29/03/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی كار وای: ده‌رباره‌ی فیلمی “شەوە توتڕكییەكانم”

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت

شەوە توتڕكییەكانم یەكەم فیلمی وۆنگ كار-وای’ە كە لە دەرەوەی ھۆنگ كۆنگ بەرھەمی ھێنابێت، جیاواز لە سەرجەم كارەكانی دیكەی فیلمەكە بە زمانی ئینگلیزییە و نواندنكارەكان ئەوروپین، بەڵام چەشنی سەرجەم فیلمەكانی دیكەی بەدەر نییە لە مۆركی سینەمایی دەرھێنەرەكە، لەوانەش: كەرەستەكانی فیلم و سینەما وەكوو مێتافۆڕ، سلۆومۆشن و ڕەنگ و ئاوێنە و ڕووناكی نیۆنی، چیرۆكی سۆزداری و گۆرانی و میوزیكی تایبەت بە چیرۆك و دیمەن و نواندنكارەكان، دیمەنی كورت و مۆنتاژی خێرا، تەكنیكی چیرۆكبێژی و گێڕانەوە، ڕەنگ و خواردن و خواردنەوە وەكوو سیمبول، كاراكتەری تەنیا و شكاو و سەرلێشێواو.

بابەتی سەرەكی فیلمەكانی وۆنگ كار-وای ھەمیشە كێشە سۆزدارییەكانن، لۆكەیشنە سەرەكییەكان ھەمیشە باڕ و مەیخانە و خواردنگە و میوانخانە تاریكەكانن، چیرۆكەكان لە شەودا ڕوودەدەن و دەگێڕدرێنەوە، شەوێكی پڕ لە ڕەنگ و ڕووناكی و ژاوەژاو، نواندنكارەكان كۆمەڵێك مرۆڤی تەنیا و دڵشكاون، تەنیان لەنێو قەڕەباڵغیدا. كێشە و چیرۆكەكان ھاوشێوەن و كات و ھۆكارەكانیان جیاوازن، دوورەپەرێز و بەجێھێڵدراون، شكاو و بێ بیرۆكەن و چیرۆكەكانیان تراژیدین، نە دەتوانن لە ڕابردوویان ھەڵبێن، نە دەتوانن بیرۆكەیەكیان بۆ داھاتوویان ھەبێت، ئێستاشیان ژیانێكی سەرپێیی و بێ سەروبەرەیە، فیلمەكانی كەشێكی ھێمنیان ھەیە و لە بەرامبەردا ژاوەژاو لە دڵ و مێشكی بینەردا درووست دەكەن، بە چیرۆكەكانیان كاریگەر دەبیت و پێت وایە یەكێكیت لەوان، لە سەرجەم كارەكانیشیدا پێداگرانە لایەنگری تەنیاكەوتنی مرۆڤە و ھەموو كارەكانیشی بەو جۆرە كۆتایی پێ دەھێنێت. ھەربۆیە ئەم فیلمەش بەدەر نییە لەو پێداگرییە.

ئەگەرچی فیلمەكە لەو سەركەوتنە گەورانەی بەخۆوە نەبینی كە لە فیلمەكانی دیكەدا بەدەستی دەھێنان، بەڵام وۆنگ كار-وای بۆ ڕۆڵی سەرەكی خانمە گۆرانیبێژی جاز و پیانۆژەنی ئەمریكی (نۆرا جۆنز) ھەڵدەبژێرێت، بەمەش فیلمەكە بینەر و ھەوادارێكی زۆری خانمە گۆرانیبێژەكەی لە خۆی كۆكردەوە.

چیرۆكی فیلمەكە باس لە كەسانێك دەكات كە سەرجەمیان خاوەنی چیرۆكێكی شكستی خۆشەویستین، كاركتەرەی سەرەكی فیلمەكە (ئیلیزابێث)ە، پاش ئەوەی خۆشەویستەكەی بەجێیدەھێڵێت بڕیار دەدات ڕێگەیەكی دوور و درێژ بەرەو ئەمریكا و تەواوی شارەكانی بگرێتە بەر و خۆی ون بكات، ھەربۆیە شەو و ڕۆژ دوو كاری جیاواز دەكات، ھەم لەپێناو كۆكردنەوەی پارە و كڕینی ئۆتۆمبێلێك و ھەم بۆ ئەوەیش وەك خۆی دەڵێت خۆی لابدات لە بیركردنەوە لە خۆشەویستەكەی، بەھۆی كارەكەیشییەوە بە چەند چیرۆكێكی خۆشەویستی ئاشنا دەبێت.

لە سەرەتادا بە كاراكتەری “جێرمی” ئاشنا دەبین، خاوەنی كافێ و خواردنگەیەكی شەوانەیە و لە “كاتیا”ی خۆشەویستی جیابووەتەوە، شكستی خۆشەویستی چەشتووە، ھەربۆیە لە خواردنگەكەیدا شوشەیەكی پڕ لە كلیلی لە خۆی كۆكردووەتەوە و ھەر كلیلێك خاوەنی چیرۆكێكی جیاوازی خۆشەویستییە و خاڵی ھاوبەشی نێوان كلیلەكان جیابوونەوە و كۆتایی پەیوەندی نێوان خاوەنەكانیانە, “ئیلیزابێث”یش لەسەرەتادا ناتوانێت بە جیابوونەوەی لە خۆشەویستەكەی قایل ببێت، بەڵام پاش ئەوەی دەبیستێت دڵدارەكەی دۆستێكی دیكەی پەیدا كردووە ئیتر كلیلەكان فڕێ دەداتە نێو شوشەكەی “جێرمی”یەوە و لەوێوە بڕیار دەدات ژیانی خۆی بگۆڕێت، گوێبیستی چیرۆكی “جێرمی” و چیرۆكەكانی خاوەن كلیلەكان دەبێت و تاڕادەیەكیش خۆیان و چیرۆكەكانیان كاریگەریی بەسەر “ئیلیزابێث”ەوە بەجێدەھێڵن، بەڵام جیاوازی “ئیلیزابێث” لەگەڵ ئەواندا ئەوەیە كە دەیەوێت خۆی و ژیانی ڕێكبخاتەوە و ھەموو ڕێگەكان تاقیبكاتەوە، ھەربۆیە یەكەم كاریشی خواردنی ئەو كێكە مۆردییانەیە كە ھەموو شەوێك لە خواردنگەكەی “جێرمی”دا دەمێننەوە و كەس دەستیان بۆ نابات.

“ئیلیزابێث” لەپێناو دوو كارەكەیدا “جێرمی” بەجێدەھێڵێت و زوو زوو نامەی بۆ دەنێرێت و باسی خۆی و ڕۆژەكانی و كارەكەی بۆ دەكات، بەم جۆرەش پەیوەندییەكەیان بەردەوام دەبێت.

پاشان بە كاراكتەری “ئارنی” ئاشنا دەبین، پۆلیسێكی ناوخۆییە و ھێندە نابێت ھاوژینەكەی بەجێیھێشتووە، پێیوایە جگە لە خواردنەوە ھیچ ڕێگایەكی دیكەی نییە بۆ لەبیركردنی ھاوژینەكەی و ھەموو جارێك بەڵێن دەدات دواین شەوی بێت بخواتەوە و ئیدی ھاوژینەكەی لەبیربكات و ژیانی ڕێكبخاتەوە، بەڵام بەرگە ناگرێت و دواجار خۆی دەكوژێت.

دواتریش لە تاریكی شەو و ڕووناكییە نیۆنییەكاندا كاراكتەری “لیزلی” دێتە بەردەم كامێرا، كچێكی لاسار و سەرەڕۆ، گیرۆدەی قومارە و پێیوایە دەتوانێت كەسانی دەوروبەری بخوێنێتەوە، بەھۆی پارە پاشەكەوتەكانی “ئیلیزابێث”ەوە دەگەڕێتەوە نێو یاری قومار و لەبەرامبەر ئەگەری دۆڕانیدا ئۆتۆمبێلەكەی بە “ئیلیزابێث” دەدات.

“لیزلی” لە تەمەنی ھەرزەكارییدا لە باوكی ھەڵھاتووە، باوكیشی چەندین جار داوای بینینی دەكات و ڕەتی دەكاتەوە، ھەتاكوو دواجار لە نەخۆشخانەوە داوای بینینی دەكات و لەنێو پێخەفی مردنیدا لەداخی كچە لاسارەكەیدا سەر دەنێتەوە.

كاراكتەرەكان لە دیمەنێكی تایبەت بە خۆیاندا دێنە بەر چاوی كامێراكان و چیرۆكەكانیان دەگێڕنەوە، پاشان ون دەبن و ئیدی كامێراكە ڕووخساریان ناگوازێتەوە، شەوە توتڕكییەكانم چیرۆكی ڕاكردنیانە لە ڕابردوو، ڕاكردنیان لە ئەوین و ڕاكردنیان لە خودی خۆیان و لەو بەسەرھات و ڕووخسارانەی لە ئێستای خۆیاندا بۆ ڕابردوو بەجێیاندەھێڵن.

هاوبەشی بکە