەی نمایشە. جەستەی ئەکتەر دەبێتە پەیکەرێکی ڕیتمی پلاستیکی و ستراکتورێکی ڕیتمائاسا، بە شێوەیەکی زۆر ورد تەرازوی دیمەنەکان ڕادەگرێت. نواندن لەنێو ئێستاتیکای پێرفۆرمێنس کار دەکات، نەک بەرجەستەکردنێکی سایکۆلۆژی ڕۆڵ. دەق بۆ ویڵسۆن لەبری گێڕانەوەیەکی لۆژیکی چیرۆکەکە بێت، دەبێتە ئامڕازێک بۆ خوڵقاندنی دەنگ، بە هەموو چەشنەکانییەوە. زمان لای ویڵسۆن دەبێتە مۆسیقا و ڕیتم و تەواو ڕۆڵی خۆی، وەک ئامڕازی پەیوەندی لە دەست دەدات و فۆرمێکی ئەبستراکت جێگای چیرۆک و گێڕانەوە دەگرێتەوە؛ ڕووداوەکان دەبنە کۆمەڵێک دیمەنی وێنەیی، ئامادەیی بینەرانیش، بە پێچەوانەی شانۆی نەریتگەراییەوە، لە پەراوێزەوە دهچنه ناوەندەوە.
کارەکانی ویڵسۆن وێنای ئەوەمان بۆ دەکات، کە چۆن پۆست – دراما تەکنەلۆژیا وەک سیستێمێکی ئێستاتیکی، نەک دیکۆر بەکاردەهێنێت. لێمان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە “دەق تەواو دادەماڵڕێت و تێکەڵاوی توخمەکانی نمایش، لە ڕووناکی، جووڵە دەنگ و وێنە دەبێت.” ئەمەیش تەواو لای ویڵسۆن بەرجەستە دەبێت.
گروپی Forced Entertainment کار لەسەر چەمکی دژە-وەهم دەکەن، دووبارهبوونهوه و کاتی “ئێستا” بنەمای نمایشەکانیانە. ئەکتەر لە “ئێستا”دا، بێ هیچ چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ڕۆڵ و کارەکتەرەوە دەژی و هیچ شتێک پەیوەندی بە ڕابردوو یان ئایندەوە نییە و لەسەر سیستێمێکی بە کۆمەڵ “کۆلێکتیڤ” کار دەکەن. جەستەی ئەکتەر تەنیا ئامڕازێکە بۆ ڕەوشە ساتەوەختییەکە، کە لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بینەر و ئەکتەرەکانی تردا. دیدە پێرفۆرمێنسەکەیان زۆر ڕادیکاڵە و هەموو سنوورە نەریتگەراییەکان دەبەزێنن. هەندێک لە پڕۆژەکانیان لەسەر بنەمای ڕاگوزەری، بێ کارکردن لەسەر کارەکتەر، پێشکەش دەکەن. مینیمالیزم یەکێکی ترە لە شێوازی کارەکانیان و بە پێی دیدی لێمان دراماتۆرگییەکی پێرفۆرمێنسی پەیڕەو دەکەن. لە کار و پڕۆژەکانی ئەم گروپەدا، بینەر ڕۆڵێکی گرینگی هەیە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگای ههلومهرجهکانی نمایشەکەوە، بەشدارن و ڕۆڵێکی کارا دەبینن لە خوڵقاندنی نمایشەکەدا.
خاڵێکی گرینگی هاوبەش لە کارەکانی ئەم سێ شانۆیەدا، ئەوەیە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وەک کاریگەرییەک، بەکارناهێنرێت، بەڵکوو هێزێکی دراماتۆرگییە و ڕەوتی نمایشەکان لەنێو ئەو چوارچێوە بزۆزەدا ڕێک دەخات. ئەم دراماتۆرگییەش یارمەتی بینەر دەدات ڕۆڵی ئەکتیڤی خۆی ببینێت. لێمان ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە بینەر لە شانۆی پۆست – درامادا دەبێتە کەسێکی چالاکی بەرهەمهێنەر، لەبەر ئەوەی نمایشەکە چیرۆکێکمان بە پێی بنەما نەریتخوازییەکانەوە بۆ ناگێڕێتەوە.
ویڵسۆن لە ڕێگای هەست پێکردنەوە دیدە سیاسییەکەی دەخاتە ڕوو، کاسترۆف لە ڕێگای هەراوزەنایەکی چڕەوە، بەڵام گروپی Forced Entertainment دیدە سیاسییەکەیان لە ڕەوش و پەیوەندییەکاندا بەرجەستە دەکەن.
تیۆرەکەی لێمان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن شانۆ خۆی لە پرنسیپەکانی هونەری دراما ئازاد کردووە، لە هەمان کاتدا بە چەندین نموونە ئەوەشمان پێشان دەدات، کە پۆست – دراما چەمکێکی یەکگرتوو نییە، بەڵکوو فۆرمێکی هەمەلایەنییە: لە ئێستاتیکا ئەبستراکتەکەی ویڵسۆنەوە بۆ شڵەژانە شارستانیەتییە پڕ لە هەراوزەناکەی کاسترۆفەوە بۆ ئەزموونە کاتییە ڕاستەوخۆکەی گروپی Forced Entertainmentەوە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێت و فۆرم و ئێستاتیکای جیاواز لە خۆ دەگرن.
تیۆرییە پۆست – دراماکەی لێمان ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، بە تایبەتی لەو ڕووەوەی کە زۆر فراوانە، بەڵام وەک چەمکێکی شیکاری و لێکۆڵینەوە بۆ تێگەیشتن لە چۆن لە دەق، جەستە و ڕۆڵی بینەر لە شانۆی هاوچەرخدا دەگەین، تیۆرێکی بێ وێنەیە. ئەم کتێبە ئەو دەروازەیەی بۆ کردینەوە، کە چۆن گفتوگۆیەکی چڕ و جیاواز لەسەر شانۆیەکی نوێ بکەین و چۆن ئامڕازەکانی ڕێک بخەینەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.