دیدی من – چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت
پاش بەرهەمهێنانی سەرەتاییترین فیلمەکانی و بەتایبەتی پاش ئەو سەرکەوتنەی لەگەڵ فیلمی (شەمەندەفەری نادیار/١٩٨٩)دا بەدەستیهێنا، ئیدی بینەران بەتەواویی شارەزای سینەمای (جارمووش) بوون و فیلمسازەکە بەردەوام بوو لە درووستکردنی فیلم و سیناریۆ سەیرەکانی لەسەر هەمان ڕێچکەی فیلمسازیی خۆی، بە دیمەنی جیاواز و پچڕ پچڕ و کورتە دیمەن و بەبێ پلۆتێکی سەرەکی و پڕ لە کۆمیدیای بێ هەست و کۆمیدیای ڕەش، جارێك فیلمێکی ڕەش و سپی و جارێك فیلمێکی ڕەنگاوڕەنگ و تاڕادەیەك کەشی فیلمەکانی هەمان شتن بەڵام بە چیرۆك و لۆکەیشنی جیاوازەوە، نواندنکارەکان لە ژیان و گیانی خۆیان بێزارن و هەندێکجار کاراکتەرەکان تەنانەت ناویشیان نییە، کەسانی نامۆن و پێدەچێت لە شەودا زیاتر خۆیان بن، وەکچۆن بەشێکی زۆری فیلم و چیرۆکەکانی لە شەودا ڕوودەدەن و چارەنووسیان بۆ بینەر ڕوون نییە، وەکوو پیشەی هەمیشەیی فیلمسازەکە ئەمریکا لە چاوی کۆچبەرانەوە پیشاندەدات، لە ساڵانی هەشتاکاندا هەر بەو ڕیتمە فیلمەکانی بەرهەم دەهێنا، بەڵام بە بوودجەی زەبەلاح و لەگەڵ نواندنکارە ناودارەکاندا، تا ڕادەیەك بینەر دەیتوانی ژانەری فیلمەکانی جیابکاتەوە و ئیدی وردە وردە فیلمەکانی دەچوونە کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتە جیاجیاکانەوە.
“شەو لەسەر هەسارەی زەوی/١٩٩١” فیلمێکی درامی کۆمیدییە، پێنجەم فیلمی ماوە درێژی (جیم جارمووشە) کە لە ماوەی تەنیا هەشت ڕۆژدا سیناریۆی فیلمەکەی نووسیووە، پێنج چیرۆکی جیاوازی پێنج شۆفێری تاکسی جیاواز و سەرنشینەکانیانە لە پێنج شاری جیاوازدا، ماوەی هەر چیرۆکێك نزیکەی ٢٥ خوولەکە و لە یەك شەوی زستان و لەنێوان دەستپێکی شەو تا بەرەبەیاندا ڕوودەدەن. گفتوگۆکان سادەن و چیرۆکەکان لە دەوری بابەتەکانی خۆشەویستی، گرنگی خێزان، ژیان و مردن، تەماح و هەوڵدان، ڕەگەزپەرستیدا دەسوڕێنەوە و هەر دیمەنێك وانەیەکی تێدایە کە لەڕاستیدا وانەیەکی گرنگ نین و هیچ شتێکی ئەوتۆی بەهادارمان دەست ناکەوێت و هەندێکجاریش نازانین مەبەستی فیلمسازەکە لە دیمەنێکی وەها چییە و دەیەوێت چی بە بینەر بڵێت.
دەستپێکی هەر دیمەنێكیش بە پیشاندانی لۆکەیشنی چیرۆکەکە دەستپێدەکات لەسەر نەخشەی زەوی و بەدوایدا پیشاندانی کاتی ڕوودانی چیرۆکەکە لەڕێگەی پێنج کاتژمێری هەڵواسراو بە دیوارێکدا. هەر دەستپێکێکیش شەقامە خامۆش و چۆڵەکانی شارەکان پیشاندەدات لەژێر تیشکی مانگە شەودا.
سەرجەم دیمەنەکان لەنێو تاکسییەکاندا ڕوودەدەن، بەڵام لە پێنج شوێنی جیاوازدا کە لەڕاستیدا لۆکەیشنە جیاوازەکان هیچ شتێك بۆ فیلمەکە زیاد ناکەن و گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە جگە لەوەی لەم ڕێگەیەوە فیلمسازەکە بیەوێت بە بینەر بڵێت، ئەگەرچی تاکسی تەنیا ماشێنێکی بچووکە بەڵام دەکرێت پانتاییەکی گەورەی بەریەککەوتنی چەندین چیرۆك و جیهانی جیاواز بێت، هەمووکەس چیرۆکێکی هەیە، تۆ لەمسەری دنیا و کەسێکی تر لەوسەری دنیا، دەکرێت هەمان کێشەتان هەبێت و دەشکرێت چیرۆك و کێشەی یەکێکتان لە ئەوی دیکەتان خراپتر بێت.
دیمەنی یەکەم، لۆس ئەنجەلۆس، کاتژمێر 07:07ی شەو:-
پاش ئەوەی دوو سەرنشینی بێزارکەر لە فڕۆکەخانە دادەگرێت، (کۆرکی) خانمە شۆفێرێکی پرۆلیتار تووشی دەبێت بە (ڤیکتۆریا سنیڵین)ەوە، خانمێکی ئەرستۆکرات کە بریکاری کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانە و پێشنیاری بۆ دەکات بیگەیەنێت بەو شوێنەی مەبەستیەتی.
لەڕێگە و بەهۆی هەڵسوکەوت و گفتوگۆکانیانەوە جیاوازی چینی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری و تێڕوانینیان بۆ ژیان دەردەکەوێت، بەهۆی کێشەکانی کارەکەیەوە (ڤیکتۆریا) لە گیانی خۆی بێزارە و لەملاشەوە خانمە شۆفێرەکە بەهۆی خۆشەویستی بۆ کارەکەی و خەونەکەی فشقیاتی بە دنیا دێت، دیمەنی ئیستاتیکی جگەرە و بنێشتەکەی و تێڕوانینی بۆ ژیان سەرنجی خانمە بریکارەکە ڕادەکێشێت بەجۆرێك کە پێشنیاری بۆ دەکات واز لە شۆفێری بهێنێت و بێتە نێو دنیای نواندن و ناوبانگ و دەوڵەمەندییەوە، بەڵام (کۆرکی) زۆر بەسادەیی پێشنیارەکەی ڕەت دەکاتەوە و پێی دەڵێت خەریکی پارەکۆکردنەوەیە هەتاکوو خەونەکەی بەدی بهێنێت و وەکوو براکانی ببێت بە فیتەر.
لە گفتۆگۆ سادەکانیانەوە فیلمسازەکە وانەی تەماح و هەوڵ و تێکۆشانی ڕاستەقینە دەخاتەڕوو، هەروەها دەیەوێت بڵێت مەرج نییە پارە و ناوبانگ دڵخۆشی بهێنێت و هەندێکجار دڵخۆشی و ئاسوودەیی لە شتە بچووکەکاندایە، کە لەڕاستیدا بۆ هەندێك کەس زۆر و گەورەن.
دیمەنی دووەم، نیویۆرك، کاتژمێر 10:07ی شەو:-
(هێڵموت) کۆچبەرێکی ئەڵمانییە، تازە مۆڵەتی شۆفێری وەرگرتووە، هیچ لە کلتوری ئەمریکییەکان نازانێت و ناشزانێت ماشێنە گێڕ ئۆتۆماتیکەکەی لێبخوڕێت، شارەزای هیچ شوێنێك نییە و لە شەقامەکانی نیویۆرکدا ون بووە، دەیەوێت بەرەو وێستگەی تەکسییەکانی بڕۆکلین بڕوات، هاودەمی ڕێگەکەی (یۆیۆ)یە، کە پاش دەستڕاگرتن لە چەندین تاکسی تووشی دەبێت بە (هێڵموت)ەوە، کابرایەکی پڕ وزە و کەیفخۆشە و کاتێکیش دەزانێت شۆفێرەکە شتێکی ئەوتۆ لە شۆفێری و جوگرافیای شارەکە نازانێت هەر بۆ کەیفی خۆی پێشنیاری بۆ دەکات خۆی ببێت بە شۆفێر و کاکی شۆفێریش لە سەکن لێی دابنیشێت، لەڕێگە گفتوگۆکانیان سەبارەت بە شەوانی نیویۆرك و لادان لە کلتوری ئەمریکییەکان و واتای ناوەکانیان و کڵاوە هاوشێوەکانیان ناوبڕێکی تێدەکەوێت کاتێك (یۆیۆ) براژنە قسەڕەق و زماندرێژەکەی دەبینێت بەو نزیك لە نیوەشەوە بە تاقی تەنیا بە شەقامەکانی (مانهاتن)دا دەسوڕێتەوە، بە بۆڵەبۆڵ دەیخاتە نێو تەکسییەکەوە و لەبەردەم شۆفێرە بێگانەکەدا درێژە بە شەڕەقسە و دەمەقاڵێکانیان دەدەن، ئەگەرچی (هێڵموت) پێشتر لە سێرکدا کاری کردووە بەڵام پێدەچێت بە هیچ کارێکی سێرك هێندەی شەڕەقسەی ئەو دووانە بزە و شاگەشکە نەیگرتبێت، جگە لەوەی بەدرێژایی ڕێگەکە جوانی خانمەکە دڵی دەبات.
زۆر بەسادەیی لەم دیمەنەدا جارێکی دیکە فیلمسازەکە ئەمریکا لە چاوی کۆچبەرانەوە پیشان دەدات و گرنگی خێزان بۆ بینەر دەخاتەڕوو.
دیمەنی سێیەم، پاریس، کاتژمێر 4:07ی کۆچاری:-
دوور لە تاوەری ئیفڵ، کۆچبەرێکی ئەفریقی میزاجیی دوو پیاوی سیاسەتمەداری مەست سەردەخات کە بە نوکتە و قسەی ڕەگەزپەرستانەوە گاڵتە بە شۆفێرەکە دەکەن، بەڵام هەر زوو بەهۆی ئەم ڕەفتارە نەشیاوانەوە دایاندەگرێت و ژنێکی فەڕەنساوی نابینا بەڵام زەین ڕۆشن هەڵدەگرێت.
بەهۆی گفتوگۆی قووڵ و پڕ لە هەست و سۆز و تا ڕادەیەکیش بەزەییهێنەوە دەکرێت بڵێین جوانترین بەشی فیلمەکە ئەم دیمەنەیە.
شۆفێرەکە سەرەڕای لەشساغی و هەر شتێك کە هەیەتی هێشتا توڕە و ناڕازییە، ماندووە لە ژیان و هەر بۆڵەبۆڵ دەکات، ژیان و گوزەرانی خۆی بە کەسانی سەر بە چینی کۆمەڵایەتی سەرووتر لە خۆی بەراورد دەکات.
بە پێچەوانەی دوو سیاسەتمەدارەکەوە، ڕەنگی پێستی مرۆڤەکان هیچ گرنگییەکی بۆ خانمە نابیناکە نییە و ئەوەش ئاوێك بەدڵی شۆفێرەکەدا دەکات، خانمەکە سەرەڕای نابیناییەکەی هێشتا ڕازییە و دەتوانێت چێژ لە ژیان ببینێت، فێڵی لێ ناکرێت و کاروبارەکانی خۆی بەڕێوە دەبات و خۆشەویستی ڕاستەقینە دەبەخشێت و تەنانەت لە سێکسیشدا ڕاستگۆیە. هەربۆیە شۆفێرەکە زۆر پێی کاریگەر دەبێت و لەو شەوەدا گرنگترین وانەکانی ژیان لە سەرنشینە نابیناکەیەوە فێردەبێت.
شۆفێرەکە سەبارەت بە ڕەنگ و چۆنێتی ناسینەوەی خەڵك و سێکسکردن پرسیاری لێ دەکات بەڵام خانمە نابیناکە دڵنیای دەکاتەوە کە بۆ بینینی مرۆڤەکان و شتەکانی دەوروبەری پێویستی بە چاو نییە بەڵکو لەڕێی دەنگ و هەست و وزەوە هەموو شتێك دەناسێتەوە و بە قووڵی هەستیان پێ دەکات، بە پێچەوانەی مرۆڤە چاوساغەکانەوە کە بڕیاردانیان لەڕێی ڕواڵەتەوە تەواو کوێری کردوون.
لە سەرەتادا شۆفێرەکە بەدەست “ڕەگەزپەرستی”یەوە دەناڵێنێت بەڵام خانمە نابیناکە هێندە متمانەی بەخۆیەتی و هێندە بەهێزە کە ڕێگە نادات کەس وەکوو قوربانی سەیری بکات.
لە کۆتاییشدا شۆفێرەکە هێندە بە کەسایەتی و دنیابینی خانمەکە کاریگەر بووە کە دوای بەجێهێشتنی خانمە نابیناکە تووشی ڕووداوی پێکدادان دەبێت لەکاتێکدا خانمەکەش بەوپەڕی متمانەوە بۆ خۆی بە تەنیشت ڕووبارەکانی پاریسدا پیاسە دەکات، ئەو ئارامە بەڵام ئارامی شۆفێرەکەی تێکدا و ئەو پرسیارەت لا درووست دەبێت ئاخۆ کامیان جێی بەزەیین؟!
لێرەوە فیلمسازەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە مەرج نییە بۆ بینینی جوانییەکانی ژیان هەموو شتێکت هەبێت و دڵ و دەروونێکی پاك و ڕاستگۆیانە زمانی ڕاستەقینەی تۆن.
دیمەنی چوارەم، ڕۆما، کاتژمێر 04:07ی کۆچاری:-
شۆفێرێکی زۆربڵێی کەیفخۆش کە نازانین ئاخۆ بەو کاتە درەنگە ئەو هەموو وزەیەی لە کوێ هێناوە بە شەقامە تەسك و تەنگەبەرەکانی ڕۆمادا بە خۆی و داشقەکەیەوە دەسوڕێتەوە تا ئەو کاتەی قەشەیەکی نەخۆش سەردەخات، هێندە قسە دەکات کە ڕێگە نادات سەرنشینەکەی تاقە وشەیەك لە زاری بێتە دەر، پارادۆکسی قەشەیەك کە ئاماژەیە بۆ پاکی و بێتاوانی و مرۆڤێکی تەژی لە تاوان شەوێکی ڕۆما بەئاگا دەهێنێتەوە، هەر بۆیە شۆفێرەکە بە دەرفەتێکی باش و گونجاوی دەزانێت لە بەردەم قەشەکەدا و لەنێو تاکسییەکەیدا دان بە تاوانە سێکسییە سەیرەکانیدا بنێت هەتاکوو پاك ببێتەوە، لە تاوانەکانی وەکوو سێکسکردن لەگەڵ کوولەکەیەکدا و پاشان لەگەڵ بزنێکدا و دواتریش لەگەڵ براژنی خۆیدا، تاوانەکان هێندە قێزەونن کە قەشەکە تووشی جەڵدە دەکەن.
دیار نییە ئاخۆ مەبەستی فیلمسازەکە لەم دیمەنەدا چییە، بەتایبەتی لە شارێکی وەکوو ڕۆمادا جگە لە شۆفێرێکی چەنەباز هیچی ئەوتۆ بوونی نییە، بەڵام دەشێت ئەم دیمەنە کۆمیدیترین بەشی فیلمەکە بێت و ئەو پرسیارە لای بینەر درووست بکات کە ئاخۆ لەبەردەم مرۆڤی بێگانەدا تا چەند خۆمانین؟ تا چەند ڕاستگۆین؟ بۆچی هەندێکجار کەسێك بۆ ماوەی چەند خولەکێك دەبینین بەڵام گەورەترین نهێنییەکانی خۆمانی بۆ دەدرکێنین؟
دیمەنی پێنجەم، هێڵسنکی، کاتژمێر 05:07ی بوومەلێڵ:-
بەفر تەواوی شارەکەی داپۆشیووە، لە کاتێکدا تیشکی خۆر خەریکە دەردەکەوێت و دیمەنێکی ئیستاتیکی درووست دەبێت، لەو بەرەبەیانەدا کە هێشتا خێر و شەڕ دابەش نەکراوە دوو خەمناکترین چیرۆك خۆیان بە دیمەنەکەدا دەکەن.
دوو پیاوی مەست هاوڕێ مەستەکەیان کە ئاگای لە دنیا نەماوە بە پاڵ سواری تاکسییەکەی (میکا) دەکەن کە لەڕێی ڕادیۆی تاکسییەکەیەوە گوێ لە هەواڵی ناخۆش ڕادەگرێت، مقۆمقۆی ئەوەیانە کە هاوڕێکەیان لە خراپترین ڕۆژی ژیانیدا دەژی، لە کار دەکراوە، هاوژینەکەی داوای جیابوونەوەی کردووە و کچە لاوەکەشی دووگیانە، بەڵام کاتێك (میکا) چیرۆکی تراژیدیی ژیانی خۆی و هاوژین و منداڵەکەی باس دەکات بۆیان دەردەکەوێت کە لەڕاستیدا وەزعی هاوڕێکەیان بەو ڕادەیەش خراپ نییە. بابەتی سەرەکی گفتوگۆ لەم دیمەنەدا مردن و بەرپرسیارێتییە.
لێرەشەوە پیاسەکانی (جارمووش) لە هێڵسنکی کۆتایی پێ دێت.
ئەگەرچی ماوەی فیلمەکە دوو کاتژمێرە و دیمەنەکانیش زۆر بە خاویی دەڕۆن، بەڵام بینەر هێندە تێکەڵی چیرۆکەکان دەبێت کە وا هەست دەکات زۆر بەخێرایی کات تێدەپەڕێت و فیلمەکە زۆر بەزوویی تەواو دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، چارەنووسی هیچ یەکێك لە شۆفێر و سەرنشینەکان دیار نییە و نازانین ئاخۆ چییان بەسەردێت و وەڵامی هیچ پرسیارێکیشمان دەستناکەوێت، تاکە شت بەرکەوتنمانە لەگەڵ تاریکایی شەو و هەستکردن بە زام و برینی کاراکتەرەکان، کە جارمووش هەمیشە لەجیاتی چیرۆك و پلۆت و بابەتی قووڵی فیلمەکان تەرکیز لەسەر ئەم خاڵە دەکات و خۆش بە حاڵی خۆی کە تێیدا سەرکەوتوو بووە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.